سەرۆكێك لە ناوەوە و دەرەوەى بازنە

Monday, 10/08/2009, 12:00

1539 بینراوە


پیاوێكى گرگن , سەر سور, هەمیشە نەگۆڕە و ئەو سروشتەى لە سروشتى كڵاش ئەچێت بەڵام بەقەد كڵاش ڕەسەن نییە , بەبێ دەنگى كەمێك معقولترە و كاتێ دەم ئەكاتەوە لە قۆشمەچیەك زیاتر نییە , زۆر خۆسەپێن و دەست ڕۆیشتووە هەر چەندە لە چوار پەلى كورت زیاترى نییە , شانازى بە ئەسپەوە دەكات و ئاگاى لە حاڵى هەرێمى تەویلەش نییە , سەدان دەروێشى كەرى هەیە و شێخى تەریقەتیش نییە , بەخۆشى یان بە ناخۆشى ئەیەوێت هەر سەرۆك بێت و هیچ شارەزایەكیشى لە ئەتەكێتى سەرۆكایەتیدا نییە , بەڵام ئەو چۆن سەرۆكێكە ؟!
ئەو سەرۆكێكە كاتێك :
- هاوڵاتیان داواى ماف و ئازاداى خۆیان ئەكەن و ڕەخنە لە سەرۆكایەتیەكەى ئەگرن , لە نەرمترین هەڵوێستیدا تەنها چەند كەسێك بێسەر و شوێن ئەكات و سەگەكانى پاراستن ئەخاتە ڕاو و لە ناوەوەى بازنەیە , بەڵام كاتێك مەترسى وڵاتانى دەرو دراوسێ بەرۆكى ئەم هەرێمە داماوە ئەگرێت ئەوە قوربان ئەو كەڵەگایە لە كون فەیەكونێكدا ئەبێتە كەروێشكێكى تۆقیو و سەگ و تانجیەكانى خۆشى پێى نازانن و لە دەرەوەى بازنەیە .
- ئەو كاتێك بەغدا هەڕەشەى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستە نەوتیەكانى هەرێم دەكات و دەیانەوێت پێداچوونەوەیەك بە یاساى نەوت و غازى هەرێمدا بكەن كە ئەمە دەبێتە هۆى بڕینى قوتى بە لێشاوى بنەماڵەكان ئەوا هەڕەشەى دنیا دەكات و بەگژ دار و بەردا ئەچێت و لە ناوەوەى بازنەیە , بەڵام كاتێك كەركوكى دڵى كوردستان (یادى بەخێر) ڕۆژ بە ڕۆژ گێڕانەوەى بۆ سەر هەرێمى كوردستان دوا دەخرێت و مادە بە مادە ئاڵوگۆڕى پێئەكرێت و ژمارەكانى خانەكانى یەكان و دەیان و بگرە سەدانیشى پێ ناو ئەنرێت و كوردە داماوەكەى كەركوك بە تیرۆر و تەقینەوە تەسفیە ئەكرێت , وجودى نییە و لە دەرەوەى بازنەیە .
بە كورتى ئەو سەرۆكێكە بۆ هەرچییەك لەم وڵاتەدا بە بەرژەوەندى خۆى و بنەماڵەكەیەوە ببەسترێتەوە ئەوا سەر شێتانە داكۆكى لێ ئەكات و ئامادەیى هەیە و لە ناوەوەى بازنەیە ما باقى تر وڵات و نەتەوە و میللەت با ڕەشەبا بیبات , گورگ بیخوات چش ئەوە خەمى ئەو نییە و لە دەرەوەى بازنەیە ,بەڵام بابزانین دواى ئاشكرا بوونى دار و دەستە سواڵكەرەكەى لە ئەوروپا و ناشیریرن كردنى ناوبانگى كورد لە دەرەوە چ كاردانەوەیەكى لە سەر سەرۆكى بە ساختە دەرچوى هەرێم دەبێت ؟ ئایا سواڵكەرە تێرنەخۆرەكانى محاسبە دەكات و دێتە ناو بازنەوە یان لە دەرەوەى بازنە دەبێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە