شێتەو نەورۆز

Monday, 22/03/2010, 12:00

1550 بینراوە



1/1/2710 ى كوردى
بەخێربێیتەوە ڕۆژى نوێى كوردان ، دەیان دوژمنت نایە ژێر ،گلان
بڵێسەى ئاگرت جەند هەزار ساڵە ،باوەگوڕگوڕیش شایەت بەو حاڵە
چەندین ستەم كار زوحاكى سەردەم ،ڕێیان پێگرتى لەم دەم بۆ ئەو دەم
سەدەكانى كۆن ڕابووردى نزیك ،هەمیشە هەبوون لەدوورلە نزیك
هەندێكیان كوردوو زۆڵى زەمانە ،خیانەتیان كرد بەم نیشتیمانە
ئامانجیان عانەو گیرفان پڕكردن، تاڵانكردن و مافى گەل بردن
زۆریان ئەتك كرد نامووسى كوردان، شكاندیان سەدجار پیرۆزى ژیان
جارێك بەناوى ئاگر پەرستى ، جارێكى دیشیان خوداوەند ویستى
جارێك لەشكرى عەجەم بێگانە ،جارێك سوپاكەى ئەبو سوفیانە
لە عەرەب فارس ، توركى زەمانە، رەحمیان نەكردووە بەم كوردستانە
سەركردەى كوردان سمكۆكەى شكاك ، بەزۆرو ستەم كردیانە ژێر خاك
سەرۆك كۆمارى نۆبەرەى كوردان ،لەچوار چرادا دەریان كرد لێى گیان
بارزانى نەمر ئەفسانەى زەمان ، هەوڵى زۆرى دا بۆمافى كوردان
شاعیرانى كورد شاى خان لەپ زێڕین ،احمد موختار جاف تەیرانى دێرین
مام هێمن ، هەژار ،بێكەس و گۆران ،لەگەڵ جگەر خوێن حاجى قادریان
پیرەكەى سەیوان سەرجەم شاعیران ، یادیان دەكردیت هەردەم بێوچان
بەڵام داخەكەم نەورۆز وائەمڕۆ ، ئاڵاى كوردانت بووە بەپەڕۆ
پەڕۆى ڕەنگاو ڕەنگ بەرژەوەند ویستى ،دەنگى دڵسۆزێك لێرە نابیستى
مەڵێ من تووندم سوێى دڵم زۆرە، ژیانى گەلم پڕ لەناسۆرە
چوار پارچەكەشمان بوو بە شەش پارچە ،باشترین پیاومان هەرشێتى ماچە
بۆم مەكە باسى دەورانى كۆنت، بە كوڵ دەگریەین بۆ خاك و خۆڵت
پیاوى باش ئێستا گیرفان پڕانن ، هەژاران بێ دۆست ڕۆزى قڕانن
سەردارانى گەڵ كوردستانەكەت ،غەمخۆرى ئەمڕۆى نیشتمانەكەت
ڕۆژێك وەك پیاوى ڕۆژ ئاواو غەربن ، ڕۆژێكیش دەروێش سەرمەستى زیكرن
هەواڵى ئەوان لەدوور دەبیستین ،ئێمەش بۆ ئەوان نامۆو نەویستین
لێیان تێناگەین ئێمەى چەوساوە، دڵیان بۆ ئێمە زنجیر دراوە
نەورۆز گلەیم زۆرە بۆ لاى تۆ ، بۆچى وەك جاران نایەیتەوە گۆ
لەمێژە منى شێت و سەرگەردان ، وێلى ئەوە بووم بگەمە یەزدان
بچمە لاى خوا پێى بڵێم خوایە، بۆچى بەزەیت بە كوردا نایە ؟
كوردێك مێژووەكەى هەزاران ساڵە ، كەشتى نوحیشت هەروا لەم ماڵە
خۆت باش دەزانى خوداى بانى سەر، چۆن قڕیان كردین ئەنفالچى و تەتەر
هەر ئەوانە بوون بردیان نێروو مێ ، كردیان بە خەڵات وەك هەرمێ و بەهێ
كەچى وائێستا (مامە) كەى ووڵات، پێیان دەبەخشێ باشترین خەڵات
دەخوایە بەسە توانامان نەما ، هەرچى هەمان بوو بەتاڵان برا
ئەى چیە هۆكەى نایكەی بەدەوڵەت ؟ ، ڕزگاریان بكەی بژین بێ منەت
یەكمان خەیتەوە وەك باقى گەلان ، ئێمەش هاوار كەین سوپاس خوایە گیان
ئینجا ئەو كاتە ئاگرێ كەینەوە، هەرچوار پارچەكە خڕبكەینەوە
نامە بنووسین بۆ سەرجەم گەلان، بێنینە یادیان برین و سۆمان
بڵێین ئێوەبوون مێژووتان كوشتین ،بەڵام وائێمە بۆ دواجار بوردین






نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە