لەدێرسیم و دیاربەکر پێکدادان هاتە ئاراوە

Tuesday, 04/05/2010, 12:00

1494 بینراوە


دوێنێ شەممە لە باکوری کوردستان لەشارەکانی دێرسیم و دیاربەکر لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیادا پێکدادان رویدا کە لەئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا 5 کەس لە هێزەکانی تورکیا کوژران و زیاتر لە دە کەسیش بریندار بون.

بەگوێرەی زانیاریەکان، گەریلاکانی کورد پەلاماری وێستگەیەکی پشکنیان داوە لە شاری "نازمیە"ی سەر بە پارێزگای تونجەلی (دێرسیم) کە بۆتە هۆی کوژرانی 4 کەس و برینداربونی هەشت کەسی دیکە.

لەناو کوژراوەکاندا فەرماندەی بنکەکەش بەدیدەکرێ.

دوابەدوای راگەیاندنی ئەو هەواڵە، درەنگانی شەو لە ناوچەی "لیجە"ی سەر بەدیاربەکریش هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی و لەئەنجامی ئەو هێرشەشدا کەسێکی سەر بەسوپای تورکیا کوژرا و یەکی دیکەش بریندار بو.

ماوەیەکە شەڕو پێکدادان لەباکوری کوردستان پەرەی سەندوە و ئەم دو هێرشەی رۆژی شەممە کە هاوکات بو لە گەڵ رۆژی جیهانی کرێکار، درێژەی زنجیرەیەک پێکدادان و تێکهەڵچونی دیکە بون کە سەرانسەری تورکیایان گرتۆتەوە.

پاش ئەوەی دادگای باڵای تورکیا لەمانگی دێسەمبەری ساڵی رابردودا، پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیکی داخست، توندوتیژی لەباکوری کوردستان و تورکیا پەرەی سەند.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە