ڕۆژى جیهانى مامۆستایان و وەزارەتى پەروەردە و یەكێتى مامۆستایان

Saturday, 06/10/2012, 12:00

986 بینراوە


6ى10هەموو ساڵێك ناسراوە بە ڕۆژى جیهانى مامۆستایان ، لەمڕۆژەدا لەزۆربەى هەرەزۆرى وڵاتانى دونیا بەوبۆنەیەوە دەیان ڕێوڕەسمى شكۆدار و شایستە بەپێگە و پیرۆزى سازدەكرێت و دەیان و سەدان مامۆستا تێیاندا ڕێزیان لێدەگیرێت و خەڵات دەكرێن ، لەهەرێمى كوردستانیش ئەوەى بیرى لەنەكرێتەوە مامۆستایان و تاكە ڕۆژە جیهانیەكەیانە ، لەم هەرێمەى ئێمەدا ڕۆژبەڕۆژ مامۆستایانى هەڵگرى پەیامى پیرۆزى پەروەردەو زانست بێنازتر و بێ پەناتر دەبن ، لەم هەرێمەى پڕ لەوتەى باق و بریق و دۆرینەدا كەسێكى دڵسۆز نابینیتەوە بەدڵسۆزى خەمى مامۆستایانى بێت و لەخزمەت داواكانیان دابێت ، ئەوا بەچاوى خۆمان دەبینین ڕۆژى جیهانى مامۆستایانە ئەى كوا دڵسۆزان و خەمخۆرانى چینى مامۆستایان ؟ كوا بەیاننامە و پیرۆزبایى یەكێتى مامۆستایان بەوبۆنەیەوە؟ كوا ئاهەنگ و ڕێزلێنانى یەكێتى مامۆستایان لەوڕۆژەدا و خەڵاتكردنى سەدان مامۆستاى نمونەیى و دڵسۆز؟ئەهها!!بیرم هاتەوە دیارى یەكێتى مامۆستایان بەوبۆنەیەوە ئەوەیە كەسێ هەزار خانوو دروستدەكەن كەنرخەكەى زۆر لەوانە گرانترە كە بۆ هاووڵاتیانى سادە دروستدەكرێت و قیستى مانگانەشیان لە پێنجسەد بۆ حەوتسەد دۆلارە!!!بۆیە پێشنیارم وایە ئەم خانوانەى یەكێتى لەگەڵ كۆمپانیاكان دروستى دەكەن و بەمنەتەوە بەمامۆستایانى دەفرۆشنەوە بیدەنە برا وەزیر و پەرلەمانتارەكان چونكە هەر ئەوان ئەم قیستانەیان پێدەدرێت نەك مامۆستایان !!!ئافەرین یەكێتى مامۆستایان!!یەكێتى مامۆستایان تەنها كارى ئەوەیە مانگانە سێ هەزار دینار وەكو ئابوونەوە لەمامۆستایان وەربگرێت و كەسیش نەزانێت ئەو داهاتە زەبەلاحە بۆ كوێ دەچێت!!منەتیش بەسەر مامۆستایانەوە دەكات و دەڵێت یارمەتى مامۆستایان دەدەین!!كام یارمەتى؟یارمەتیە سەدو پەنجا هەزار دیناریەكان!!!كورد وتەنى چەلاوى خۆى لەخۆى دەداتەوە!!ئابوونەوەى زیاتر لەسەد هەزار مامۆستایە و بڕێكى كەمیشى وەكو یارمەتى دەدرێتەوە چەند مامۆستایەك كە بە پەنجەكانى دەست دەژمێردرێن ، ئەى كوا بەیاننامە و پیرۆزبایى و رێزلێنانى وەزارەتى پەروەردە كە خۆى بەچەتر و خاوەن شكۆى مامۆستایانەوە دەزانێت ؟ ئەرێ مامۆستایانى خۆشەویست و ئازیز دەبێت وەزارەتى پەروەردە و یەكێتى مامۆستایان بزانن ئەوە ڕۆژى جیهانى مامۆستایانە؟ گومانم لەوەدانیە كەنازانن ئەگەریش بزانن كەواتە كەمتەرخەمن و بەكارێك هەڵنەساون كەشایستەى ئەو ڕۆژەبێت بۆیە دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت ، مامۆستایان رۆژ بەرۆژ زیاتر روبەروى توندوتیژى دەبنەوە و لێرە بەچەقۆ و لەوێ بەكلاشینكۆف و لەشوێنێكیتر بەبۆكس هێرشیان دەكرێتە سەر و پەرلەمان و حكومەتیش لەسەرووى هەمووانەوە بێدەنگن ، ئەى بابێینە سەر حكومەتى هەرێم و بزانین جەنابیان وەكو خاوەن لەمڕۆژەدا كام بەیاننامەى دەركردوو و جۆڕكى كامە دێوەرەى پڕكرد لەدیارى و بۆمامۆستایانى نارد؟ دەبوو لەمڕۆژەدا دەیان موفاجەئە لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بۆ مامۆستایانى ئازیز ڕابگەیەنرابایە كە خۆشیان چاوەڕێیان نەكردایە ، دەبوو یەكێتى مامۆستایان لەمڕۆژەدا دەیان فیستیڤاڵى ڕێزلێنانى سازكردایە و سەدان و هەزاران مامۆستاى خەڵاتكردبایە و وەزارەتى پەروەردەش هەر بەمجۆرە و حكومەتى هەرێمیش سەدان و هەزاران پارچە زەوى بۆ مامۆستایان بەوبۆنەیەوە تەرخانكردبایە و ڕایگەیاندبایە كە سەدان مامۆستا بۆ بەرزركردنەوەى ئاستى زانستى و بینینى قوتابخانەكانى جیهان ڕەوانەى وڵاتە پێشكەوتوەكان دەكرێن ، بەڵام بەداخەوە هیچ یەك لەمانەمان نەدیت و دڵنیاشم نایانبینین ، بۆیە دەڵێم مامۆستایانى دڵسۆز هەر خۆتان و مەچەكتان خەمى خۆتان بخۆن چونكە لەم هەرێمەى ئێمەدا كەسێك نیە خەمتان لێبخوات و ئەم رۆژەتان پیرۆزبێت و هەموو رۆژێكتان هەر خۆشى و شادى بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە