وەرن با هەندێك ناو بگۆڕین و هەندێك ڕاستیش بڵێین

Thursday, 19/04/2012, 12:00

1399 بینراوە



 
 

1ـ وەرن با خەڵاتى "بلە" بۆ داهێنان، بكەینە خەڵاتى "هێرۆ" بۆ داهێنان، لەلایەك وەكو وەفایەك بۆ هێرۆ كە داهێنەرى خەڵاتەكەیە، لەلایەكى تر بۆ ئەوەى هەموو مۆركێكى ئەدەبیى لێدابماڵینو بیكەینە خەڵاتێكى سیاسى تاكو هانى خەڵكى بدەین لەڕووى هەڵنەیەت خەڵاتى سیاسییەك وەربگرێت كە هیچ داهێنانێكى ترى نییە تەنها داگیركردنى زەوىوزارى سلێمانىو تاپۆكردنى لەسەر خۆى نەبێت، بەو هۆیەشەوە ئەو پارەیە بۆ خاتو هێرۆ بگەڕێنینەوە كە بەس خوا ئەزانێت بە چ داماوییەك پەیدایكردووەو داوێتى بەهەقیاندا، دەنا خاتونى یەكەمى عێراق ئەو پارە خەیاڵییەى لەكوێ بوو كە گوایە ئەڵێن هەیەتى.

2ـ وەرن با مێژووى پەنجا ساڵ لەمەوبەرى جیابونەوەى جەلالییەكان لەپارتى وەكو"مێژووى جیابونەوەى باڵى مەكتەبى سیاسى و كۆمەڵێك ڕۆشنبیر و پاشان شۆڕشى نوێى گەلەكەمان و قسەى قۆڕى لەو شێوانە" تەماشا نەكەین بەڵكو وەكو مێژووى خەبات لەپێناو دروستكردنى پارتییەكى ترى لە پارتى یەكەم بنەماڵەیى تر و جاشتر و دزتر و خۆفرۆشتر و درۆزنتر تەماشاى بكەین. هەروەها وەرن با ناوى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بگۆڕین بۆ پارتى دیموكراتى سلێمانى، ئیتر بەشێوەیەكى ئۆتۆماتیكى ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان دەبێتە پارتى دیموكراتى هەولێر و بادینان، چونكە ئەم دوو پارتە تەنها شوێنى نیشتەجێیان لێكدى جیایە دەنا بەهەموو پێوەرەكان دوو ڕووى دراوێكن.

3ـ وەرن با ناوى كابینەى حكومەتى هەرێم بگۆڕین بۆ كەرەڤانەى حكومەتى هەرێم چونكە تا ئێستا زۆربەى دام و دەزگا و بەڕێوبەرایەتییەكانى ئەو حكومەتە داماوە دەستگێڕ و گەڕۆكن و هەر ڕۆژەو لە ماڵێك و لە خانوویەكى كرێدان.

4ـ وەرن با گریمان بكەینو بڵێین ئەگەر دروستكردنى دەوڵەتى كوردى خەونى حوشتر بێت ئەو كاتە مام جەلال تا پێش بوونى بە سەرۆكى عێراق هەموو ژیانى بەحوشترێتى بردۆتە سەر و سەلماندیشى كە حوشترە چونكە سۆزى حوشترێتى كردییە سەرۆكى عێراق و گەڕاندێوە بۆ بەغدا.

5ـ وەرن با دان بەو ڕاستییەدا بنێین كە دروستبونى بزوتنەوەى گۆڕان گەورەترین زیانى بەو بزوتنەوەى ناڕەزاییە گەیاند كە لەپاش شەڕى ناوخۆ ڕۆژ لەدواى ڕۆژ دژ بەدەسەڵاتى یەكێتى و پارتى كەڵەك ئەبوو. وەرن با ڕاستگۆیانە بڵێین بزوتنەوەى گۆڕان بووە ئیسفنجو ئەو ناڕەزایەتییەى خەڵكى هەڵمژىو نەیهێشت بەشێوەیەكى سروشتىو خۆبەخۆ بتەقێتەوەو تۆزى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە ببات بەئاسماندا. وەرن با درۆ لەگەڵ خۆمان نەكەینو بزوتنەوەى گۆڕان بە سەنگەرى داكۆكى لە میلەت تەماشا نەكەین چونكە خەڵكى توڕە لە هەموو بەرپرسە گەندەڵەكانى یەكێتى بەبەشێك لە بەرپرسە گەندەڵەكانى یەكێتى ئاشت كردەوەو بووە هەوێن بۆ دروستبونى یەكێتییەكى تر. وەرن چى تر كاتى ئەوە هاتووە بڵێین گۆڕان خزمەتێكى هێند گەورەى بەمانەوەى دەسەڵاتى یەكێتىو پارتى كرد كە ئەگەر لە كڕین بهاتایە مامەو كاكە بە ملیارەها دۆلار ئەیانكڕى. وەرن با پێكەوە بڵێین تەنها كارێك كە گۆڕان كردى پەتكردنى ئەسپى یاخى ڕاپەڕینو شۆڕشى خەڵكى توڕە لە دەسەڵاتى دز و گەندەڵى ئەم هەرێمە بوو و هیچى تر. وەرن با ئومێدمان بۆ گۆڕانكارى بەهیچ حیزبو لایەنێكى ترەوە گرێ نەدەین تەنها بەجەماوەرى كوردستانەوە نەبێت.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە