وەڵامێك بۆ روونكردنەوەكەی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

Friday, 02/04/2010, 12:00

1246 بینراوە


هەفتەنامەی رووبەر بەناڕەوا كرایە ئامانجی هێرشێكی نالۆژیكی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە كاتێكدا یەكێتی لە گۆڤاری گوڵان بە گلەین، بەڵام چونكە رووبەر وەك هەفتەنامەیەكی ئەهلی و ئازاد لە هەولێر دەردەچێت، دەكرێتە ئامانج و بە هێرشكردنە سەر یەكێتی و بەرێز مام جەلال و كابینەی شەشەم تومەتبار دەكرێت.

سەرەتا ئێمە بەداخەوەین كە ئەوە ناوەندێكی راگەیاندنە لەجیاتی ئەوەی رۆڵی هەبێت لە سازاندنی كەش و هەوایەكی تەندروست و پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان دەسەڵات و دامەزراوە مەدەنییەكان، بەڵام بەچاندنی تۆوی خانە گومانی و تۆمەتباركردن درزەكە گەورەتر دەكات. ئەگەر جگەلە مەكتەبی راگەیاندن، هەر ناوەند یان ئۆرگانێكی دیكەی یەكێتی ئەم هێرشە ناڕەوایەی كردبایە سەرمان بەئاسایی تر وەرمان دەگرت و وەڵاممان نەدەدایەوە.

ناكرێت پارتە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان هێشتا پێ لەوە دابگرن هەر جۆرێك لەمیدیا كە لەسلێمانی هەبوو بەموڵكی یەكێتی و ئەوەی لە هەولێر دەردەچێت بە موڵكی پارتی بزانن. ئەگەر لەو سۆنگەیەوە نییە ئایا كەش و هەوای نێوان گوڵان و كابینەی شەشەم، چ پەیوەندییەكی بە هەفتەنامەكەمانەوە هەبوو. پرسیارێكە و وەڵامەكەی لای مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی یە.

ئێمە لە هەفتەنامەكەمان لە ژمارەیەكەوە تا دواین ژمارە بەوپەڕی بێلایەنی و لەچوارچێوەی بەهاو یاسای رۆژنامەوانی كارمان كردووە، پشتمان بە وربینی بەستووە و هیچ رەخنەیەكی بێ بنەماشمان نەگرتووە و هەموو هەواڵ و بەداواداچونەكانمان بەوپەڕی پڕۆفیشناڵی بڵاوكردۆتەوەو خۆمان لە لەتەشهیر و ناوبانگ زڕاندن پاراستووە. كەچی وەڵامەكەی راگەیاندنی یەكێتی كە بە حیساب بۆ گوڵانە، بەڵام لەو هەفتەنامەیە زیاتر ناوی رووبەر دێنێت. بە دەرفەت وەرگرتن لەم دۆخەش هۆشداری بە رووبەر دەدات. ئێمە سەرتاپای تومەتەكانی راگەیاندنی یەكێتی رەتدەكەینەوە و خوێنەرانمان ئەو شایەتیەمان بۆ دەدەن لەماوەی كاركردنمان بەبێ جیاوازی لەنێوان دامەزراوە حزبی و حكومی و لەشكرییەكان رەخنەی لۆژیكی و بەبەڵگەمان گرتووە، نەك هێرشمان كردبێت.

ئەوانەی لە هەفتەنامەكەشمان كار دەكەن، كوڕ و كچانی میللەتەكەمانن و بەدڵنیاییشەوە نەتەوەی خۆمان خۆشدەوێت و كاریش بۆ یەكڕیزی نەتەوەیی و گوتاری تەندروست لە نێو ریزەكانی میللەتەكەمان دەكەین،دژی هاوپەیمانیەتی هیچ هیزو لایەنێكیش نین.

ئەم كاردانەوە بێ بنەمایەی راگەیاندنی یەكێتی لە ئێستادا و هەروەها لە پاشانیش یەكێتی یان هەر لایەنێكی دیكە بیەوێت بە چاوسوركردنەوە لە رۆژنامەگەری ئازاد و رۆژنامەنووسانی كوردستان پاشەكشە بە ئازادی رادەربڕین بكات، سەركەوتوو نابێت، چونكە ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان بەرهەمی رەنجی نەتەوەكەمانن، لایەنە سیاسییەكانیش لێ بەهرەمەند بوون .

بەڵێن بە خوێنەرانمان دەدەین ئەو پەلامارە رامانناكێشێتە ناو مەیدانی ململانێیەك كە خەڵكانێكی دیكە زەمەنێكە دەست و پەنجەی تێدا نەرم دەكەن و تیایدا شارەزان، بەوپەڕی سووربوونەوە لەسەرنەهجی خۆمان كە پیشەییبوون و رۆماڵكردنی پێشهاتەكان و دەرخستنی راستییەكانە بەردەوام دەبین .




جێگای ئاماژە دانە رونكردنەوەكەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی رۆژانی 30 و 31 /3/2010 لەسەرجەم دەزگا بینراو بیستراو خوێندراوەكانی ئەو حزبە بڵاوكرایەوە.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە