کۆمپانیایه‌کیی فڕۆکه‌وانی درۆزن، پاره‌یه‌کی زۆر ده‌سه‌نێت، له‌ کات و ڕۆژی خۆیدا گه‌شتیاره‌کان‌ به‌ڕێ ناکات

Wednesday, 05.27.2009, 12:00

3474 بینراوە


کۆمپانیایه‌کی فڕۆکه‌وانی به‌ ناوی (Res Nu Aviation) کلیکی ئه‌و لینکه‌ بکه‌ بۆ سه‌ردانی ماڵپه‌ڕه‌که‌یان. http://www.resnu.org
ئه‌م کۆمپانیایه‌ له‌به‌ر ساخته‌چێتیی و ده‌ستبڕینی هاوڵاتییانی کورد له‌ لای خه‌ڵکی متمانه‌یان نه‌ماوه‌ و جێگای گومانه‌، که‌س ناوێرێت بلیتی هه‌ردوو سه‌ریان لێبکڕێت، جگه‌ له‌وه‌ی بلیته‌که‌یان دوو قات و سێ قات نرخه‌که‌ی زیاتره‌ له‌ شوێنی تر، به‌ڵام هه‌ندێ که‌س له‌ نه‌زانینی خۆیان تێده‌که‌ون و له‌وێ بلیت ده‌بڕن، شایانی باسه‌ ئه‌م کۆمپانیایه‌ وه‌ک باسده‌کرێ له‌ هه‌ولێر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌تایبه‌تی نێچیره‌ڤان به‌شی پشکی شێری تێدایه‌، کارێکی چه‌وت و ناله‌باری ئه‌م کۆمپانیایه‌ ئه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز ڕاستگۆ نییه‌ له‌ کات و شوێنی سه‌فه‌رکردن، به‌ ئاره‌زووی خۆیان کات و شوێن و بلیت ده‌فرۆشن، بۆ نموونه‌ کاتێک ده‌ته‌وێت له‌ فڵانه‌ ڕۆژدا بچیته‌ بۆ سلێمانی و له‌ و ڕۆژه‌شدا که‌ بۆت دیاری کراوه‌‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌، ئه‌وان بلیته‌که‌ت پێده‌فرۆشن و کاته‌که‌شت بۆ دیاری ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌چی بۆ فڕۆکه‌خانه‌، له‌ پڕ پێت ده‌ڵین کاته‌که‌ گۆڕاوه‌، له‌ بری سلێمانی ده‌چێته‌ هه‌ولێر، یان به‌غدا، نه‌ک ئه‌مه‌ کاته‌که‌ش ده‌گۆڕن دوای سێ چوار کاتژمێر چاوه‌ڕوانیی ، منداڵی وردیش له‌و ناوه‌دا له‌ برساندا هاوار و قیژه‌یان دێت، نه‌ک ئه‌مه‌ گه‌شته‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌شکێته‌وه‌ که‌ له‌ بری 5 کاتژمێر، گه‌شتیاره‌کان زیاتر له‌ 12 کاتژمێریان پێده‌چیت تا ده‌گه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ستی خۆیان، زۆربه‌ی خه‌ڵکی وا هه‌ست ده‌که‌ن، که‌ به‌ قاچاخ سه‌فه‌ر ده‌که‌ن.
ئه‌مڕۆ (27 05 - 2009) ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ هاوڵاتیانی کورد له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی ئارله‌ندای سوید، ده‌بوو کاتژمێر هه‌شت و چاره‌کی به‌یانی به‌ کاتی سوید، سواربوونایه‌، دوای چوار کاتژمێر و نیو بگه‌یشتنایه‌ته‌ سلێمانی‌، له‌ کاتی خۆیدا گه‌شتیاره‌کان چوونه‌ فڕۆکه‌خانه‌، ته‌ماشاده‌که‌ن فڕۆکه‌یه‌ک نییه‌ له‌و کاته‌دا هه‌ڵبستێت‌، له‌ بری ئه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن بۆ هه‌ولێر ده‌‎چێت، بۆیه‌ به‌ ناچاری گه‌شتیارانی سلێمانی و هه‌ولێرییه‌کانیان تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و به‌و نیازه‌ی کاتژمیر 9 و چاره‌ک بکه‌وێته‌ ڕێ به‌ره‌وه‌ هه‌ولێر،  به‌ڵام دیسان له‌مه‌شیاندا درۆ ده‌رده‌چێ، هه‌موویان تا کاتژمێری 1 ی پاش نیوه‌ڕۆ گلده‌ده‌نه‌وه‌ و به‌ فڕۆکه‌یه‌کی تر گه‌شتیاره‌کانی هه‌ولێریش به‌ره‌وه‌ سلێمانی ده‌به‌ن، له‌  کاتژمێری 8ی شه‌و فڕۆکه‌که‌ ده‌گاته‌ سلێمانی (ته‌ماشای لینکی فڕۆکه‌خانه‌ی ئارله‌ندا بکه‌).

http://arlanda.se

  گه‌شتیاره‌کانی هه‌ولێر سواری پاس ده‌که‌ن و بۆ هه‌ولێر به‌ڕێیان ده‌که‌ن ،واته‌ سێ بۆ چوار کاتژمێری دیکه‌شی بخه‌ره‌ سه‌ر.

ئیستا (Res Nu Aviation) سه‌رپێچی یاسایی زۆری کردووه‌ و به‌ڵێنه‌کانی خۆی به‌جێ ناهێنێت و درۆزن و په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵکی که‌وتوونه‌ته‌ شکاتکردن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کوردستانپۆپست په‌یوه‌ندی کرد به‌ هاوڵاتییه‌که‌وه‌، که‌ داوایاکی له‌و جۆره‌ی له دادگای‌ (ARN)ی تۆمارکردووه‌، ئه‌م دادگایه‌ تایبه‌ته‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ سه‌رپێچیانه‌، ‌ بۆ نمونه‌ وه‌ک ئه‌م کۆمپانیایه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، که چۆن‌ له‌ یاسا لاده‌ده‌ن و ده‌ستی هاوڵاتیان ده‌بڕن. هاوڵاتیی (ئارام) ده‌ڵێت: رۆژی 03 - -01 2009 له‌ هه‌ولێر له‌ ئیسکان له‌ شه‌قامی 60 مه‌تری له‌ کۆمپانیای ناوبراو بلیتی هه‌ردوو سه‌رم کری واته‌ (هه‌ولێر ستۆکهۆڵم و به‌ پێچه‌وانه‌)‌. ڕۆژی 20 01 2009 کاتژمێری 8:30 ی ئێواره‌ به‌ره‌وه‌ سوید به‌ڕێکه‌وتم، ده‌بوایه‌ له‌ رۆژی 17 04 2009 کاتژمێری 6ی به‌یانی به‌ره‌وه‌ هه‌ولێر بگه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام رۆژێک پێش ئه‌وه‌ بۆ دڵنیای ته‌له‌فونم کرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کاته‌که‌ ته‌واو دڵنیا بم، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا ده‌بوو ئه‌وان ئاگاداریان بکردمایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک به‌ سه‌ر گه‌شته‌که‌دا ڕووبدات، که‌ ته‌له‌فونم بۆیان کرد، که‌چی وتیان فڕۆکه‌‌‌ له‌و کاته‌دا نییه‌، به‌ڵام سێ مه‌رجت بۆ داده‌نێین، یه‌که‌میان سێ شه‌ممه‌ ده‌توانیت بچیته‌ هه‌ولێر، دووه‌م چوار شه‌ممه‌ بچیته‌ سلێمانی، یان مه‌رجی سێهه‌میان ڕۆژی هه‌ینی بچۆ بۆ به‌غدا، منیش پێم وتن: من بلیتی هه‌ولێرم بڕیوه‌، ئه‌و سێ مه‌رجه‌ چییه‌؟  ده‌بێت‌ له‌ 17 مانگا من بڕۆمه‌وه‌، بڕیاره‌‌ له‌ زه‌ماوه‌ندێکدا ئاماده‌بم، پێشوه‌خت خۆمم بۆ ئامده‌کردووه‌، ئه‌گه‌ر له‌و کاته‌دا نه‌بێت ئیتر من پێویستم به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌، پێیان وتم که‌یفی خۆته‌ و بڕۆ له‌ هه‌ولێر پاره‌که‌ وه‌ربگره‌وه‌، منیش وتم ئێوه‌ یه‌ک کۆمپانیان، له‌ هه‌ر شوێنێک ئۆفیستان هه‌بێت وه‌ک یه‌ک وایه‌، ده‌بێت ئێوه‌ پاره‌که‌م بده‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دامه‌وه، ئێمه‌ قاسه‌مان جیاوازه‌، ئیتر به‌ ناشرینی که‌وتنه‌ قسه‌کردن و وتیان  که‌یفی خۆته‌، چی ده‌که‌یت بیکه‌، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانزانی من وه‌ک خه‌ڵکی تر نیم و له‌ سه‌ر مافی خۆم وازناهێنم، هه‌ر به‌دواداچوونی له‌ سه‌ر ده‌که‌م، بۆیه‌ یه‌کسه‌ر په‌یوه‌ندیم کرد به‌ (ARN) ئیستا ئه‌وان لێکۆڵینه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ کێشانه‌ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌کو دادگایه‌ک ڕۆڵ ده‌بینێت و بڕیاری خۆی ده‌دات.
من لێره‌دا داوا له‌ هه‌موو هاوڵاتییکه‌ی کورد ده‌که‌م، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی له‌ سویدن، که‌ ئه‌م لاساریی و له‌ ڕێ لادانه‌ له‌ ڕه‌وشتیی کارکردنی ئه‌م کۆمپانییایه‌‌ فه‌رامۆش نه‌که‌ن، هه‌موو ده‌توانن داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌م کۆمپانیایه‌ تۆمار بکه‌ن و هه‌موو مافێکتان پارێزراو ده‌بێت، وه‌کوو پاره‌خواردن، کات گۆڕین، دواکه‌وتن و شتی دیکه‌.

کوردستانپۆست: داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌که‌ین که‌ له‌ شوێنی دیکه‌ هه‌وڵی کڕینی بلیت بده‌ن، چونکه‌ ئه‌م کۆمپانییایه‌ له‌ چاو کۆمپانیاکانی تر‌دا گرانتیین کۆمپانیایه‌ و په‌یمانی خۆیان بۆ گه‌شتکردنه‌که‌ش به‌جێش ناهێنن، وریابن و له‌ خۆتانه‌وه‌ گرفت بۆ خۆتان دروست مه‌که‌ن و خۆتان مه‌خه‌نه‌‌ داوای مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا.
ئه‌و کۆمپانیایه‌ ئه‌گه‌ر ویستیان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌موو به‌ڵگه‌کانمان له‌ لایه‌ و ئاماده‌ین به‌ره‌وه‌ ڕوو ببینه‌وه‌.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ سویدن ده‌توانن سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن، ڕاسته‌وخۆ ئیستیماره‌که‌ڕابکێشن و به‌ دوو دانه‌ پڕێ بکه‌نه‌وه‌، هه‌موو به‌ڵگه‌کانیش که‌ هه‌یانه‌ فڕێی نه‌ده‌ن و به‌ دوو دانه‌ کۆپی بکه‌ن و بینێرن.

http://www.arn.se/upload/Blanketter/blankett_resa.htm