مستەفای حەسەنە گەورە

مستەفای حەسەنە گەورە ئەندامی ستافی کوردستانپۆست و ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری بەرەی خەڵک، رۆژی (07 / 05 / 2020) لە وڵاتی دانیمارک بەهۆی نەخۆشی کۆڕاناوە کۆچی دوایی کرد.

https://www.facebook.com/profile.php?id=100063475880088


شەهید محمەدی حەسەنە گەورە کێ بوو؟ بەشی دووه‌م

Sunday, 25/07/2010, 12:00

1622 بینراوە


سەرەتایەکی پێویست
شەهید محمەد بەحەق لەڕووی سەربازیەوەکەسێکی لێهاتوو بوو،هەمیشە ئامادەی گیانبازی بوو ، هەمووشمان ئەو ڕاستیە باش دەزانین کەلەناو شۆڕش و پێشمەگەردا شتێک نەبوو ناوی پەروەردە کردن بێت،دەیان سەکردوەو فەرماندە خۆیان خۆیان پێگەیاندو ژیانیان بەخشی بە ئازادی کوردستان..
بەداخەوەش خەڵکانی هەل پەرست و ناپاک و جاش و جاسوسوکانی بەعس سود مەندی یەکەم بوون...
یەکەم چالاکی ناو شارو سەرەتای کێشەکان!
شەوێک سەهید محمەد نارنجۆکێکی دەستی هەڵدایە ناو ئەو ڕەبایەی کە لەسەر سەربانی فەرمانگەی بەرید بوو..
دوای ماوەیەک سەدان جاش لە جاشئاوای عەباس بایز دابارینە ناو سەنگەسەر و شەهید محمەدیان بینی بوو
بۆ ڕۆژی دوایی، یەکێک لەجاشەکان هاتوو ووتی. ئەمشەو تۆیان بینیوە، ئەگەر خۆت ڕزگار نەکەی بێ شک دەتگرن
شەهید محمەد چەند ڕۆژێک خۆی وون کرد و پاشان هیچ باس نەبوو. عەبابس بایز شکایەتی لێ دەکا لای ئەو فەوجەی گوندی قادر ئاوای سەروی جاش ئاوا.دوای نیوەڕۆیەک ئامر فەجەوکەو کۆمەڵێک سەرباز هاتنە سەرماڵمان و محمەدی برامیان گرت.
ئامر فەوجەکە کەناوی محمەد بوو تورکومانێکی کەرکوک بوو کوردی زۆر باش دەزانی، کاتێک لێکۆڵینەوەی لە گەڵ شەهید محەمەد دەکات، شەهید محمەد پێی دەڵێت کە ئەو ئاگای لەهیچ نیەو بەڵکو ئەو کێشەی لەگەڵ عەباس بایز هەیەو هەر ئەویش شکایەتی لێکردوە، دوای دوو ڕۆژ جارێکی تر ئامرفەوجەکەو هێزێکی سەربازی هاتنەوە ماڵمان و ماڵەوەمانیان پشکنی هیچیان نەدۆزیەوە..
دوای حەفتەیەک محمەدیان ئازاد کرد، ئامر فەوجەکە پێی ووتبوو لەماڵی خۆت دابنیشە من دەتوانم لە عەباس بایز بتپاریزم، وەتا من لێرە بم نایەڵم کەس بتگرێت..
دوای دوو ڕۆژ عەباس بایز شێتگیر بوو کە زانی محمەد نەگیراو سوور دەیزانی کە محەد ئەو شەوە نارجۆکەکەی کێشاوە بە ڕەبایەدا کەچەند سەد مەترێک لەماڵەکەی ئەو دوور بوو..
ئێوەارەیە کۆمەڵێک جاشی عەباس بایز دەچنە دوکان بۆ لای محەمەد پێی دەڵێن کە لە ئیسخباراتی قەڵادزی داوات دەکەن لەوکاتەشدا عەباس بایز لەپێشی شۆفرلێتەکەدا دەبێت تەنیا جاشەکان دادەبەزن.. محمەدیش دەڵێ من لەگەڵ ئێوە نایەم ئەگەر ئیسخیبارات دەیەویت من بگرێت ئەوان خۆیان دەتوانن ئەو کارە بکەن..
شەو محەمەد زۆر نیگەران بوو، ووتی حەتمەن بەیانی دێن و دەمگرن، بۆ بەیانی کاتژمێر شەشی بەیانی بوو، کاتێک خەبەرم بۆوە شەهید محمەد لەخەو هەڵسا بوو خۆی گۆڕی بوو وەک ئەوەی چاوەڕوانی گرتنەکەی بکات، منیش پرسیارم لێکرد بۆچی ئاوا زوو هەستاوویت، ووتی من دڵنیام بۆم دێن قسەکانمان تەواو نەکرد شۆفرلێتە زەردەکەی عەباس بایزو ئیستخیبارات بەبەردەم ماڵمان تێپرێن بەروە ماڵی مامۆستا ئەمینی برام، محمەدی برام ووتی بڕۆ ڕاکە سەیر بکە بزانە چونە سەر ماڵی کاکم، ڕام کرد بەروە ماڵی کاکم بەبێ ئەوەی جاشەکان بم بین و بەڕاکردن گەڕامەوە بۆلای شەهید محەمەد ووتم بڕۆ ڕابکە ، ووتی وا دەچم بۆ لای ماڵی (خ.ع)هێندەی نەبرد جاشەکان بەرەوە ماڵی ئێمە هاتن مامۆستا ئەمینیان گرتبوو، یەکێک لە جاشانەی کەلەپێش شۆفرلێتکەو ئەفسەرێکی ئیستخباراتی لەگەڵدا بوو برایم کوڕی ئاغا سـمێڵ بوو، گەرچی برایم پێش ئەوەی ببێتە جاش هاو پۆلی یەکتر بووین و سەدجار هاتبۆوە ماڵمان و چوو بومە ماڵیان زۆر بێ شەرمانە ووتی کوا محمەدی برات منیش خۆم کردوە نووستو وەک ئاگام لە هیچ نەبێت ووتم دیارە چۆتە دەرەوە بۆ دوکان کردنەوە!!
مامۆستا ئەمینی برامیان لەگەڵ خۆیان برد، منیش دواتر چووم بۆ لای فەوجەکەی قادر ئاوا ، بە ئامیر فەوجەکەم ووت کەمن برای محمەدم و ئەم بەیانیە جاشەکانی عەباس و ئیسخیبارات هاتوونە سەرماڵمان و مامۆستا ئەمینیان گرتوەو محمەدیش خۆی شاردۆتەوە..
ووتی خەمت نەبێت ئێستا خۆم دەچم بۆ قەڵادزێ و کاکت ئازاد دەکەم..
لەڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە لە نزیک جاش ئاوا ، جاشەکانی عەباس بایز هاتنە پێش ئۆتۆمۆبیلەکەو ڕایانگرتم
یەکێکیان سەری هێنایە ناوەوەو سەیری کردم، منیش لەداخانا ووتم مەترسە محەمەد نیم..هەر ئەوەندەم ووت و ئینجا هەموویان هاتن و ڕاپێچیان کردم بۆ ماڵەکەی عەباس بایز، عەباس لەدەرگا کە منی بینی چوە ژورەوە گوێم لێ بوو بە تەلەفۆن بە ئیستخباراتی قەڵادزێی ووت کە برایەکەیمان گرتوە ئەو محەمەدی گەیاندۆتە بناری قەندیل..
دوای کەمێک کۆمەڵێک جاش لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلەکەی خۆم سوار بوون ووتیان بڕۆ بۆ قەڵادزێ..
لەناو سەنگەسەر داوام لە جاشێکیان کرد کەلای ماڵی خۆمان بوەستم و پێیان بڵیم کە منیشیان گرتووە..
باش بوو ڕیگەیاندام، کە گەیشتمە ناو ئیسخباراتی قەڵادزێ ئەفسەرێک چاوەڕیی دەکردم..
هەندێک زانیاری لی وەر گرتم ، پێم ووت کەمن ئاگام لە هیچ نیەو دوێنی لە تاقی کردنەوەی پۆلی شەشی ئامادیی هاتوو مەوە، ئینجا پرسی ئەی بەم بەیانیە بۆ چویتە بناری قەندیل، ووتم تەنیا چووم بۆ لای ئامر فەوجەکەی قادر ئاوا دەتوانی خۆشت پرسیاری ئەوە بکەیت،،
ئەفسەرەکە یەکسەر ڕای گۆڕی و بانگی دوو سەربازی کرد ووتی بیبەن بۆ ئەو ژوری چاوڕوانی و زیندانی مەکەن..
ئەوسا بیرم کردوە کە ئەفسەرێکی ئیستخباراتیش لە جاشەکان شەریف ترەو ئەوانیش بەچاوێکی سوکەوە سەیری جاشەکانیان دەکرد، کە هاوزمانەکانی خۆیان بەگرت دەدەن لە پێناو پارەو ئافەرینێکدا!!
دوای ماوەیەک بانگیان کردم و مامۆستا ئەمینی برام لەگەڵ ئەفسەرێک و ئامر فەوجەکەی قادر ئاوا لەوێ بوو ، هەردوکمانیان ئازاد کرد هاتینەوە بۆ ماڵەوە ، ئامر فەوجەکە ووتی بە محەمەدی براشت بڵێ با بێتەوە دوکانی خۆی بکاتەوە کەس ناتوانێت بیگرێت..
عەباس دوای ئەوەی نائومێد بوو لەبەگرتدانی محەمدی برام کەوتە شانۆگەیەکی تری قێزون.. ویستی ئەم هەلە بقۆزێتەوە کە زانی ئامر فەوجەکە لە پشویە شەوێک لە ڕیگای جاشیکی بەناوی س.پ موختاری سەنگەسەریان لەماڵەکەی خۆی شەهید کرد..
هەمان شەویش هاتبونە سەرماڵی ئێمە بەبیانووی ئەوی کەئەو موختاری شەهید کردوە، جاشەکان محمەدی برامیان لەگەڵ خۆیان بردبوو، لەڕێگا لای دایرەی بەرید محەمەدی توانی بووی بچیتە ناو بریدو تەلوفۆن جێگری ئامر فەوجەکە بکات، کە ڕائیدێکی عەرەب خەڵکی بەغدا بوو، پێشتر ئامر فەوجەکە پێی ڕاگەیاندبوو کە ئەگەر محمەد توشی کێشە هات لەگەڵ جاشەکانی عەباس ئەوا هاوکاری بکات..
ڕائید حەیاوی بە جاشەکانی عەباس دەڵێت هەر ئێستا محەمەد ئازاد دەکەن، جاشەکان ناچار دەبن محمەد ئازاد بکەن...
دواتر من و مامۆستا ئەمین و محمەد، گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە تازە عەباس بایز دەست بەردارمان نابێت بڕیاری ئەوەماندا خانوەکەمان بفرۆشین و سەنگەسەر جێ بهێڵین..
مامۆسات ئەمین ووتی من ماڵەکەم دەبەم بۆ گوندی شەروێت کەلەوێ مانۆستا بوو.
منیش دەبوایە بچم بۆ موسڵ بۆ تەواو کردنی خوێندنەکەم محمەدی براشم ووتی منیش دەبم بەپێشمەرگە..
ئەوسا عەباس بایزو برایم ئاغایی ئامۆزای زیاتر لە هەزار جاشیان هەبوو..
ئیتر محمەد شەوانە لەماڵی خۆمان نەدەخەوت..
ئەو ڕۆژەی خانوەکەمان فرۆشت، هەمان شەو جاشەکانی عەباس بایز هاتنە سەر ماڵمان و مامۆستائەمین شەهید بوو محمەدی برام شێت گیر بوو، هەمیشە خۆی بەتاوانبار دەزانی و دەیی ووت مامۆستا ئەمین بوو بە قوربانی من، چونکە ئەوان بۆ کوشتنی مامۆستا ئەمین نەهاتبوون..
یەکەم هەوڵی تیرۆر کردنی عەباس..
دوای کەمتر لە مانگێک، شەهید محەمەد وەک پڵنگێکی بریندار کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ بەجلی ژنانەوە خۆی دەکات بەناو شارۆچکەی سەنگەسەر ،چاوەڕێی گەڕانەوەی عەباس بایز دەکات..
شەهید محمەد بەخت یاری نابێت و خەڵکێکی زۆر لێی کۆ دەبێتەوەو بەتایبەت منداڵان، پاشان یەکێک لە منداڵەکان هاوار دەکات کەو کەسە ژنی نیەو شێتیش نیە بەڵو ی پیاوانی لەبەردایە..
ناچار شەهید محمەد جلەکانی دادەڕیت و خۆی دەناسێنێت
لەکەمتر لە ١٠ خولەک سەدان جاش دەڕژێنە ناو سەنگەسە رو لە شارۆچکەیەکی ئاوا بچوک کاتژمێر سێی نیوەڕۆ محەمە دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات..
خەڵکی سەنگەسەر ئازاد بوونەکەی بە موعجیزە ناو دەبەن..
بۆ لەمەولا هەرژنێک عەباو پەچەی پێوە بوایە جاشەکان سڵینا لێ دەکردوە، بۆ بەیانی خەڵکی سەنگەسەرو جاشەکانیش بەسەر سوڕمان ترسەوە باسی ئەم ڕوداوەیان دەکرد..
دوای چەند ڕۆژێک شەهید محمەد لەگەل تاکە پێشمەگەیکدا خۆی دەکاتەوە بەناو سەنگەسەر داو دەکەوێتە کەمینی جاشەکان، لە ڕووبە ڕوونەوەی چەند سەد مەتری شەهید محمەد بریندار دەبێت، جارێکی تر دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات لەدەست جاشەکان..
بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی یه‌که‌م ، تکایه‌ کلیک له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ بکه‌:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=e3ad60da
ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە