ئەو نووسەرانەی هاوشێوەی رەوشتی دەسەڵاتدارانن!

Sunday, 01/03/2015, 12:00

1966 بینراوە


لە رۆژگاری ئەمرودا رەخنەگرتن لە هەندێ نووسەر قورسترە وەک لەوەی رەخنە لە دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی بگری، چونکە زۆربەی خەڵکی پێیان وایە ئەمانە لەبەرەی گەلن و دژی دەسەڵات هەڵویستیان هەیە و بەئەرکی مێژووی خۆیان هەڵدەستن و بوونیان پێویستییەکە بۆ راگرتنی بەڵانسی خەڵکی بەرامبەر بە دەسەڵات، لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەو نووسەرانە بەوە فێردەکرێن چەپلەلێدان ببێتە خۆراکی دەروونیان و خۆیانی پێوە بابدەن، جەماوەری ئەمانە جەماوەریکە هەست و سۆزیان بە لای وشەی قەبە و زلەوەیە، نەک بە لای هەڵویست و کەسایەتیی شاراوەیان، پیان وایە ئەوەی قسەی زلی کرد، ئیتر خاوەنەکەی کەسایەتییەکی جوان و خاوەن موراڵ و بە هەڵویستی هەیە، بە داخەوە میللەتی کورد بەو شێوە دەڕواننە نووسەر و رۆژنامەنووس و روناکبیرەکانیان، کە مادام ئەو کەسە خاوەنی چەند کتێبێکی قەبە و زلیشە، ئیتر ئەوە  بیرمەند و بلیمەتیشە، بە شوێنێکدا گوزەر ناکات پێی بکەوێتە نێو پیسایی دەسەڵاتەوە و خۆی لە پۆخڵی و پیسخۆری پاراستووە، هەرچیش بلێت وەکو بەردی نەقش حیسابی بۆ دەکەن، بێ ئەوەی لێکدانەوە لەسەر هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەو کەسە بکەن. کەوابوو هەڵسەنگاندنی خەڵکی لە روانگەی نووسینەکانیانەوەیە، نەک لە پێوەری راستگۆیی گوتە و نووسینەکانی.

دەسەڵاتی کوردی بە بەرنامە کاری بۆ فەسادکردن و بێ ئیرادەکردنی کۆمەڵگا کردووە، تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، گورینی کەسایەتی تاکی کورد، لەو بارەیەوە کاری زۆری بۆ کردووە تا تاوانەکانی خۆی تیا بشارێتەوە، بەڵام زۆرینەی نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندانی باشوور، لە بێدەنگییاندا بوونەتە هاورەوشتی دەسەڵات، بەردەوامی بەم ئەتوارە ناشرینە دەدەن، گەیشتۆتە رادەی ئەوەی شەرمیش ناکەن، بۆیە لێرەدا راشکاوانە دەڵێم دەبێت ئێمە ئەو شەڕەش لەگەڵ ئەو گروپەشدا بکەین و پەرەی پێ بدەین، هەرچەندە ئەوەی لێرەدا دەینووسم و دەیڵێم، وەک ئاگادارم زۆربەی نووسەر و رۆشنبیرانی تر لە پشتەوە دژ بەیەک باسی دەکەن، بەڵام لە نووسیندا خۆیان بە شێوەیەکی دیکە دەردەخەن، ترسنۆک و دوو روون لەگەڵ یەکتردا، بۆیە لە خوارەوە بەم نموونانە دەست پێدەکەم:


یەکەم:
کەس ناتوانێ نکۆلی لە شیرکۆ بێکەس بکات و بڵێت شێرکۆ توانا و بەهرەی شیعری لاواز بووە، بەڵام ئایا هەر شیعر گوتن پێوەرە بۆ جوانی و تەزکیەی کەسایەتی!؟ گەر بەوە بێت ئەوا لە نێو وڵاتانی داگیرکەر و گەلانیشدا، لەناو سیستەمە دیکتاتورییەکاندا، بە سەدان داهێنەری زۆر هەبووە و هەن، لیرەدا من باسی ماستاوکردنەکانی شیرکۆ ناکەم بەتایبەتی لەسەر پێداهەڵدان و  وەسفکردنی تالەبانی!


شێرکۆ بێکەس بەرپرسی دەزگای سەردەم بوو، جگە لە موچەی خۆی، بەردەوام پارەی  لە مەکتەبی تالەبانی وەردەگرت، کەس نەیدەزانی چۆن هەڵسوکەوتی پێوە دەکرد، بۆ نمونە مانگانە سێ دەفتەر دۆلاری بۆ دەزگاکەی پێی دەدرا، لەولاشەوە موچەی وەزیری وەردەگرت، جگە لە پارە و نەسریەی تر، کە پارەی دیکەشی لە چەندین شوێنی تر بۆ دەهاتەوە، کەچی ئەم کەسە لەبەر بەهرە شیعرییەکەی هەموو ئەو گەندەڵیی و پیسخۆریانەی بۆ دادەپۆشرا، چونکە شاعیربوو، بە شاعیری گەورەی گەلەکەمان دەستی بۆ رادەکێشرا.
لە سویدیش بە ساختە لەگەڵ خێزانەکەی جیابووەوە لە دوو شوێن موچە و کرێی خانووی لە سوید وەردەگرت، ئەمەشی بۆ خرایە سەر خەرمانەی گەندەڵییەکانی، بەڵام لەبەر ئەوەی شاعیر بوو، خەڵکەکە لە چاو ئەمانەشدا چاوی خۆیان لێنووقاند.



دووەم:
بەختیار عەلی، نووسەرەکەی دەزگای باسی پاراستن، ئەو نووسەرەی دەڵێن کاتی خۆی چەندین بابەتی دژی شەرمەزارکردنی میدیای سیبەر هەیە، کەچی خۆی لە میدیایەکی سێبەری پاراستندا دۆزیوەتەوە،  شانازیشی پێوەدەکات، ئەو دەزگایە لە مەسرور بارزانییەوە نزیکە، بەختیار عەلی بۆ ئەم دەزگایە دەنووسێ.
حاکم قادریش کاتی خۆی باس لەوەرگرتنی پارچە زەوی دەکات، کە داویانە بە بەختیار عەلی، ئەوەی سەیرە نە بەختیار عەلی شەرمی بەمانە دێت، نە کەسیش ئێخەی دەگرێت و بڵێ هەی رۆماننووسەکە، هەی خاوەنی ئەم کتێبە قەبانە، لەو کتێبانەدا و لە نووسینی ئەو رۆمانانەدا بەڕێزت دەتەوێت چ پەیامێکمان پێبدەیت، چ پەیامێکی جوانت پێیە؟! جارێ خۆت بڕۆ، کەمێک لە جوانی خۆت هەڵبکێشە، ئەوسا وەرەوە نێو خەڵکی باسی جوانیی بکە و پەیامی راستەقینە بە گوێچکەی خەڵکدا بدە!

نەک تەنها ئەمە بەڵکو بەختیار عەلی پارەی لە دەزگای سەردەمیش وەردەگرت، نەک لە دەزگای سەردەم، بەڵکو لە ئەوروپاش هەژدە ساڵە دەست بۆ پارەی سۆسیال (واتە سواڵکردنی شارەوانی) دەگرێتەوە و لە سەر پارەی سوسیال دەژی، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، کە پێش چەند ساڵێک گاڵتەی بە کوردانی دەرەوە  و رەخنەگرکانی ئەوروپا دەکرد، دەیگوت ئەمانە خەریکی قاپشۆرینن!  بۆیە من بۆ ئەمەشیان دەڵێم، ئیتر چۆن راسیزم لە ئەوروپا گەشە ناکات، کاتێک خۆیان کار دەکەن و بڕێک لە پارەی کارەکانیان دەخەنە سەر خەزێنەی حکومەتەکەیان، لەملاشەوە کەسێکی تەمەڵ و بێکار بە ناوی تیمی بێکارییەوە دەستدەگرێتەوە و پارەکەیان دەبات؟! بەتایبەتی پەنابەرێکی تەمەڵی بێکار و گەندەل و بێموڕاڵ، ئاوا کەوتۆتە نێو جەواڵی خەززێنەی نیشتیمانەکەیانەوە!؟


سێیەم:
پرۆفیسور دلاوەر عەلادین، بە شان و باڵییدا هەڵدەرێت و پێی دەڵێن کەسێکی زۆر زیرەکە، بەڵام ئەم پرۆفیسورە زیرەکە، ئەندامی حزبێکی گەندەڵ و کاوەکوژە، کەسێکی بێهەڵوێستە لەبەرامبەر سەدان تاوانی دەسەڵات، لەتەک ئەمەشدا بێموراڵی وای لێکردووە ریکخراوێكی دروست کردووە و ناوی لێناوە (میر)، ئەم رێکخراوە هیچ بەروبومێکی دیاری نییە، کەچی ساڵی پار سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری خەڵکی هەژاری کوردستانی بۆ وەرگرتووە، لە کاتی ئەو بێ موچەییەدا، لەهەمان کاتیشدا بۆ خۆشی موچەی وەزیرییش وەردەگرێ، خەڵکە سەقەتەکەش پێی دەڵێن: پرۆفیسور دلاوەر عەلادین زۆر زیرەکە! ئیستا رەنگە خەڵکی تێبگات، کە لە چیدا زیرەک و لێهاتووشە!

لێرەدا مورال و ئاستی هوشیاریی خەڵک دیاردەکەوێ، کە  دوو نمونەی تر لەسەر سوید و راگەیاندەکانیان دەهێنمەوە:

ساڵی ٢٠١٢ سەرۆکی سۆسیال دیموکراتی سوید لەو شوقەیەی پەرلەمانی سویدی کە تیایدا دەژیا، کچێکی هاورێ و هاوژینی لەگەڵیدا بردبوو پێکەوە تێیدا بوون، بۆیە ناچاریان کرد، کە دەست لە کاربکێشێتەوە.

مونا ساهلین سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی سویدیش لەناوەڕاستی نەوەدەکاندا بەکارتی حکومەت بای چەند دۆلارێکی کەم شتومەکی کڕیبوو، دوایی پێیان زانی و ناچاریان کرد، دەست لە خۆکاندیدیکردنی خۆی بۆ سەرۆکوەزیران بکێشێتەوە. راگەیاندنەکانی سوید لەم نمونانەدا یەک پەیامیان بە سویدیەکان دا، ئەویش ئەوەبوو کە دەستبردن بۆ پارە و بودجەی خەڵک هێڵی سورە.


پرسیاری من  ئەوەیە، ئایا ئەم بەناو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کورد، سەرباری ئەو کەموکوری و ناتەواوییەیان کە بەشێکیم لەسەرەوە باسکرد و  خۆشیان زۆر بە زیرەک و بەتوانا و بلیمەت دەزانن، لەپاڵ بەلوتبەرزییندا کە بە فیزەوە خۆیان بەسەر ئەو خەڵکە هەژارەدا بادەدەن، وەک کەسایەتییش کەسانێکی ناشرین و چاوچنۆک، پارەپەرست و هەلپەرستن، ئیتر چۆن ئەو دەسەڵاتی کوردییە لە قەڵەم و قسەکانیان دەترسن و درێژە بەتاوانی خۆیان نادەن؟

زۆر جار من دەبینم خەڵک لە هیننانەوەی ئەو نمونانە توشی نائومێدی دەبن، بەڵام پکک کە دەستی بە خەبات کرد لە سەردەستی پۆلێک گەنجی تازە پیگەیشتووی بیست بۆ سی ساڵە توانیان خۆیان دروست بکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن، دوور لەو گروپە هەلپەرستانە،  لەو کاتە و ئیستاوە دریژەیان بەو خەباتە جوانەی خۆیان داوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە