پێم دەڵێن لە پێناو (گۆڕان)دا قسە مەكە

Sunday, 10/05/2009, 12:00

1676 بینراوە


دوابەدواى ئەو نووسین و ریپۆرتاژ و بەرنامەى دیدار و قسەكردن لەسەر رەوشى ئەمڕۆى گۆڕانكاریەكان، لە رۆژنامەى (رۆژنامە) و كەناڵى (KNN) كە توانیویەتى خوێنەر و بینەر بۆ راستى رووداوەكان لە خۆى كۆبكاتەوە، لەم ئان و ساتى نزیك بوونەوەى تاقى كردنەوە بە كەللۆرییەكەى نێو گۆڕەپانى سیاسیى هاتۆتەئاراوە، لەملاولەولا وەك نەخۆشیەكى (هستریا) لە ئاست هەڵدانەوەى رووداوەكان دەستپێكرد، كە ئەم هەنگاوەش دووبارە خۆى لەو شەڕەنگێزیەدا دەدۆزیەوە، كە جارێكیتر ببێتە پەرچەكردارێك بۆ تێكدانى بارى ئارامى رەوشەكە و دواتریش دەستى چەوری خۆیان بەسەر كێشەكەدا بسڕن، هەمیشە ئەم جۆرە كارانە لەو دەسپێكەوە روودەدات، كە كاتێك بەرامبەرەكەت هەست بە كەمى دڵسۆزى خۆی و ئەو كردارانە بێت كە لە بنەڕەتدا وانین، بەڵام بە قسە هەمیشە دەیانەوێت كۆمەڵگا واتێبگەیەنن، كە ئەمان لە پێناو كۆمەڵگادا هەردەم فریادڕەس بوون! كاتێكیش قسە لەسەر راستیەكان دەكرێت، ئەوا دەیكەنە ئەو جەنگى (واترلۆ)یەى كە مێژوو باسى لێ دەكات.
ماوەیەكیشە بەندەى خۆتان بە ئاشكرا قسە لەسەر هێنانەكایەى (گۆڕان)ى سیستمى دەسەڵاتى سیاسیى و ئابوورى دەكات، كە بە مافى خۆمى دەزانم وەك تاكێكى كۆمەڵگا كە ئەم هەنگاوانەش دەسپێكێكى جددى بوونى دیموكراسیە لە هەموو كۆمەڵگایەكدا، كەچى لێرە و لەوێ هەندێ لە موریدەكانى سەر بە رێككەوتننامەى ستراتیژى، یا بە تەلەفون، یا دیتنى ناو بازاڕ لە پەنا و پێچەكاندا بە ناوى (دوو دەققە) بە روخسەتت لە چەند برادەرێكم جیادەكەنەوە و، لە ژێر درووشمى (بەینى خۆمان بێ و بۆ خوا پێت دەڵێم)، پێم دەڵێن: "تۆ كوڕێكى كۆنە پێشمەرگە و بە هەڵوێست و ئازیزى بە خوا حەزناكەین چیتر لەسەر (گۆڕان) و گۆڕانكایەكان قسە بكەیت"، من بۆیە تاكو ئێستا قسەم نەكردووە، دەمویست بەم چەشنە وەڵامێكى ئاشكراى هەموو ئەو (موریدانە)ى سەر بە رێككەوتننامەی ستراتیژى بدەمەوە، ئەو جۆرە كەسانە سەر دەلەقێنن، كە دەیانەوێت ئەم كۆمەڵگایە بەم شێوە بەردەوامیە غەرقى گەندەڵى بێت.
دەستى شكاوم لەم رۆژانەشدا كە لاپەڕەكانى رۆژنامەى (رۆژنامە)م هەڵدەدایەوە، دیتم ئاگاداریەكى بۆ نووسەران تێدایە كە فشارێكى زۆریان لەسەرە و نابێت نووسەر لە 700 وشە زیاتر بنێرێت، ئەمەش بۆ ئەوەى كە نووسەرانى تریش بێ بەش نەبن و بابەتیان بۆ بڵاو بوونەوە دوانەكەوێت، دەنا ئەگەر وانەبا خورشید و خاوەرێكى باشم وەكخۆى لەسەر هەڵوێستى ئەو جۆرە كەسانە ئامادە دەكرد، بەڵام بە هەرحاڵ ئێستاش دەمەوێت ئەوە بڵێم نووسینى نووسەرانى حیزبى سەر بە رۆژنامەكان و كەسانى بەرپرسى باڵا و مامناوەندیشیان، تا كاتى ئەم نووسینە بە رۆژ و بە شەو لە رۆژنامە و كەناڵە تەلەفزیۆنیەكانیاندا هەمیشە بەردەوامن لە قسەكردن بە شێوازى پڕوپاگەندە بۆ حیزب و لیستەكانیان، كەچى لەولاشەوە دەگوترێت: "تەنها لە 23ى 7ى 2009ەوە قەوارە سیاسییەكان بۆیان هەیە كە پڕوپاگەندە بۆ لیستەكانى خۆیان بكەن"! پێش ئەم دەنگۆیە هەركاتێك باسى گەندەڵیت بكردایە، دەیانگوت: "كێ بەڵگەى پێیە"! ئاخر لەوەزیاتر بەڵگە دەبێت چى بێت، كە بەرپرسێك لە قائیمەى وەهمى 15 حیمایەى بۆ خۆى نووسیوە و سیانیان لەگەڵ خۆى دەگێڕێت! كادیرى حیزبى 3 ئەرزە وەردەگرێت و فەرمانبەر چاوى زەققەى دێت، باس لە نەهێشتنى فرە ژنى دەكرێت و كەچى كاكى بەرپرس دوو دوو ژن دێنێت، ناو بڵێم! نەكەى توخوا ناتوانم رەفتى كەفیلیت بۆ بكەم. دەڵێن مالیكى رێگرە لە ئاست كێشە هەڵپەسێراوەكاندا، كەچى لە هەرێم زەوى بۆ دارودەستەى دابین دەكرێت! لە هەڵبژاردنى پێشوو لە عەنكاوە دەنگ دەدرا بە لیستى (ئەیاد عەللاوى) و كەسیش پێش هەڵبژاردن دژى نەدەوەستا، ئەى ئێستا خێرە دژى لیستى گۆڕان دەبن! لە پەرلەمان باس لە خەتەنەى كچان دەكەن، كەچى (كەركوك و موسڵ و خانەقین) خەتەنە كرا كەس هەڵوێستى نەبوو! دەڵێن "گەندەڵیەكان چین؟"، ئەمە گەندەڵى و خۆ سەپاندن نییە، كە بە ناخونوكیش بێت ئێوە بە رۆژ و بە شەو لە قسە و بەرنامەكانتاندا، كە هێشتا وادەى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنەكان دەستى پێنەكردووە، بۆ خۆتانى بە حەڵاڵ دەزانن و بۆ لایەنەكانى دیكەش بە حەرام! ئێوە ئەگەر هەست بە كەمى بوارەكانى كاركردنتان نەكەن، بۆ لە ئێستاوە وەك (نورى پاشا) تۆقیون و بە راست و بە چەپ، هەڵپە هەڵپى پڕوپاگەندەتانە، ئاخر چۆن قسە نەكەم!
[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە