راخستنی فەرشی سور بۆ بکوژی د. قاسملو دەستخۆشیکردنە لەو تاوانە گەورەیە

Thursday, 01/01/2015, 12:00

1509 بینراوە


راخستنی فەرشی سور بۆ بکوژی د. قاسملو دەستخۆشیکردنە لەو تاوانە گەورەیە
دوای ئەوەی هێز و لایەنەکانی باشور لە زێوە و دێڵزێ و کەرەج و کوێ و کوێی ئێرانی دۆست و پشت و پەنایانەوە گەڕاونەتەوە باشور و بونەتە خاوەن دەسەڵات و گەورە بونەوەیان لە بواری چەندایەتی و دەوڵەمەندبونیان، دەستیشیان ئاوەڵەتر بوو بۆ پەیوەندی گرتن و خۆ ناساندنیان بە بێگانەکان، دیارە هێز و لایەنەکانی باشور هەر لە رۆژی ئەوەڵەوە دۆستایەتی گەرمو گوڕیان لەگەڵ ڕێژیمی داگیرکەری تاران دا هەبوە و بێ پێچوپەنا و بە سەدان جار و بە ئاشکرا گوتویانە کە دەوڵەتی ئەوسای ئێرانی شاهەنشاهی و کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئێستاش تاکە دەوڵەتێک بوە کە بە ئاشکرا و لە رۆژە سەختەکاندا پشت و پەناگای کوردانی باشور بوە و بەردەوام هاوکاری باشوریەکانی کردوە، تاڵەبانی و بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی باشوریش هەرگیز ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە کۆماری ئیسلامی باشترین و بە وەفاترین دۆستیان بوە لە مێژوی ٣٦ ساڵی رابردودا، باشوریەکان یان باشترە بڵێین هێز و لایەنەکانی باشور لە هەردوو کاتی شەر و ئاشتیدا پشتیان بە کۆماری ئیسلامی بەستوە و پێیانوابوە کە دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامی و دۆستایەتی نەکردنی ئەو ڕێژیمە، دەبێتە هۆی دروستکردنی بۆشاییەکی گەورە و لەدەست دانی دۆستێکی بە وەفا، بەڵام هەر لەو کاتەشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر باش رۆڵی خۆی گێڕاوە و زانیویەتی چۆن و بە چ شێوەیەک هەڵسوکەت لەگەڵ لایەنەکانی باشور بکات و چۆن دەستەمۆیان بکات، ڕێژیمی تاران جگە لەوەی کە وەک هێز و لایەن و وەک حیزبێکی سیاسی پەیوەندی راستەخۆی لەگەڵدا پێکهێناون، وەک تاکە کەسیش پەیوەندی بە زۆربەی بەرپرس و ئەندامەکانی ئەو هێز و لایەنانەوە کردوە و کارێکی کردوە کە ئەگەر وەک لایەنی سیاسیش توانای ئەوەیان هەبێت کە بڵێن نەخێر بۆ ئەو جۆرە دۆستایەتی‌یە، ئەوە وەک تاکە کەس هەر دۆست بن و توانای ئەوەیان نەبێت بازنەی دۆستایەتی نێوانیان بشکێنن و بڵێن نەخێر بۆ دۆستایەتی‌یەک کە تەنیا لە بەرژەوەندی ئێوە و بە زەرەری ئێمەیە.
دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی باشور و هاتنەوەی هێز و لایەنەکان و هەڵگیرسانی شەری نێوان یەکێتی و پارتی، ڕێژیمی ئێران توانی ئاسانکاریەکی باش بکات بۆ هەرچی زیاتر ئیمتیاز وەرگرتن لەو دوو هێزە و هەر جارەی لایەنێک و هەر لایەنەی بە گوێرەی توانای خۆی کەوتنە تیرۆرکردن و گرتن و ڕادەستکردنەوەی شۆڕشگێڕانی کوردی رۆژهەڵات بە ڕێژیمی تاران، یەکێتی لەولاو پارتی لەملای دیکەوە پێشبڕکێیان بوو لە هەرچی زیاتر خزمەت بە کۆماری ئیسلامی و لەو ماوەیەشدا هەمومان دەزانین کە نزیکەی ٤٠٠ هەتا ٥٠٠ کەس لە کوردانی رۆژهەڵات و ئەندامانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن ئەو دوو هێزەوە تیرۆر کران یان لەلایەن ئەو دوو هێزەوە کارئاسانی دەکرا بۆ تیرۆر کردن و ڕادەستکردنەوەیان بە ڕێژیمی ئێران.
ئەوە هەموو بەجێگای خۆی و وەک دەڵێن با برینەکان هەرچەند بە باوەری من هەرگیز ساڕێژ نەبونە و نابن و هەرکە دێت قرتماغە بگرێت و بەرەو ساڕێژ بونەوە بچێت، ئەوە باشوریەکان و هێزە سیاسیەکانیان دەستە گوڵێکی دیکە بە ئاوا دا دەدەن و جارێکی دیکە پەنجە دەخەنەوە نێو کۆنە برینی دڵی رۆژهەڵاتیەکان و خوێ دەکەنەوە بە برینەکانماندا!
هێز و لایەنەکانی باشور و بەتایبەت دوو هێزی سەرەکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی رابردو دا هەر جارەی بە جۆرێک و هەر رۆژەی بە شێوەیەک بێڕێزی بە رۆژهەڵاتیەکان و بزوتنەوە شۆرشگێریەکانی رۆژهەڵات دەکەن، یەکێ بە بێ ئەرزش کردنی شۆڕش و بەرخۆدانی رۆژهەڵات، ئەویان بە بانگهێشت کردنی دوژمنانی سەرسەختی کودانی رۆژهەڵات و ڕێزگرتن و پیاهەڵدان بە بەژن و باڵای سەرانی ڕێژیم، ئەمیان بە باسکردن لەو ئازادی و دڵفراوانەیی سەرانی ڕێژیمی تاران و تاوانبار کردن و بێ وەفایی کوردانی رۆژهەڵات بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، لایەنێک هەڵدەستێ و وەک بێڕێزی بە موقەدەساتی کوردانی رۆژهەڵات یادی خوێنمژ و زوحاکی سەردەم "خومەینی" لە ساڵۆنێک دا دەکاتەوە کە نێوی پێشەوا یان لەسەر داناوە و هەر جارەی بە جۆرێک و بە شێوەیەک بێڕێزی بە رۆژهەڵاتیەکان دەکەن.
ئاخر لەو ماوە دوور و درێژەدا ناتوانرێ بگوترێت کە کوردانی رۆژهەڵات دەبێ لەبەر بێ متمانەیی بە خۆیان و یان خۆیان گوتەنی لەبەر پاراستنی بەژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت کە وەسەرخۆیان نەهێناوە و باسێکی ئەوتۆیان لەسەر نەکردووە؟ یان وکرد گوتەنی لە ترسانە یان لە برسانە کە هەر جۆرە بێڕێزی و کارو کردەوەیەکی باشوریەکان دەحەق بە رۆژهەڵات لەلایەن هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتەوە پەردەپۆش کراوە و جاویان لەبەرانبەری دا داخستووە، دیارە ئەگەریش باسکرابێت ئەوە وەک لایەنی سیاسی و بە شێوەی فەرمی باس نەکراوە، تەنیا کەسانی سەربەخۆ و لە سایت و ماڵپەر و رۆژنامەکاندا رەخنەیان لە هێزەکانی باشور گرتووە و هێزەکانی باشوریش بە بێدەنگ بوون و وڵامنەدانەوە لەبیر خەڵکیان بردۆتەوە.
وەک بینیمان دوای هەر هەمو بێڕێزیەکان بە کوردانی رۆژهەڵات و بێ دەنگ بونی ئێمەی رۆژهەڵاتی، سەرانی باشور ئەوجار رادەی بێڕێزی کردن بە رۆژهەڵاتیەکانیان گەیاندە ئەوجی خۆی و بە پێشوازیکردن لە قاتڵ و بکوژی یەکێک لە سەرکردە نێودار و خۆشەویستەکانی رۆژهەڵات، واتە د. قاسملو؛ گەورەترین بێڕێزیان بە رۆژهەڵاتیەکان کرد، سەرانی یەکێتی و پارتی بەو کارەیان لە لایەک دڵسۆزی و پابەند بونی خۆیان بە دۆستایەتی و خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نیشاندا و لەو لاشەوە پێشانی کوردە رۆژهەڵاتیەکانیان دا کە ئێوە هەرچی دەکەن بیکەن و هەرچی دەڵێن بیڵێن، ئێمە دۆستایەتی و خۆشەوسیتی سەرانی کۆماری ئیسلامی بە چاکە و خزمەت و دۆستایەتی و برایەتی و تەنانەت بە خۆ بەکوشتدانتان لە پێناو باشوریشدا ناگۆڕینەوە و هەرگیز دۆستایەتی کۆماری ئیسلامی بە برایەتی لەگەڵ رۆژهەڵاتیەکان نادەین! ئاخر پێشوازی کردنی سەرانی حیزبی و حکومیی هەرێمی کوردستان لە سەحرارودی تیرۆریست و بکوژی "د. قاسملویەک" کە تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەت بە نەتەوەکەی دانا و هەر لەو ڕێگایەشدا گیانی خۆی بەخت کرد، کارێکی ئەوەندە سادە و ساکار و ڕوداوێکی ئەوەندە چوکە و نادیار نی‌یە کە خەڵکی رۆژهەڵات نەیبینن و چاویان لە بەرانبەریدا دابخەن، ڕاخستنی فەرشی سوور و گوشینی دەستی بکوژی د. قاسملو خۆی لە خۆیدا دەستخۆشی کردنە لەو تاوانە گەورەیە و تاوانبار کردنی کوردانی رۆژهەڵاتیشە بە بێوەفایی و سەربزێوی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، ئاخر ئەوە چ جۆرە برایەتی و کوردایەتی و نەتەوەیی بونێکە کە باشوریەکان بە قسەو لێدوان بە گوێی رۆژهەڵاتیەکانیدا دەدەن و بە کردەوەش دەبن شۆفێر و تاوانباران و قاتڵانی سەرکردەکانی رۆژهەڵات بە نێو هەولێردا دەسوڕێننەوە؟ سەرانی باشور زۆر ڕودارانەو بەبێ شەرموشکۆ لە سەر قەڵای هەولێرەوە و بە بەرچاوی هەمو خەڵک و بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان پەیامی دۆستایەتی و خۆشخزمەتی بە کۆماری ئیسلامی و قاتڵانی سەرکردە کوردەکان بۆ جارێکی دیکە تازە دەکەنەوە و دەسخۆشی لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی رۆژهەڵات دەکەن بە دەستی سەحرارودی، ئەگەر ئەو کارە دەستخۆشیکردن نەبێت لەو تیرۆرە و ئەگەر بە بێڕێزیکردنی بە ئانقەست نەبێت بە کوردانی رۆژهەڵات دەتوانی نێوی بنێی چی؟! سەرکردەکانی باشور لەلایەک لافی برایەتی و کورد بوون و نەتەوەیی بون لێدەدەن و لەولاشەوە پێشوازی لە بکوژانی رۆڵاکانی کورد دەکەن، ئاخر ئەوە چجۆرە سیاسەت دیپلۆماسی‌یەتێکە کە باشوریەکان خویان پێگرتووە و بەردەوام دوبارە و سەدبارەی دەکەنەوە، هەمومان بینیمان هەر ئەو سەرکردانەی کە پێشوازی لە قاتڵی د. قاسملو دەکەن؛ بەر لە ماوەیەک گوێی هەمو خەڵکی کوردیان کەڕ کردبوو بەوەی کە گۆیا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی ڕادەگەیەنن و کوردستان دەبەنە ڕێزی دەوڵەتانی سەربەخۆ! باشە ناکرێ بپرسین و بڵێین ئەرێ سەرۆکی بەڕێز، جەنابتان کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕادەگەیەنن و خۆتان بە سەرۆکی هەمو کورد دەزانن، چۆنە پێشوازی لە قاتڵی سەرکردەیەک دەکەن کە لەلایەک هەموو تەمەنی خۆی لەپێناو خەڵکی کوردا دا دانا و لەولاشەوە گومان لە خۆشەویستی و ڕێزو نێو و نێوبانگی ئەو سەرکردەیە ناکرێت کە لە کوردستان بە گشتی و لە رۆژهەڵات بە تایبەتی هەیەتی، ئاخر ئەگەر راگەیاندنی سەربەخۆییەکەشت هەر بەوجۆرە و هەر بۆ پێشوازی و دەستخۆشی لە جەلادەکانی کوردی رۆژهەڵات بێت، ئەوە هەر پیرۆزی خۆتان بێت و ئیدی واز لە نێوهێنانی رۆژهەڵات بێنن و چیدیکە بە بیانوی کورد بوون وخزمەت بە رۆژهەڵات بێڕێزی بە رۆژهەڵاتیەکان و بە سەرکردە و شەهیدەکانیان مەکەن. چونکە دڵنیابن کە ئەگەر هەتا ئێستاش پێتان وابوبێت کە توانیوتانە رۆژهەڵاتیەکان بە قسەی زریق بریقەدار بخەڵەتێنن، ئەوە بەهەڵداچونە، جونکە رۆژهەڵاتیەکان نەک بە هەڵە نەچونە، بەڵکوو دانیان بە جەرگی خۆیاندا گرتوە و پێیانوابوە بەو بێدەنگ بوونە و چاو داخستنە بەرانبەر بە هەڵەکانی ئێوە خزمەتێک بە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە