بەبێ گۆڕان هیچ شتێك ناگۆڕێ...!

Friday, 03/07/2009, 12:00

2390 بینراوە


كوردستان وەك خاك و كوردیش وەك مرۆڤ، سەرەتای دەتسپێكی راستیەكی مێژوویین، بۆ بوونی نەتەوە و نیشتیمانیك. بەڵام مەخابن نەتەوەی كورد لە مێژووی كۆن و نوێدا، نەیتوانیوە لەو سنوورە جوگرافیایەیی كە پێیدەڵین كوردستان، بەئازادی بریار لەسەر ژیان و پێشەرۆژ و چارەنووسی خۆی بدات.
سەدەكانی رابردوو بەتایبەت سەدەی بیست، كەزۆرێك لە گەل و نەتەوەكانی دنیا، بە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان بە جۆرێك لە جۆرەكان شاد بوون و دەوڵەتە كۆلۆنیالیزمە ئاوروپیەكانیان ناچاركرد كە دان بە ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینیان بهێنن. ئا لەو دەمو ساتە هەستیار و خەباتی رزگاری گەلانەدا، گەلی كوردیش، بۆ خەباتی رزگاری لە داگیركاران، رووبەرووی گەلێك پێكدادان بووەوە، بەڵام نەیتوانی كە بە ئازادی و سەرفرازی خۆی شاد بێت، هۆكارەكان زۆرن، وەک ‌ناهوشیاری كورد، لاوازی هەستی نەتەوەی، سەر‌هەڵدنی بزوتنەوەكان لەژێر فەرماندەی سەركردەی نەگونجاودا، بێسەروبەری بزوتنەوبكان و بێبنەما لە رووی ستراتیژی و پلانەوە...هتد. ئەمانە و دەیان هۆكاری تر كە خوینەر بەئاسانی دەكارێت ئەژماریان بكات.
مەبەست لەم نووسینە باس كردنە لە هەلو پێشهاتەكانی كە دووای داگیركردنی كوێت و لەناوچوونی رژێمی سەددام و رووخانی دەوڵەتی ئێراق. مێژوو بەهەڵكەوت، بەخت و شانسی گەلی كوردی وەك كۆكتیلی میوە لە دەفری زێریندا خستییە سەر مێزی كورد، بەڵام مەخابن، لەو دوو دەرفەتە مێژووییە دانسقەیەدا، سەركردایەتی كورد بەتایبەتی یەكێتی و پارتی، نەك هەر وەڵامدەرەوەی ئەو دەرفەت و هەلانە نەبوون، كە گەلێكی بندەستی ئەنفالكراو بەرە و ئازادی و سەرفرازی بەرن. بەڵكو كاریان گەیاندە ئەوەی كە كەسایەتی تاكی كورد بخەنە سەتانی ژێر سفرەوە، سایكۆلۆژی تاكی كورد، هەپرونبه هەپرون بكەن و ئەنجامەكەشی كۆمەڵگەیەكی مشەخۆری هەژاری شەرمنی بێخەم لەبەردمی داگیركاراندا و دەركەوتنی چینێكی میلیۆنەری گەندەڵ، كە هەموو بەهانیشتیمانیكانیان وەلاوەناوە، ئالەم دەمو ساتەدا كورد هەلێكی تری زێڕنی بۆ هەڵکەوتۆتەوە ئەویش ئەو گۆڕانەیە كە زادەی ئەو نابەرابەری و گەندەڵی و هەژای و گوێنەگرتنەیە لە داخوازی زۆربەی چین و توێژەكان، كە ئەمرۆ گەلی باشوور بەدەستییەوە دەناڵینی. ئاخر ئەگەر گوێگرتن نەبێت، بەرپەرچدانەوە مافە. كاتیخۆی بەریتانیەكان بەبێ پرسكردن بەگەلی باشوور، بەبێ خواستی گەلی باشوور كوردستانیان بە دەوڵەتی ئەوسای تازە كورەی ئێراقەوە لكاند. بەم كارە نارەوایە، كە بەرانبەر بە گەلی كورد، ئێستاشی لەگەڵدابیت، ئەو تاوان و كوشت وكوشتار و ئەنفال و كیمابارانانە، هەمووی بەر‌ەمی ئەو پێوەلكاندن و زۆرەملەیەن، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەودەمە پرس بە كورد بكردراە، ئەنجامەكەی بەو جۆرە نەدەبوو، كە ئاماژم پێكرد. خۆ گریمان ئەگەر پرس بە گەلی كورد بكرایە و كورد بە خواستی خۆی پێوەلكانی لەگەڵ دەوڵەتی ئێراق بكردایە، ئەگەر ئەنجامێكی ئاوا نەگەتیفانەی لێبكەوتایەتەوە، ئەو كاتە گەلی كوردیش گلەوگازندی لەكەس نەدەكرد، چونكە خۆی بەرامبەر بەو ئەنجامە بە بەرپرس دەزانی. كەواتا پرسكردن بە هەر گەل و نەتەوەیەك لە مافی چارەی خۆنووسی و هەر پرسێكی ستراتیژی و چارەنووسازدا، مێتود و رێگا و كارێكی تەنروستە. بەڵام ئەوەی جێگای رامانە. پەرلەمانە ئێكسپایەرەكەی باشووری كوردستان، كە لەراستیدا نەك هەر بەسەرچوون، بەڵكو هەر لە سەرەتاشەوە ئەوانە نوێنەری چین و توێژەكانی گەلی باشوور نەبوون...! بەڵكو نوێنەری دوو حیزبی دەسەڵات بوون. ئەوەی گومان ناهێڵێتەوە، ئاخر بە چ مافیک پەرلەمانی ئێكسپایەر بریاری چارەنووسساز دەدات، وەك ‌هەمواركردنی یاسایەك كە هیچ تاكێكی كۆمەڵ تەنانەت، زۆربەی ئەوانەش كە بەناو خۆیان بە ئەندامی پەرڵەمان دەزانن، تا كو ئەو ساتەی كە دەستیان بۆ هەمواركردنی دەستوورەكەی پارتی و یەكێتی هەڵبڕیوە ئاگاداری ناوەرۆكەكەی نەبوون...!؟ یەكێكی تر لە تاوانكانی ئەم سەرا‌نە بێبەشكردنی هاونیشتیمان و هاوڵاتیانی دەرەوەی كوردستانە...!؟ پرسیارەكە ئەوەیە ئەز وەك خودی خۆم، بە میلیۆنانی وەك من كە ئێمە قوربانیان و رەهەندەكراوەكابی دەستی داگركارانین، بە چجۆرە بریار و مافێك سەرانی كورد، ئێمە لە مافی هاوڵاتی و بریاریكی ئاوا چارنووسساز، كە پەیوەندی بە پێشەرۆژی دەیان نەوەی كوردەوە هەیە بێبەشمان دەكەن...؟ ساڵەكانی هەشتا سەددام بریارێكی دەركرد، ئەودەم ئەویش لە هاوڵاتی بوونی ئێراقی بێبەریكردین، لە مافی هەموو شتێك،..! بەڵام ئەو كاتەش سوپاسی سەددامم كرد، چوونكە من هەركیز خۆم بە ئێراقی نەدەزانی و هەمیشە خۆم بە قوربانی دەستی داگیركار دەزانی... بەڵام ئێستا من لە ئاست ئەو تاوانەی دەسەڵا‌تدارانی باشوور و بێبەریكردنمان لە دینگدان و بریار لەسەر دەستووری كوردستان بێدەنگ نابم. من تۆڵەی خۆم دەكەمەوە، تۆڵەیەك نا (فیزیكی)، تۆڵەیەك كە هەرچەندە لە دەگدانێك كە مافی سروشتی خۆمانە بێبەرتان كردین، بەڵام تۆڵەیەكی دیمۆكراتیانە، هەربۆیەش وەك هاوڵا‌تێكی كوردستانی خۆم بە بەرپرسیار دەزانم كە بە دەیان دەنگ لە كوردستان كۆكەمەوە، لە پێناوی گۆران و ژیانێكی پاك و یەكسان و هاوماف بۆ ئێستا و بۆ داهاتو. ئێوە گەرەكتانە دەنگێك بتاسێن، دڵنیابن بە دەیان و بە سەتان دەنگی تر لەناو سندووقەكانی دەنگداندا رووبەرووتان دەبنەوە. ئەوانیش لە تۆڵەی بێبەڕیكردنی ئێمەی دوورە وڵات. پێتان دەڵێن: نا بۆ دەستووری پارتی و یەكێتی و بریاری داسەپاوی پەرلەمانی ئێكسپایەر.. با بۆ گۆران و دڵنیایی و ژیانی بەختەوەری بۆ هەموان.
زاگرۆس زەردەشتی
01.07.2009
سوێد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە