دەست بردن بۆ كونە زەردەواڵە سودبەخشە

Monday, 17/05/2010, 12:00

1262 بینراوە


ئەم رووداوانەی لە م رۆژانەی دواییدا رویانداوە هەرەشەكردن و تیرۆركردنى رۆژنامەنوسان و نەوەكانی دوارۆژى ئەم نیشتیمانە كپكراوو دەستەمۆكراو و زمانبراو و بێبەشكراو لە وشەى (نا) و (بۆ) لە فەرهەنگی نێوخانەكانى مێشكى هەرتاكێكى ئەم كۆمەڵگە راهێنراوە بە فەرهەنگى بەڵێ گەورەم ،بەڵێ خاوەنشكۆ تۆرێبەرى ،تۆزاناترى ،نا بۆنا ،بەڵێ بۆ تۆ ئێمە چیتر ناڵێین (بۆ) تەنها تۆ دەڵێی بۆ ! هتد....
بۆدەستبردن بۆكونە زەردەواڵە سودبەخشە ؟
لە تەمەنى یانزە ساڵیمدا دەستم برد بۆ كونە زەردەواڵەیەكی حەوشەى ماڵەكەلاوەكەی باوكم بۆ ئەوەى لایبەم و لە جێگەكەیدا كولانەیەك دروستكەم ،بەڵام هەموو جارێك كەدەستم دەبرد بۆ ئەم كونە زەردەواڵەیە
روبەرووى باوكم دەبومەوە كە بەیەك دێرێك پێی دەوتم هەموو هەوڵەكانت بێ سودەو (ئاقیبەتت باشنابێت)!
بەڵام سوربوم لەسەر ئەوەى ئەم كونە زەردەواڵە بێسودە لابەم ولە جێگەكەیدا كولانەیەك بۆ كۆترەكانم چێ كەم كە هەمیشە لە دڵما دەمووت ئەمانە كۆترى ئاشتین ، دەبێ جێگەی زەردەواڵەی زیانبەخش بگرێتەوە .
خۆشبەختانە هەوڵەكانم سەریانگرت لە دەستبردنم بۆ كونەزەردەواڵە زیانبەخشەكە !! بەڵام پاش چى؟ زەردەواڵەیەك دای بە چاوی راستمەوەو ژەهرو قینی خۆی بەسەرمدا بەتاڵ كردولاچاوێكم سورهەڵگەراو ئاوسا، وەك لاچاوى ئەو رۆژنامەنوسانەى بەر لێدانى قۆناغە تفەنگ و مستەكۆڵەی پاسەوانانى سەرزلە مێشك بچوكەكانى دەسەڵاتدارانى ئەم ولاتە كەوتن،بەمەش زەردەواڵەكان نەوەستان بەقین و ژەهراویتر لەجارى پێشو دانەیەكیتر داى بەزارمەوەو ئاوساو سورهەڵگەرا و (خوێن) بەزارمدا هاتەخوارەوە وەك زاری ئەورۆژنامەنوسانەى زاریان بە گوللەى دەمانچەو كلاشینكۆفەكانی پاسەوانانى خاوەنشكۆی سەرزلی مێشك بچوك پركرا، كە گوللەو دەمانچەو كلاشینكۆفەكانى بە پارە دزراوكەی ئێمە ی بەشمەینەت كردرابوو !!
پاش ئەم هەموو چەرمەسەریەى لەگەل كونە زەردەواڵەكەى حەوشەى ماڵە كەلاوەكەى باوكم كەدیمەنى هەرلەدیمەنى ئەم وڵاتەی ئێمەدەچوو!!
دیسان روبەروى باوكم بومەوە و پێی وتم (عارت نا؟) لەوكاتە دا هیچ وەڵامێكم پێ نەبوو بۆ باوكم بەڵام لە دڵى خۆمەوە وتم ئۆخەى جێگەیەكم بۆ كۆترەكانم دابینكرد ،ئەوەبو بەرهەمى سەركێشیەكەم و دەستم برد بۆ كونە زەردەواڵەو نەمردم !!
لێرەدا دەمەوێت بپرسم ئایا ئەوانەى دەستیان برد بۆ كونە زەردەواڵە فەرهەنگی خانەكانى مێشكى ئێمەیان پرنەكردەوە لە وشەكانى (نا)و (بۆ) یان تەنیشتى هەركونە زەردەواڵەیەكیان نەكرد بە هێللانەى كۆترى ئاشتى ؟ وەبەرهەمەكانیان پێمان دەڵێ ئەوەتا دەست بردنمان بۆ (كونە زەردەواڵە سودبەخشە) نامرین و نامرین و نامرین.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە