لەگەڵ ئۆجەلان دا لە ئەسیناوە بەرەو نایرۆبی (بەشی یەکەم)

Saturday, 15/06/2013, 12:00

2282 بینراوە







وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سابیر كەریم عەلی
چاوپێكەوتنێكی تایبەتە لەگەڵ ئەفسەری ھەواڵگری پێشووی یۆنان (ساڤاس كالینتریدیس) لەلایەن نورەدین وەیسی 7 / 5 / 2013 . - Ekurd.net
ساڤاس كالینتریدیس وتارنووسێكی سایتەكانە، نووسەری وتاری تایبەتی ڕۆژانەیە، وە ئەفسەری پێشووی گریكە. لەم چاوپێكەتنە تایبەتییەدا بۆ یەكەم جار لەبارەی گەشتەكەیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری زیندانیكراوی پ ك ك دا دەدوێت . كالینتریدیس لەگەڵ ئۆجەلان بووە لە ئەسیناوە تا ڕوسیاوە پاشان لە ئەسیناوە بۆ كینیا، لە ئەنجامدا ئۆجەلان لەوێ لەلایەن كاربەدەستانی توركەوە لە ساڵی 1999 دەستبەسەركرا.

پ: كەی تۆ یەكەم جار خەریكی پرسی كورد بووی؟
و : من یەكەم جار پێزانین و شارەزاییم بوو دەربارەی مێژووی كورد لەو كاتەی خوێندكارێك بووم لە ئەكادیمیای سوپاییدا . تێگەیشتنی من سەبارەت بە پرسی كورد قووڵتر بووەوە لەو كاتەیدا كە كارم وەكو ڕاێژكەرێك لە كونسوڵخانەی یۆنان ،ئیزمیر (1992 1997) دەكرد . لەوێندەرێ من بەتەواوی ئاگادار بووم لە بێدادی و چەوساندنەوەی كوردەكان لە توركیادا. بە درێژایی ماوەم لەوێدا یارمەتی و ھاوكاری گەلێك لە كوردەكانم كرد ، وە ئاسانكاری ڤیزەكانم بۆ ئەوانە دەكرد كە دەیانویست توركیا جێبێڵن بە مەبەستی دەربازبوون لە زوڵم و زۆرداریدا..............................................................

پ: كەی تۆیەكەم جار لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بەیەكگەیشتن؟
و: من چاوم پێیكەوت دوای ئەوەی ناچاركراكە سوریا بەجێبێڵێ و بێتە یۆنان . لە 10 ی ئۆكتۆبەری 1998 دا حكومەتی یۆنان داوای لێكردم لەگەڵ ئۆجەلان دابم لەناو فڕۆكەدا بۆ ڕوسیا. حكومەتی سوریا چوار ڕۆژ مۆڵەتی بە ئۆجەلان دا كە سوریا بەجێبێڵی . لە ھەمانكاتدا،ئۆجەلان پەیوەندی بە ئەندام پەرلەمانێكی یۆنانی كرد بەمەبەستی یارمەتیدانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ مانەوەی لە یۆنان. ئۆجەلان لە دیمەشقەوە گەیشتە ئەسینا بە فڕۆكەیەكی ھێڵەكانی ئاسمانی سوری، ئەوەی كە دەچوو بوو ستۆكھۆڵم ، پایتەختی وڵاتی سوید.

پ: كێ بوو ئەو ئەندام پەرلەمانەی یۆنان ؟
و: جەنگاوەرێكی دێرینی یۆنانییە بەناوی (كۆستاس بادۆڤاس). دۆستێكی (ئۆجەلان)ەو لایەنگری كوردانە. ئێستا تەمەنی نزیكەی ھەشتا ساڵە.

پ: چەند كەس یاوەری ئۆجەلان بوون لە گەشتەكەیدا بۆ ئەسینا؟
و: ئەو سێ كەسی لەگەڵدا بوو ، ژنێكی كورد ئەندامی پ ك ك بەناوی ڕۆزێرین و دوو ئەفسەری ھەواڵگری سوری یەكێكیان زۆر نزیك بوو لە حافز ئەلئەسەد (دوا سەرۆكی سوری، باوكی بەشار ئەلئەسەد) . ئۆجەلان پەیوەندی بە (بادۆڤاس) ئەندام پەرلەمانی یۆنان كرد پێش ئەوەی بگاتە ئەسینا ھەروەھا، بەبێ ئاشكراكردنی ناوی، ئەندام پەرلەمانەكە ئاگاداری وەزیری پەیوەندیداری یۆنانی كرد كە كەسێكی گرنگ بەڕێگاوەیە بۆ یۆنان و داوای لێكرد بۆ ئامادەكردنی ئاسانكارییە پێویستەكان بۆ مێوانەكە لە فڕۆكەخانە بەبێ دروستكردنی ھیچ شپرزەییەك دەربارەی.
بادۆڤاس بە وەزیرەكەی یۆنانی ڕاگەیاند سەبارەت بەنزیك بوونەوەی كەسە گرنگەكە لە ئەسینا ، پاش ئەوەی فڕۆكەكەی ئۆجەلان دیمەشقی بەجیھێشت.

پ: ئۆجەلان چ جۆرە گوزەرنامەیەكی (پەساپۆرت) ھەڵدەگرت ؟
و: گوزەرنامەیەكی توركی بەناوی عەبدوڵڵا كورد . كاتێك وەزیرە یۆنانییەكە پرسیاری ناوی مێوانەكەی لە بادۆڤاس كرد ، ئەو پێی گۆت عەبدوڵڵا كورد . ئەوسا وەزیرەكە زانی كە ئەو دەبێ ئۆجەلان بی . ئەو بەو ھۆیەوە پەیوەندی بە سەرۆكی خزمەتگوزاری ھەواڵگری یۆنان كرد و پێی ڕاگەیاند كە ئۆجەلان نیو كاتژمێری دی دەگاتە ئەسینا .
بەم جۆرە سەرۆك بانگی منی كرد و پرسی ، " ئۆجەلان لە كوێیە ؟ " من وەڵامم دایەوە ،" ئەو لەھەمان جێیە ، ئەو شوێنەی ئەو بەردەوام لێی بووە " . ئینجا داوای لێكردم كە بە ھێمنی لێكۆڵینەوە بۆ جێیەكەی ئۆجەلان بكەم. من پەیوەندیم بە ھەندێ دۆستە كوردەكان لە ئەوڕوپا كرد ، بەڵام كەسیان زانیاریان لەمەر جێ و ڕێی ئۆجەلان نەبوو . ئەو كاتە سەرۆك خواستی لەگەڵیدا بم بۆ فڕۆكەخانە، بەڕێگاوە پێی ووتم كە ئۆجەلان ھەر بەم زووانە دەگاتە ئەسینا.

پ: چۆن پێشوازیت لە ئۆجەلان كرد؟
و: لە ھەینی، 10 ی ئۆكتۆبەر، 1998 دا ، ئێمە چووینە فڕۆكەخانە . كاتێك ئێمە چووینە ژوورەوەی فڕۆكەخانە ، ڕۆزێرین و (بادۆڤاس) ی ئەندام پەرلەمان كە بەدوای ئۆجەلان دا دەگەڕا دیار بوو پەیوەندی پێوە كرد بوو ، بەڵام تەلەفۆنەكەی داخرا بوو ، بەھۆی ئەوەی لەوكاتەدا ئەندام پەرلەمانەكە لە كۆبوونەوەیەكدا بووە لەگەڵ سەرۆك وەزیردا بۆئاگاداركردنەوەی لە گەیشتنی ئۆجەلان دا.

پ: ئۆجەلان لە كوێ بوو؟
لە سووچێكی ژووری حەوانەوەی كەسانی پلەوپایە بەرز دانیشتبوو . ئێمە بەرەو ڕووی چووین و بەخێرھاتنمان لێیكرد.
سەرۆكی ھەواڵگری فەرمانی پێكردم كە ڕێنمایی ئۆجەلان بكەم بۆ یەكێك لە ئۆفیسەكانی فڕۆكەخانەكە. لەوێدا سەرۆكی ھەواڵگری و ئۆجەلان دەستیان بە گفتوگۆكان كرد . ئۆجەلان بە توركی قسەی دەكرد و منیش وەرمدەگێڕا.

پ: سروشت و بارودۆخی دەروونی ئۆجەلان چۆن بوو؟
و: ھەر چەندە ماندوویەتی پیوە دیاربوو و لەژێر فشاری گەورەی دەروونیدا بوو ، ئەو ھێمن و ئارام بوو . شارەزایی ئۆجەلان لە دیبلۆماسییەتدا كاری كردبووە سەر سەرۆك .
سەرۆك بە (ئۆجەلان) ی گوت كە حكومەتی گریك ئاگاداری نەبووە لە گەیشتنی بۆ یۆنان، بەڵام ئۆجەلان وتی كە ئەو لە پێشدا بە (بادۆڤاس) ی ڕاگەیاندبوو دەربارەی نیازەكانی پێش ئەوەی بەرەو ئەسینا بێ.
سەرۆك ڕوونی كردەوە كە حكومەتی یۆنان ئاگای لە گەیشتنەكەی نەبووە و گوتی كە یۆنان جێی ناكاتەوە چونكە وڵاتێكی دراسێی توركیایە وە لەبەر ئەوە ھەردوو وڵات ئەندامن لە ناتۆدا.
ئەو داوای لە ئۆجەلان كرد ھەمان فڕۆكە بگری بۆ سوید ، وە یۆنان پاڵپشتی بەدەست خستنی پەنابەری سیاسی لەوێدا دەكات . ئۆجەلان ڕەتیكردەوە كە بچێ بۆ سوید و گوتی متمانەیان پێناكات چونكە سوید (پ ك ك)ی تاوانباركردووە بە كوژتنی (ئۆلۆف پاڵمە)ی سەرۆك وەزیری سوید لە 1986 دا . بەوھۆیەوە ئەو داخوازی مانەوەی چەند ڕۆژێكی كرد لە یۆنان بمینێتەوە ھەتا جێیەكی سەلامەت و بێ مەترسی كە دەكرێ لە ئەوڕوپا پەیدا بكرێ.
ھەڤاڵانی ئەندامانی پ ك ك كاریان ڕووەو ئەو كۆتاییە دەكرد . لە وەڵامی ئەوەدا ، سەرۆكی ھەواڵگری پێی گۆت كە ئەمە مەترسیدار دەبی بۆ مانەوەت لە یۆنان . گفتوگۆمان نزیكەی چوار كاتژمێر بەردەوام بوو . ئەوسا ئۆجەلان ووتی من داوای پەنابەری لێرە دەكەم . ئێمە پێمان ووت مافی خۆتە داخوازی پەنابەری بكەی، بەڵام ئەگەر تۆ بەدەستت ھێنا ، پێویستە ڕەچاوی ئەوە بكەی كە ھەتا بڵێی سەخت و گران دەبێ بۆ بەردەوام بوونی خەباتی چەكداریت ، لە كاتێكدا لە دۆخی پەنابەری سیاسی دابی لە یۆنان.
ئێمە پشوویەكماندا و ڕۆزێرین پەیوەندی بە بەرپرسی پ ك ك ماھیر وەڵات لە ڕوسیا كرد ، داوای لێكرد كە بڕوانێت ئاخۆ لەوێدا دەرفەت بۆ ئۆجەلان ھەیە كە بچێتە ڕوسیا . پاش تاوێك وەڵات داوەت نامەیەكی بە فاكس بۆ ئۆجەلان ڕەوانكرد ، لەلایەن پەرلەمانی روسی (دوما) واژۆ كرابوو.
دوای ئەوە ئێمە پەیوەندیمان بە باڵوێزخانەی ڕوسیا كرد بۆ دەركردنی ڤیزەیەك بۆ بەڕێز ئۆجەلان . ئەوان یەگجار زۆر ھاوكاربوون و ڤیزەكە لەھەمان ڕۆژدا دەرچوو . ئێمە فڕۆكەیەكی تایبەتمان ئامادەكرد . ئۆجەلان داخوازی كرد كە لەلایەن كاربەدەستێكی باڵای یۆنان یاوەری بكرێ . بەم جۆرە خزمەتگوزاری ھەواڵگری بڕیاریدا كە من لەگەڵ ئۆجەلان بنێری.

بەشی دووەم

به‌شی سێیه‌م

ماویەتی - 15 / 6 /2013

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە