گۆڕان..و سەردەشت .. و چەقۆ كولەكانى كەناڵی زاگرۆس

Thursday, 03/06/2010, 12:00

1016 بینراوە


یەكێك لە میكانیزمە هەرە بەهێزەكانى دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە هەموو جیهان دا, دروست كردن و خولقاندنی ئەو كەناڵ و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕۆشنبیرە قەڵەم كول و ناچیزانەیە كە لە ئیش كردنێكی بەردەوام دان بۆ پاساو دان و بەهانە بۆ هێنانەوەی خراپەكاری و خیانەت و گەندەڵی و كۆی چالاكی یە نامرۆڤانە و ناشارستانیەكانى سەرە زلەكانى دەسەڵاتى دیكتاتۆر.. كەم نین ئەو بەچكە سەدام و كۆرپە هیتلەریانەی كە لە سەدەی نوێ و لە پاڵ هۆشیاری و چاو كراوەیی هاوڵاتیان دا, هێشتا دەیانەوێ پەردەی تاریك و مۆركی بێ ئاگایی بە سەر هاوڵاتیان دا بدەن, و قەناعەتی لەرزیو و پەرستنى كوێرانەی دواكەوتو و مشە خۆرەكانیان تۆختر كەنەوە.. كەم نین ئەو دەهۆڵ كوت و زوڕنا ژەنانەی كە بۆ پاروویەك نانی ڕیسوایی خۆیان و هەڵوێستی پیاوانە و جوامێرییان دەدۆڕێنن..كەم نین ئەو دەست و دەمە چەپەڵانەی لە باوەشی لایەنێك دا جێگەیان نابێـتەوە و وەك لیپۆك هەر ڕۆژەی لەسەر پەتێك یاری دەكەن و هەر ساتەی هەواى دەهۆڵێك دەژەنن (هەر لە ئاغای لاریجانی بەڕێوەبەری زاگرۆسەوە تا كۆنە شیوعیەكانی تریش كە ئەمڕۆ لە كەناڵە هەزیلەكەیانەوە دەم لە ئازادی دەكوتن) .
ئەو شەپۆلی ناڕەزایی و تۆمەتباری یەی كە پاش شەهید كردنی سەردەشت عوسمان كوردستان و بەشێكی جیهانی گرتەوە..هیچی كەمتر نییە لەو خیانەتە یەك لە دوای یەكانەى كە بنەماڵەی بەرزانی بۆ بەهێزتر كردنی پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی خۆیان پەناى وە بەر دەبەن.. چونكە ئەمڕۆ لە سایەی دەست و قەڵەمی هەندێ ڕۆشنبیری جیددی ناوە و دەرەوەی وڵات, هاوڵاتیانی كوردستان فێری ئەوە بوونە چۆن پشت پەردەی ڕووداوە نهێنی و تەنانەت ڕووى سپی كاغەزەكانیش بخوێننەوە, ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو مێژووە شەرمن و تاڵەی دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی وەك پارتی لە چلەكانى سەدەی ڕابردووەوە تاوەكو ڕۆژگارى ئەمڕۆ پیادەی دەكات, بە هەمان پێوەری جاران دەیانەوێ خۆلأ بكەنە چاوی هاوڵاتیانی كوردستانەوە, و بەهانەی لاواز و تۆمەتی ژنانە بدەنە پاڵ ئەم لایەن و ئەو لایەن بۆ هێنانەوەی ئەستۆ پاكی لە ناو پەڕەكانى مێژوو دا.. من دەڵێم جێگەی شانازیەكی یەكجار پڕ شكۆیە و دەبێ ئەمڕۆ دەستی هەموو ئەو لایەن و كەسانە (لە پێش هەموویانەوە بزوتنەوەى گۆڕان) بە توندی بگوشین و هیواى دواڕۆژێكی پرشنگداریان لێ بكەین كە ئەمڕۆ دەیانەوێ چیتر خەڵكی كوردستان بە فێڵ و چەنەبازی و خورافاتی هەندێ دەهۆڵ كوت بڕوا نەكەن و لای خۆمانەوە هێڵی سوور بۆ هەموو ئەو بێ سەروبەری یە دابنێین كە كۆی كایە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و ئابووریەكانى كوردستانی گرتووەتەوە..
بێ گومان كۆكردنەوەی هەموو ئەو دەنگە نوساوانەی كە كەناڵی زاگرۆس پاش شەهید كردنی سەردەشت عوسمان پەنای پێ دەبا, و ئەو شەڕە دۆڕاوەى كە تەپڵی سەركەوتنی بۆ لێ دەدا, و ئەو (هەڵمەتی ئەستۆ پاكی) یەی كە دەستی داوەتێ, و ئەو تۆمەتانەی كە یەك لە دواى یەك ئاڕاستەی ئەملا و لای دەكات...یەكێكە لە بۆگەنترینی ئەو هەوڵە فەشەلانەی ئەم كەناڵە دەیەوێ ڕووی ڕەشی سەرۆك و هەموو ئەو دەستە گولانەی پێ سپی كاتەوە كە یاری بە چارەنوسی خەڵكانى ئەم وڵاتە دەكەن. (تكام وایە لە سەرانی سەرەوەی ئەو كەناڵە - بە تایبەتی ئاغای نیاز لاریجانی كە عەقڵی تەنها ئەوەندەی بەرنامەی من جیاوازم بڕ دەكات و هەر بۆ ئەو پرۆگرامەش گونجاوە- هەمان بەرنامە و چەلەحانێش بۆ ئەو دەهۆڵ كوتانە ئامادە بكات و ئەمجارەیان لەسەر خیانەتە یەك لە دواى یەكەكانى بنەماڵەی بەرزانی بوەستێت و یەكەمین بەرنامەش لە سەر دوایین خیانەتی ئاشكرای 31 ی ئاب بێت)..
فسكە فسكی (هەڵمەتەكانی ئەستۆ پاكی) كەناڵی زاگرۆس و پێشكەشكارە هەزیلەكەى بۆ ئەوەیە بە خەڵكی كوردستان بڵێن مافیاكانى پاراستن و سەرۆكی درۆینەی هەرێم دەستیان لە تاوانی شەهید كردنی سەردەشت دا نییە و لەوە پاكترن دەستیان بچێتە خوێنی گەنجێكی كوردستانەوە..بۆ ئەوەیە دەرگاى ڕەخنە و قسە كردن بە ڕووی هەموو ئەو كەسانە دا دا بخەن كە لە دۆخی ئەمڕۆی كوردستان ناڕازین و قبووڵی ناكەن بڵێین سەرۆك و دار و دەستەكەی سامان و پارە و ڕۆحی ئەم خەڵكە دەچننەوە و (حەرامیشە لە گولأ كاڵتریان پێ بڵێین)..فشەڵی ئەم (هەڵمەتی ئەستۆ پاكی) یە لەوە دایە كە ئەوە ئێمە نین لە پشت تیرۆر و كوشتن و فڕێ دانی جەستە گەنجێكەوەین كە دەستى بە پیرۆزییەكانی سەرۆك و خێزانەكەی گەیشتووە... بەڵام من دەپرسم كەسێك داواى كچەكەی سەرۆك بكات.. و بیەوێ وەزیری ناوخۆكەی لابەرێت و لە جێگەیدا باوكی دانێ, و مانگی هەنگوینیەكەی لە ماڵی براكەت لە ئەمریكا بەسەر بەرێت..و ببێتە هاوزاواى (نەی چێر) ی ئیدریس بەرزانى.. دواجار لە بن باڵی خۆشت دا بێت لە شاری هەولێر (كە گومانم هەیە لەوەی هەولێریەكان رۆژێك لە ڕۆژان هۆلاكۆیان بەزاند بێ و ئەمڕۆ لە ئاستی سەرانی بنەماڵە دا سەر شۆڕ بكەن) و گاڵتەی بە موقەدەساتی حیزبەكەت كرد بێت..بڵێی ئەحمەدی نەژاد یان ئەرۆدۆگان یان بەشار ئەسەد لە پشت كوشتنی ئەم گەنجەوە بن ؟؟؟

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە