تا شایەتحاڵەکان مابن، ئێوە ناتوانن مێژوو بە ئارەزووی خۆتان بنووسنەوە (بەشی یەکەم)

Friday, 16/08/2013, 12:00

3524 بینراوە


ماوەیەک به‌ر له‌ ئیستا که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی (به‌رنامه‌ی رووداو و مێژوو) چاوپێککه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ د. عه‌بدوڵڵا ئاگرین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کرد، لە سەر مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی و ژیانه‌وه‌ی یه‌کێتیی کورد (کاژیک)، کاک عەبدوڵڵا چەند لاپەڕەیەکی هەڵدایەوە،  دوو جار ناوی منی تێدا هێناوە، کەم تا زۆر پەیوەستی کردووە بەو مێژووەوە، بۆیه‌ منیش بە پێویستی دەزانم لەسەر بەشێکی ئەو مێژووە بێمە دەنگ و چەند لاپەڕەیەکی دیکە هەڵبدەمەوە، کە ئەو ئاگاداری نەبووە، یان بە هەر مەبەستێک بێت نەیویستووە قسەی لەسەر بکات، جگە لەوەیش ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌و کردوونی، هەوڵ دەدەم لێرەدا راستیان بکه‌مه‌وه‌‌، هه‌ڵبه‌ت تا ئیستا من له‌ هیچ نووسینێک و لێدوانێکمدا باسم له‌ رابردووی سیاسیی خۆم نه‌کردووه‌، ئه‌ویش به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نێکدا کاری رێکخراوەییم کردووه‌ 13 ساڵان بووم، بۆ ئەم کۆمەڵەیەش ساڵانێک رۆڵی کارییگه‌رم تێیدا بینیوه‌، ئه‌و کاته‌ی من کارم تێدا کردووه‌، زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەو حیزبە چوونەتە دەرێ و بوونەتە پارتیی، لەوە خراپتر بوونەتە پاراستن و لەو دەزگایەدا کاریان کردووە، بۆیه‌ باسه‌که‌ به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌م، بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی به‌شێک له‌و مێژووه‌ یان بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی کاک عه‌بدوڵڵا ئاگرین کردوونی، هانام بۆ د. جه‌مال نه‌به‌زیش بردووە. جگه‌ له‌و هۆکارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی هانیشی دام بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ ده‌نگ دروستبوونی گومان بوو، لە سەر ئەوەی بۆچی کاک عه‌بدوڵڵا ئاگرین ئه‌م کات و ئه‌و شوێنه‌ی بۆ باسکردنی مێژووی کاژیک هه‌ڵبژاردووه‌؟! بە تایبەت‌ ئه‌و وه‌ک ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتیی و دڵسۆزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، منیش وه‌ک به‌رپرسی کوردستانپۆست، نه‌یار به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و پارته‌که‌ی. ئەو وەک لە ناو کۆمەڵیک حیزب و پارتیی تردا کاری سیاسیی کردووە، منێک کە بە تەنها لەو رێکخراوەیەدا، وەک کەسێکی نەتەوەیی و دڵسۆز بەو بیروباوەڕە،  بە خاک و نیشتیمانی کورد کارم کردووە، بۆیە دواجار ماڵئاواییم لە سیاسەت و رێکخراوەکەیان کردووە، خۆم خستۆتە بەرەی گەلەکەمەوە، لەوێدا خۆم بینیوەتەوە، دوای پلە و بڕوانامەی بەرز و دەسەڵات و پارە نەکەوتووم، هەرچ سامانێک هەمبێت، تا ئەو رۆژەی ماڵئاوایی لە ژیان دەکەم، موڕاڵ و رەوشتی سیاسیی خۆمە، نەمهێشتووە لەکەدار بێت و نەچوومەتە بەرەی خائین و ناپاکانەوە، دیارە ده‌بێت هۆکاری شاراوه‌ی تریش لەو باسەدا هه‌بن، کە کاک عه‌بدوڵڵا ئاگرین باسی لیوەکردوون. جیاوازیی دیکەی نێوان هەردووکمان، ئەوەیشە، کە ئەو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ نه‌ته‌وه‌یی و به‌ دڵسۆزی کورد ده‌زانێت، لە چەندین نووسیندا رایگەیاندووە، گوایە قسه‌کردن دژی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ هێڵی سوورە، منیش بە پێچەوانەوە وا بیردەکەمەوە، کە قسەنەکردن لە سەر ئەم بنەمالەیە و هەڵنەدانەوەی مێژووەکەیان ئەرکی نەتەوەیی  هەموومانە، بۆیە هه‌موو ئه‌و هێڵانه‌م به‌زاندووه‌‌ و بنه‌ماڵە‌ی بارزانیی و پارته‌که‌ی وه‌ک دوژمن به‌ بیر و بە گه‌یشتن به‌ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد زانیوە.
 عه‌بدوڵڵا ئاگرین ئه‌مڕۆ ئه‌ندامێکی پارتیی و مامۆستای زانکۆیه‌، به‌ ئاگاییه‌وه‌ هاتووه‌ وامان تێده‌گه‌یه‌نێت گوایه‌ ئیدریس بارزانی که‌سێکی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بدات بە خەڵکیی و لە ناو مێژوودا تۆماری بکات‌، دیسان به‌ مه‌به‌ستیش له‌ نێو هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌دا کۆمه‌ڵیک قسه‌ی کردووه‌، که‌ من له‌ باسه‌که‌مدا دێمه‌ سه‌ری و په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌ماڵم. ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی هه‌یه‌، با بفه‌رموێت.
 **********************************
 سەرەتا پێشکەشکەری بەرنامە، دیارە لە زمانی کاک عەبدوڵڵا ئاگرینەوە بەم شێوەیە لەسەر مێژووی کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی و ژیانه‌وه‌ی یه‌کێتیی کورد (کاژیک) دەدوێت و پێناسەی دەکات:
 
 (له‌ 8ی شوباتی ساڵی 1974دا به‌ره‌یه‌کی ناڕازیی له‌ ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ئازادیی و ژیانه‌وه‌ی یه‌کێتیی کورد (کاژیک) بە سەرکردایەتیی کۆنی کاژیک و ناڕازیی لەو بار و دۆخەی ئەو کاتەی حیزب بە بەیاننامەیەک سەرکردایەتییە کۆنەکەیان هەڵپەسارد و لە شوێنی ئەوان سەرکردایەتییەکی کاتیی نوێیان پێکهێنا. بە نێوی رەخنە و گلەیی لە شێوازی کارکردن و شیوەی رێکخستن و توانا و لێهاتووی سەرکردایەتیی کۆنی کاژیک. ئەوان دەیانوت رابەران و سەرکردەکانی کاژیک لە ئاستی لێپرسراوێتییدا نەبوون و کەمتەرخەم بوون. لەو رۆژگارەدا یەکێکیان دەچێتە ئەوروپا و ناگەڕێتەوە ئەوانیش بەبێ دەنگی و بێ چالاکیی لە وڵاتدا دەمێننەوە و هەندێکیشان دەکشنێەوە و کارنەکردن لە ریزەکانی کاژیکدا هەڵدەبژێرن، ئیتر لەو قۆناغەدا چارەنووسی کاژیک لە رووی فیکریی و لێکۆڵینەوە و نووسینەوە دەکەوێتە دەست د. جەمال نەبەز (لە پەیوەندییەکدا د. جەمال نەبەز ئەمە بە راست نازانێت) لە رووی کاری رۆژانە و رێکخستن و پەیوەندییەکانیشەوە دەکەوێتە دەست مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین.)
 
 دیسان پێشکەشکەری بەرنامە درێژەی دەداتێ و دەڵێت:
(بۆ قسەکردن لە سەر هۆکارەکانی دروستبوونی ئەم رەوتە نوێیە و ئەم پارتە نەتەوەییە نوێێە و ئەم سەرکردایەتییە کاتییە، هەروەها سەرهەڵدانی پارتی سۆسیالیستیی کورد (پاسۆک) وەک درێژەپێدەری کاژیک و رەوتێکی نەتەوەیی و پاشان رۆڵی مامۆستا عەبدوڵڵا ئاگرین لە نێو ریزەکانی کاژیک و پاسۆک و ئیستگەی دەنگی کوردستانی عێراق و بەشداری سیاسیی ئەم کارەکتەرە لە شۆڕشدا تا ساتەوەختی یەکگرتنی پاسۆک لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستان و توانەوەی لەو حیزبەدا (رووداو و مێژوو) بە گرنگی زانی میوانداری بەڕێز (پرۆفیسۆر د. عەبدوڵڵا ئاگرین) بکات، وەک ئەندامی سەرکردایەتی پێشووی کاژیک و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی پاسۆک و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگێشتن کراوەتە بەرنامەکەوە، ئیستاش بەرپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئەکادیمیای پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە هەمانکاتدا مامۆستای زانکۆشە.)
لێرەدا دەردەکەوێت، کە ئەو پاسۆکەی دوای کاژیکیش، دروست بوو، کە کاک عەبدوڵڵا رابەرایەتیی کردوون، ئەمڕۆ چۆتە نێو حیزبێکی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی دیکەوە، ئەویش پارتیی دیموکراتی کوردستانە، پارتیی حیزبێکی نەتەوەیی و بنەماڵەی بارزانیش، کوردپەروەر و نەتەوەیین. کاک عەبدوڵڵا ئەمەی نەشاردۆتەوە، لە چەند شوێنێکدا دەست بۆ ئەوە رادەکێشێت. هەروەک چۆن لە قسەکانییدا ددانی پێدا دەنێت، کە ئیدریس بارزانی پێی وتووە: من نەتەوەییم.
***************
 هەر وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا، کە من تەمەنم 13 ساڵان بووە، تا کۆتایی خوێندنی ئامادەیی و یه‌که‌م ساڵی زانکۆ، که‌م تا زۆر له‌گه‌ڵ ئەو بزووتنەوە نەتەوەییەدا بووم، نایشارمەوە دژی هەموو ئەوانەیش بوومە، کە پارتیی و بنەماڵەی بارزانیان بە پیرۆز راگرتووە، هەرچەندە بە پراکتیک ئەو حیزبە چالاکی نەمابوو، زۆربەی سەرکردەکانیان چووبوونە نێو پارتیی و ژمارەیەکی زۆریشیان لەناو دەزگای پاراستندا کاریان دەکرد.
 سەرەتای کارکردنی من لە رێگای کوڕێکی خاڵمەوە بووە، (کۆچکردوو کەمال عوسمان دایی)، کە لە هەمانکاتدا دەبووە خوشکەزای محمد عەزیز (بەرپرسێکی ئەوسای دەزگای پارستن)، حەمەی عەزیز لەگەڵ شێخ محەمەدی هەرسین و کۆمەڵێک کەسی تردا، دوای رووداوی کانیماسی چوونە دەرێ و دوایی لە ناو پاراستندا سەریان هەڵدایەوە، کوڕی خاڵەکەم بەرپرسی من بوو، شێرکۆ بێکەسیش بەرپرسی کوڕی خاڵەکەم بوو، لە سەرو شێرکۆشەوە، ئەحمەد هەردیی شاعیر، کە لە دەستەی باڵای ئەو حیزبەدا بوو. تا ماوەی دوو ساڵ کوڕی خاڵەکەم بەرپرسم بووە، پاش ماوەیەک بەرەو رووی یەکێکی دیکە کرامەوە ناوی عارفە سوور و خزمی ئەحمەد هەردی بوو. عارفە سوور لە خەستەخانەی سلێمانی برینپێچ بوو، ئەو رێکخستنە بەناوی یەکێتیی قوتابیانی نەتەوەیی کوردەوە بوو، ئێمە سێ چوار کەس بووین دەچوینە ماڵی کاک عارف. عارفە سوور کەسێکی کەمدوو بوو، لە رووی کۆمەڵایەتییەوە داخراوبوو، حەزی بە تێکەڵاوبوون و هاوڕێیایەتی کەس نەدەکرد، سڵاوی لەکەس نەدەکرد، ناسیاوی لەگەڵ کەسدا نەبوو، بۆیە لە دەرەوەی کۆبوونەوەکان وەک کەسێکی نەناسیاو خۆی پیشانی ئێمە دەدا، نەیدەویست کەس بەو پەیوەندییە بزانێت، کەوا ئێمە دەیناسین، تەنانەت پێی خۆش نەبوو لە رێگا و بانیش سڵاوی لێبکەین.
 
 ئەمەی خوارەوە ئەزمون و رای خۆمە، کە دەینووسم:
کۆبوونەوە و رێکخستنی هەموو حیزبەکانی کوردستان بەتایبەتیی لەو سەردەمەدا وەک پەروەردەی حوجرەی مزگەوتەکان وابوون. کە منداڵ بووم، دوو هاوین لای مامۆستا نەجمەدین مەلا، لە سابونکەران و لە کەشتیی نوحدا خوێندوومە، کەشتی نوحەکەی مامۆستا نەجمەدین مەلا، پێشکەوتووتر و زانستیانەتر بووە، وەک لە کۆبوونەوەی نێو شانەی حیزب و رێکخراوەکان، جگە لەوە جیاوازیی و لێکچوون لە نێوانیاندا زۆربوو، لە کەشتیی نوحەکەی مامۆستا نەجمەدین مەلادا، پشیلە تەراتێنی دەکرد، لەناو شانەی حیزبەکاندا تەنها چاوی پشیلە سیخورەکانی حیزب دەهاتن و دەچوون و تەماشایان دەکردی، زۆر جار لەو تەمەنەدا و لە کۆبوونەوەکاندا دژی پارتیی قسەم کردووە، پاش ماوەیەک لە دەمی هاوڕێ و دۆستی خۆم بیستۆمەتەوە، کە قسەکانی من گەیەندراوەتە دەم پارتییەکان، ئەمە وای لێکردم، گومانم لا دروست بێت و دڵم کرمێ بێت، هەرچەندە چەند جارێک ویستوومە وازبهێنم، بەڵام لەبەر کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیی لەگەڵ کەسی دڵسۆز و هاوڕێکانم، کە پێکەوە کارمان دەکرد، لەبەر ئەوان ماومەتەوە، ئەمەش بەشیکە لەو کەلتورە خێڵەکییانەی وای کردووە، بیروباوەڕ بکرێتە قوربانیی پەیوەندییەکان، ئێمەی هەرزەکار و میرمنداڵ لەو سەردەمەدا ئەوەندە لە سیاسەت گەیشتبووین و ئەوەندەمان لێدەزانی. ئێمەی گەنجی خوێنگەرم ئەوەندە ئەزمونمان نەبووە، تا قوڵتر بیربکەینەوە. ئەوەندەی لەو تەمەنەدا کەڵکم وەرگرتبێت، وەک کەسێکی نەتەوەیی بیری خۆم زاخاو دابێتەوە، مامۆستا نەجمەدین مەلا بووە، جگە لەوەیش ئەو قوتابخانەیەش بوو، کە شانسم هەبووە مامۆستای کوردپەروەر وانەیان تێدا گوتۆتەوە، لە پێش هەموویانەوە قوتابخانەی خالیدییەی سەرەتایی.
 مرۆڤ لە رێکخستنی حیزبەکاندا جگە لە کۆیلەبوون و بەپیرۆزکردنی فڵانە سەرکردە و رابەر هیچی دیکە فێرنابێت، ئەوەی فێردەبێت گوێڕایەڵیی و بەجێهێنانی فەرمانێکە، کۆبوونەوەی شانەی ئەو حیزبانە تەنها بریتیی بوون لە خوێندنەوەی کۆمەڵێک وتار لە سەر چالاکیی و رووداوی رۆژانە، هەروەها لەبەرکردنی چەند وشە و تێرمی سیاسیی، ئەندامەکان دەبوو وەک قوتابیی بینووسنەوە و لەبەری بکەن دوایی بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو هەر یەکە بیڵێتەوە، یان بەیاننامەیەک ئەگەر دەرکرابێت بزانرێت چەندە لێی تێگەیشتوویت و قسەی لەسەر بکەیت، هەندێک لەو بەیاننامانە دەبوو بچین بە دزییەوە بڵاوی بکەینەوە و لە دیواری گەڕەکەکان هەڵیان بواسین. کوڕی خاڵەکەم کە یەکەم رێکخەرم بووە، لە پۆلی یەک و دووی ناوەندیی بووم، چەند جارێک بەیان و نووسینی کاژیکی پێداوم بۆ ئەوەی لە ئاودەستی قوتابخانەکەمان، یان لە مزگەوتەکان بەجێی بهێڵم، تا شانسی ئەوە هەبێت ئەگەر یەکێک چوو هەڵیبگرێتەوە.
 لە دوای عارفە سووری خزمی ئەحمەد هەردیی لە بیرم نایەت کەسێکی دیکە بەرپرسم بووبێت، بەڵام لە خوار خۆمەوە بەرپرسی دەیان شانەی ئەو حیزبە بووم، وردە وردە دوایی پاش ماوەیەک ئیتر لەوە گەیشتم، کە بە پراکتیک رێکخستنێک نەماوە پێی بگوترێت کاژیک، چونکە هەموو کەسە ناودارەکانی ئەو پارتە، کە لە کوردستاندا بوون، وەک پێشتر باسم لێوەکردن زۆربەیان چووبوونە دەرێ و بووبوون بە پارتیی، یان کاریان بۆ دەزگای پاراستن دەکرد، هەموو ئەوانی تر ئاشبەتاڵیان کردبوو، کاژیک تەنها بە ناو مابوویەوە، کاتێک لە خوار خۆمەوە ئەو هەموو ئەندامانەی، کە من رێکم دەخستن و بەرپرسیان بووم، کەسانی خوێنگەرم و دڵسۆز و بەوەفا بوون، لەوە دەترسام ئەگەر ئەو راستییەیان پێ  بڵێن، تووشی نائومێدییەکی قوڵ و  کارەساتی تێکشکان و تێکچوونی باری دەروونی دەبن، چاوەڕوانی مەترسی خراپترم لێدەکردن، راست نییە کە دەگووترێت کاژیک هەڵوەشێنرایەوە و بووە پاسۆک، من تێیدا ژیاوم سەرکردەکانی کاژیک (جگە لە د. جەمال نەبەز، فەرەیدون عەلی ئەمین و یەک دوانێکی تر) هەر لەسەرەتاوە بزووتنەوەکەیان تەسلیم بە پارتیی کرد، ئەوەی بە پاکی مابوویەوە ئەو رێکخستنە پەرتە بوو، کە تا ئیستاش زۆربەی کەسایەتییەکان نە بوونەتەتە پارتیی و پاراستن و پیاوی بنەماڵەی بارزانی.
 لە بەشەکانی داهاتوودا درێژە بە قسەکانم دەدەم، وەڵامی هەندێک لە قسەکانی عەبدوڵلا ئاگرین دەدەمەوە، باس لەوەیش دەکەم کە چۆن (شێرکۆی کوڕی هەژار موکریانی) پلانی دانا بۆ تیرۆرکردنم.
 بۆ بینینی تەواوی هەردوو دیدارەکەی د. عەبدوڵڵا ئاگرین کلیکی ئەو دوو ڤیدیۆیە 
 خوارەوە بکە:

زنجیرەی یەکەم:


زنجیرەی دووەم:




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە