لێدوانەکەی (کاک خالید عەزیزی) چی دەگەیەنێت؟

Friday, 21/09/2012, 12:00

1812 بینراوە


به‌شی یه‌که‌م - حیزبی قەیران خوڵقێن -
حیزبی دیموکرات جگە لەوەی حیزبێکی قەیران خوڵقێن بووە بۆ کورد ، لە هەمان کاتدا خودی حیزبەکەش بێ بەش نەبووە لەو قەیرانانە و دووچاری زۆر قەیران بۆتەوە کە کاریگەرترینیان لێکترازانی ٢٠٠٦ بوو ، بەڵام هیچ کاتێک ئەم حیزبە ناوەڕۆکی قەیرانەکانی وەک ئەوەی هەیە باس نەکردووە و هەمیشە لە هەوڵی شێواندنی ڕاستیەکان و بە لاڕێدا بردنی کۆمەڵگای کوردەواری بووە . یەکێک لەسەرکەوتووترین کەسەکانیش لە شێواندنی ڕاستیەکان و بە لاڕێدا بردنی کۆمەڵگای کوردەواری مەلا عەبدوڵای حەسەنزادەیە .
جێی داخە کەسێکی وەکو حەسەنزادە چۆنی ویستبێت ڕووداوەکانی بەو شێوەیە ئاوەژو کردووە بێ ئەوەی ڕەچاوی دەرەنجامەکەی کردبێت ، ڕۆژێک بە ناوی (خیانەتەکانی قیادەی مۆقەت بە نەتەوەی کورد و ڕۆژێک بە فریشتە لە قەڵەمدانی ماڵی بارزانی) ، ڕۆژێک (بە جاش لە قەڵەمدانی هێمنی شاعیر و ڕۆژێک بە شاعیری میلی ناوهێنانی) ، ڕۆژێک (بە جاش موجاهد کردنی ڕەخنەگرانی و ڕۆژێک بە تێکۆشەر ناوبردن و دەست لە ملانیان) ، ڕۆژێک (بە شەڕەنگێز ناوهێنانی پژاک بە بیانووی شەڕکردن و ڕۆژێک بە بەرچاوتەنگ ناوبردنی پەیەدە بە بیانووی شەڕنەکردن) ، ڕۆژێک (پێناسەکردنی پەکەکە بە توندڕەو و ڕۆژێک بە ناوهێنانی بە پڕ حەشیمەتترین و گەورەترین حیزب لە کوردستان) و ...هتد.
کاتێک گوتەکانی حەسەنزادە سنووری بێ باوەڕیان بەزاند و بوونە جێ گومان ، ئەو کات خالید عەزیزی ئەرکدار کرا بۆ درێژەدان بە هەمان سیاسەت ، خالید عەزیزیش بۆ ئەوەی کورت نەهێنێت درێژەی دا بە خۆنواندن و لە چەواشەکاریدا نەک هەر بۆڕی مەلا عەبدوڵای دایەوە بگرە هیچ هێڵێکی سوریشی لە بەردەم خۆیدا نەبینی . دواین خۆنواندنیش دیمانەی ئەنجامدراو لەگەڵ بەڕێز " کاوە جەم " بوو لە ماڵپەڕی هەولێر دەربارەی ڕێکەوتنە گوماناویەکەی نێوان هەردوو لایەنی حیزبی دیموکرات "باڵی هیجری" و کۆمەڵە "باڵی موهتەدی" . بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-



http://www.hawler.in/dimane32538.htm
کاتێک دەڵێم ڕێکەوتنی گوماناوی مەبەست لەوە نییە کە حەز بە هاودەنگی و هاوکاری دوو لایەنی ناوبراو نەکەم ، بەڵکو مەبەست لە ڕاستینەی ئەو ڕێکەوتنەیە کە بۆ دوو مەبەست ئەنجام دراوە :-

١- دژایەتیکردنی پژاک ، وەک لە خاڵی سێ‌یەمی "ئەرکەکانی پێش ئاڵ و گۆڕی سیاسی و ڕوخانی ڕژێم"دا بەدی دەکرێت .
لەبەرئەوەی ڕوداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەک و سەرکەوتنی پەیەدە و پێشکەوتنی کوردان لە لایەکی دیکەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردۆتە سەر هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان و تەواوی نیگای کوردانیش لەسەر ئەو دەستکەوتانەیە کە ڕۆژانە بەدی دێت لەو پارچەیەدا ، ئەو پێشکەوتنانەش نەک هەر مایەی خۆشحاڵی هیجری و موهتەدی نییە بەڵکو هەموو توانای خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی لەسەر ڕۆژهەڵات . بڕوانە ئەم لینکە :

http://brwska.net/exclusive/item/941-komala-w-hizbi-dimokrat


٢- فشارهێنان بۆ لایەنەکانی دیکە تاکو بیانکەنە پاشکۆی خۆیان وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕویداوە . چونکە لەگەڵ ئەوەی دوو لایەنی ناوبراو خۆیان وەک دوو هێزە سەرەکیەکەی ڕۆژهەڵات پێناسە کردووە لە هەمان کاتدا خۆشیان وەکو دیموکرات و کۆمەڵە ناساندووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن کە هەم دیموکراتی دیکە و هەم کۆمەڵەی دیکە بوونی هەیە و پێگەی هیچ یەکێکیش لە لایەنەکانی دیکە لە پێگەی دوو لایەنی ناوبراو لاوازتر نییە .
بەڵام ئەوەی جێی ئەم باسەیە وەڵامەکانی خالید عەزیزییە کە جگە لە خۆنواندن و ئەرکدارکردن بۆ تۆمەت هۆنینەوە هیچ شتێکی دیکەی لێ بەدی ناکرێت .
کاتێک پرسیاری ڕێکەوتنی نێوان دیموکرات "باڵی هیجری " و کۆمەڵە "باڵی موهتەدی" لێ دەکرێت ، عەزیزیش لە وەڵامدا دەڵێت :-

[ئێمە نابێ ڕێگەی كوردستانی عێراق لە ڕابردوودا، بپێوین و دوو بەرە دروست بكەین. ئەو ڕێگەیە بۆ ئێستای كوردستانی ئێران باش نییە].
یەکێک لەو هۆکارانەی کە بوویە هۆی ناشیرینکردنی ئۆردوگانشینان ، بێ هەڵوێستیان بوو لە بەرامبەر مەینەتیەکانی نەتەوەکەمان لە باشوور . چونکە ئەو خاڵانەی حیزبی دیموکرات وەک نموونەی سەرکەوتوو پێناسە دەکرد بۆ دوا ڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونەکانی یەکێتی و پارتی بوو ، لە کاتێکدا ئەزمونە بێزراوەکانی یەکێتی و پارتی بە هیچ کوردێک نامۆ نییە .



لێ بەڵێ ، ئێستا خالید عەزیزی بۆ ئەوەی داشی سوار بێت بەسەر "هیجری و موهتەدی"دا هەموو گوتەکانی ڕابردووی قوت دەداتەوە و دەڵێت نابێت ئەو ڕێگەیە بپێوین . ئەگەر ناخوازیت ئەو ڕێگەیە بپێویت، ئەی چ هۆکارێک هانی دایت خۆت ئۆردوگانشین بکەیت و دەستەوسان چاوەڕوانی قودرەتی قادر بیت بەناوی پاراستنی ئەزموون و دەسکەوتی باشوور ؟ !
واتە، مەبەست لە گوتەکانی عەزیزی ئەوە نییە کە ددان بە تاوانەکانی یەکێتی و پارتی‌دا بنێت بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە لەو ڕێگەیەوە "حەسەنزادە ئاسا" بتوانێت سۆزی خوێنەر بەلای خۆی‌دا ڕاکێشێت بۆ خۆ مەترەحکردن .
ئەگەرچی من خودی خۆم نزیک بوونەوە و هاودەنگی حیزبە کوردیەکان بە باش دەبینم "ئەگەر ئامانج لە خزمەتکردن بێت" ، ئیتر ئەو لێکنزیک بوونەوەیە چ دوو لایەنی و چ زیاتر بێت . بەڵام کاتێک خالید عەزیزی دەڵێت ئەو لێک نزیک بوونەوەیە بۆ ئێستای کوردستانی ئێران باش نییە ، مەبەستی لە ناوەڕۆکە گوماناویەکەی ئەو ڕێکەوتنە نییە بەڵکو مەبەستی لەوەیە کە حیزبەکەی کاک خالید بەشدار نییە لەو پیلانە شومەی کە خۆی لەو لێک نزیکبوونەوەیەدا حەشار داوە ! کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگەی پرسیارە .
کاتێک پرسیاری لێ دەکرێت کە ئایا نیگەرانن لەو ڕێکەوتنە ؟ عەزیزیش دەڵێت :-

(هیچ نیگەران نین، بەڵام ئێمە بە بەرە نایناسین).


لەوەتەی حیزبی دیموکرات بوونی هەیە یەک دەستەواژە دووبارە دەکاتەوە ئەویش دەستەواژەی "نەناسین"ە ، ساتێک دایانگوت کۆماری ئیسلامی بە شەرعی ناناسین ، ساتێک دەیانگوت کۆمەڵە وەک حیزب ناناسین و مەنجەڵێک دۆڵمەیان لێ زیادە ، ساتێک دەیانگوت پژاک بە ڕەسمی ناناسین و ئێستاش خالد عەزیزی گوتەی "نەناسن"ی کردەوە وێردی سەر زمان . وەک ئەوەی پرسوڕا بە حیزبی دیموکرات کرابێت و ناسین و نەناسین پەیوەست بە سەرانی حیزبی دیموکرات بێت .
پێدەچێت حیزبی دیموکرات ئۆردوگای کۆیەی لێ گۆڕدرابێت بە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و قەڵای کۆیەش بە واشینگتۆن و ڕێگە نەدات هیچ لایەنێک سەفارەتی لێ بکاتەوە بۆ بە ڕەسمی نەناسینی، کە هێندە لێبڕاوانە باس لە نەناسین دەکات !
ئاشکرایە داواکاری حیزبی دیموکرات لە کۆماری ئیسلامی بووە بۆ وەرگرتنی خودموختاری و لەو پێناوەشدا چەندین دانیشتنی ئەنجام‌دا "تیاچوونی دکتۆر قاسملو ئەنجامی یەک لەو دانیشتنانە بوو" ، ئیتر بە چ لۆژیکێک دەڵێیت بە شەرعی نایناسم کە هەم داواکاریت لێی هەیە و هەم دانیشتنیشی لەگەڵ ساز دەکەیت؟
تەنانەت هەر خودی کاک خالید دەیگوت "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەی گەڕاندنەوەمان بدات و باس لە مادە دەستوریەکانی ١٥ و ١٩ بکات ئەوا درێژە بە دانیشتن دەدەین و حیزبەکەشمان هەڵدەوەشێنینەوە" . بڕوانە ئەم لینکە :-

http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730

حیزبی دیموکرات شەڕی بێ ئەمانی لەگەڵ کۆمەڵە کرد تاکو بڵێت وەک حیزب نایناسم ، بەڵام کاتێک لە بەرامبەر لایەنێکی دیکەی کوردیدا دەوەستێتەوە بەر لە ناوهێنانی حیزبی دیموکرات باس لە ڕەسانایەتی کۆمەڵە دەکات لە ڕۆژهەڵاتدا .
نەک جارێک بەڵکو دەیان جار باس لەوە کردووە کە پژاک وەک حیزب ناناسن ، کەچی لە بۆنە و نابۆنەدا باس و خواسیان هەڵوەشاندنەوەی پژاک و کۆتایی هێنان بە چالاکیەکانی پژاکە . ئەگەر پژاک بوونی نییە و نایناسن ئەی چ هۆکارێک هانی داون خۆتانی پێوە تەنگەتاو بکەن ؟
ئێستاش کاک خالد عەزیزی لێک نزیک بوونەوەی دوو لایەن ناناسێت و بۆ بازاڕ گەرمیش باس لە لێک نزیک بوونەوە و بەرەی کوردستانی دەکات . بە ڕاستی جێی سەرسوڕمانە هەم باس لە لێک نزیک بوونەوە بکەیت و هەم لێک نزیک بوونەوەش نەناسیت !
لە پرسیارێکی دیکەدا باس لە دەرەنجامەکانی ڕێکەوتنی نێوان دوو لایەنی ناوبراو دەکرێت ، کاک خالدیش لە وەڵامدا دەڵێت :-


(لۆژیكیترین كار ئەوەیە كە دیموكراتەكان لە هەنگاوی یەكەمدا كێشەی خۆیان چارە بكەن. ئەگەر ئەو كێشەیە چارە بوو، یارمەتیدەر دەبێ بۆ چارەكردنی كێشەی كۆمەڵەكان) .


هەڵبەت چارەکردنی کێشەی نێوان دیموکراتەکان شایانی باس نییە ، چونکە ئەم حیزبە خۆی کێشە خوڵقێنە و ڕابردووش هێندە دوور نییە کە لە بیری خەڵکیدا نەمابێت ، بەڵام خاک بەسەر ئەو لایەنەی چاوەڕوانی حیزبی دیموکرات بکات بۆ یارمەتیدان لە چارەکردنی کێشەکانیدا !
حیزبی دیموکرات سەرتاپای ژیانی کێشە خوڵقێن بووە بۆ حیزبەکانی دیکە و لە هیچ تۆمەتێکی ناشایستە نەسڵەمیوەتەوە و هەمیشە تۆمەت و ئاگری ئاڕاستەی بیرجیایانی خۆی کردووە ، لە بەرامبەریشدا ساتێک "لبیک یا خومەینی" دەچڕی و ساتێکیش خۆیان لە هەموو ئێرانییەک پێ ئێرانتر بوو ، ساتێک لە دانیشتنی نهێنی و شاراوەدا بوون لەگەڵ سوپای پاسداران و ساتێکیش پانئێرانیستەکانیان لە هەر لایەنێک بۆ لە پێشتر بوو ، ساتێک خۆیان دەخستە ئامێزی موجاهدە دژە کوردەکان و ساتێکیش لە هەوڵی ژیان بە بەرداکردنەوەی شاپەرستە لە ناوچووەکان بوون . ئیتر بە چ لۆژیکێک ئەم حیزبە کێشە خوڵقێنە یارمەتی دەر دەبێ بۆ چارەکردنی کێشەی کۆمەڵەکان وەک ئاغای عەزیزی بانگەشەی بۆ دەکات ؟
هەرچەند ئەم بانگەشانە بۆ بازاڕ گەرمیە ، بەڵام دەبو لانی کەم هەوادارانی مەلا عەبدوڵا ئەو پرسیارەیان لە ئاغای عەزیزی بکردایە کە لێک دابڕان و کێشە خوڵقێنی یەکەمجارتان لەچی و بانگەشەی بێ بنەما بۆ چارەکردنی کێشەی ئێستان لە چی ؟

درێژەی هەیە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە