پاساو هێنانەوە بۆ هەر هەڵەیەك دووبارەی دەكاتەوە

Tuesday, 09/08/2011, 12:00

1678 بینراوە




قسەیەكی نەستەق و جوانی كوردەواری خۆمان هەیە دەڵێت؛ لە ژیاندا نەنگی نیە ئەگەر لە بارودۆخێكی سەخت و پرمەینەتیدا بژیت،بەڵام شورەییە ئەگەر چەقی تێدا ببەستیت و هەوڵی خۆرزگاركردن نەدەیت و بێهودەیی زاڵ بێت بەسەر بیرو كار و كردەوەكانتدا .
میلە ت و خەڵكی عاقڵ پەند لە هەڵەی خەڵك و خۆیشی وەردەگرێت و، بە وردی لە هۆكار و دەرئەنجام و دەردانەكانی دەكۆڵێتەوە و، لێكۆڵینەوەی ورد و زانستی لەسەر دەكات و رێگا چارەی راست و بنەرەتی بۆ دەدۆزێتەوە و رێگە لە دووبارەبونەوەی دەگرێت .
گەلی وریا و زیندوو، سەركردەكانی بە زانستیانە هەڵدەبژێرێت و بیریان تیژە و گیانی لێبوردەییش تێیاندا زاڵ و نیشتمانی خۆیان خۆش دەوێت و نایكەن بە قوربانی كەسێتیەكی دیاریكراو یان كاریزمایەك یان حزبێك یان بەرژەوەندیەكی هەمەچەشنی تایبەت ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كە ئەوان هەڵە ناكەن، بەڵكو زۆرجاریش لەژێرباری سەختی سیاسی و ئابووریشدا دەناڵێنن، بەڵام ناوەستن چاوەرێی دەستی قەدەر بكەن، زوو بێ یان درەنگ خۆیان لەباری ناهەموار رزگار دەكەن ، بەڵام باجیشی دەدەن و بە ئاشكرا باس لە هەڵە وكەموكوریكانی خۆیان دەكەن و داوای لێبوردن لە زەرەرمەندان و خەڵك بە گشتی دەكەن و،لە بارەشدا متمانە زیاتر دەبێت و خەڵك بەگشتی خۆی بە خاوەن وڵاتەكەی دەزانێت نەك بەموڵكی كەسێك یان حزبێك .
لای ئێمە، تاكەكەس یان بنەماڵە یان حزب هەیە بەتەنها خۆی بە خاوەنی كوردستان دەزانێت و میلەتیش بە بەردەستەی خۆی . ئەوەیە چەقی هۆكاری راستەقینەی نەهامەتیە گەورەكەی كوردان، كە ئەرك و ماف بەسەر سەرجەم هاوڵاتیاندا دابەش نەبێت و خەڵك خۆشەویستی راستەقینەی نیشتمانی لە گیاندا سەوز نەبێت و هەمیشە ئەركێكی نیشتمانیی گشتی بە بێگاری بزانێت .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە، لەم رۆژانەدا گوێم لە بەناو خۆ بە سەركردەزانێك بوو دەیوت؛ كەس بۆی نیە ئامۆژگاری و رێنوێنی ئێمە بكات و، خۆمان دەزانین چی دەكەین و ئێمە پێش هەموو كەسێك لە هەڵە و كەموكورتیەكانی ئەم وڵاتە ئاگادارین وتا بتوانین ریفۆرم دەكەین، بەڵام ئەوەی نەدركاند كە بۆچی لەم ماوە دوورودریژەدا تا ئێستا باری سیاسی كوردستان چەقی بەستووە و گەندەڵی هەیە و هیچ هەنگاوێكی عەمەلیان بۆ چارەسەریەكان نەناوە و بەرژەوەندیەكانی خۆیان لە پێش هەموو شتێك دادەنێن. كە ئەمە لۆژیكی كاربەدەستانی ئێمە بێت، ئەی چی بۆ خەڵك دەمێنێتەوە، كە ئەوان دەسەڵاتدار و چاودێرێكی بیلایەن و راستەقینەن، كە هەر ئەوان بەتەنها بتوانن چارەسەر بۆ نەخۆشیەكان بدۆزنەوە و ،كە هەر ئەوان بتوانن بە دروستی كاروكردەوەی كاربەدەستان ببینن و بتوانن بە جوانی هەڵیسەنگێنن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە ، لە لایەكی ترەوە، ئەگەر لایەك خۆی بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چاودێر بزانێت ئەركی ئەوانیتر لە كوێ دەبێت و میلەت چیی بۆ دەمێنێتەوە .
بۆیە، دانپیانەنان و پاساو هێنانەوە بۆ هەڵەكان بە هەر شێوەیەك بێت و بۆ هەر مەبەستێك بێت، بواری دووبارەكردنەوەی زیاتر دەكات و میلەت لەو بارودۆخە سەختەی تێیكەوتووە چەق دەبەستێت و گیانی بێهودەیی لە هزر و فكری خەڵكدا پەرەدەسێنێت و بارودۆخە گشتیەكە لە جێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە، ئەمە ئەگەر پاشەكشەش نەكات .
لەم بارودۆخە گشتیەی كوردستاندا، فەزایەك دەبینین كە هەمیشە لە ململانێكاندا یەكێك خۆی بە سەركەوتو دەزانێت و ئەویتر بە دۆڕا و پەكخرا و و لە بیرو رەفتاری خۆیدا حیسابی بۆ ناكات و بە نەبوو لەقەڵەمی دەدات و وادەزانێت كە تەنها خۆی دەتوانێت كاروباری گشتی وڵات بەرێوەببات و ئەوانیتر نەزانن و، دابەش كردنی ئەرك و مافەكان بەحەرام دەزانێت، ئەمەش بۆ هەردوولای دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن راستە.
لەكاتێكدا وەزعی كوردستان لە حاڵەتێكدا بوو خۆپیشاندان و نارەزایی جادەی تەنیبووە وە و خەڵك قسەی خۆی كرد، ئۆپۆزسیۆن بوغرابوو و وای دەزانی ئەو خەڵكە هەمووی لایەنگر و هەواداری ئەون و دەسەڵات لە گیانەڵادایە و دەبێت حیسابی بۆ نەكات و بەرزترین مەرجی بەسەردا بسەپێنێت، نەك وەك ئەوەی لە رەفتارو ئامانجەكانیدا بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاوبێت، بەڵكو وەك ئەوەی هەلێكی باشی بۆ هاتبێتە پێشەوە بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆی لێبكاتەوە و، سەرئەنجام بەوحاڵە گەیشت كە دەیبینین. ئێستاش بەهەمان روحیەتی پۆپۆزسیۆن و زیاتریش دەسەڵات سبەیرۆژێ ناخوێنێتەوە و وادەزانێت هەمیشە بە هێز و رێگەی توندوتیژی و ترساندن و تۆقاندن لە لایەكەوە و دەستخستنە ناو كاروباری ئۆپۆزسیۆن و رازیكردنی لایەنێك و گرنگینەدان بەئەویتر و هەوڵی لەیەكترازاندنیان گرەوەكە دەباتەوە، وەك ئەوەی كێشەكان تەنها پەیوەندی بە ئۆپۆزسیۆنەوە بێت و خەڵك بێئاگابن لە بەسەرهاتەكان و كەس نارازی نەبێت . بەم رەفتارەش هیچ بوارێك نە بۆخەڵك نەش بۆ ئۆپۆزسیۆن ناهێڵێتەوە كە ئەركی راستەقینەی پێویستی خۆی راییبكات و دەرس و پەند لە هەڵەكانی وەربگرێت و،دەیەوێت بەهەمان دەردی خۆی بەرێت كە ئامادە نیە لەبەردەم خەڵكدا باس لە هەڵە گەورەكانی خۆی و كەموكورتیەكان بكات و داوای لێبوردن لە خەڵك بكات و رای خەڵك بۆ چارەسەركردنی پرسەكە وەربگرێت .
لەم حاڵەتەدا بۆمان دەردەكەوێت كە هۆكاری سەرەكی ئاڵۆزبونی كێشەكانی كوردستان نەبونی دامودەزگەییە لە بەرێوەبردنی كاروباری وڵاتدا و، هەمیشە فەرمانەكان لە لایەن تاكەكەس و حزب و میزاجی سەركردەكانەوە دەردەچێت و بەرژەوەندی تەسك دەیخەمڵێنیت و، خەڵكیش زرتەی چاوی دێت بێ ئەوەی دەستی لە هیچ بریارێكی كوردستاندا هەبێت كە پەیوەست بێت بە خۆیەوە .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە