ئەم سەرۆکی هەرێمە عالە عال!

Wednesday, 21/04/2010, 12:00

1603 بینراوە


خەڵکینە ئەمجارەش وەك جارەکانی تر ئێوە هەر دەنگ بدەن بە عالی جەنابی بارزانی بە مەسعودی 31 ئاب بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ئیتر خەمی هیچتان نەبێت. چونکە جەنابی سەرۆك لە خەمی یەك بەیەکی چینو توێژەکانی ئەم وڵاتەدایە و هەمیشە لەگەڵ خەمو ئازارەکانیان ئەژی . جەنابی سەرۆك چونکە خۆی بە پێشمەرگە ئەداتە قەڵەم هەر بۆیەش لەخەمی زیاد کردنی موچەی پێشمەرگەو کەسوکاری ئەنفال و زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و هەمو چینو توێژەکانی کوردستان دایەو شەوو ڕۆژ لە دانیشتوانی هەرێم خافڵ نابێت و بەشداری خەم و ئازارەکانیانە ئەم سەرۆکی هەرێمە چونکە وەك ئیدعای بۆ ئەکەن لە ژێر ئاڵای کوردستاندا سەری لە هێلکە جوقاوە عالە عال ئەم سەرۆکی هەرێمە ئەوەندە مرۆڤ دۆستە ئەگەر بزانێت خێزانیكی هەژارو نەدار یان ماڵە شەهیدێك یان نانبڕاوێك نانی نیە بیخوات یان پێشمەرگەیەك تائەو موچەکەمەی ئەدرێتی ئەکەوێتە قەرزو سواڵکردن ئەویش بۆ ناڕەزایی دەربڕین شەوو ڕۆژێك مان ئەگرێت و نان ناخوات و پارە ناخاتە گیرفانیەوەو موچە وەرناگرێت زوڵم زۆرداری کردن لە خەڵکی ئەم هەرێمە لەلایەن جەنابی عالیانەوە قابیلی قبوڵ نیە. کاکە ئەم سەرۆکی هەرێمە جیاوازە چونکە هەمو کات دەنگی ئەخاتە پاڵ دەنگی هەمو ئینسانێکی زوڵم لێکراوو دیفاعیان لێ ئەکات. بەڵام تەنها هەتا ئەوکاتەی دەنگی پێدەدەن و داشی سوار ئەبێت ئیتر لەوە بەولاوە ئەو جەناب عالی سەرۆکی 31 ی ئابە لەبەر چنینەوەی دۆلاری نەوت و بەشە بودجە نەبێت کە هەڵدەسوڕێ و مەکینەکەی ئەبێت مەکینەی سۆپەر ئەگینا لە ئاست ئەو زوڵمو ستەمەی لە خەڵکی ئەم هەرێمە ئەکرێت نابیناو کەڕو لاڵ و گۆجو ئیفلیج ئەبێت و ئەبێتە مقەباو نوزەی لێوە نایەت . ئەوەتا لەماوەی ڕابوردو نانی چەندین کەسیان بڕی کەچی هەتا ئێستا تەنها جەنابی عالیان لیژنەیەکی پێکهێنا ئەو لیژنەیەش تا ئێستا هیچی بە هیچ نەکردوە وەك چۆن لیژنەی جاش و ئەنفالچیەکانیش کە حاکم ڕزگار سەرۆکی بو یان لیژنەی نەزاهەکەی پەڕلەمان کە بڕیار بو دزو گەندەڵەکان بداتە دادگا بو بە تڕی بن گۆم و تەنها بڵقێکی سەر ئاو بو. ئەم ماوەیەش چەقۆ وەشێن و شەقاوەکانی جەلالی کە ناسراون بەجل ڕەشەکان چەندین کەسیان بە ئاشکرا و بەنەهێنی تیرۆر کرد یان بریندار کرد یان فڕاندیانن بەڵام جەنابیان نەك نوزەی لێوە نەهات بەڵکو پێخۆشحاڵیش بو

ئەمجارەش هەر هەمان شەقاوەو چەقاوەسوەکانی جەلال پەلاماری ڕۆژنامە نوسان و قوتابیانی مانگرتویان دا سوکو سەلیمی ئەو باندەی جەلال و ئاسایش و بەناو دژە تیرۆر بەڕادەك بو لەبەر چاوی کامیراکاندا پەلاماری خوێندکارە کچەکانیشیان دا هەندێکیان خۆشیان ئەنا بەخوێندکارە کچەکانەوە بەڵام جەنابی عالی سەرۆکی هەرێم پێئەچی شەحنی تیا نەمابێت یان لەداخی ئەوەی زۆربەی زۆری خەڵکی سلێمانی دەنگی پێنەداوە بۆیە خۆی ناکات بە ساحەبی چونکە ئەو دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا نیەو هەر سەرۆکی هەرێمی هەولێرە وەك چۆن جەلالیەکانیش لە هەولێر سفری دوای فاریزەن. ئەگینا ئەمە چەندی بەچەند مەسعود سەرۆکی هەرێم بێو جەلال خوێنکارە گیراوەکان کە لەلایەن باندە مافیاکانیەوە لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان ڕاپێچی زیندان کراون ئازاد بکات. ئەمە ئەوە دەر ئەخات کە ئێستاش هەر لە زەمانی پەنجا بە پەنجا داین و هەر فیفتی فیفتیەکە دەور ئەگێڕێت . ئەم سەرۆکی هەرێمە ئەگەر گێلیش بێت خۆ بە دەیان ڕاوێژکاری هەیە لەبوارە جیا جیاکاندا و ئەو ڕاوێژکارانە لە بودجەی دزراوی میللەت مانگانە چەندین ملوێن دینار ئەخەنە تەنگەی باخەڵیان ئەی ئەوان بۆ بە ئاگای ناهێنن تا لەسەر ئەو زوڵم و ستەمەی لەلایەن باندەکانی جەلال و تەنانەت باندەکانی خۆشیانەوە لەدانیشتوانی ئەم هەرێمە ئەکرێت بێتە جواب.؟ دەشڵێن ئەم سەرۆکە عالە مانگانە 4 ملیۆن دۆلار موچەیەتی بۆیە ئەم سەرۆکە عالە عال هەر بۆ ئەوە باشە بە لێشاو دەنگی پێبدەن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە