32ساڵی سەخت بەڵام شكۆدار

Monday, 29/11/2010, 12:00

1567 بینراوە



32 سالأ بەر لەئەمڕۆ لە 27 ـ 11 ـ 1978 لە گوندێكی سەر بەشاری ئامەد بەكۆبوونەوەی نزیكەی 25 شۆڕشگێڕ بڕیاری رێكخستنێكی سیاسی درا، دوایی ماوەیەكی كەم دەركەوت ئەوە پارتی كرێكارانی كوردستانە. تاكو ئێستا زۆر گووتراوەو زۆر باس كراوە سەبارەت بە پارتی ناوبراو، ئەوانەی زۆر بەخراپی وەسفی دەكەن، ئەوانەشی زۆر بەچاكی و میهرەبانی، دەبێ لەوە دوو دلأ نەبین ئەوانەی بەخراپ باسی رێكخستنێكی سیاسی گەلێكی ژێر دەستی وەك گەلی كورد بكەن دەبێ لە بەرەی نەیار دابن، چونكە گەلێكی وەك گەلی كوردی زۆلێكراو هەموو هەولدانێكی بۆ گەیشتن بەئازادی رەوایە. هەڵسەنگاندنی ماندووبوون و زەحمەتی و قوربانیدانی رێكخستنێكی شۆڕشگێڕ بەڕاستی و دروستی ئەویش پەیوەستە بە ئەخلاق و ویژدانی مرۆڤانەی ئەو تاكانەی كەخۆیان وەك شرۆڤەكارو سیاسەت ناس بەناو دەكەن. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەمڕۆ نەوەی نوێ و بەگشتی كوردی وڵاتپارێز بیزانێت ئەویش؛ ئەو تێكۆشانە چۆن گەیشتە ئەمڕۆكە، ئەمڕۆكەش چۆن بووتە جێگای هیوای زۆرینەی كوردی ئازادیخواز.
لەوانەیە گشتمان ئەگەر تۆزێكیش بێت مێژوویی داگیركەری لەكوردستان بزانین بەتایبەتیش مێژووی دوای شەڕی دووەمی جیهان و دابەش كردنی كوردستان بۆ چوار پارچەو ئەمەش لە رێكەوتنی شوومی لۆزاندا بەسەر كوردستانیاندا سەپاند، لە بەرواری داگیركردن و پارچەكردنی وڵات تاكو دەركەوتنی جولانەوەی سیاسیش دەزانین كەهەموو سەرهلدانەكانی كورد لەهەر چوارپارچە بەشێوەیەكی زۆر وەحشیگەرانە خامۆشكراون و سەركردەكانیشی بەشێوەیەكی تراژیدی لەناو براون، كۆتای ئەو تراژیدیایەش لەنسكۆی بزووتنەوی بارزانی ساڵی 1975 دا دەبینین و خودی خۆشی بەرگەی ئەو هەرەسەی نەگرت و لەئاوارەی كۆچی دواییكرد.
هەموو ئەو تێكشكان و نسكۆ و هەرەس و كۆمەڵكوژیانەی كەگەلی كورد رووبەڕووی ببووەوە خستبوویە ناو دۆخی بێ هیوایی و ئیتر چاوەڕیی قەدەری دەكرد، هەركەسەو بەجۆرێك لە جۆرەكان شێوازی بێ هیوایی خۆی باس دەكرد نمونەی هەرە بەرچاویشیان دەیان گووت ئەو دۆزەی كەبە شێخ مەحمودو شێخ سەعیدو سەید رەزاو سمكۆی شكاك و بارزانی نەگەیشتە سەركەوتن ئیتر ناكرێ و نابێ و تەواو ئەمە چارەنووسمانە.
هەڵبەت ئەم دۆخە لەباكوری كوردستان سەختربوو، چونكە دوایی كۆمەڵكوژی سەید رەزا ئیتر بێدەنگی باڵی بەسەر كوردستان كشاندبوو، بەكورتی واقعی داگیركەر بێ سێ و دوو پەسندكرابوو، ئەوەی باسی پرسی كوردی بكردبوایە وەكو ئەوەی خوا لێی گۆڕیبێ وابوو، سەرباری ئەوەش مرۆڤەكان شەرمیان دەكرد بڵێن كوردین و نكۆڵیان لە هەبوون و ناسنامەی خۆیان دەكرد، وەكو مامۆستا بێشكچی دەڵێت: كوردستان كۆلۆنیەكی نێو دەوڵەتیە، واتە تەنها خاكەكەی نا بەڵكو مێشك و عەقڵ و زمانیشی داگیركراوە.
نامەوێت زیاتر لەسەر هەلومەرجی ئەوكاتی كوردستان رابووەستم، ئەگەر باسی سەختی و زەحمەتیەكانی ئەو 32 ساڵەبكەین بۆمان دەردەكەوێت كە رابردوو چەندە تاریك و بێ هیوابووە. تائەوكات ئەو جموجۆلەی لەباشووری كوردستانیش سەركوتكرابوو، ئەوانەی خەریكی سەرهەلدانیش بوون ئەوانیش هێشتا خەریكی خۆكۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن بوون لەكاریگەریەكانی تێكشكانی 1975 ، بۆیە ئەگەر بڵێین كوردستان بێدەنگ بوو راستیەكە، چونكە هێشتا بزووتنەوەی كۆمەڵەی رەنجدەران و ئەوانی تریش لەسەر بێشكە دەرنەكەوتبوون.
كۆتایی شەستەكان و سەرەتای ساڵانی حەفتا سەردەمی گەرمی بزووتنەوەیی خوێندكارانی جیهان بوو بەرێبەرایەتی خوێندكارانی فەڕەنسا، ئەمە پەلی هاویشتبوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوینیش، بۆیە لێرەش گەرمەی تێكۆشان و چالاكی خوێندكاران بوو بەتایبەتی خوێندكارانی چەپ و دیموكرات ئیتر رەوش گەیشتبووە ئەو ئاستەی زلهێزە جیهانیەكان و پاشڤەڕۆ هەرێمیەكانیش بیریان لەوە دەكردەوە چۆن ئەو جموجۆلە گەنجانەیە خراپ كەن و لەناوی بەرن. جموجۆلی خوێندكارانی توركیا لەشارە گەورەكانی وەكو ئەنقەرە و ئەستمبۆلأ لەهەرشوێنێك زیاتر بەگوڕتربوو ئەمەش وای كردبوو ئەو خوێندكارە كوردانەی كەبۆ خوێندن روودەكەنە ئەو شارانە ئەوا دەكەونە ناو ئەو جموجۆلانەو ئاشنایەتی پەیدا دەكەن لەگەلأ هزری چەپگەری و شۆڕشگێڕانی ئەوكاتیش دەناسن. لەلایەكی تریش گەرمەی تێكۆشانی گەلی فەلەستین لەبەرامبەر زولمَی زایۆنیزم گەرمایی زیاتری دەدا بە جولانەوە خوێندكاریەكان. بۆیە مرۆڤ زۆرجار لەزمانی رێبەرانی كورد لەباكور ناوی شۆڕشگێرانی توركی خوێندكارو چەپی ئەو سەردەمەی وێنەی دەنیز گێچمیش و هاوڕێیانی و هەروەها ئیبراهیم قەپە قایەو زۆرێك لەوانەی كەبەگەرمای تێكۆشانیان جۆشیاندابووە گەنجانی كوردیش، چونكە پەیامەكەیان بۆ گەلی كوردیش برایەتی و پێكەوە ژیانی یەكسانی تێدابوو، دەنیز گێچمیش لەبەردەم پەتی سێدارە هاوار دەكات بمرێ داگیركەر و ئیمپریالیزم، بژی برایەتی گەلی كورد و تورك. هەربۆیە سەرەتای دەست پێكردنی تێكۆشانی كورد لەژێر كاریگەری هزری چەپگەری و شۆڕشگێڕانی تورك دایە، خودی بەڕێز ئۆجەلانیش ئەو قسەیە پشتڕاست دەكاتەوە.
راستە بەفەرمی پەكەكە لە1978 لەسەر دەستی كۆمەڵە گەنجێكی خوێن گەرم دامەزراوە، بەڵام قۆناخێكیش هەیە بەرلەوە ئەویش سەرەتای حەفتا تاكو گەیشتن بەكۆنگرەی دامەزراندن. بۆیە بەشێوەیەكی كرداری پێویستە لەساڵی 1972 بەدواوە بگرینە دەست، چونكە ئەو شەش ساڵە ساڵی بناخەدانەرن، بۆیە ئەگەر تەنها پەكەكە بەمێژووی فەرمیەوە هەڵسەنگێنین ئەوا كەم دەمێنێت. لەبنەڕەتدا دەتوانیین ناوی بنێین ساڵانی خۆئامادەكردن بۆ مارەسۆنە درێژەكە، یان ساڵانی خۆ قوڵكردنەوەی فكری و ئایدیۆلۆژی، یان كرانەوە بەڕووی جەماوەر، هەموو ئەو پێناسانە چەوت نین، چونكە ئەو بزووتنەوەیە هێشتا ناوێكی دیاری كراوی نییە، زیاتر وەكو بزووتنەوەیەكی خوێندكاری یان بەناوی كەسی یەكەمیەوە دەناسرێت. بۆیە لەناو خەڵكدا دەڵێن تەلەبەكان یان ئاپۆچیەكان.
وەكو بەڕێز جەمیل بایكیش لەپەرتووكەكەی بەناوی مێژووێك لەئاگردا دەڵێت: ناكرێت مێژووی پەكەكەو مێژووی سەرۆك ئاپۆ لەیەكتر جیابكەینەوە. چونكە دامەزرێنەری بزووتنەوەكە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەهەر لەتەمەنی لاویەتی و لەسەردەمی خوێندنی زانكۆیی لەناو خوێندكاران بە ئاپۆی كوردی ئورفەی دەناسرێت، لەسەر زمانی عەلی حەیدەر قەیتان یەكێك لەكۆنترین هاوڕێیانی ئۆجەلان، لەنوسراوێكدا باسی چۆنیەتی ناسینی لەگەلأ بەڕێز ئۆجەلان دەكات و دەڵێت یەكەم جار ناوم لەلیستی خوێندكارە وەرگیراوەكانی زانكۆی زانستە سیاسیەكان بینی لەریزی 17 دەم دابوو پرسیمان ئەوەكێیە لێرە وەرگیراوە؟ گووتیان ئەمە ئاپۆی كوردی ئورفەییە، هەمان وتە پرۆفیسۆری تورك یاڵچن كوچەكیش لەپەرتوكی داستانی ژیانەوەدا پشتڕاستی دەكاتەوە. بۆیە ناكرێت بێ ناسینی كەسایەتی ئۆجەلان و شوێنگەی لەدایك بوونی و چۆنیەتی یاخیبوونەكانی لەبەرامبەر سیستەمی خێزان و كۆمەڵگا، ئەوا لەیاخیبوونەكەی لەبەرامبەر سیستەمی جیهانی و داگیركەرانی كوردستانیش تێناگەیت. لەئەنجامی تێكۆشانی 38 ساڵیشدا تێدەگەین راستی رابەرایەتی بەڕێز ئۆجەلان راستی رابەرایەتی كردنی بزووتنەوەی كوردی زەحمەتكێشە، هەمانكات رابەرایەتی كردنی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئەو تێكۆشەرە جیهانیانەیە كەخۆیان لەكوردستان كردۆتە قوربانی. لەلایەكی تریش هەموو ئەو پیلانگێڕی و گەلەكۆمانەی كەلەبەرامبەر بەڕێزیان كراون بەتایبەتیش گەلەكۆمەی 15 شوباتی 1999 ئەوەمان بۆ پشتڕاستدەكاتەوە كە هێزە پیلانگێڕەكانیش بەقەد ئەوەی كورد و ئازادیخوازان پێویستیان بە هەبوونی ئۆجەلانە، بەهەمان شێوەش ئەوانیش پێویستیان بەبێكاریگەركردن یان لەناوبردنی ئۆجەلانە، بۆیە ناتوانیین هەروا بەساكاری بەچەند گووتنێكی كورت بەسەر رووداو دیاریدەی رێبەرایەتی لەكوردستاندا بچین، چونكە گەورەترین كێشەی كورد كێشەی رێبەرایەتیە، لەبەر ئەوەی كورد هیچ كات لەماندوبوون و قوربانیدان سڵی نەكردۆتەوە، بەڵام نەبوونی رابەریتیەكی خاوەن فەلسەفە و هزرو ئایدیۆلۆژیا وای كردوە ماندبوونەكانی بەئەنجام نەگات، ئەوەی لە رێبەرایەتی بەڕێز ئۆجەلان دەبینین لەگەلأ ئەوەی سەركردەیەكی مەیدانیەو بەوردو درشتی شۆڕشەوە خەریك دەبێت، هەمانكات خۆشی خاوەن فكرو فەلسەفەیە، هەموو پەرتووكەكانیش گەواهیدەری فەیلەسوفێكی كۆمەڵایەتین. لەباشووری كوردستان خوێندكارانی گەنج دەستیان بە جموجۆل دەكرد بەڵام لەئەنجامدا رادەستی فودالأ و دەربەگ و شێخ و مەلاكان دەكرا، بۆیەش رووبەڕووی قەیرانی رێبەرایەتی بووینەوە.
دەتوانین ئاماژە بەوەبكەین كە پەكەكە لەناو شۆڕشدا چەندین شۆڕشی تریشی ئەنجامداوە وەك؛ زیندان كردنە ناوەندی خوێندنگای شۆڕش، شۆڕشی ئازادی ژن، بلاوەپێكردنی سنورە دەستكردەكان و ناساندنی چەمكی وڵات، هەڵگیرسانی شۆڕشێكی سیاسی دیموكراتی لەناوەندی پایتەختی داگیركەری، برەودان بەراگەیاندنی ئازادو دیموكرات، ئەمەو چەندین قەڵەمبازی لەتێكۆشانی پاراستنی رەوای وێنەی 15ی ئابی 1984 و 1ی حوزیرانی 2004و ای حوزیرانی 2010 پێشخستووە.
ئەنجام دەگەینە ئەو شرۆڤەیەی كەئیتر پەكەكە پارتیەكی سیاسی یان گرووپێكی چەكدار نییە بەڵكو بووە بەپێشەنگی بزووتەوەی ئازادو دیموكراتی گەلی كورد، چونكە پەكەكە پارتیەك نییە بۆ دەسەڵات هەولبدات بەڵكو پێشەنگایەتی سیستەمی كۆنفیدرالیزمی دیموكراتی دەكات.
ئێستا پەكەكە لەبەردەم شۆڕشێكی نوێدایە ئەویش شۆڕشی چارەسەریە، چونكە یان ئەوەتا دەبێ پرسی كورد چارەسەر بێت یان ئەوەتا محكومی مێژوودەبێت بۆیە ئەوەی ئیمڕۆ لەپەكەكە دەخوازرێ ئەویش شۆڕشی چارەسەریە، باوەڕدەكەم پەكەكە چۆن شۆڕشی ژیانەوەی بەسەركەوتووی تەواوكرد بەهەمان شێوەش شۆڕشی چارەسەریش بەئەنجام دەگەینێت.
 
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە