كابینەى داهاتووى هەرێم لەنیوان حكومەتى هاوبەش و بەشداری پێكردن یا حكومەتى شەراكەت...

Monday, 04/11/2013, 12:00

1367 بینراوە






تا بەئێستا ڕادەگات لەفەرهەنگی سیاسیدا چەند چەمك و دەستەواژەیێك هەن لێرە و لەوێ لەلایەن كەسانێكى بەرپرس و باڵادەست چ وەكو حزبی دەسەڵات یا ئەوەیتر وەكو ئۆپۆزسیۆن بەكار دێ بێ ئەوەى بەجوانى خوێندنەوەى بۆ بكەن و بزانن چ مان و مەدلوولێكى هەیە و تا چەند خزمەت بەو ستراتیژییەتە دەكات كە ئەوان لەسەریدا ڕەو دەكەن، وەلێ بێ بیركردنەوە لە كرۆكیدا ڕەمەكى ئەوەى بێتە سەر زاریان نایگەڕێننەوە و دەیدەبڕن لەكاتێكدا بە وردبوونەوە لێی واتایەكى ئەوتۆت دەداتە دەستێ كە بۆ داهاتووى ئەو حكومەتەى لەدایك دەبێت، ئەو چەمكە كۆتایی بەهەموو هەنجەت و بیانووەكان دێنێ.

ئەوەتا یەك لەو دەستەواژانەى هەندێ سیاسەتوان تا بە چاودێری سیاسی و نووسەرانیش كە خوو و خدەیان پێوەى گرتووە كاتێك باس لە ئایندەى كابینەى هەشتەم دەكرێ پێیان وایە حزبەكان وەك لەسەر بنەمای حكومەتى هاوبەش بەشداری لەو كابینەیەدا بكەن لە ئان و ساتێكدا (بەشداریكردن) یا (بەشداری پێكردن) ئەو دەستەواژە بەبێ هیچ ئیستیحقاقاتێكى ئینتیخابی زیاتر بۆ ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە كە دەنگێكى ئەوتۆیان لەهەڵبژاردنەكان بەدەست نەهێناوە و لەلایەن لایەنى براوەوە وەكو خێر و خێرات ڕوویان لێ دەندرێت تا ئەگەر ڕازیبوون بەو بەشدارییە ئەوە وەزارەتێك یا چەند وەزارەت و چەندین پۆستى دیكەى ئیداریان پێ بدەن كە لە ڕوانگەى چەمكى(بەشداری پێكردن)ەوەیشدا تڕو منەتەكە بەئاشكرا دەردەكەوێ لەوەى: ئەوە منم دەتوانم لەو گەمەیەدا پێكتان بكەم و بەئارەزووى خۆم وەزارەت و شوێنەكانتان بۆ دیاری بكەم و هەر منیش دەتوانم هەر لەو گەمەیەدا بەشداریتان پێ نەكەم.. ئەو زاراوە زیاتر لەهەمبەر ئەوانە بەكار دێت كە لە كێبڕكێكانی هەڵبژاردندا نەیانتوانیوە ئەو ڕێژەیە بەدەست بێنن تا بەپێی قەبارەی خۆیان بەبێ منەت داوای مافی خۆیان لەو حوكمەتە بكەن كە زۆر جار لەلایەن پارتى فەرمانڕەواوە بۆ زۆر ئاڕاستەى چارەنووسساز بەلای خۆیانیان دەجولێنن ئەگەر حەزیش بەو ئاڕاستەیە نەكەن دەبێ بەناچاری پاڵپشتى و پشتیوانى خۆیان بۆ دەردەبڕن و تەنانەت لە ڕوانگەى دەنگدانەوە زۆر جار ناچار دەكرێن دەنگ بدەن بەو پڕۆژانەى خۆیان بە پەسەندی دەزانن با وەكو خۆیان(حزبی بەشداری پێكراو) باوەڕیان بەو پڕۆژەیەش نەبێت، دەبێ دەنگى بۆ بدەن.

هەر پارتێكى براوە دەبێ بەپێی قەبارەى خۆی لەهەر ڕوولێنانێكدا(تەكلیف) بۆ پێكهێنانى حكومەت تەنها لەچوارچێوەى دەنگەكانى بەدەست هاتووە پێداگیری و جەخت لەسەر حكومەتى شەراكەت بكاتەوە بەدەر لە خێرپێكردن بەڵكو بەپێی ئەنجامەكان و ڕێژەى ئەو كورسیەى بەدەستیان هێناوە وەكو مافێكى سروشتى بنەماكانى دیموكراسی داوای شەراكەت بكەن نەك بەشداریكردن و حكومەتى هاوبەش لەچوارچێوەى بەشدارییەكى ڕووكەش كە بەپێی خواست و ئاڕاستەكانى حزبی زۆرینە یا براوە چۆنیان بوێ ئەوان بڵێن: باشە بەسەرچاو پێی ڕازیبن، هەڵبەتە لەشەراكەتدا ئەو حزبە دەتوانێ ڕۆڵی كارا و كاریگەر بگێڕێ لەوەى پڕۆژەیەكی بەدڵ نەبوو دەنگى بۆ نەدات و بۆ زۆر بابەتگەلی دیكەیش نەكەوێتە ژێر كاریگەری حزبی براوەى یەكەم بەزۆر و بە پێفرۆشتنەوەى منەت بەسەریدا ناچار بكرێ بەپێی سیاسەت و ستراتیژی ئەو حزبە مامەڵە بكات، ئەوەش ئەو دەرەنجامەیە دەبێ لایەنەكان بە بوێرییەوە چ لایەنى براوە یاخود ئەوانەى وەك خێر بەشدارییان پێ دەكەن ئەو هەڵوێستە بنوێنن و بەهەموو لایەك بەو بیركردنەوە دەتوانن خزمەتی زیاتر بكەن و لە دیدگاری بیروبۆچونى زۆر و پڕۆژەى فرە ڕەهەنددا چ شتێ بۆ خێرو خۆشی كۆمەڵانى خەڵكە، دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە و ئەو بڕیارانە بدەن كە لە هەموو لایەكەوە دەست خۆشی لێ دەكرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە