ئەو ڕۆژەی کە بە ئومێدێکی گەورەوە لێمان دەڕوانی بەڵام...!

Sunday, 22/05/2011, 12:00

1842 بینراوە





بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩/٥/١٩٩٢ ئەو ساتە مێژوویە بوو کە گەلی کورد لە باشوری کوردستان و تەنانەت لە سەرانسەری جیهانیش بە ئومێدێکی گەورە و کۆمەڵێک خۆزگە و خەونەوە لێیان دەڕوانی و چاوەڕوانی ئەوەبوون کە تیشکی خۆری ئەو ڕۆژە بۆ هەمیشە لە ئاسۆی گەلی کوردا بە پڕشنگداری بمێنێتەوە وببێتە هەوێنی دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و لە گۆڕنانی هەموو ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان هێزو ڕێکخراو کۆمەڵە و پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و تەنانەت ببێتە سەرەتاێکیش بۆ کۆتای هاتنی ناکۆکیە کۆمەڵاتی و تاکە کەسیەکانیش، هەروەها سەرەتاێکیش بێت دروست بوونی حکومەتێکی هەڵچنراو لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و مافەکانی مرۆڤ بەپێێ پێوەرە جیهانیەکان و لە سایەی ئەم حکومەتە کوردیەدا گەلی کورد لە باشوری کوردستان دوای ساڵانێکی زۆری گرتن و ئەشکەنجە و ئازارو کوشتن و ڕاگواستن و ئەنفال و کیماباران و کۆڕەو... تاد، هەناسەێکی ئارام هەڵبکێشێن.
بەڵێ هەمووی یەکێک لە ئێمە کۆمەڵێک خەونی گەورەمان لەسەر ئەو ڕۆژە هەڵچینی بوو ، خەونی هەنگاو نان بەرەو سەربەخۆی و یەکگرتنەوەی هەرچوارپارچەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، هەموومان ئارەزومان دەکرد کە چیترپێویستیمان بە سەرکردەی پیرۆزنەبێت کە لەگەڵ ناوهێنانیدا بڵێین(خودا بیپارێزێت)، خەونمان ئەوەبوو کە چیتر تانک و زرێپۆشەکان نەبینین لەناو شارەکاندا بۆ سەرکوت کردنی خەڵکی ئاسایی، چیتر فڕۆکە و هەلیکۆپتەر نەبینین بۆ بۆردومان کردنی هاوڵاتی بێ تاوان، چیتر منداڵە ساواکانمان بەهۆی دەنگی تۆپ و هەوان زیڕە نەکەن، چیتر شەوانە لە دەنگی جاش و هێزەکانی ئەمن و موخابارات خەبەرمان نەبێتەوەو کەسە ئازیزەکانمان بەبێ فرمانی دادگا بەرەو زیندان ڕاپێچ نەکەن، چیتر بەبێ ساغ بوونەوەی تاوان مرۆڤ لە زیندانی گیرنەکرێت و ئەشکەنجە نەدرێت، چیتر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان بەدەستی هێزەکانی ئەمن نەدرێنە بەر شەق و زلە، چیتر هێزەکانی ئەمن نەچنە ناو شوێنە ئایینیەکان وخوێندنگاو نەخۆشخانە زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندکاران دەستگیر نەکەن و سوکایەتیان پێ نەکەن، چیتر وێنەی سەرۆک لە ماڵ و شوێنە گشتیەکاندا هەڵنەواسرێن، چێتر پێویستیمان بە ئیمزا و پشتگیری حیزب نەبێت بۆ دڕیژەدان بە خوێندن و یان دامەزراندن، چیترلە بازگەکاندا سەربازەکان سوکایەتیمان پێ نەکەن و بەر شەق و زلەو گولەمان نەدەن، چیتر پێویستیمان بەوە نەبێت لە ڕووپەڕی یەکەمی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا وێنەی سەرۆک و کوڕەکانیان ببینین، چیتر پێویستیمان بەوە نەبێت شەوانە لە جیاتی سەیر کردنی فلمێک یان بەرنامەێکی بەسود و دڵخۆشکەر سەیری هەواڵی بەرەکانی جەنگ بکەین یان ووتار و پێشوازیەکانی سەرۆک ، چیتر پێویستیمان بەوە نەبێت لە جیاتی کارەبا فانۆس بەکاربهێنین، چیتر گوندە جوانەکانمان چۆڵ نەکرێن، چیتر مزگەوتەکانمان قورئانی تیادا نەسوتێنرێت و بەرماڵەکانیان نەکەونە ژێر پێی هێزە چەکدارەکان، چیتر زیندانەکان نەبنە شوێنی ئازاردانی جەستەی و دەروونی ڕۆڵەکانمان و داخ کردنیان بە ئوتوو، چیتر ڕۆڵەکانی گەل لەدەستی ئازار و ئەشکەنجەو نەبوونی ئازادی بەرەو تاراوگە ڕانەکەن، چیتر گەنجانی کورد بۆ دابین کردنی بژوێی ژیانیان قورسترین کاری وەکو کرێ کۆڵی وقاچاخ لە نێوان سنوورەکاندا نەکەن، چیتر منداڵەکانمان لەسەر شەقامەکان کارنەکەن، چیتردایکانمان کۆست کەوتوو نەبن، چیتر دراوسێکان و هاوڕیکان بەسەر یەکتریەوە نەکرێن بە سیخور، چیتر گەنجی کورد لەناو یاریگای خۆڵدا یاری نەکات، چیتر کچانمان لەسەر بابەتی شەرەف نەکوژرێن، چیتر ڕیگاکان لەکاتی هاتنی سەرۆک و بەرپرسەکاندا داناخرێن، چیتر ڕۆشنبیران وڵات لە سەر نوسین یان ڕای جیاواز دارکاری یان ئەشکەنجە نەدرێن ونەفی نەکرێن، ئەمانە و سەدان خەون و خۆزگەی گەلی کورد لە و ڕۆژە چاوەڕوان دەکرا.
بـــــــــــــــــەڵام زۆر بەداخەوە
ئەمانە نەک نەهاتنە دی بـــــەڵــــــکـــــو تەنها دوای ماوەێکی زۆر کورت هەموو ئەم خەون ئارەزوانەی گەل لەو ساتەدا لە گۆڕ نرا کە ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکە ڕاگەیانرا و تیایدا زۆر بە ڕوون دەرکەوت کە بە ناوسەرکردەکانی کورد و پارتە سیاسیەکان لەسەرووی هەموووشیانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیان پیشانی خەڵکی کوردستاندا کە نەک هەر ناتوانن ناکوکیە سیاسی و کەسیە کۆنەکانیان وەلا بنێنن بەڵکو سەلماندیان کە هەرگیزا و هەرگیز گیانی دۆڕانیان لەلا نیە لە پرۆسەێکی دیموکراسیدا و هەرگیز ئامادە نین بەرژەوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان بخەنە سەروی بەرژەوەندیە کەسی وحیزبیەکانیان، ئەویش لەوەدا دەرکەوت کە ئەنجامی هەڵبژاردنیان بە (٥٠ بە ٥٠) ڕاگەیاند !.
مرۆڤ ئەتوانێت بڵێت ئەمە سەیر و سەمەرەترین ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیە لە مێژوی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا و پێویستە ئەمە بچیتە مێژووی سەیرو سەمەرەکانی دونیاوە، ئاخر دەچیتە عەقڵی چ کەسێکەوە لە هەڵبژاردنێکدا دوو کوتلەی پەرلەمانی دەنگەکانیان وەکو یەک بێت؟؟؟.
بەڵێ ئەزیزانم : لە کاتەوە دەرکەوت کە سەرکردەو پارتە سیاسیەکانی باشوری کورد نەک هەر نەیان توانی کە تیشکی خۆری ئەو ڕۆژە بۆ هەمیشە لە ئاسۆی گەلی کوردا بە پڕشنگداری بهێڵنەوە و بیکەن بە هەوێنی دروست بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی و لە گۆڕنانی هەموو ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان هێزو ڕێکخراو کۆمەڵە و پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و سەرەتای کۆتای هاتنی ناکۆکیە کۆمەڵاتی و تاکە کەسیەکان و سەرەتای دروست بوونی حکومەتێکی کوردی هەڵچنراو لەسەر بنەمای دەستور و یاسا و مافەکانی مرۆڤ بەپێێ پێوەرە جیهانیەکان، تاکو لە سایەی ئەم حکومەتە کوردیەدا گەلی کورد لە باشوری کوردستان دوای ساڵانێکی زۆری گرتن و ئەشکەنجە و ئازارو کوشتن و ڕاگواستن و ئەنفال و کیماباران و کۆڕەو... تاد، هەناسەێکی ئارام هەڵبکێشێن، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ و تەنانەت تا ئەم چرکە ساتەش پڕشنگەکانی تیشکی خۆر ئەو ڕۆژە لای گەلی کورد کاڵ دەبێتەوە لە سایەی کارو کردەوەکانی دوو پارتە فرمانڕاوەکەی ئەوساو ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا، ئەوان لە جیاتی ولا نانی ناکۆکیەکان هاتن جارێکی تر ناکۆکیەکانی سەردەمی شاخیان لە ناوشاردا قوڵتر کردەوە، ئەوان لە جیاتی کارکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا، تاکو ئەم چرکە ساتەش نەیانتوانیوە دەستور و یاساێک بۆ وڵات دابڕێژن لەبەر ناکۆکیە سیاسی وحیزبیەکانیان، ئەوان لە جیاتی دابین کردنی هەناسەێکی ئارام بۆ گەلەکەیان هاتن و جارێکی تر دەستیان خستەوە سەر برینە کۆنەکانیان و جارێکی تر دایکانیان جەرگ سوتاو کردەوە.
بەڵی ئەزیزان:
ئەوان تەنها دوای ماوەێکی زۆر کەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیەکەیان لە جیاتی کار بکەن بۆ هاوکاری کردنی برا کوردەکانیان لە پارچەکانی تر، هاتن و خۆیان بوون بە بەکرێگیراوی داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا و بە هاوبەشی هەرێشیان کردە سەر برا کوردەکانی باکورو زیاتر لە ٣هەزار گەریلای پە کە کە یان شەهید کرد ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەساڵی ١٩٩٦دا دەستی هەریەکە لە ئێرانیان گرت بۆ لێدانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن یەکێتی و هێنانەوەی سوپای (بەعس) بۆ سەر شاری هەولێر و بە دیاریکراویش سەر بارەگای پەرلەمانی کوردستان و داگرتنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن سەربازانی ڕژێمی بەعس و جارێکی تر بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق لەسەر بینای پەرلەمانی کوردستان.!.
بەڵێ لە جیاتی کار کردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی کە گوایە خۆیان ساڵانێک بوو لە شاخ بوون و خەباتیان دەکرد لەو پێناوەدا و هەڵگری دروشمی مافی چارەی خۆنوسین بوون بۆ گەلی کورد، کەچی دوای ماوێکی تر و دوای دەست گەیشتنیان بە کورسی دەسەڵات هەر خۆیان و لەسەر زاری خودی سەرکردەکەیانەوە دروست بوونی دەوڵەتی کوردیان بە خەون و خەیاڵی شاعیرانە ناوبرد !.
بەڵێ ئەوانە نەک کاریان نەکرد بۆ ئاشتەوای نیشتیمانی بەڵکو دواتر و ڕێک لە ساڵی ١٩٩٣دا جارێکی تر ڕووی چەکەکانیان کردەوە یەکتری، کاتێک لە نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان دا شەڕی برا کوژی هەڵگیرسا و سەدان ڕۆڵەی ئەم گەلە بوو بە قوربانی مەرامە سیاسیەکانی سەرانی کورد و پەرلەمان و حکومەتیش بێ دەسەڵاترین دامەزراوە بوون لە ئاست ڕووداوەکاندا، هەرچی دەسەڵاتی دادوەریشە ئەوا چ ئەوسا چ تا ئەم چرکە ساتەش یان هەر نییە یانیش کە هەبێت دەستەمۆی دەسەڵاتە.
دوابەدوای ئەمەش زۆری نەخایاند جارێکی تر و ڕێک لە ١ی ئایاری ساڵی ١٩٩٤دا شەڕی ناوەخۆی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرەتا لەسەر چەند ڕیزە دووکانێک لە شارۆچکەی (قەڵادزێ) بەڵام ڕاستر وایە بڵێین لەسەر دابەشکردنی پارەو سامانی خاڵە گومرگییەکان لەسەروی هەمووشیانەوە خاڵی گومرگی (ابراهیم خەلیل) دەستی پێکرد و تاساڵی ١٩٩٨ی خایاند ، لەو ماوەیەشدا جگە لە بە کوشتدانی هەزارانی ڕۆڵەی ئەم گەلە سەروەت و سامانی ئەم خاکەشیان کردە قوربانی بەرژەوەندیە حیزبی بنەماڵە و تاکە کەسیەکانیان.
بەڵام دوای ئەوەی ئاشت بوونەوە لەسەر دەستی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا (ماردلین ئۆڵبرایت) دوای چەندین ساڵ درێژەیاندا بەو سیستە دوو ئیدارەییەی کە لە پەرلەمانی پەنجا بە پەنجا وەسەرچاوەی گرت بوو دواتر شۆڕ بوبۆوە بۆ دامەزراندنی دوو حکومەتی جیاوازی هەولێر و سلێمانی، دوای ئەمەش جارێکی تر و لە قڵبێکی تردا و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق بە ووتەی خۆیان هەوڵیاندا بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، بە ووتەی خۆیان خۆیان ئامادە کردبوو تاوەکو لەبەرامبەر عەرەب و تورکمان یەکگرتوو بن و هەوڵی گەڕاندنەوەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بدەن، بەڵام ئەمە نەک ڕووی نەدا بەڵکو تاکو ئەم چرکە ساتەش نە توانیان بستێکی خاکی کوردستان بگەڕێنەوە سەر هەرێم وسیستەمی دوو ئیدارەیش بە ڕوونی بە زەقی دیارە و باشترین نمونەش ڕووداوەکانی ئەم دوایەی کوردستانن بە تایبەتیش ڕووداوەکانی دوای ١٧ی شوبات.
ئێستا بە سەرنج دان لەم چەند ووشانەی سەرەوە بۆمان دەرکەوێت کە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان نەک نەیان توانی هەنگاو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و یارمەتی دانی پارچەکانی تر و یەکگرتنەوەی، بەڵکو باشووری کوردستانیان جارێکی تر دابەشکرد و ئەوەی کە پێی بڵێیت هەستی نەتەوەیشە لای تاکی کورد کاڵیان کردەوەو سەرەڕای هەموو ئەمانەش بە هەموو جۆرێک دژایەتی خەباتی گەل دەکەن لە پارچەکانی تر نمونەی ئەوەی کە وەزریری دەرەوەی عێراق هۆشیار زێباری (پە کە کە) پە ژاکی بە تیرۆرست ناوبرد لەبەرامبەر دوژمنانی گەلی کورد.!
جیاواز لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەکی، لەناوخۆیشدا سیاسەتی پیرۆزکردنی سەرۆک و هەڵواسینی وێنەکانی هەردوو سەرۆکیان لە هەموو شوێنە گشتی وفەرمیەکاندا سەپاند بەسەر کۆمەڵگەدا، لەمەشدا لاسای ێدامی دیکتاتۆریان کردەوە و ئەو خەونەی گەلیان نەهێنایەدی کە دەیانبینی بەوەی جارێکی تر وێنەکانی سەرۆک پیرۆز نەکرێن و لە شوێنە گشتیەکان هەڵنەواسرێن، بەڵێ لە جیاتی ئەوەی کە خەونی گەل ئەوەبوو چیتر تانک و زرێپۆشەکان نەبینین لەناو شارەکان بۆ سەرکوت کردنی خەڵکی ئاسایی، بەڵام ئێستا دەبینین کە تانک و زرێپۆشی کوردی بۆ سەرکوت کردنی خەڵکی ئاسای لەناو شارو لە قەراغی شاردان! ، خەونی گەل کە ئەوەبو چیتر منداڵە ساواکانمان بەهۆی دەنگی تۆپ و هەوان زیڕە نەکەن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین منداڵەکانمان بە ڕۆژی ڕووناک و بە برچاوی دونیاوە بە فیشەکی دەستی کورد خەڵتانی خوێن دەکرێن.! خەونی گەل کە ئەوەبوو چیتر شەوانە لە دەنگی جاش و هێزەکانی ئەمن و موخابارات خەبەریان نەبێتەوە و کەسە ئازیزەکانیان بەبێ فرمانی دادگا بەرەو زیندان ڕاپێچ نەکرێن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بەبێ بڕیاری دادوەر هێزەکانی بەناو ئاسایش و پێشمەرگە و دژە تیرۆر و زیرەڤانی... تاد لە هەموو کاتێکدا هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان و ڕۆژنامە نووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی.! خەونی گەل کە بریتی بوو لەوەی چیتر بەبێ ساغ بوونەوەی تاوان مرۆڤ لە زیندانی گیرنەکرێت و ئەشکەنجە نەدرێت، بەڵام بینیمان کە لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا چەندین کەس نەک لە زینداندا گیرکراون بێ ساغ بوونەوەی تاوانەکانیان بەڵکو کەس نازانێت ئەرێ ماون یان مردوون هەندێک لەوانە زیاتر لە ١٠ ساڵە گیراون.! خەونی گەل کە بریتی بوو لەوەی چیتر ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان بەدەستی هێزەکانی ئەمن نەدرێنە بەر شەق و زلە، بەڵام بینیمان سەدان کوڕو کچی ئەم وڵاتە بە ڕۆژی ڕووناک درانە بەر شەق و زلەو تەنانەت دەستڕێژی گولەش !. ئاواتی گەل ئەوەبوو چیتر هێزەکانی ئەمن نەچنە ناو خوێندنگاو نەخۆشخانە زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندکاران دەستگیر نەکەن و سوکایەتیان پێ نەکەن، بەڵام بینیمان چۆن هێزەکانی بە ناو ئاسایش چۆن سەروەری زانکۆیان پێشێل کردو لەناو زانکۆدا خوێندکارانیان ئەشکەنجە داو بەوەشەوە نەوەستان بەشێوازی ئەنفالی بەعس بەرەو دەشت و چۆڵەوانیان بردن و لەوێ سوکایەتیان پێکردن.! خەونی گەل بریتی بوو لەوەی کە چیتر پێویستیان بە ئیمزا و پشتگیری حیزب نەبێت بۆ دڕیژەدان بە خوێندن و یان دامەزراندن، بەڵام ئەوە بۆ نزیکەی ٢٠ساڵ دەچێت لەلایەن دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئەم کلتورەی بەعس درێژەی پێ دەدرێت لە کوردستاندا!. خەونی گەل بریتی بوو لەوەی کە چیتر لە بازگەکاندا سەربازەکان سوکایەتیان پێ نەکەن و بەر شەق و زلەو گولەیان نەدەن، بەڵام بینیمان کە دەسەڵاتی کوردی چۆن ڕٶلەکانی خۆی بەر شەق و زلەو فیشەک دەدات!. خەونی گەل ئەوەبوو کە چیتر لە ڕووپەڕی یەکەمی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا وێنەی سەرۆک و کوڕەکانیان نەبینین، بەڵام بینیمان و تا ئێستاش دەبینین کە چۆن ڕووپەری ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بە وێنەی سەرک و کورەکانیان دەنەخشێنرێت!. بەڵێ خەونی منداڵەکانمان بریتی بوو لەوەی کە شەوانە لە تەلەفیزۆنەکانەوە سەیری فلم کارتۆنێکی منداڵەنە و بەرنامەێکی بەسود و دڵخۆشکەر بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ منداڵی کورد شەوانە سەیری هەواڵی کوشتنی خۆی دەکات یان ووتار و پێشوازیەکانی سەرۆک ، ئاواتی گەل ئەوەبوو چیتر پێویستیان بەوە نەبێت لە جیاتی کارەبا فانۆس بەکاربهێنین، بەڵام تاکو ئەمڕۆش هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دەوڵەمەند بە نەوت ئێواران خەمی پڕ نەوت کردنی فانۆسەکانیانە!. ئارەزووی جوتیاری کورد ئەوەبوو کە چیتر گوندە جوانەکانیان چۆڵ نەکرێن، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی هەوڵی حیزب بۆ بە مێگەل کردنی کۆمەڵگا دەبینین کە گوندەکانی کوردستان ڕوو لە چۆڵ بوونە و خەیار و تەماتەی سوریا و ئێرانیش بازاری کوردستانیان گەرم کردووە!. خەونی مەلاکانمان ئەوەبوو کە چیتر مزگەوتەکان قورئانی تیادا نەسوتێنرێت و بەرماڵەکانیان نەکەونە ژێر پێی هێزە چەکدارەکان، بەڵام ئەمڕۆ مەلاکان خۆیان بەرەو زیندان ڕاپێچ دەکرێن و بەرماڵەکانی مزگەوتیش دەکەونە ژێرپۆستاڵەکانی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە!.خەونی هەموو تاکێکی کورد ئەوەبوو کە چیتر زیندانەکان نەبنە شوێنی ئازاردانی جەستەی و دەروونی ڕۆڵەکانی کورد، بەڵام بەداخەوە بینیمان کە چۆن ڕٶڵەکانی کورد لەسایەی دەسەڵاتی کوردیدا بە ئوتوو داخ دەکرێت و بەتانی لەسەر قاچی دەسوتێنرێت!. خەونی گەنچی کورد بریت بوولەوەی چیتر ڕۆڵەکانی گەل لەدەستی ئازار و ئەشکەنجەو نەبوونی ئازادی بەرەو تاراوگە ڕانەکەن، بەڵام مێژووی دوای ڕاپەڕین پیشانیدا کە زۆرترین ڕێژەی کۆچبەرانی کورد لە دوای ساڵی ١٩٩١ وەیە کە لە دەستی نا دادپەروەری و نەبوونی ئازادی و باری قورسی ژیان وڵاتیان بەجێهێشت و بە پەنابەری لە وڵاتانی دونیادا دەژین ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ژمارەێکی زۆریش لە ڕێگای گەیشتن بە هەندەراندا لە چیاکان لە ناو بەفردا ڕەق بوونەقوە و بوون بە خۆراکی ئاژەڵی دڕندە یانیش لە ناو دەریای ئیجەدا خنکان و بوونە خۆراکی ماسیەکان.! خەونی گەنج ئەوەبوو کە چیتر بۆ دابین کردنی بژوێی ژیانیان قورسترین کاری وەکو کرێ کۆڵی وقاچاخ لە نێوان سنوورەکاندا نەکەن، بەڵام تاکوو ئەم چرکە ساتەش دەبینین کە گەنجی کورد لەسەر سنورەکان بە دەستی سەربازانی دوژمن دەکوژرێن!. خەونی دایکانی کورد ئەوبوو کە چیتر جەرگ سوتاو دڵ بریندار و کۆست کەوتوو نەبن، بەڵام زۆر بەداخەوە کە تاکو ئەمڕۆش دڵی دایکانمان خوێنی لێ دەڕوات!. خەونی کۆمەڵگا ئەوەبو کە چیتر دراوسێکان و هاوڕیکان بەسەر یەکتریەوە نەکرێن بە سیخور، بەڵام ئەمڕۆ زۆر خراپتر لەسەردەمی بەعس دراوسێ و هاوڕێ بەسەر یەکتریەوە کراون بە سیخوڕ !. خەونی وەرزشوانانی کورد ئەوبوو کە چیتر لەناو یاریگای خۆڵدا یاری نەکەن، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین لە سایەی بوجەێکی گەورەدا وەرزشکاری کورد بۆ وەرگرتنی تۆپێک و تاقمێک جلی یاریکردن دەبێت سەربکات بە چەندین شوێن و کەسی حیزبیدا!. خەونی گەورەی کچانی کورد ئەوەبوو کە چیتر لەسەر بابەتی شەرەف نەکوژرێن، بەڵام زۆر بەداخەوە تاکو ئەم چرکەساتەش ئەم دیاردەیە بەردەوامە و دەسەڵاتیش بکوژانی کچان ئازاد دەکات!. خەونی شۆفێرەکانمان ئەوەبوو کە چیتر ڕیگاکان لەکاتی هاتنی سەرۆک و بەرپرسەکاندا دانەخرێن، بەڵام بینیمان جگە لە داخستنی ڕێگا بۆ سەرۆک، ئۆتۆمۆبێلەکانی سەرۆک بە پێچەوانەی ڕێگاوە ڕۆیشتن!. لە هەموو ئەمانە گرنگتر خەونی ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان ئەوەبوو کە چیترلە سەر نوسین یان ڕای جیاواز دارکاری یان ئەشکەنجە نەدرێن ونەفی نەکرێن، بەڵام بینیمان چۆن ڕۆشنبیری کورد فڕێندراو دارکاری کرا، بینیمان هەزاران ڕۆشنبیری کورد بەناچاری ژیانی پەنەبەری هەڵبژارد ئەمە جگە لە سەدان هونەرمەند و شاعیری گەورەی گەلەکەمان.
خوێنەری ئەزیز ئەمانە و سەدان خەون و خۆزگەی گەلی کورد لە و ڕۆژە چاوەڕوان دەکران، بە ڵام مەخابن هەمووئەم خەونە جوانانە وەکو ئەنفالەکانمان زیندەبەچاڵکران لە سایەی دەسەڵاتێک کە لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ وە کوردستانیان دابەش کرد بەسەر هەرێمی زەرد و سەوز.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە