په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا له‌ کوردستاندا

Wednesday, 06/10/2010, 12:00

1095 بینراوە


ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌ شێه‌وه‌یه‌کی لۆژیکیانه‌ له‌ مانای ده‌سه‌ڵات تێبگه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ته‌نها سه‌پاندنی کاروفه‌رمانه‌ به‌سه‌ر ژێر ده‌سته‌کانیدا و هه‌رده‌م چاوه‌ڕێی جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانه‌کانێتی له‌لایه‌ن فه‌رمان پێکراوانه‌وه‌، ئه‌و کات تێده‌گه‌ین ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتێکی چینایه‌تی و سه‌رو په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌؟ له‌ هه‌رکوێیه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ورد ببیته‌وه‌ له‌ شێوازی جۆرارجۆری ده‌سه‌ڵاته‌کان و په‌یوه‌ندیه‌کانی ژێره‌وه‌، ده‌بینین به‌ شێوه‌یه‌کی ناعه‌داله‌ت خوازی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ ده‌چنه‌ پێشه‌وه‌. له‌ یه‌ک کاتدا زیندوێتی و ڕێکخراو بوونی چینی ژێرده‌ست ده‌ریده‌خات که‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی خواسته‌کان و پێداویستیه‌ حه‌یاتیه‌کانی ژیانی ڕۆژانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، هه‌رده‌م پێویستی به‌و ڕێکخراو بوونه‌ هه‌یه‌. چونکه‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان مادام له‌ جۆری ده‌سه‌ڵاتی قازانج خواز و چه‌وسێنه‌رن، بۆخۆیان ئاماده‌ نین ئه‌و په‌یمان و گفتانه‌ ده‌یده‌ن به‌ کۆمه‌ڵگا له‌ کاتی ده‌سه‌ڵاتارێتیان و له‌ کاتی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، دوای ئه‌وه‌ ده‌ست بکه‌ن به‌ جێبه‌جێ کردنیان، ئه‌گه‌ر هات و خه‌مساردی کۆمه‌ڵگایان بینی له‌ به‌رانبه‌ر بێده‌نگه‌ کردنیان بۆ ده‌ست ڕاگه‌شتن به‌ داخوازیه‌کانیان. لێره‌دا ده‌سه‌ڵات بۆخۆی به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌ له‌و په‌یمان و گفتانه‌ی پێشوو داویه‌تی، مه‌گه‌ر هه‌ندێک جار ده‌ست ببات بۆ جێبه‌جێ کردنی پێداویستیه‌کی کۆمه‌ڵگا کاتێک بزانێت به‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌شکێته‌وه‌ و وه‌ک دیاریه‌کی ده‌ستی خۆیشی ده‌یفرۆشێته‌وه‌ به‌ کۆمه‌ڵگا. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌ر جێگایه‌ک چینی ژێرده‌ست له‌ ئاستێکی سیاسی و ڕێکخراو بوونی خۆیدا خۆی ته‌یار کردبێت، ئه‌وکات له‌ هه‌رچ هه‌نگاونانێکیدا بۆ ده‌ستڕاگه‌شتنی به‌ پێداویستیه‌کانی، ده‌سه‌ڵات به‌وردی حسابی بۆ ده‌کات و ده‌چێته‌ ژێر داخوازیه‌کانیشیانه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕێکخراو بوون هه‌رده‌م ده‌توانێت به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاوی خۆی بنێت، چونکی چه‌ند ڕێکخراو بوون به‌هێز بێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش ئاسۆی سیاسی و وشیاری سیای له‌ گه‌ڵیدا ده‌چێته‌ سه‌ره‌وه‌.
ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حاکم له‌ کوردستاندا وا ده‌خوازێت که‌ کۆمه‌ڵگا له‌ قۆناغی ملکه‌چی و قۆناغی پاڕانه‌وه‌دا بمێنێته‌وه‌ و هه‌بێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ نایه‌وێت هیچ کات کۆمه‌ڵگا بڕژێته‌ سه‌رجاده‌کان و داوای داخوازیه‌ سه‌ره‌تایه‌کانیان هه‌ر له‌ مافی ژیانه‌وه‌ تا ده‌گات به‌ ئازادی سیاسی و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی ده‌ربڕین، بکه‌ن. هه‌رچ کاتێکیش(وه‌ک له‌ ده‌وره‌ی پێشودا)بینیمان، خه‌ڵکی هاتبێتنه‌ سه‌ر جاده‌، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان بۆ ئه‌و هاتنه‌ مه‌یدانانه‌ ده‌یان ناوی جۆراوجۆری لکاندوه‌ به‌و خۆپیشاندانانه‌وه‌، هه‌ر له‌ ده‌ستی ده‌ره‌کی تا ده‌گات به‌ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان. لێره‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سیاسیه‌ بیه‌وێت یا نه‌یه‌وێت خۆی ده‌خاته‌ نێو خانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کانه‌وه‌، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یڵێت که‌ به‌شێک بێت له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی که‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ تا داخوازیه‌کیان بۆ جێبه‌جێ بکرێت، ده‌سه‌ڵات وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵبستێت به‌ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و داخوازی و مافه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی کۆمه‌ڵگا پێویستی ڕۆژانه‌یه‌تی، وه‌ک دابین کردنی کار و ئاوی خاوێن و کاره‌با و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ تا ده‌گات به‌ دابین کردنی بیمه‌ی بێکاری و دابین کردنی جێگای تایبه‌ت بۆ به‌ساڵاچوان و ڕێکوپێک کردنی هۆکانی گواستنه‌وه‌ له‌ جۆرێکی وا که‌ ئاسایش بۆ کۆمه‌ڵگا دیاری ده‌کات. جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئه‌رکه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ به‌شێکی دانه‌بچڕاون له‌ کاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سه‌رجه‌م وڵاتانێک که‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک پره‌نسیپه‌کانی ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتیانه‌ ده‌به‌ن به‌ ڕێوه‌.
به‌ڵام له‌ کوردستاندا بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر مافێکی سه‌ره‌تایی ده‌بێت ده‌یان ڕوو به‌ ڕوو بونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بکرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ر ته‌نها ئه‌رکیان جێبه‌جێ کردنه‌ نه‌ک هه‌قی ماف بوونی ژیان کردن.
یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ سه‌رچاوه‌ ته‌ندروست و پێویستیه‌کان بۆ ژیانی مرۆڤایه‌تی بۆئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ژیانێکی ته‌ندروست بدات، ئاوی خاوێنه. چونکه‌ ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگا بێبه‌ش بوو له‌و پێداویستیه‌ گرنگ و ڕۆژانه‌ییه‌، ئه‌و کات ده‌یان جۆری نه‌خۆشی له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ نێو ئه‌و چینه‌ی که‌ که‌م ده‌رامه‌ته‌ و ناتوانێت وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌ستی ڕابگات به‌ ئاوی خاوێن.لێره‌دا با ده‌سه‌ڵات بچێت سه‌دان جۆری داوده‌رمان له‌ ده‌ره‌وه‌ بهێنێت بۆ نه‌خۆشخانه‌کان(دیاره‌ له‌ ئاوا کاتێکیشدا ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌ شوێن قازانجکردنی زیاتره‌وه‌یه‌ نه‌ک به‌ شوێن خزمه‌ت کردنی کۆمه‌ڵگاوه‌)به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ زۆرترین خه‌ڵکی نه‌خۆش پێکهاتوه‌ له‌ خه‌ڵکه‌ که‌م ده‌رامه‌ته‌که‌، له‌و کاته‌شدا ده‌بێت له‌ پاروی ده‌می منداڵه‌کانیان و خۆیان بگرنه‌وه‌ بۆ کڕینی ده‌رمانه‌کان، ئاخۆ به‌م پێیه‌ ده‌سه‌ڵات له‌خزمه‌تی خه‌ڵکیدا ده‌بێت یان بۆخۆی به‌ره‌و مه‌ینه‌تی زیاتر ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ که‌م ده‌رامه‌ته‌ ده‌بات؟ له‌م کاته‌دا ئه‌رکی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه‌ بێت ئاوی خاوێن دابین بکات بۆ کۆی کۆمه‌ڵگا،(ئه‌گه‌ر ئاوی خاوێن هه‌بوو ئه‌گه‌ری که‌م بونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌کانیش له‌ ئارادا ده‌بێت)، نه‌ک هه‌ر به‌ڵێن بدات و نه‌شچێته‌ ژێرپای جێبه‌جێ کردنیه‌وه‌.
ئاوی ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک ده‌چێت به‌ ڕه‌سمی ڕاگه‌یه‌نراوه‌ ئه‌و ئاوه‌ پیسه‌و به‌ که‌ڵکی خواردنه‌وه‌ نایه‌ت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسی تاده‌گات(به‌) ئه‌و به‌ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌شه‌وه‌ تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ ژێر ئه‌و ڕاستیه‌وه‌ و تا ئێستاش نکولی ده‌که‌ن له‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ پیس بووبێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆ خه‌ڵکه‌ی له‌و شاره‌دا ده‌ژین هه‌مویان ڕاستنه‌که‌ن و ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌رداخوازیه‌کی تر ده‌ستێکی سیاسی و ناپاکی ده‌خه‌نه‌ پشته‌وه‌‌. ئاخۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک له‌ خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌یدا نه‌بێت بۆ ده‌بێت هه‌ر ملکه‌چی ببین و قبوڵی بکه‌ین؟ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌رکام به‌رپرسیه‌وه‌ هه‌یه‌ ئاماده‌ نیه‌ یه‌ک گڵاس له‌و ئاوه‌ بخواته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ڵێن ئه‌و ئاوه‌ خاوێنه‌ و هیچ نه‌خۆشیه‌کی پێوه‌ نیه‌؟ ئاخۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ناچێته‌ حاڵه‌تی تیرۆر کردنی به‌ئه‌نقه‌ستی کۆی ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاوه‌ پاکه‌و به‌که‌ڵکی خواردنه‌وه‌ دێت، ئه‌ی ئه‌و بۆنه‌ پیسه‌ چیه‌ لێی دێت؟ ئاوێک بۆنی کردبێت یانی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌که‌ڵکی به‌کارهێنان نایه‌ت، چ جای‌ ئه‌وه‌ی باسی خواردنه‌وه‌ی بکرێت؟ ده‌بێت خه‌ڵکی ده‌ربه‌ندیخان به‌ کۆی گشتی و به‌ده‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سکه‌کانیان بچنه‌ نێو ئه‌و که‌مپینه‌ی که‌ کۆمه‌ڵێک له‌و گه‌نجانه‌ی به‌شوێن ئاینده‌یه‌کی ته‌ندروسته‌وه‌ن بۆ خه‌ڵکی شاره‌که، به‌ڕێیان خستوه‌ هاوئاهه‌نگ بن له‌ گه‌ڵیاندا و پێکه‌وه‌ به‌رده‌وام بن له‌و که‌مپینه‌ تا به‌سه‌رکه‌وتن ده‌گه‌ن. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌ به‌ته‌نها ناتوانن داخوازیه‌کانیان بسه‌پێنن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌گه‌ر هاتوو خه‌ڵکی به‌گشتی نه‌ چنه‌ پشتیانه‌وه‌. چاوه‌ڕوانیش چه‌ند درێژه‌ بکێشێت به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش ده‌رد و مه‌ینه‌تیه‌کان زیاتر ده‌بن.
هه‌ر خودی ئه‌و ناڕێکخراو بونه‌یه‌ تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا به‌ ئاره‌زوی خۆی دێت یاری به‌ سامانی گشتی کۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌کات و زۆر بێمنه‌تانه‌ ئاماده‌ نیه‌ پێداویسته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ بکات، بۆیه‌ ته‌نها ڕێگه‌یه‌ک له‌ به‌رده‌م خه‌ڵکی که‌م ده‌رامه‌ت و خه‌ڵکی ئازادی خوازدا هه‌بێت، ڕێکخراو بونیانه‌ له‌ چوارده‌وری یه‌کتری به‌ ئاسۆیه‌کی ڕونه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ هه‌ر خودی خه‌ڵکی خۆیه‌تی ده‌توانێت ژیان بگۆڕێت و ده‌سه‌ڵاته‌کانیش بگۆڕێت.
له‌و جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتانه‌دا بۆ هارساتێک ئاستی ڕێکخراو بوون یه‌کێک ده‌بێت له‌و پایه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی زیندوی تێدا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سه‌و خۆی به‌دور گرت له‌وه‌ی توشی گرفت و لێپێچینه‌وه‌ نه‌بێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ده‌بێت باش له‌و لاوازیه‌ش تێبگات که‌ بێده‌نگه‌ کردن چ جۆره‌ په‌تایه‌ک دروست ده‌کات بۆسه‌ر گیانی زۆرینه‌یه‌ک که‌ ڕۆژانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی ده‌کرێت، چونکه‌ سه‌رده‌می پاڵه‌وانه‌کان به‌سه‌ر چوه‌ و ده‌بێت کۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌ت ئه‌و چینه‌ی هه‌میشه‌ ده‌چه‌وسێته‌وه،‌ خۆی وه‌ک پاڵه‌وانێکی کۆ سه‌یر بکات. بۆخۆی هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانێت کۆی ناهاوسه‌نگیه‌کان بگۆڕێت و به‌ ئاقارێکی ئینسانیانه‌ تریدا ببات.
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست




کۆمێنت بنووسە