بەڵێ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد بار گرانییە؟!

Thursday, 25/02/2010, 12:00

1145 بینراوە



رۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارە 1165 ی دا وتارێكی لە ژێر مانشێتی پۆستی سەرۆك كۆمار بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، بڵاو كردۆتەوە، كە نووسەری ئەو وتارە رەخنە ئاراستەی ئەو وتەیەی بەڕێز جەوهەر نامیق سالم دەكات و دەیەوێت لە نێو وتارەكەیدا ئاماژە بە بەتوانایی و لێهاتویی سكرتێری حزبەكەی بكات، لە كاتێكدا ئەو نووسەرە بەڕێزەو بەر پرسی ئەو لاپەڕەیە دەبوایە بەر لەوەی نووسینی لەو شێوەیە بڵاو بكەنەوە تۆزێك بە خۆیاندا بچوونایەتەوە و بۆ ئەوەی بە باشی لە مەبەستی ئەو وتەیەی بەڕێز جەوهەر نامیق بگەیشتنایە، چونكە بەڕێز سەرۆكی یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان، لەو رستەیەدا باس لە بێ توانایی یان نا شارەزایی خودا نەخواستە سەرۆك كۆماری عێراق ناكات، بەڵكو باس لە ماهییەتی ئەو پۆستە دەكات و بە بار گرانی بۆ سەر شانی كورد وەسفی دەكات، چونكە بە حەقیقەت جگە لە بار گرانی تا ئێستا چیمان لێی گردۆتەوە، یان لە داهاتوودا دەتوانین چی لێ بگرینەوە؟ خۆ رەنگە نووسەرەكەش درك بەوە بكات كە سەرۆك كۆمار شتێكی تەشریفاتییە؟ ئیتر ئەو بە بەرهەمی خوێنی شەهیدان وەسفی دەكات، یان بە شتێكی دیكە، گرنگ ئەوەیە ئەوان براكانمان لە ناوەند چی ناوێكی لێدەنێن؟
پاشان دەیتوانی بەر لەوەی ئەو رەخنەیە ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی پێشووی كوردستان بكات، ئەو رەخنەیەی ئاراستەی بەرپرسی یەكێك لە دەزگای راگەیاندنی حزبەكەی خۆی بكردایە، چونكە ئەویش بە بارگرانی بۆ سەر شانی كورد وەسفی ئەو پۆستەی كردووەو دەیكات؟ دونیایەكی غەریبە،، یەكێك دێت باس لەو بار گرانیە دەكات كە سكرتێری حزبەكەیان وەكو ئەركێكی نیشتیمانی ئومەی عەرەبی لە ئەستۆی خۆی ناوە، یەكێكی تریش دێت لە پێناو ئەوەی سەری لاپەڕەیەكی سپی لە قوڕ بنێت، نووسینێك دەنووسێت، دەیەوێت لە رێگایەوە بە دەوروبەری بڵێت، ئەو پۆستە لە بەردەم سكرتێری حزبەكەیدا وەكو ئاو خواردن وایە، هەر چەندە ئەو جۆرە نووسینانە پێویست بە وەڵام داننەوە ناكات، بەڵام بەڵكو لە رێی ئەم وەڵامەوە ئەگەر بەخت یاوەری بێت، تیكەی ئەویش لە سەروەختی ئەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا لە رۆن بگلێ و بە پلەی وەزیر یان جێگری وەزیر خانە نشین بكرێت...ئامین؟!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە