پێشبڕکێی گەلان بۆ ئازادی

Monday, 04/04/2011, 12:00

1485 بینراوە


ئەوەی ئەمڕۆ لە باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت لە پاڵەوانیەتێک دەچێت کە گەلانی ناوچەکە بەشداریان تێدا کردووە، هەریەکە لەو گەلانەش پێشبڕکێ دەکات بۆ بردنەوەی خێراتری نازناوەکە، کە ئەویش ئازادیە.
*هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارێک له‌ هه‌ر شوێنێک و لەهەر سەردەمێکدا بێت ئاره‌زووی پیادە کردنی زۆرترین ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کات، ئه‌گه‌ر به‌ یاسایه‌ک سنور بۆ ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دا‌نه‌نرێت، بێگومان ئەم یاسایەش پێویستە شەرعیەت لە گەلەوە وەربگرێت.
* له‌ هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌م دونیایەدا‌ که‌ تاکی هۆشیار نه‌بێت له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌داوهه‌وڵ نه‌دات بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی، ئه‌وا کۆمه‌ڵگا خاوه‌نی هیچ رۆشنبیریێکی سیاسی و ئابوری...تاد، نابێت و ئه‌وکاته‌ش سه‌رکرده‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ده‌بێت بە دیکتاتۆر.
ئەگەر سەرپێی چاوێک بە مێژووی ئەو وڵاتانەی باکوری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بخشێنین، کە ئەمڕۆ گەلاکانیان پێشبڕکێی یەکتری دەکەن بۆ خێراتر گەیشتن بە ئازادی، ئەوا دەبینین کە ئەم گەلانە ساڵانێکی زۆر دوورو درێژە لەژێر دەستی ڕژێمە تۆتالیتاریەکانیاندا دەچەوسێنەوە و خۆیان بینەری مەرگی خۆیانن لەسەردەست دەسەڵاتێکی خۆماڵی، بەڵێ دەبینین کە ساڵەهایە ئەم گەلانە چەوساوەی دەسەڵاتێکی بێگانە نین، بەڵکو چەوساوەی دەسەڵاتێکی خۆماڵین، دەسەڵاتێک کە هەروەکو دوژمن هەڵسوکەوت لەگەڵ گەلەکانیاندا دەکەن وماوەی چەندین ساڵە گەلەکانیان بێبەش کردوە لە گرنگترین مافی مرۆڤ کە ئەویش (ئازادی)یە، با بزانین ئەوەی کە زیاتری ئەم جۆرە دەسەڵاتانەی لەسەر پێ ڕاگیر کرد بوو بۆ ئەم ماوە درێژە چی بووە؟ لێرەدا زۆر بە کورتی و بە پوختی دەتوانین ئاماژە بکەین بۆ دوو هۆکاری سەرەکی کە ئەوانیش بریتین لە:
١_ئەوەی کە بە پلەی یەکەم هۆکار بوو بۆ بەردەوام بوونی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە دواکەوتووی تاکی کۆمەڵگاکانیان بوو، نەک زیرەکی و لێهاتووی سەرکردەکانیان، بێ ئاگای گەلەکانیان بوو لەوەی چی لە وڵاتەکانیاندا دەگوزەرێت و چی لە جیهانی دەرەوەی خۆیاندا دەگوزەرێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی یان کەم بوونی تاکی هۆشیار، هەروەکو لە سەرەتاشدا ووتم کە تاکی هۆشیار نەبوو لە ناو کۆمەڵگەدا، کەواتا کەسێك نییە کۆمەڵگا هۆشیار بکاتەوە و کەلێن و کەم و کوڕیەکانی دەسەڵات بۆ خەڵک بخاتە ڕوو، ئەوکاتەش کۆمەڵگا خاوەنی هیچ ڕۆشنبیرێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی...تاد نابێت و لە بۆشای نەبوونی ئەم هۆشیاریانەشدا سەرکردە بە شێوەێکی ئۆتۆماتیکی دەبێت بە دیکتاتۆر و بە بەردەوام ئەویش لە پێناو مانەوەی خۆیدا هەوڵی بە مێگەل کردنی کۆمەڵگا دەدات بە هەموو ڕێگە جیاوازەکانی وەکو پارە و ترس و تۆقاندن و دروستکردنی دوژمنی وەهمی و دامەزراندنی دەزگای ڕاگەیاندنی چەواشکاری بۆ پێشاندانی سەرکردە وەکو خودا و، شاردنەوەی ڕاستیەکان لە ڕای گشتی.
٢_ پاڵپشتی دەوڵەتانی سەردەست لەو جۆرە ڕژێمانە لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانیان لە ناوچەکەدا، یەکێکی تر بوو لە هۆکارە گرنگەکانی ڕاگیر بوونی پایەی ئەم جۆرە دەسەڵاتە چەوسێنەرانە لە ناوچەکەداو سەرکردەکانیش بە ئومێدی پاڵپشتی دەوڵەتانی سەرمایەدار ئەسپی خۆیان تاو دەدا بۆ سەرکوتکردنی گەلەکانیان وبە بەرچاوی ڕای گشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جۆرەها پێشێلکاریان دژی بە مافەکانی هاوڵاتیانی خۆیان ئەنجام دەدا.
بەڵێ خوێنەری ئەزیز:
هەرێکێک لەم وڵاتانەی کە ئەمڕۆ گەلەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام و هاوار دەکەن بۆ ئازادی، لەماوەی ڕابردوودا بە هۆی نەبوونی تاکی هۆشیار و نەبوونی ڕۆشنبیری بوێر و ڕاستگۆ بۆ هۆشیار کردنەوەی گەل، ئەم کۆمەڵگایانە خاڵی بوون لە هۆشیاری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵاتی و...تاد، هەر ئەمەش وایکرد بوو کە سەرکردەکانیان ببن بە دیکتاتۆر و بۆ ماوەێكی زۆر درێژە بدەن بە دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکانیان و کۆمەڵگاکانیشیان کردبوو بە مێگەل و چۆنیان ئارەزوو دەکرد ئاوا بە لاڕێدا دەیان بردن و خۆشیان خەریکی زیاتر قایم کردنی پێگە و پلەو پایەکانیان بوون بۆ خۆیان و کەسە نزیکەکانیان، لەو لاشەوە خەریکی کۆکردنەوەی سامان بوون لەر سەر حیسابی گەلەکانیان و لەجیاتی سەرکردەی خەمخۆری گەل و وڵات بن، بوون بە بازرگان و سامانی گەل و وڵاتیان دەدۆشی و لە ڕیگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندینیشەوە بە بەردەوام خۆیان وەکو پاڵەوانی گەل و وڵات پیشان دەدا و یارییان بە هەستی گەلەکانیان دەکرد و گەلەکانیشیان بە هۆی نەبوونی هۆشیاری سیاسی ئەوانیان وەکو پاڵەوان سەیر دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و هەوڵی بەردەوامی ڕۆشنبیران بۆ بە ئاگا هێنانەوەی گەلەکانیان و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری تاک، دەبینین ئەو گەلانەی تا دوێنی لەلایەن سەرکردەکانیان بە مێگەل کرابوون، ئەمڕۆ ئەو گەلانە پێشبڕکێی یەکتری دەکەن لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیان دژی دەسەڵات و سیستەمی تۆتالیتاری و بە دەستهێنانی ئازادی.
بەڵێ کاتێ یەکەم پڕشنگی ڕاپەڕینی گەلی تونس لەدوای خۆسوتاندنی (محمد بو عزیز)ی دەرچووی زانکۆی سەوزە فرۆش لەسایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی کەمتر لە مانگێک توانیان ئەو دەسەڵاتە بڕوخێنن کە ماوەی ٢٣ ساڵ بوو کۆمەڵگەی تونسی بە مێگەل کردبوو و هەموو ئازادیەکانی گەلی دەست بەسەردا گرتبوو و خۆی وکەسە نزیکەکانیشی خەریکی بازرگانی کردن بوون بە سامانی وڵات و تاکی تونسیش دوای تەواو کردنی زانکۆش سەوزە فرۆشتنی لەسەر (عارەبانەێک) پێ ڕەوا نەدەبینرا، ئەمە ڕەوشتی دیکاتۆرەکانە کە ئاگایان لە کۆمەڵگاکەیان نییە ولە کۆشکە هەڵچنراوەکانیان بە خوێن و کەلەی سەری تاکی وڵاتەکانیانەوە قاقای پێکەنینیان دێت و وا دەزانن هەموو گەل لە سایەیاندا بەختیارە و وەکو ئەوان لە کەیف و سەفادان، ئەمە ڕەوشتی دیکتاتۆرە کە وا ئەزانێت بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و بیر لە هێزی لەبن نەهاتوو گەل ناکاتەوەو، بەڵێ ئەمە ڕەوشتی دیکتاتۆرە کە تەنانەت مێژووش ناخوێنەوە و نازانن کە ڕەوڕەوەی مێژوو ناگۆڕیت و مێژوو هەزارانی وەکو ئەوانی کردوە بە پەندی زەمانە، ئاخر ئیمپراتۆرەکانی ڕۆم نەک خۆیان بە سەرکردە دەزانی بەڵکو ئەوان خۆیان بە خودا دەزانی و دەبوایە مرۆڤەکان کڕنووشیان بۆ ببەن، بەڵام سەرنجەم ئەوانیش بەر شەقی زەمانە کەوتن، ئاخر (بن علی) نەیدەزانی لە مێژوودا چی ڕوویداوە ئەگەرنا ئەمڕۆ جێگەی ئەو جێگایە نەدەبوو، نەدەبوو بە هاوڕێی ئیمپڕاتۆرەکانی ڕۆم، ئاخر موبارەک مێژووی نەخوێندبۆوە ئەگەرنا ئێستا دەست بەسەر نەدەبوو و چاوەروانی مەرگی خۆی نەدەکر لەسەر دەستی گەلەکەی، ئەی ێدام وەکو ئەوان نەبوو کەچی بەدەستی گەلەکەی لە سێدارە درا ، ئێوە کە مێژووی کۆنیشتان نەخوێندۆتەوە دەبوایە ڕووداوەکانی چەند ساڵێکی کەمی پێش ئێستاتان بکردایە پەند بۆ خۆتان و وانەتان لێ وەر بگرتایە، تاکو ڕۆژگارتان بەم جۆرە نەبوایە، یان سەرکردەکانی تری وڵاتانی هاوشیوەی تونس ومیسر، ئەوانەی ئەمڕۆ کە بەچاوی خۆیان مەرگی هاوڕێکانیان دەبینن و تێناگەن لەوەی کە ئەوانیش هەمان چارەنوسیان هەیە ئەگەر بێت و فریای خۆیان نەکەون، کەچی وا ئەزانن بە زەبری هێز ئەتوانن گەل کۆنڕۆڵ بکەن و بێ ئاگان لەوەی زەمەنیان بەسەر چووەو مەرگیان نزیکە، هاوشێوەی هەموو ئەمانەش لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتداران خەریکی بەکارهێنانی هێزن دژی جەماوەری خۆپیشاندەر و خەیاڵی ئەوە دەکەن بەهۆی هێزەوە بەردەوامی بە دەسەڵاتی چەندین ساڵەی تۆتالیتاری خۆیان بدن و ێدامیان بیر چۆتەوە .
بەڵێ ئەزیزانم :
کە دەڵێم ئەمە لە پەڵەوانیەتێکی دەچێت لە خۆڕای نییە بەڵکو خوێندنەوەێکی ڕاستگۆیانە بۆ قۆناغەکە بفەرموون ببینن، دوای پڕشنگی شۆڕشی سەرکەوتووی لاوانی تونس زۆربەی چاودێران بڕوایان وابوو کە جەزائیر وڵاتی دووەمە بۆ ڕاپەڕین لە دژی سیستەمی وڵات، بەڵام بینیمان کە گەلی میسر دەست پێشخەریان کردوو ویستان لەو پێشبڕکێیەدا پێش وڵاتانی تر بکەون، ئەوەبوو هەر وەکو چۆن ویستیان ئاوا هاتە دی و توانیان تەنها بە ماوەی ١٧ ڕۆژ سیستەمی و دەسەڵاتی ٣٠ساڵەی (حوسنی موبارەک) لە گۆڕ بنێن ولە ناو وڵاتدا دەست بەسەری بکەن و ئەمڕۆش داوای دادگای کردنی دەکەن، ئەگەرچی موبارەک هەوڵی زۆریشیدا بۆ مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات وچەندین سیناری بەکارهێنا و چەندەها خەڵکی بێ تاوانی کردە قوربانی خواستە نەگریسەکانی خۆی، سەرئەنجام دوای ئەوەی موبارەک توانی ماوەی ٣٠ ساڵ گەلی میسر بە مێگەل بکات، بەڵام لە دواجاردا خواست و ئیرادەی گەل سەرکەوتوو لە پێشبڕکیی گەلانی ناوچەکەش بۆ گەیشتن بە ئازای توانیان پلەی دووەم بە دەست بهێنن.
ئەوەی ئەمڕۆش کە دەیبینین ئەوەیە کە لە هەریەکە لە وڵاتانی لیبیا و یەمەن خۆپیشاندانەکان لە ئاستی بەرزدان و دەسەڵاتەکانیشیان لە ئاستی لە دوادواکانی تەمەنیاندان و جیهانیش چاوەڕوانی ئەوە دەکات و دەیانەوێت بزانن سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی لیبیا یان یەمەن کامیان دەتوانێت پلەی سێهەمی ئەم پاڵەوانیەتیە بەدەست بهێنێت، ئاخر خوێنەری ئەزیزم ئەمە وەکو پاڵەوانێتی لێهاتووە و گەلانی ناوچە بەشداری تێدا دەکەن و دەیانەوێت هەموو تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی پلەکانی پێشەوە زووتر بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، ئەمڕۆش لە قۆناغەکانی کۆتای ئەو پاڵەونییەتیە نزیک دەکەوینەوە و هەموومان دەمانەوێت بزانین کێ پلەی سێهەم بە دەست دەهێنێت، بەڵام ئەوەی وایکردووە کە هیچمان نەزانین کام گەل پلەکانی سێهەم و چوارەم و ...تاد بە دەست دەهێنن، ئەوەیە کە ئەم پاڵەوانیەتیە بەپێێ تیر و پشک و خشتەێکی دیاری کراو بەڕیوە ناچێت، بەڵکو بە دەست هێنانی هەر پلەێک دەکەوێتە سەر توانای گەلەکانیان بۆ هەرچی زووتر لە گۆڕنانی سیستەمی وڵاتەکانیان، بفەرموون ئەمڕۆ لە هەرێکێک لە یەمەن و لیبیا دەسەڵات لە لێواری مەرگ دایە و هەموومان چاوەڕوانی چرکەی کۆتاین و چاوەڕوانین و دەمانەوێت بزانین کام گەل دەتوانێت خێراتر دەسەڵات لە گۆڕ بنێت و شەرەفی پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموومان چاوەڕوانی کات بین وهەر کاتیش دەتوانێت پیمان بڵێت کامیان زووتر دەتوانن ئازادی بە دەست بهێنن.
ئەمە دەربارەی هەریەکە لە تونس ومیسرویەمەن ولیبیا، کە هاوکات لەگەل ئەمانەشدا لە چەندین وڵاتی تری ناوچەکەدا گەلەکانیان دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و پەلەی ئەوەیانە لەو پێشبڕکێیەدا پلەکانی پێشەوە بەدەست بهێنن و شەرەفی مێژووێکی گەش بۆ خۆیان بنەخشینن هاوشێوەی تونس و میسر.
بەڵێ ئەمڕۆ هەریەکە لە گەلانی بەحرێن وئوردن و عێراق و لە ناویشدا هەرێمی کوردستان و لە دواهەمینیشیاندا گەلی سوریا، لەو پێشبڕكیەی بە دەستهێنانی ئازادیدا بەشدارن و هەوڵ دەدەن پلەکانی پێشەوەدا دەستەبەر بکەن و دەسەڵاتدارەکانیشیان هەموو هەوڵێک دەدەن و جۆرەها سیناریۆ بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت کەمێک ماوەی دەسەڵاتیان درێژ بکەنەوە، وەکو علی عبداڵڵە ساڵح لە یەمەن کە هەر ڕۆژەو بەجۆرێک باس لە دەست هەڵگرتنی خۆی دەکات لە دەسەڵات و هەرجارەی باس لە سیناریۆێک دەکات، یان قەزافی هەر ڕۆژەو بە جۆرێک لێدوان دەدات و جاڕیک دەڵێت دەبێت لە سەرخاکی لیبیا بمرم ،جاریکی تر دەڵێت ئامادەم بڕۆم کە سەلامەتی خۆم وخێزانم پارێزراو بێت!، یان لە هەرێمی کوردستان دەبینین هەر ڕۆژەو دەسەڵاتداران سیناریۆک دەهێنێتە پێشەوە بۆ مانەوەی زیاتریان لە دەسەڵات و بەم کارەشیان زیاتر تەمەنی خۆیان کورت تر دەکەنەوە نەک درێژ کردنەوە، یان ئوردون و بەحرێن و تەنانەت مالیکیش لە عێڕاق ماوەێکە خەریکی جۆرەها سیناریۆن بۆ مانەوەی زیاتری لە دەسەڵات وئەوە لە دوادواکانیشدا سوریا و ڕژێمەکەشی هەوڵی سیناریۆ دەدات بۆ دامرکاندنەوەی ڕقی جەماوەر ، لە هەمووشیان سەیر و سەمەرە تر دەوڵەتی تورکیایە کە خۆی وا نیشان دەدات خۆی هیچ کێشەێکی لەو جۆرەی نییەو خەریکی ئامۆژگاری کردنی وڵاتانی ترە، ئاخر دەسەڵاتدارانی تورک پێویستە ئێوە لە هەموو کەس زیاتر ئاگاداری خۆتان بن کە ئێوەش لە نۆرەی شۆڕشیکی جەماوەریدان و تەمەنی سیستەمە ڕەگەزپەرستەکەی (ئەتاتورک)تان لە کۆتایەکانی نزیک دەبێتەوە و بەرەو زبڵدانی مێژوو ڕاپێچ دەکرێت.
ئەزیزانم:
هەروەکو ئاماژەم پێدا، ئەم وڵاتانە سەرەتان بەڵام هێشتاش کۆتای ئەم پێشبڕێیە نەهاتووە هێشتاش وڵاتانی تری ناوچەکە لە ڕیزدان بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلەکانیان و چاوەڕوانین بزانین کامیان پلەکانی سێهەم وچوارەم و...تا د بە دەست دەهێنن.
کات ووڵامی هەموومان دەداتەوە.
ئەوەی کە تایبەتیشە بە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی گەلانی تری ناوچەکە بەشداریان کردووە لەو پاڵەوانییەتیە و هەوڵ دەدەن لەو پێشبڕکێیەدا پلەکانی پێشەوە بەدەست بهێنن و تینوێتی ماندوو بونیان بە ووشەی ئازادی بشکێنن و شەرەفی پلەی سێهەمی ئەم پاڵەوانیەتیە بە دەست بهێنن، کە ئەمە هیوای هەموو تاکێکی ئازادیخوازی کوردە، بەڵێ گەلی کورد لە باشوری کوردستان کە ٢٠ ساڵە لەژێر دەسەڵاتی کوردیدا دەچەوسێتەوە و ڕۆڵەکانی گەل ساڵانێکە بە فیشەکی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەرەو مەرگ ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام ئەمڕۆ هەڵساونەتە سەر پێ و بە هۆشیارێکی زۆر بەرزەوە هاتوونەتە مەیدانەکان و هاوار دەکەن بۆ ئازادی، کەچی لەبەرامبەر ئەمەدا دەسەڵاتدارانی کوردستان زیندانەکانی حیزب پڕ دەکەن لە مامۆستایانی ئایینی و ڕۆشنبیری ڕاستگۆ و خۆپیشاندەرانی تینوی ئازادی و هەموو ئەو کەسانەی کە بە ئاوازی ئەوان سەما ناکەن، یان لێدان و ڕاوە دوونانی خۆپێشاندەران و داخستنی زانکۆکان و چەقۆ وەشاندن لە ئەندام پەرلەمان، ئەمانەو چەندین کاری قێزەونی تر, کاری ئەم دەسەلاتە بە ناو خۆماڵیەی کوردە ، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایە ئەمانە دەتوانن تا سەر دەسەڵاتدار بن بەم جۆرەی ئێستایان ؟ تۆ بڵێیت ئەمانە بتوانن ئەم هەموو دەنگە ئازایانە بخنکێنن ؟ تۆ بڵێی بتوانن حکومەت بەم جۆرەی ئێستا بەڕیوە ببەن و شارەکان بۆ هەمیشە بکەن بە کامپی سەربازی ؟ تۆ بڵێیت بارزانی و تاڵەبانی بتوانن ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕن ؟ تۆ بڵێت بارزانی تاڵەبانی بەهێزتر بن لە چاوسیسکۆ وێدام وبن علی و موبارەک و قەزافی و ساڵح و ئەسەد...؟
خوێندنەوەی مێژوو باشترین وڵامە بۆ ئێمەوئەوانیش ئەگەر هەر بڕواشیان نەکرد بە مێژوو ئەوا پێیان دەڵێین داهاتوو وڵامی هەموو لاێکمان دەداتەوە .
[email protected]
بەریتانیا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە