پیاوەكە موسڵمانەكە شوێنى دۆزەخە!

Tuesday, 20/11/2012, 12:00

1259 بینراوە




كورد دۆستى نیە 
ئەگەرچى بەرخودان و مانگرتووانى كورد لە زیندانەكانى باكوورى كوردستان و توركیادا پێدەنێتە مانگى سێیەمەوەو ژیان و تەندروستى مانگرتووەكان لە مەترسیى تەواودایە، ئەگەرچى راپەڕین و خۆپیشاندانەكانى گەلى كورد لەباكوورو باشوورو رۆژئاواى كوردستان و هەست و سۆزى هەموو كوردێكى جیهانى بۆ لاى خۆى راكێشاوەو كەم و زۆر لە زۆر شوێن و ناوچەدا، خەڵك رژاونەتە سەرشەقامەكان و نارەزایی بەرفراوانى لێكەوتوەتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە نەبوونەتە هۆى ئەوەى كە ئەم جیهانە پان و بەرینە بێنەدەنگ. ئەگەر مانگرتنى 700 مرۆڤى كورد، خۆپیشاندانى ملیۆنان كورد، ئەو هەموو زوڵم و زۆرەى كەدەرهەق بەمرۆڤى كورد ئەنجام ئەدرێت، ئەگەر ئەمانە جیهان بەئاگانەهێنێتەوەو نەهەژێنن، ئیتر دەبێت چ شتیكى دیكە ویژدانى جیهان بەئاگابێنیتەوە!؟ بۆیە بۆ جارێكى دیكە ئەوە سەلمێنرایەوە كە (كورد دۆستى نیە). 

مافى مرۆڤ و خوێنى كورد
وڵاتانى ئەمریكاو ئەوروپا، لەسەر كوشتنى پشیلەیەكیان، ئامادەن مرۆڤێك ساڵێك زیندانى بكەن، لەسەر كوشتنى هاوڵاتییەكیان، ئامادەن وڵاتێك خاپوور بكەن، بەڵام لەئاست تاوانەكانى توركیادا، دووفاق و بێشەرمن، قەزافى بە قەد ئەردۆگان لە گەلەكەى خۆى نەكوشتبوو، بەقەد ئەردۆگان هاوڵاتیانى خۆى زیندانی نەكردبوو، تەنها لەبەر ئەوەى قەزافى دژیانبوو لەناویانبرد، بەڵام ئەردۆگان چونكە هاوپەیمان و دۆستیانە، لەئاستى ئەو هەموو نەهامەتى و كارە نامرۆڤانانەى دەوڵەتى توركدا بەرامبەر بەكورد، بێدەنگ و بێهەڵویستن، ئەو هەموو دروشمە بریقەدارانەى وەكو (دیموكراسى و ئازادى و دادپەروەرى و مافى مرۆڤ..هتد) كە بەرزیان كردۆتەوە لاى ئەوان بە قەد بەرمیلێك نەوت نرخى نییە، لاى رۆژئاوایەكان، نرخى بەرمیلێك نەوت لەخوێنى هەزاران كورد پیرۆزترو گەورەترە!

برا موسڵمانەكان!
جیهانى ئیسلامى و وڵاتە عارەبیە موسڵمانەكان، دەبێت شەرم لەخۆیان بكەن و سەریان لەئاست قوربانییەكانى كورددا نەوى بكەن، رۆژانە بە بەرچاویانەوە ژن و منداڵى كوردى موسڵمان لەسەر مافەكانى، لەسەر خاكەكەى، لەسەر ئەو ماف و خاكەى كە پەرودگار پێی بەخشیوەو برا توركە موسڵمانەكان لێیانى زەوتكردوە، قوربانى ئەدەن، كۆمەڵكوژ دەكرێن، سەركووت و كەلەپچەو زیندانى دەكرێن، سەیرە، ژیانى سەدان مرۆڤى موسڵمانى كورد لە مەترسیدایە، كەچى برا موسڵمانەكان مێش میوانیان نییە! ئەو وڵاتە عارەبى و ئیسلامیانە، لەئاست بێدەنگى و بێهەڵوێستیاندا، دەبێت ئارەقى شەرمەزارى و روو زەردى بتكێنن، دیارە ئەوان تەنها بەناسنامەو ناو موسڵمانن نەك بە كردەوە.

پیاوەكە موسڵمانەكە شوێنى دۆزەخە!
ئەردۆگان بەو پێیەى كە سەرۆكى پارتێكى ئیسلامیەو ئەو پارتەیش حوكمڕانى وڵاتێكە، دەبێت پێش هەموو كەسێك ئەو ئایەتە جێبەجێبكات كە دەڵێت (وكرمنا بنى ادم) واتا (پەروردگار رێزى لە نەوەى ئادەم ناوە)، بەڵام ئەو سەرۆكە موسڵمانە كە فرمێسك بۆ منداڵەكانى سۆماڵ و غەزە دەبارێنێ، كەچى لەناو وڵاتەكەى خۆیدا منداڵى كورد خەڵتانى خوێن دەكات! ئەو كە دژى گەمارۆدانى غەزەیە، كەچى لەوڵاتەكەى خۆیدا سەدان مرۆڤ مانیان لەخواردن گرتووەو ئامادە نیە گوێ لە داخوازییەكانیان بگرێت. ئەگەر بەپێی ئەم ئایەتەبێت(ۆمَنْ ێقْتُلْ مُۆْمِناً مُتَعَمِّداً فَجَزَاۆُهُ جَهَنَّمُ خَالِداً فِیهَا ۆغَچِبَ اللَّهُ عَڵیْهِ ۆڵعَنَهُ ۆأَعَدَّ ڵهُ عَژَاباً عَڤِیماً(ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەردۆگان و دەستو پەیوەندەكەى جێگایان دۆزەخەو تاهەتایە لەناو ئەو ئاگرەدا دەسوتێنرێن و سزا ئەدرێن، لەبەر ئەوەى رۆژانە مرۆڤى ئیماندارى كورد دەكوژن تەنها لەبەر ئەوەى داواى ئەو مافانە دەكەن كە خوا پێداوون!.

تێبینى/
ئەم بابەتە لە ژمارە (927) لەبەروارى 14/11/2012 هاوڵاتى بڵاوبۆتەوە 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە