تا کەی درۆمان لەگەڵ دەکەن ؟

Sunday, 20/05/2012, 12:00

1088 بینراوە



کورد بەدرێژایی مێژووی خۆی بەردەوام لە قۆناغە جیاجیاکاندا فێڵ و درۆی لەگەڵ کراوە .
لەسیاسەتدا دەگوترێت درۆ یەکێکە لەو فاکتەرانەی کەدەبێت بکرێت بۆقەناعەت پێکردنی بەرانبەرەکەت، یان دەگوترێت سیاسەت خۆی درۆیە، بەڵام ئەم قسەیە بۆ هەموو کاتێک دروست نی یە .
لەقۆناغەکانی سەرەتایی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد تا ئەم کاتەش هەمیشە گەلی کورد فێڵی لێکراوە بەچەندین شێوە، کە لەوانەیە سیاسەتی دوژمنەکانی کورد بووبێت و هەمیشە چاویان کوێر بوبێت بۆ ئەوەی دان بەمافە ڕەواکانماندا نەنێن .
فێڵ و درۆکردن یەکێکن لەو سیفەتانەی کە مرۆڤ خۆی پێ ناشرین دەکات وئەو مرۆڤە وەک شتێکی زۆر بچوک وئاسایی دێتە بەرچاو درۆش نەک لەڕوانگەی کۆمەڵایەتیەوە لەڕوانگەی ئاینیشەوە کارێکی قێزەونەو هەتا لە ئاینی ئیسلامیشدا یەکێکە لەنیشانەکانی دووڕوویی . شتێکی سەیرو عەجایبە ئەم سەرۆک وبەرپرسانەی وڵاتی ئێمە ڕۆژانەو بەبەردەوام فێڵ و درۆمان لەگەڵ دەکەن و هەر بەڵێن وپەیمان دەدەن ،بێ گومان نەک خۆیان هەموو گەل تێیان دەگات لەوەی کە ئەوان دەیڵێن سەرتاپای درۆیەو ڕاستی تێدا نیە. تەناتەت ناتوانن جێ بەجێشی بکەن .ئیتر دەتوانین بڵێین جۆری فێڵ و درۆ شاخدارەکەنیان زۆرن هەر لە کابینەی یەکەمەوە تا ئەم کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێم.ئەوانەی کەدرۆ دەکەن و وەعد دەدەن هەر ئەوانەشن کە وڵات بەڕێوە دەبەن واتا؛ تاقمێکن یا چەند کەسانێکن لەم دوو بنەماڵە ، بەبەردەوامی گاڵتە بە هەست ونەستی ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە دەکەن. نەک کورد بەڵکو هەموو دنیا ئەوە باش دەزانن کە هەرێمی کوردستان بەشی زۆری خاکەکەی نەوت وزێڕ وگەوهەرە ،بەڵام لەرێگەی ئەم دوو بنەماڵەوە بەبەرچاوی هەموو دنیاوە ڕۆژانە بەتاڵان دەبرێت ، جگە لە چەند کەسانێکی دیارو ناسراو خێرو بێرەکەی کەسی تر نازانێت بەرەو کوێ دەبرێت .
لەکاتێکدا حاڵی گەلەکەی لەچاو وڵاتان بەم شێوەیەیە!!!دەتوانم بڵێم ئەم سەرکردانەی ئێمە ئەوەندە درۆیان لەگەڵ گەلەکەی خۆیان کردووە تا وای لێهاتووە ڕووی گەشیان یەک پارچە بووە بەتارمایی......
دەگوترێت درۆکردن وەستای خۆی هەیە ، بەڵام ئەمانە بەتەواوەتی بوون بەخەبیر ،چونکە هەر کەسێک لەسەر کارێک بەردەوام بێت بێ گومان شارەزایی تەواو پەیدا دەکات لەو بوارەدا .
هەندێک درۆی ڕوون و ئاشکرا هەیە کە هەموو کوردێک دەیزانێت و ناتوانن حاشای لێبکەن وەک (یەکگرتنەوەی حکومەت ، دابەشکردنی سەروەت وسامان بەسەر گەلدا بەیەکسانی ،مافی مرۆڤ ، ئازادی تاکەکەس ،دەزگا سیخوڕی و جاسوسیەکان بەدەزگایەکی نیشتیمانی ، یاسا سەروەر بوون و .......) تەنانەت ئەمانە متمانەیان بەدرۆکانی خۆشیان نەماوە .
ئیتر چۆن وڵاتێک لەسەر بنەمای (درۆ) بنیاد دەنرێت؟ بێگومان هەر سەرۆکێک فێڵ ودرۆ لەگەڵ گەلەکەی بکات ئەوە ڕۆژێک دێت بەدەستی گەلەکەی لێ پێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و بەسزای خۆی دەگات ،لەوانەیە هەندێک جار گەل پشوی درێژ بێت ، بەڵام وەک کورد دەڵێت: (جام کە پڕبوو لێی دەرژێت)
بۆیە دەڵێم : سەرۆک و کاربەدەستانی ئەم گەلە بەش مەینەتە چیتر واز لە درۆکردن بهێنن و ڕۆژێک لەرۆژان دەستی ڕاستی بگرن و بۆ ساتێک بیکەنە هاوڕێی خۆتان ئەگینا گەل بێ ڕەحمە لەئاست ئەو زوڵم وزۆرداریەی چەندین ساڵەی ئێوە دەیکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە