ئه‌مانه‌ لە خەویشدا مۆتەکەن ... خەونی پێشمەرگەیەکی دێرین

Tuesday, 08/01/2013, 12:00

1526 بینراوە


لەسەر و بەندی هەواڵ و نووسینەکانی سایتەکان و کەناڵە ئاسمانیەکان لەسەر ڕەووشی تەندروستی سکرتیری گشتی ی . ن . ک و جێگرەوەی ئەم کەسایەتیە بووەتە گفتوگۆو شیکردنەوەی سیاسی لای هه‌مووان ، ئەوەی جێگەی سەرنجە جەنجاڵی مێشکمان وای کردووە بە ئاسودەی نەخەوین و خەوەکانیشمان لە گفتوگۆ و دانیشتنەکانمان تیکەڵ و پێکەڵتر بێت ..
لەم شەوانەدا خەوم بینی هەڵبەتە وەک خەوەکەی کۆلکە ڕۆشنبیرەکەی قەڵا و منارە فەرهاد پیرباڵ نەبوو کە لە خەویدا ببوە سەرۆک وەزیران لە هەرێمە بە ناو دیموکراسیەکەی کە جەنابی ئیدیعای بۆ ئەکات لەسەر دەستی سەرۆکی هەریم کە جێگەی فەخری ئەم کۆلکە ڕۆشنبیرەیە .. نا ئەوەی من خەوێکی زۆر جودا لە خەوەکەی ئەو بوو ..
لە خەومدا دنیا هەمووی خرۆشا بوو شاری سلێمانی لە ڕۆژانی 17 ی شوبات و رۆژانی دووایی دەچوو دەنگی تەقە و هاواری خەڵک لە گوێم نەدەبڕا بەلای خەستەخانەی فریاکەوتنی سلێمانیدا دەڕۆیشتم هەرژن بوو هەر کچ بوو بە چەپۆک بە خۆیاندادەدا یەک بۆ برای کوژراو و یەک بۆ کوڕی جوانەمەرگی دەگریا، چاوەرێ ی تەرمیان دەکرد بیان دەنەوە ، هەر سەیارەی ئاسایش و پۆلیس و جام ڕەش بوو بە شەقامەکاندا بە خێرایی تێدەپەڕین، هەموو سووچ و کۆڵانەکان پڕ کرابوون و تەندرابوون بە چەکدارە میلیشیاکانی کاتی خۆپیشاندانەکانی 17 شوبات، کە خۆیان بە پێشمەرگە ناو ده‌برد، کە زۆر بەداخەوە ئەو ناوە پیرۆزە ئاوا ناشرین کرا کە من خۆم زۆر شانازیم بەو ناوەوە دەکرد و ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە بووم و جوانی و گەنجی خۆم دەکردە قوربانی ئەو ناوە بەڵام مەخابن وەکو چۆن هیچ شتێکی جوانیان نە هێشت ئەو ناوە جوان و پیرۆزەشیان بەخۆیانەوە ناشرین کرد ..
بەڵێ لەو کاتەدا کەسێکی ناسیاوم بەرەو ڕووم ڕای کرد ووتی بە قوربانت بم فریام بکەوە کوڕەکەم گیراوە چووم بۆ ماڵەوە بۆ لات ووتیان چویتە دەرەوە بەلکو هیمەتێکم بۆ بکەیت منیش ووتم باشە ئێستا ئەچم بۆ (م . س) بزانم هەوڵێکت بۆ نادەم .. لەو کاتەدا بە سەیارەکەم دەڕۆیشتم وەکو ڕۆژانی دووایی 17 ی شوبات کوچە و کۆڵانی سلێمانی هەمووی تەنرابوو بەو هێزانە جادەی سالم لە لای پاڵاسەوە ئەمبەرو ئەبەر پڕبوو لەخۆپیشاندەر وە گروپ گروپ لە گەنجان و خۆپیشاندەر لەناو باخی گشتیەوە دەهاتنە دەرێ ناوە ناوەش ڕێژنەی گولەی بی کەی سی بەسەر خۆپیشاندەران دەهات لەسەربانی لقی 4 ەوە لەوبەر لقی 4 یشەوە گەنجێکی لە خەڵتانی خوێنی خۆیدا گەوزابوو، بە جامانەیەکی لە مل ئاڵاو لەسەر ئەرز کەوتبوو لە لقی 4 یشەوە بەرەو جادەی سەهۆڵەکەبە زریپۆش و پیکابەکانی ئاسایش گیرابوو ، هەر چۆنێک بێت بە کۆڵانەکانی عەقاری و گردی عەلی ناجی و زەرگەتە و بەختیاری خۆم گەیاندە (م . س) کە چووم لەو ناوە جەوێکی تر بوو پڕ بوو لە پاس لەو ناوەدا هەر کچ بوو دائەبەزی بە جلی کوردی ئاڵ وواڵاوە لە سەیرانەکانی دەمەو نەورۆز ئەچوو بەڕیز بەرەو دەرگای سەرەکی ئەچوون و بە پاسەوانێکی زۆر و سەیارەی جام ڕەش تەنرابوو کە زۆرێک لەو پاسەوانانە بە زمانی بادینی قسەیان دەکرد دیاربوو ئەمە هێزێکی نامۆن بە شاری سلێمانی ، منیش تەلەفونم بۆ برادەرێکم کرد هات بۆ لام کە بمباتە ژوورەوە بۆ سۆراغی کوڕی ناسیاوەکەم کاتێک کە چوومە ژورێ بینیم چەند وێنەیەکی گەورەی مام جەلال هەڵواسراوە و قردێلەی ڕەشی پێوەیە، لەتەنیشت هەموو وێنەیەکی وێنەی مەلابەختیار دانراوە بە قەدەر قەبارەی وێنەکانی مام جەلال ، بە برادەرەکەمم ووت شتێکی وابووە ئەمەوێت بچم بۆ لای مەلا بەختیار ووتی باشە بەڵام نابینیت چەند قەرەباڵغە ئەم خەڵکەی تۆ ئەی بینی هاتوون بۆ لای ئەو بۆ پیرۆزبایی کە بووەتە سکرتێری گشتی، ووتم ئەی کاک کۆسرەت ووتی کوڕە دیارە ئاگات لە هیچ نییە وەرە بچۆرە لای تۆش بەناوی پیرۆزباییەوە چیت ئەوێت پێ ی بڵێ ، کاتێک چوومە قاعەیەکی زۆر گەورەوە مەلابەختیار لەو سەرەوە وەستابوو بە دەستێک چاکەت و پانتۆڵی سپی سادەوە و شەپقەیەکیشی لەسەردابوو لەگەڵ جگەرەیەکی چرووتیشی بە دەستەوە بوو ئەم هەموو کچە جوانە بەبەردەمیدا دەرۆێشتن ئەویش جارجار دەستێکی بۆ بەرزدەکردنەوە دەور و بەرەکەشی کەسە نزیکەکانی خۆی بوون لە دەستی ڕاستی خەسووی کچەکەی هێرۆخان و شاناز و مێردەکەی د.لەتیف بوو لە دەستی چەپیشی کچەکەی و زاواکەی کاکە پاڤێل و حەمە سابیر بوو ئەو ووت بۆ وێنەی خێزانی وەستاون بیگرن پێکەوە لەو وەستان و ڕیزبوونە لە نزیکیان سێتێک پیاوی جامانە سوور وەستابوون بە تەنیشت یەکەوە لە قووتوی شەکر و چا ئەچوون یەک کورت یەک ناوەند یەک درێژ نزیک تربوومەوە بینیم نێچیرەڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و مەنسور بارزانی و ئەدهەم بارزانی لە تەنیشت یەک ڕیز کراون ، بەڵێ کە ئەو دیمەنەم بینی زۆر وەزعم تێک چوو ووردە ووردە نزیک بوومەوە خۆم گەیاندێ سڵاوم لێکرد بەسەر وەڵامی دامەوە هەر وەک ئەوەی نەمناسێ منیش زۆر بە تووڕەبونەوە ووتم توخوا عەیب ناکەیت بەم وەزعە ناخۆشەوە بەسەر ئەم شارەتاندا هێناوە شارتان خەڵتانی خوێن کردووە ئەمە بوو وەڵامی پیاوەتی و خەباتی ئەو خەڵکە ئاوا بەسەر کووت کردن وەڵامیان ئەدەنەوە ، جارێ عەیب نیە بەو جلانەوە تەقلیدی سه‌ددام ئەکەیتەوە هەر خۆتان لە شاخ لە هەشتاکاندا بە زنجیرە ووتارتان لە سەر سه‌ددام و جلەکانی دەنووسی کە ئەوە سەرکردەیەکی موراهیقە دیارە تۆش زۆر موراهیقی بۆیە برادەران پێت دەڵێن سیاسیە موراهیقەکە .. بەخوا ئەوەندەم ووت و بە پاسەوانەکانی ووت بیبەن بەشەق هاتن بۆم بە شەق و قۆنغە تفەنگ ، منیش هاوارم لێ کرد ووتم عەیبە بۆ تۆ کاتی خۆی گەورەترین خیانەتت لە یەکێتی کرد کە سجن بووی لە یاخسەمەر و نۆکان ئێمە ڕێزی دنیامان لێ ئەگرتی بەس لەبەرئەوەی ساڵانێک لە گەڵمان پێشمەرگە بووی ئافەرین ئاوا پاداشتی پێشمەرگەی دێرین ئەدەیتەوە هەر ئەووت لەگەڵ ئەویشم نیە بردیانم ، لەو کاتەی بەبەردەم ڕیزێک مەسئولدا بردیانم کاک عومەرفەتاح کالعادە بەپێوە نووستبو ئاگای لە هیچ نەبوو تا هاواری بۆ بکەم لەو لایەوە کاک کۆسرەتم بینی تەلەفونێکی بە دەستەوە بوو سەری لەگەڵدا بادەدا ڕووە و ئاسمان ئەوت شەبەکەی نییە بۆیە ئاوا دەکات هاوارم کرد ووتم کاک کۆسرەت ئیمە دلێکمان بە تۆ خۆش بوو بۆ قسەیەک ناکەیت ئەویش دووسێ جار ملی جوڵان وەک ئەوەی گوێ ی لێ نەبێت ئیتر بەبەردەمیاندا بەشەق بردیانم ڕووم کردە ئەرسەلان بایز ووتم کاک ئەرسەلان بۆ خاتری خوا فریام کەوە ئەویش لەجیاتی یارمەتیم بدات بە دەمە ناشرینە پەلە پەلە کەی دەستی بەرز کردەوە بەرەو دەرگاکە ووتی پۆلیس بانگ بکەن با ئەو سەگبابە بەرێتە دەرێ نەیزانی لە پۆلیس خراپتر ئەمبەن لە تەنیشتیەوە عیماد ئەحمەد وەستابوو ووتم کاک عیماد فریام کەوە بم بەن ئەم فەوتێنن کەچی ووتی فەردەی چی ، ئەم مردوو مراوە چەند ساڵە هەر کوردیەکەی باش نەبووە فەوتان بە فەردە تێگەیشت هەرچۆنێک بێت بردیانم بۆ ژێر زەمینێک هەمووی ژووری بچووک لەسەر ڕاڕەوێک بوون لەو ڕاکێشان و بردنەدابوو کەسێک هاواری لێکردم ووتی بە قوربانت بم من سۆرانی مامە حەمەم ئەوەتام ماووم کە چاویکم تێبڕی بلوسێکی سووری لەبەردابوو بە بەردەم خۆمەوە ئەمووت ئەیباشە ئەم سۆرانە ووتیان شەهید بووە و بە شەهیدی قەلەم ناوی نووسراوه‌، خۆ شوکور ماوە ، بردیانمە ژوریک فڕێیان دام سەیرم کرد بەرامبەرم کوڕێکی جوانی گەنج دەستی لەدواوە بەستراوەتەوە ڕووی لە دیوارەکە بوو ووتم کاکە گیان ناوت چیە لەسەر چی گیراوی بە کزیەکەوە ووتی ناوم سەردەشت عوسمانە لەسەر ئەوە گیراوم لەبەر ئەوەی لەنووسینێکدا ووتبوم ئەگەر کچی سەرۆکی هەرێم ژنم بوایە، نەم هێشت قسەکەی تەواو بکات ووتم ئەی تۆ ووتیان شەهیدکراوی من خۆم بەشداری ئەو ڕێپێوانەم کرد کە دژی شەهیدبوونت لە سلێمانی کرا ، ووتی نا ئەوە نییە ماوم، ووتم باشە تۆ بۆ لەسەر نوسینێک دەگیرێیت ئەوە نییە فەرهاد پیباڵ خەویشیان پێوە دەبینێ و خەڵات دەکرێ ، کاکە سەردەشت بە پێکەنینه‌وە سەیری کردم ووتی ئاخر ئێمە خاوەنی ئەو بە ناو نووسەر و ڕۆشنبیرانەین بۆیە ئەم دەسەڵاتە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر تاڵانی سامانی ووڵات ئەکەن ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت ئەمانە دەیکەن، لەم قسانەدا بووین پاسەوانەکان هاتن بانگیان کردم کەوتنە لێدان و سوکایەتی پێکردنم بەهەموو شێوازێکی لێدان سۆندە و کارەبا لێیان دەدام منیش لە تاو ئازار هاوارم ئەکرد جنێوم پێ ئەدان بە خۆیان و ڕابردوویان هەر هاوارم ئەکرد ئەو گۆرانیەم ئەوت بە دەم خۆمەوە ..

سەردەمانێک لەو ڕێگایە ماندوو نە ئەبوو یەکێتی
شێری مەیدان و کۆڵنەدان بوو یەکێتی
خەونی ڕەنجەران و کرێکاران بوو یەکێتی
دژی خۆفرۆشان و سەرمایەدار و بنەماڵە بوو یەکێتی
هێزی پشتیوانی چوارپارچەی کوردستان بوو یەکێتی
هەموو ئەمانج و تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بوو یەکێتی
خاوەنی هەزاران شەهید و زیندانیی بوو یەکێتی

کەچی ئێستا هەموو ئەوانە پێچەوانەکەی دەبێتەوە بە یەکێتی یەکێتی یەکێتی ....
کاتێک خێزانەکەم بەخەبەری هینام ووتی پیاوەکە ئەوە چیە ئەو هاوارهاوارەت لە چیە لە خەونیشدا هەر یەکێتیتە ، شایەتمانێکم هێنا ووتم ئای ژنەکە ئەمانە لە خەونیشدا مۆتەکەن ووتی چی بووە، ووتم بەیانی بۆت دەگێڕمەوە بەڵام پێشینان ڕاستیان ووتووە لە جێی سندان قوزەڵقورتە ، بنوو شەو شاد وەک ئەو میللەتە نووستوە ...

سلێمانی
8 / 1 / 2013
Twana Ahmad

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە