ئیفلاسی سیاسی و میدیایی یەکێتی

Friday, 18/04/2014, 12:00

1595 بینراوە


سامان دیاکۆ



یەکێتی کە سەردەمانێک بەڕاستی و دروستی یەکێتی نیشتیمانی کوردوستان بوو، هەزاران ڕۆڵەی گەنجی کوردی لە دەوری دروشمەکانی ئازادی و دیموکراسی و سەربەخۆیی کوردوستان کۆکردبوەوە و هانیدەدان بۆ خەبات و بەرگری لەوپێناوەدا و بە هەزاران شەهیدی بەخشی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، مەخابن ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی گەنجی کورد بۆی و دوای ئەو هەموو نەهامەتیەی بەسەر کوردوستاندا هات، ئێستا بۆتە حیزبێکی مافیا ئاساو کەتۆتە دەستی چەند دەستڕۆشتویەکی برسی پارە و دەسەڵات.
دەرکەوت ئەوانەی ئێستا ئەو یەکێتیە (ئیتر من ناوی نانێم نیشتیمانی) بەڕێوەدەبەن لە کۆمەڵێ بازرگانی شەڕ وچاوچنۆکی دەسەڵات زیاتر هیچی تر نەبوون. ئەو هەموو گەنجە دڵسۆزەی ڕێگای کوردایەتیان لە پێناوی دەوڵەمەندبوونی خۆیان و پلەو پایەدا بەکوشتدا. مەخابن ئەوانە تا لەشاخ بوون، ئێمەی گەنجی دڵگەرمی بێ ئەزمون وامان دەزانی ئەوانە سەرکردەی بەئەمەک و هەرە ئازاو دڵسۆز و زیرەکی سیاسەت و کوردایەتین، کەچی کە ڕۆژگار هات و ڕۆیشت و ئێمەش دەرفەتی چاوکردنەوەمان بۆ ڕەخساو دنیا گۆڕا، ئێستا زانیمان چەند کەسی نەزان ومێشک ووشک وبەتاڵ و ناڕۆشنبیر، بەڵام لێزانی شەڕ و گەنج بەکوشتندان بوون لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا. ئاخر ئێستا زۆریان دەبینین نازانن دوو ڕستە، دوو ووشەی عەقڵانی و مەنتیقی بڵێن لەبارەی هەر شتێکەوە بێت، هەمیشە زانیاریەکانیان هی کۆبوونەوە داخراوەکانی خۆیانەو کە دەچنە بەردەم کامێراکانیش درووشمە کۆنە سواوەکانی سەردەمی هەڵخەڵەتاندنی گەنجان دووبارە دەکەنەوە بێئەوەی تێگەیشتبن دنیا گۆڕاوەو بەرەوپێش چووە، خەڵک وگەنجی ئەم سەردەمە هووشیار و زانا بوون بەو قسە سواوانە چیتر هەڵناخەڵەتێن:
- فرمێسکی تیمساح هەڵدەڕێژن بۆ هەڵەبجەو بۆ ئەنفال، کەچی لەپێناو کورسی دەسەڵات فڕۆکەوانی بکوژی هەڵەبجە ئازاد دەکەن، موستەشار و تاوانبارانی ئەنفال نەک هەر ڕاپێچی دادگا ناکەن، بەڵکو لە گوڵ کاڵتریان پێناڵێن وهەرهەموویان بەرژەوەندی پارێزراو و بەڕێزترن لە کەسوکاری شەهیدان لایان، بە پاساوی درۆ ئیمزا لەسەر بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ‌قڕکردنی کورد ناکەن، ئاخر ئێوە لەشەڕی براکوژیدا هەزاران گەنجتان کرد بەقوربانی بەرژەوەندیەکانتان و چەندین دیلتان کوشت و چەندینی ترتان بێسەروشوێنکرد، خێرە ئێستا بوون بە کۆتری ئاشتی ودژ بە سزای لەسێدارەدان؟ یان ئەوە چاکە دانەوەی ئەوانەیە کە لەسەردەمانێکدا پارێزگاریان لێکردوون ونەیان هێشتوە مێشولە توخنتان کەوێت؟!!!!!
- باسی ئازادی و دیموکراسی وفرەپارتی دەکەن، کەچی ڕۆژنامەنووس لەسەر ووشە دەکوژن، هەوڵی تەزویر و دەنگ کڕین دەدەن، کەسێک لێیان جیابێتەوە وڕای لەگەڵیان نەبێت نانبڕاو وتۆمەتباری دەکەن، خٶشیان بە سۆشیال دیموکرات دەزانن.
- باسی ئاوەدانی شارو لادێ دەکەن، ببینن دوای ٢٤ ساڵ لادێکان ناشرینتر لە جاران دروستکراونەتەوەو بێخزمەتترن، وەک (ناوی زل و دێی وێران) هەندێکیان کردوون بە ناحیە کەچی هێشتا قوتابخانەی قوڕی داڕوخاویان تیایە، بۆ پێکەنین بڕیاری کردنەوەی دانیشگا دەدەن تیایاندا.
- باسی گەشەو ئازادی بازاڕ و ئابووری و بازرگانی دەکەن، کەچی هەرهەموویان بۆ قازانج و بەرژەوەندی خۆیان قۆرخکردوە، کۆمپانیاکانی خۆیان نەبێت کەس ناتوانێ ئیشێک وەربگرێت.
- باسی خوێندن و زانست دەکەن، کەچی کوڕو کچی خۆیان لە کام کۆلیج بیانەوێ دادەنێن بێئەوەی نمرە و ئاستی خوێندنیان لەو پلەیەدابێت، شەهادەی بەرز بۆ خۆیان دەسێنن بێئەوەی لەهیچ بوارێکدا داهێنانێکیان کردبێت.
- سەروەت و سامانی ووڵات بۆ خۆیان دەبەن و بەهەدەر دەدەن، بە ملیارەها دۆلار سەرنگوم دەکەن، سەدان پڕۆژە بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان بەزۆر دابین دەکەن، بە دانپیانانی خۆیان ژێرزەمینی پڕ لە دۆلاریان هەیە، هەر بە دانپیانانی خۆیان پارەی نەوتی دزراو وبودجە دابەشدەکرێ لەنێوخۆیان، کە هەر یەکەی مانگی 35 ملیۆن دۆلاری پێدەبڕێ، کەچی ناتوانن مووچەی کارمەند بدەن، هەزارەها خێزانی برسی و بێدەرەتان هەیە، هەزارەها پیر بۆ پەیداکردنی نانێک گوڵەبەڕۆژە و بنێشت دەفرۆشێت لەسەر جادە، سەدان مناڵی تەمەن خوار 14 ساڵ لەسەرجادە کلینیکس ئەفرۆشن، بۆیاخی پێڵاو دەکەن، کەچی ملیۆنەها دۆلار بۆ ڕێکخراوی بەناو منداڵپارێزی سەر بە خۆیان سەرف دەکرێت بێئەوەی لایەک لە منداڵ بکرێتەوە، ئینجا بۆ خۆڵکردنە ناو چاوی خەڵکیشەوە باسی سەربەخۆیی و دەوڵەت دروستکردن دەکەن.
یەکێتی لەگەڵ ئەو هەموو گەندەڵکاری وپێشێلکاری وکارە ناجۆرانەی سەرەوەدا، کە مشتێکە لە خەروارێک، لەگەڵ ئەو هەموو هەڵە سیاسیە کووشندانەدا، کەبۆتە هۆکاری شکان و بچوکبوونەوەی خۆی، دێت زۆر نەزانانە مامڵە لەگەڵ ئەو هەڵە ونەهامەتی وشکستانەدا دەکات کە دووچاری بوە. زۆر بەڕوونی لەڕێگەی هەڵسووکەوتەکانیەوە، ئیفلاسی سیاسی خۆی بەیان دەکات، هاوسەنگی تێکچوە و بەجۆرێک قسە دەکات سەردەمی شەڕی براکوژیمان دێنێتەوە یاد، ئاخر یەکێتی کەی شکستی لە شتێکدا هێنابێت پەنای بۆ شەڕ بردوە.
- ئێستاش داننانێت بە هەڵەکانی خۆیدا و هەوڵ دەدات پاساویان بۆ بێنێتەوە، بەڵام پاساوی نامەنتیق و بێمانا. پەیمانی ستراتیجی، کە تائێستاش خاڵەکانی ڕوون و ئاشکرانین و ڕۆژگار هێدی هێدی ناوەڕۆکەکەی دەردەخات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەرکەوتوە وادەبینرێت کە، لەگەڵ بوونی هەندێ خاڵی تایبەت بە بەرژەوەندی گشتی، سەرتاپای پەیمانەکە بۆ بەرژەوەندی تەسکی نەک حیزبایەتی، بەڵکو شەخسیش بوە، وەک پشتگیری لە دابینکردنی پلەو پایە بۆ یەکتر، لەوانە پلەی سەرۆک کۆمار، بێئەوی بەرژەوەندی کورد تیایادا لەبەرچاو گیرابێت، کە بە وەرگرتنی ئەو پایەیە، چی دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت، ڕۆژگار سەلماندیشی کە کورد هیچ سوودی لێنەبینی، جگە لە شەخسی تاڵەبانی خۆینەبێت، کە بەو پلەو پایە و ناوە گەیشت، لەوانەیە هەندێک بڵێن مام جەلال قەت ئەوەی نەویستوە، بەلام ئەوە وانیە، ئەوە خەوی هەموو سیاسەتمەدارێکە بگات بە پلەوپایەی بەرز. هەروەها پارتی سوودمەندی دووەمە، کە ئەوەی کرد بە منەتێکی گەورە بەسەر یەکێتیەوەو توانی زۆر شتی تر لەیەکێتی داوابکات و فەرزیبکات بەسەریداو بەدەستبێنێت. سکرتێری گشتیش بە گوێگرتن لە هەندێ کەسی هەلپەرستی برسی پارەو دەسەڵات، نەیکرد کاروباری یەکێتی بداتە دەست کەسە دڵسۆزەکان بۆ ئەوەی چاکسازی تیا بکەن، بەڵکو ئەوانە وایان کرد ئەو کەسە دڵسۆزانە واز لەیەکێتی بێنن بۆ ئەوەی خۆیان جێگایان بگرنەوە لە مەکتەبی سیاسیدا، ئاوا کەسی بێتوانا، عەقڵ سەربازیی شەڕانگێز، فایلدار وقین لەدڵ، هەوڵدەر بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و گەیاندنی کوڕوكچەکانی بۆ پلەی دەسەڵات، بوون بە مەکتەبی سیاسی، کە ئەوانە بۆ سکرتێری گشتیش لەباربوون، چونکە چی پێگوتبن نەیانووتوە نا، (سمعا وگاعه‌) راکانی ئەویان جێبەجێکردوە، کاتێکیش یەکێکیان سوکە ناڕەزایەتیەکی دەربڕیوە، بە پارە ڕازی کردوە، بەرهەم ساڵحی تەنها لێهاتوو لەو یەکێتیەدا، سەربارەی ئەوەی کە هەموو سەرکردایەتی و زۆری مەکتەبی سیاسی ڕقیان لێیەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی مام جەلال گەیاندوێتی بەو پلەیە، خۆی بە قەرزدار دەزانێ لە بەرامبەریدا، ئەوەتا هەر بە دیارنەمانی مام جەلال بە تەنیا ماوەتەوە، هەرچەندە ناڕازیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئازا نیە لەدانی بڕیاری کۆتاییدا، ناتوانێت بە یەکجارەکی وازبێنێت.
- سەیری یەکێتی سۆشیال عەشایری عەیارە ٢١ بکەن، لە هەڵبژاردندا پلەی سێیەمی هێناوە، 18 کورسی پەرلەمانی هەیە، بەڵام خۆی بە هێزەوە نمایش دەکات و دەڵێ پێشمەرگە وئاسایش وپۆلیس ودەزگای زانیاری ودژەتیرۆرم هەیە، چۆن دەتوانن دەسەڵاتم لێوەربگرن. ئافەرم سۆشیال دیموکرات، پابەندە بە ئیمزا نەکردن لەسەر سزای لەسێدارەدان بۆ خۆڵکردنە ناو چاوی سۆشیال دیموکراتەکان وخەڵکەوە، بەڵام پابەندی دیموکراسی سۆشیال دیموکراتەکان نیە لەڕێزگرتن لە ئیستیحقاقی ئینتیخابی و ڕادەستکردنی دەسەڵات بە هێمنی، بەڵکو عەشایرانە هەڕەشە بە هێز دەکات. باشە هەی سۆشیال دیموکراتی خەمخۆری کوردایەتی:
بۆچی چەندساڵە هەوڵتان نەدا هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و بیکەن بە سوپای نیشتیمانی کوردوستان؟
بۆچی هێزە ئەمنیەکانی ترتان یەکنەخست بۆ ئەوەی ببن بە هێزی پارێزگاری کوردوستان؟
بۆچی دابینی موچەی شیاو و چەک وئامڕازی سەربازی پێویستان نەکرد بۆیان؟ بۆ دەهێڵن پێشمەرگەی بەئەمەک لەتاو نەبوونی وبێدەرەتانی بگری لەبەردەم کامێراکانی تەلەفیزیۆندا؟
چۆن ڕێگاتاندا هێز و دەبابە بۆسەر هێزێکی سیاسی بێچەک بەرن؟ گەرچی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەشتان بکات، ئاخر سۆشیال دیموکراتی ڕاستەقینە بە قەڵەم وگفتوگۆ وەڵام دەداتەوە، نەک چەک.
چۆن هێشتان هێز بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی بێ چەک بەکاربێنن و تەقە بکەن لێێان و چەندینیان شەهید بکەن، کە زۆربەیان مێرمنداڵبوون؟
چۆن و بۆچی چەندین کردەوەی کوشتن، گرتن، مردنی لەناکاو لە زینداندا، کە دەچنە چوارچێوەی (تێفیەی سیاسی وئابوری) مافیا ئاساییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئێوەدا ڕووئەدات، بەڵام کەیسەکان بێ ئەنجام دەمێننەوە وتاوانبار دیارنامێنێت، ئەمە جێگەی گومان نیە؟ مانای ئەوە نادات، کە ئەو هێزانە بۆ بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی بەکاردەهێنڕێن؟
چۆن هێزتان خستە گەڕ بۆ لێدانی ڕۆژنامەنووسان (ئاسۆس هەردی) وڕۆشنبیران (ڕێبین هەردی) و هەڵسوڕاوانی هێزێکی تر کە دواینیان (شەماڵ بەهجەت کابانە)، ئەمەیە هەڵسوکەوتی هێزە سۆشیال دیموکراتەکان؟

بڕواننە ڕاگەیاندنی ئەو یەکێتیە وئەو دەزگایانەی بۆ ئەوەیان تەرخان کردوە لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن وڕۆژنامە..هتد، چۆن بە زمانێکی دواکوتووی ناشارستانیانەوە مامڵە لەگەڵ باری سیاسی کوردوستاندا دەکەن، چ جۆرو شێوازێکی هەڵمەتی ڕاگەیاندن بەڕێوەدەبەن.
لەپێش هەموو شتێکدا پێویستە بڵێم یەکێتی لەسەرزاری بەرپرسە باڵاکانیەوە هەمیشە ئەیدەن بە چاوی گۆڕاندا، کە مام جەلال 10 ملیۆن دۆلاری داوە بە نەوشیروان مستەفا بۆ دامەزراندنی دەزگای ڕاگەیاندن باشە یەکەم پرسیار:
بە پێی چ دەسەڵات ویاساو ڕێنماییەک، مام جەلال بۆی هەیە 10 ملیۆن دۆلار بدات بە کەسێک بۆ کارێکی لەوجۆرە وە لە پارەی گشتی واتە پارەی میللەت.
باشە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆتان (کوردسات، گەلی کوردوستان، خاک ....هتد.) بەپارەی کێ دامەزران، بە پارەی کێ دەبرێن بەڕێوە، وە لەهەمووش گرنگتر خزمەت بەکێ دەکەن، بە حیزب یان میللەت؟ ئەو هەموو پارەیە سەرف دەکرێت لەپێناو دیعایە بۆ کێدا؟
باشە بۆ دەبێت بۆ خۆتان ڕەوا بێت لە پارەی دزراوی میللەت هەموو کارێک بکەن، کە بۆ بەرژەوەندی خۆتان بێت؟ بۆ بەناوی خەبات و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە هەموو شتێک بەخۆتان ڕەوا دەبین، بۆ هەر ئێوە هیلاکی خەباتن؟ بۆ هەر ئێوە قوربانیتان داوە؟
ببینن دەزگای میدیاکانی یەکێتی چ جۆرە بانگاشەیەکی شەرمنانە دەکات بۆ هەڵبژاردن:
کۆمەڵێ درووشم و وێنەی کۆنی سەردەمی شاخ، کە وەک ووتم بۆ هەر ئێوە لەشاخ بوون؟
ئەوانەی ئەو دەزگایانە بەڕێوە دەبەن نەک لە شاخ نەبوون، بەڵکو هەندێکیان پیاو و بەکرێگیراوی ڕژێمی بەعس بوون، ئێستا بوون بە یەکێتی عەیارە بەرز.
چەند بڕگەیەک دەڵێن و دەڵێنەوە، وەک ئەوەی ئەوە بەرنامەی داهاتوویان بێت بۆ حوکم لەوانە:
(ڕێگاوبان بە باشترین شێوە درووست دەکەین)!! ئەی بۆ چەندین ساڵە ئەوەتان نەکرد؟. ئەی بۆ ڕۆژانە لەبەر خراپی ڕێگاوبان بە دەیان ڕوودا ڕوو ئەدات و بەدەیان کەس گیان لەدەست ئەدەن، ئەی ئەو هەموو قیرەی کە کۆمپانیاکانی نۆکان لە حکومەتی ناوەند وەریدەگرێت چیلێهات؟
(لادێکان بە شێوازی نوێ دروست دەکەینەوە)!! ئەی ئەم چەند ساڵە لەکوێ بوون؟ ئەوەتا کەوەریش لە دەرەوە دەبێت ئیستیراد بکرێت، ئەویش دەبێت کۆمپانیایەکی سەر بەحیزب بیهێنێت.
(کارەبای هەمیشەیی دابین دەکەین)!! ئەی ئەو هەموو پارەیەی بۆ دابینکردنی کارەبا تەرخانکرا بۆ کوێ چوو؟ ئەی ١٨ ملیۆن دۆلارەکەی حکومەت کە بۆ کارەبا تەرخانکرابوو کێ دزی وچیلێهات؟ لەهەمووش شەرمەزارتر، سکرتاریەتی سکرتێری گشتی یەکێتی پاساو بۆ دیار نەمانی ئەو 18 ملیۆنە دێنێتەوە نەک حکومەت. خۆشبەختانە مرۆڤی کورد هوشیارە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەش خوا ڕەحمی پێکردوون، مەسەلەی پارێزگاری پێشوی سلێمانی پێداون، هەموو ڕۆژێک دەیڵێن و دەیڵێنەوە و شتێکی بۆ زیاد دەکەن:
هەموو کەس باش دەزانێت کە مەسەلەکە سیاسیەو، ئەگەر دانای ئەحمەد مەجید یەکێتی بمایەتەوە، ئێستاش کوڕی سێیەمی مام جەلال بوو.
ئەو کەسانەی کە ئەو پارەیەیان دزی بوو حوکم دران، کەسوکاریان تەنانەت بڕێکی پارەکەشیان گەڕاندەوە.
لەبەر ئەوەی دانا بوو بە گۆڕان، سکرتیری گشتی و هەندێک لە حاشیەکەی (ش.م) ی پیاویانیان نارد بوو بۆ لای حاکم کە مادەی حوکمەکەی بۆ بگۆڕێت بە مادەیەکی تر، چونکە ئەو دەسەڵات بەدەستە ووتبوی (دەبێت دانا بۆ ئیهانە بۆ رۆژێکیش بێت دەبێت سجن بکرێت). جا خوا ئەزانێ بە دەردی زانای قائیمقامیان دەبرد یان نا؟ هەروەک کەسێک نووسیبوی (دانا زانا بوو زانا دانا نەبوو) ئاوا دانا ئاگاداری فرت وفێڵەکانیان بوو، وە باشیان دەناسێ چ پیلانگێڕێکن، بۆیە خۆی بەدەستەوە نەدا.
ئێستا یەکێتی کەسوکاری ئەو ژنە تاوانبارانە و ڕێکخراوە مەسینەهەڵگرەکانی بەناو مەدەنی سەربەخۆی هان ئەدا کەمپین بگێڕن دژی دانا. ئەی ئەوە چەند ساڵە بۆ خەمی ئەو ژنانەتان نەبوو؟ ئەی ئەوە چەند وەختە بۆ لەحەق و ناحەقی ئەو کەیسەتان نەڕوانی، ئەی ئەگەر ئێوە خەمی دادپەروەری وسەروەری یاساتانە، بۆ کەمپینێک بۆ کەیسەکەی شەهید کاوە گەرمیانی کوڕی ئەنفالکراو سازناکەن، بکوژەکانی وەک نە بایان دیبێت نە باران دەسوڕێنەوە.
ئەی ئەم دەزگا بوق ئاسایانەی یەکێتی بۆ باسی ئەو هەموو گەندەڵی وپارە دزین و کارەدزێوانەی دەکرێت ناکەن، کە مەسئولەکانی خۆیان دانی پێدا ئەنێن، بۆ بەدواداچون بۆ کەیسی 18 ملیۆن دۆلارەکەی کارەبا ناکەن، کە بوو بە بەشێک لە بڕە پارەی کڕینی هۆتێل لە لەندەن، بۆ ناپرسن لە کارگێڕێ مەکتەبی سیاسیان مەبەستی لە ژێرزەمینی پڕ لەدۆلار چیە، بەشە بودجەی مانگانە بۆ کوێ دەچێت، پارەی نەوتی قاچاخ چێلێدێت؟
لە هەموو پێکەنیناوی تر، یەکێتی سەدان کادری بادینانی ڕۆشتۆتە ناو پارتیەوە ووازیان لە یەکێتی هێناوە، کەچی لە بەیاننامە شەرمناویەکەیاندا قاچی گۆڕان دەگرن و ئەوان تاوانبار دەکەن بە پلان گێڕان وتێکدانی ڕیزەکانیان، ئاخر خۆتان کێشەی ناوخۆتان هەیەو نازانن چۆن چارەسەری بکەن، ئەوەتا کەستان کاغەزی ئەویترتان ناخوێنێتەوە، ئەندامەکانتان ڕۆژانە نامەو ئاگاداریتان ئاڕاستە دەکەن کە واز دەهێنن، کەچی نەعامە ئاسا سەردەکەن بە لمداو کەسی کە تۆمەتبار دەکەن، لە هەموش گاڵتەئامێزتر یەکێتی لەو بەیاننامیەیەدا ترسنۆک و ڕەزیل ناوێرن هیچ بە پارتی بڵێن.
بۆ ڕێکەوتنی پارتی و گۆڕانیش بۆ دامەزرانی حکومەتی نوێ، دووبارە یەکێتی وەک ئسلوبی سواوی کۆن، باسی پلانگێڕان ولێدانی یەکێتی ومحاوەلەی بچوکردنەوەیی و شتی لەم بابەتانە دەکات، نایەت واقیعیانە سەنگ ودەنگ وئاستی جەماوەری خۆی هەڵسەنگێنێت و بڕیارێکی ژیرانەو مەنتیقیانە بدات و ڕێگەیەک هەڵبژێرێت، کە بزانێت بەرژەوەندی حیزبەکەی تیایە. نەخێر لەچاوی بەرژەوەندی کەسە دەسەڵات بەدەستەکانیەوە، کە دەترسن پارەوپول و پلەوپایەیان لەدەست بچێت و دەزانن کە هەر دەبێت بەشداری حوکم بکەن سەیری کارەکان دەکات و موماتەڵە دەکات و هانا بۆ ئەم و ئەو دەبات یارمەتی بدەن وخێری پێبکەن، بەڵکو زیاتری دەستبکەوێت.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە