لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن (زنجیرەی چواردە)

Sunday, 26/10/2014, 12:00

4105 بینراوە


دوو سێ جار خەریک بوو لەسەر ووڵاغەکە دەکەوتمە خوارەوە، لە دواوە خەجە هەندێ تیبینی دەدامێ کە چی بکەم و چێ نەکەم..کابرای ووڵاغدار ووتی، کاتێ کە ووڵاغ بە هەوراز هەڵدەگەرێ، تۆ خۆت بەرەو پێشەوە بێنە قوپکی کورتانەکەی پێشەوە بگرە، وەکاتێ لە هەورازەکە دێتە خوارەوە تۆ دەستێکت بە پێشەوەی کورتانەکە بێت و دەستەکەی ترت درێژ کە بۆ پشتەوەو خۆت بە قوپکی کورتانەکەی پشتەوە بگرە، ووتم باشە، چی کە؟ ووتی هیچ. ووتم با من لەگەڵ خەجە سواری یەک ووڵاغ بین من لە پشتەوە ئەو لە پێشەوە، کابرای ووڵاغدار ووتی حای حای بۆ من ووڵاغەکەی خۆم لە چۆڵی دۆزیوەتوەتەوە هەی بەقوربانی بم ئەو شتە هەر نابێ. منیش هیج چارم نەبوو تەنیا ئامۆژگاری کابرام لە گوێ گرت، لە راستیدا ئەو دوو رێنمایە زۆر زۆر سوودمەند بوو بۆم.
لە رێگا تێبینیم کرد، کابرای ووڵاغدار زۆر کەیفی بە هێسترەکەی خۆی دەهات، خەڵکی دیهاتەکان پەیوەندیان لەگەڵ ئاژەڵ و سروشت بەهێز بوو، پەلەوەرو ئاژەڵەکانی خۆیان زۆر ئاگا لێدەبوو و بەدەوریان دەهاتن بە پێچەوانەی شارەکان. کابرای ووڵاغدار هەر زوو زوو دەستی بەلاتەنیشتی سەرەوەی رانی ووڵاغەکە دادەهێناو، دەیگووت هەی روحم بە قوربانت بێت هەی دەپەرێت مرم، ئینجا لەگەڵ ئەوە دەنگی بەرز دەکردوو دەیگوت یاڵەدەی بڕۆ ها ها ها هەک چەند نازدارە. من دوو سێ جار بەدەنگ پێکەنیم سەیرێکی دەورووبەری خۆمم کرد، پێشمەرگەکان لە هەورازەکە هەموی زۆر بە هیلاکی سەردەکەوتن و بەو سەرمایە عارەقەیان کردبوو، ئاورم دایەوە لە پشتەوە خەجە ووتی ئەرێ تۆ بەو وەزعە بە چ پێدەکەنی، منیش ووتم ئەی گوێت لەو کابرایە نیە چۆن خۆی بەقوربان و سەدەقەی ئەو ووڵاغە دەکا.
کە گەیشتینە سەر هەورازەکە، سەیرم کرد سەر لووتکەکان هەر یەکەو پێشمەرگەیەکی لەسەر بوو، دیار بوو مەفرەزەیەکی پێشمەرگە پێش هێزەکە بەرێکەوتبوون، بۆ پاسەوانی رێگاکە. ئیتر هەر رۆیشتین هەتا سەعات ٣، پێش ئەوەی شۆربینەوە بۆ رەزگەو مارەدوو، کاک نەوشێروان بە هەموومانی ووت لێرە ئیسراحەت دەکەین، دلاوەری برام بە هێمنی پێمی ووتی نا ئێمە دەڕۆین، کاک نەوشێروان هەستی کرد دلاوەر زیاد لە پێویست زاڵە لە سەرم، لێی تورە بوو ووتی ئەوانە گوناحن قاچیان رەق بووە لە بەیانیوە سواری ئەو ووڵاغە بوون و پێویستیان بە پشوو هەیە. کابرای ووڵاغدار ووتی کاکە گیان منیش ووڵاغەکەم دەبێ ئیسراحەت بکا. ئیتر ئێمە دابەزین، کە هاتینە خوارەوە لە ووڵاغەکە هەردووکمان هەر دوو قاچمان رەق ببوو، نەماندەتوانی برۆین، پێشمەرگە بە چیلکە ئاگریکیان کردەوەو چایان لێنا، کاک نەوشێروان هات بۆ لامان ووتی وەرن لە نزیک ئاگرەکە دانیشن ساردە، بەڵام دلاوەر نەی هێشت ئێمە لە نزیک ئەوان دابنیشین، من ئەو هەڵوێستەم پێناخۆش بوو بەڵام وەکو برایەک دەسەڵاتی ئەوم هەرگیز نەبوو.
کابرای ووڵاغدار پێش ئەوەی خۆی دانیشێ، جاری زوو چوو کەوتە مشوری هێسترەکان، کورتانەکانی سەر پشتی ووڵاغەکانی لابرد، قاچیانی بەرزکردەوە سەیری ژێر پێیانی کرد، کاو جۆ و ئاوی لە پێش دانان، هەندێ دەستی بە پشتیان داهێنا دوای خۆی دانیشت. من و خەجەو دلاوەر و کابرای ووڵاغدار پێکەوە دانیشتین دوور لە پێشمەرگەکان، بەڵام پێشمەرگەکان خۆیان چایان بۆ هێناین لەگەڵ هەندێ نانی ووشک، منیش ئەو پریاسکەیەی کە پێمان بوو پەنیرو هێلەکی کوڵای تێدا بوو، هەمووم دا بە پێشمەرگەکە ووتم ئەوە بۆ خۆتان ببە.
کابرای ووڵاغدار، کابرایەکی تا بڵێی سادەو ساکار بوو، هەرچی بەدەمی بهاتبا نەیدەگێراوە، کاتێ کە کوپە چایەکەشی بەدەمی وەدەکرد خورەی قورگی دەهات، کە تەواویش دەبوو لە قومڵیدانی چایەکە دەیگووت ئمتەح، بەدەم چا خواردنەوە ئاورێکی لە دلاوەردایەو پرسی ئێوە بۆ دەچن بۆ نیوزەنکێ؟ ئەویش پێکەنی ووتی ئەی چی بکەین، ووتی وەڵا لەو دێیانە دانیشە ژن بە ژنێ بەو خوشکەت بکەو بۆ خۆت دابمەزرێ، دلاوەریش پێی وابوو دەبێ بەگوێرەی عەقڵی کابرا وەڵامی بداتەوەو، ووتی ئێمە خەڵکی ئەو ناوچانە نین کێ ژن بە ژنێ لەگەڵ من دەکا. کابرای ووڵاغدار بە دلاوەری ووت حای حای لەوێ قسەیێ، جا پیاوێک خوشکێکی وای هەبێ چۆن بێ ژن دەمێنێ، وەڵا وەرە من خوشکی خۆم دەدەم بە تۆ، تۆش ئەو خوشکەت بدە بە من. دلاوەر ئەوەی لە خەیاڵی نەبوو لەو سات و کاتە و ئەو شوێنە ووڵاغدارێک قسەیەکی لەو جۆرە بێ بە دەمیا، دەماری گیراو سوور هەڵگەڕا ئاورێکی لێم دایەوە ووتی کوە لێی هەستمەوە بیدەمە بەر شاپان، منیش ووتم وازی لێ بینە ئەو بێ عەقڵە مە دوێنە. من و خەجە بەدزیەوە زۆر زۆر پیکەنین.
سەعاتێ ئیسراحەتمان کرد ئینجا دووبارە بەرێ کەوتینەوە. ئەوەی سەرنجی راکێشام لە رێگا جوانی سروشتی کوردستان بوو، هەوایەکی سارد، ئاسمانێکی شینی ساف، بۆنی خاك و خۆڵ، تولە رێگای باریکی قەد پاڵی بەرزایەکان و شاخەکان، دار بەڕوو، شاخی قەندیل هەر دەتگووت سوڵتانەو لەسەر کورسی دەسەڵات سەری بەرزکردۆتەوە و دانیشتوە و حوکمی ئەو ناوچانە دەکا، بە رادەێێ جوان بوو، رەنگی رەش و شینێکی تاریک بوو، سەری لووتکەکانی لە دوورەوە دیار بوو بەفر لەسەری کەوت بوو، ئەو خۆرە لەسەری پەخش ببوو دەتگوت زیوە بریسکەی دێ ، لە هەندێ شوێن شوێنەواری جێنشینی هەوارەکان دیاربوو، شوێنی رەشماڵەکانیان، ئاگردانەکانیان، پاشماوەی جلی منداڵەکانیان و شوێنی ئاژەڵەکانیان، شمشاڵی شکاویان و کۆنە تەپڵی بجووکی دڕاو، ئەو کات کوێستانەکانیان بەجی هێشتبوو بەرەو گەرمیان کۆچیان کردبوو. گلێنەی چاوەکانم یاخی دەبوون، بۆ چرکەیەکیش بنوقێن لە راست ئەو دیمەنانە، لە رادەبەدەر هەست و سۆزی دەبزواندم، دەمی بردەوە بۆ دونیای ناوەوەی خۆم و دەکەوتمە گفت و گۆ لەگەڵ ئەو ووڵاتە جوانەم، کوردستان ووڵاتە خۆشەویستە بریندارە پڕ ئازارەکەم، تۆ بڵێ رۆژێ بێت ئاڵای رزگاری لەسەر ئەو لووتکانەت هەڵدرێ و سەرفیراز بیت، تۆ بڵێ ئەو شۆرشە نوێە بتوانێ ئەو خۆزگەو هیواو ئاواتەی من بێنێتە دی؟
دونیا بەرەو تاریک بوون دەرۆیشت، وای لێهات بەزەحمەت چاو چاوی دەبینی، منیش هەر لەسەر ووڵاغەکە بووم، هەستم کرد ئەو ووڵاغەی کە منی لەسەر بووم و رێشمەکەی لەدەست کابرا بوو دابرابوو لە قافلەکە، من زیاتر بە پێش کەوت بووم بە رادەیەک هێسترەکەی خەجەی لەسەر بوو زیاد دوور بوو لێم نەمدەتوانی بیبینم، هەروها دلاوەریش لە پشتمەوە نە مابوو، بەڵام ئەوە هیچ نیگەرانی لا دروست نەکردم، گویم لە دەنگی کۆخە کۆخی بوو، من ناشارەزا بووم وام زانی کۆخە کۆخی پێشمەرگەکانە، کابرای ووڵاغداریش لە پێشەوە دەرۆیشت، بۆیە هەستم بەهیچ مەترسیەک نەدەکرد. هەر لە ناکاو گوێم لە دەنگی تەپەی پێیەک بوو لە پشتمەوە، هەستم کرد یەکێکە بۆ لای من بە پەلەپەل ڕادەکا، هەر ئەوەندەم زانی پێشمەرگەیەک لەوانەی خۆمان، رەشمەی ووڵاغەکەی منی راکێشاو لەدەست کابرای ووڵاغداری سەندەوە، بە هێمنی منی گەراندەوە بەرەو دواوە. کابرای ووڵاغدار شڵەژا، کە دوور کەوتینەوە چووینەوە سەر رێگاکەی خۆمان، پێشمەرگەکە یەک شەتخە تفی گەورەی لە دەمو چاوی ووڵاغدارەکە کرد، ئەو تفە ئەوەندە بە قینەوە كرابوو لایەکی دەم و چاوی کابرای پۆشی بوو، ئینجا پێشمەرگەکە بەدەنگی نزم ووتی ئەی سەگباب بۆ ئەو ووڵاغەت بەرەو رەبیەکانی سەر لووتکەکە دەبرد؟ ئیتر بەو تاریکیە من لە ووڵاغەکە هاتمە خوارەوە هەر لە شوێنی خۆم حەپەسام، ئاورم دایەوە پێشمەرگەکە بە قۆنداغی کڵاشنکۆفەکەی بەربۆتە گیان کابرای ووڵاغدار، تا هیلاک بوو لە کابرای هەڵدا، بەوەش نەدەوەستا دوای بە پێلەقەو شەقازلە کەوتە سەری پێ دەگووت سەگ باب ئەوە بۆ ئەو کچەت بەرەو رەبیەی حکومەت دەبرد، هەی سەگ باب دەتویست تەسلیم بە حکومەتی بکەی. ئینجا بۆم دەرکەووت تومەز ئێمە لە رەبیەی حکومەت زۆر نزیک ببووینەوە، ئەو کۆخە کۆخەی من گوێم لێبوو کۆخەی جاش و عەسکەری ناو رەبیەکە بوو، بۆیەش پێشمەرگەکەش بەبێ دەنگی رەشمەی ووڵاغەکەی منی راکێشا و بەبێ قسەکردن کەوتە گیان کابرای ووڵاغدار، ئێمە لەو مـشت و مرە ببوینەوە ئینجا دلاوەر و خەجەو پێشمەرگەکانی تر گەیشتنە لامان. پێم وانەبوو ،هەموو پێشبمەرگەکان و کاک نەوشێروان ئەو مەسەلەیان زانی، چونکە من تەواوەک دوورکەوتبوومەوە لێیان، لەو شوێنەش کەس نەدەبوایە دەنگ هەڵهێنێ لەبەر نزیکی لە رەبیەکانی حکومەت.
دوای کابرای ووڵاغدار سوێندی زۆرری خواردوو و ووتی، ئەو ووڵاغە کاتی خۆی لە رەبیەی جاش گیراوە، خۆی رێگاکە پێ دەزانێ بۆیە هەر بەو ئاراستەیە رۆیشتووە، منیش دونیا تاریک بوو بە تەواوی رێگاو بانەکانم نەدەناسیوە، خۆی تورە کردبوو گوایە غەدری لێکراوە، بۆیە لە نیوەی ریگا دەیەوێ بگەرێتەوە هێسترەکانیش ببا. بەڵام ئەو قسانە دادی نەدەدا پێشمەرگەکان ووتیان، ئێمە هەردوو ووڵاغەکە دەبەین هەتا ئەو کجانە دەگیەنینە سەرکردایەتی، پارەی ووڵاغەکانیشت نادەینێ، تۆ کەیفی خۆتە دەگەرێیتەوە یان ناگەرێیتەوە ملت دەشکاوچاوت دەردەهات، کە ئێمە گەیشتینە نیوزەنگ و کارمان بە هێسترەکان تەواو بوو ئەوا هەر لەوێ بەرەڵایان دەکەین..کابرا ووتی من ئەو هێسترانەم لە دایک و باوکی چاوی خۆم خۆشتر دەوێ چۆن بەجێیان دە‌ێڵم.
هێستر ئاژەڵێکی هەتا بڵێی زیرەگە، هەر شوێنێ پێدا رەت بێت دوای دەیناسێتەوە، ئینجا شارەزا دەبێ لەو رێگایە لە چ شوێنی هەڵدێرە، خزە، چاڵە و ترسناکە خۆی لێ لادەدا، هەروها کاتێ لە ئاوێک یان رووبارێک دەدا، دووەم جار دەزانی کام لای رووبارەکە مەترسی هەیە و دەبێ بە کوێ دابروا، لەو سەفەرە بۆم دەرکەووت کە ئاژەڵەکە لە سوارەکە زۆر زیاتر ووریای خۆیەتی و خۆی دەپارێزێ لە مەترسی. ئەمە ببوو بە نوکتە، هەر کاتێ پێشمەرگەیێ دەچوو لە ناوچەیەکی تر بار بێنی بۆ مەقەر دەیگووت رێگا شارەزا نیم، ئەوانی تر دەیان ووت گوێ مەدێ ئەوە نیە چاوساغێکت لەگەڵدایە، مەبەستیان هێسترکە بوو.
لەوێوە هێزەکە لای دا قەڵاتووکان مقەراتی پێشمەرگەی لێ بوو، من و خەجەیان بردبۆ ماڵێکی پێشمەرگە. ژوورێکی بچوکی تاریک بوو، دەرگایەکی بچووکی هەبوو دەبوایە خۆت بچەمێنیەوە ئینجا بچیە ژوورەوە، ژوورەکە لە قەدپاڵی شاخەکە بە شێوەیەک دروست کرابوو ئەرزەکەی خۆڵ نەبوو بەڵکو تێشە بەردی شاخەکە بوو، هیج شتیکی تیا دانەخرابوو، کۆرەیەکی دار لە ناوەراستی ژوورەکە دانرابوو، لەولاوە دیقەنم دا مەلۆتکەیەکی تازە لە دایک بوو، لە قورنەیەک لەسەر پەتوویەکی ئێجگار تەنک درێژ کرابوو، ژنێکی تەمەن ١٥ ساڵان و پیاوێک نزیک تەمەن ٣٠ ساڵان بەخێرهاتنی کردین، ژنەکە باڵاکورتێ بوو، دەموچاوێکی منداڵانەی سپی وەکو دەم و چاوی ئەو فریشتانە وابوو کە لەوێنە خەیاڵیەکان کێشرابوون، لەچکێکی رەنگاو رەنگی لەسەری پێچابوو. جلی کوردی ژنانەی رۆژهەڵاتی لەبەردابوو. بەزاراوەی ئەو ناوە قسەی دەکرد. لێم پرسی ئەو منداڵە هی کێیە؟ ووتی هی منە. ووتم تەمەنی چەندە؟ ووتی بیست رۆژ، ووتم کچە یان کور؟ ووتی کچە، ووتم ئەو منداڵەت لە کوێ هاتۆتە دونیاوە؟ ووتی وەڵا لەو ژوورە، ووتم کێت لابوو لە کاتی منداڵ بوون؟ ووتی پورەئێیشێ و مێردەکەم، ووتم نەترسای لە منداڵ بوون؟ ووتی ناوەڵا بۆ بترسم خۆ چێڵەکانیش هەر وا هۆدەدەن، پرسیم کەی شوت کردوە؟ ووتی پار، ووتم بەدڵی خۆت بوو،؟ ووتی ئەرێ وەڵا حەزمان لەیەک دەکرد. دوای تەواو بوون لەو قسانە، قاپێ نیسک دوو کەوچکی فافۆنی تیا بوو لە پێشی داناین لەگەڵ هەندێ نان و ئاو.
ئەو ژنە بە تەمەن تەنیا پەنزدە ساڵان بوو زۆر منداڵ بوو، بەڵام تا بڵێی ووریا بوو، دیار بوو زانیاری هەبوو ئێمە هەردووکمان لە رێکخستنەکانی شار کارمان کردوە، بووین بە پێشمەرگە و بەرەو سەرکردایتی دەچین. ئیتر کەوتە باسی ژنەکانی دانیشتووی بارەگاکانی سەرکردایەتی، ووتی ئەو ژنانەی ئەوێ وەکو من نین، منیش پرسیارم کرد ووتم بۆ؟ ووتی ئەوان هەمووی ژنی شارن و خوێندەوارن، خێزانی لێپرسراوەکانن، ژیانیان زۆر خۆشە، شیلانکێی ئاویان بۆ راکێشراوەتە ناو ماڵەکانیان، جلوبەرگی پۆشتەیان لەبەر دایە و زۆر لە خۆ بایین. منیش ووتم بۆ تۆ چووی بۆ ئەوێێ؟ ووتی بەڵێ چووم بۆ سەردانی کەس و کارم لە کانی زەرد، لە گەرانەوە چووم بۆ زەڵێ لە ماڵی هاورێیەکی پیاوەکەم چەند رۆژێک ماینەوە. ئیتر ژنەکە زۆر بەخراپی لەسەر ژنەکانی نیوزەنگ دوا، بۆمانی باس کرد کە رووناکی مەلا بەختیار بۆ منداڵ بوون چووە بۆ تاران و بە نەشتەرگەری منداڵی بووە و خەرج و مەخارجی هەمووی لەسەر شۆرش بووە. بۆم دەرکەوت کە ئەو ژنە هەموو قسەو قسەڵۆکی ناو بارەگاکانی سەرکردایەتی لایە، بەڵام قسەکانی ئەو ژنە ئاماژەیەکی بجووکی لە مێشکم دروست کرد، بەرامبەر سروشت و جۆری کەسایەتیەکانی ئەو شوێنەی بۆی دەجین چۆنە. دوای کە لە قسەکان تەواو بوو، ووتی بخەون ئێوە هیلاکن بەیانیش رێگەتان لەپێشە، ئیتر سۆبەکەی پڕی دار کرد، هەر لە سەر ئەرزەکە یەک پەتووی دا پێمان ئێمەش بەهەردووکمان بەکارمان هێنا. بەو جۆرە شەوی ٣٠لەسەر٣١ی ساڵی ١٩٨١ئێمە لەگەڵ ئەو ژنە لە قەڵاتووکان دانیشت بووین و شەومان بەسەر برد.
بەیانی رۆژهەڵنەهاتبوو ژنەکە نان و هەندێ ماستی بۆ داناین لەگەڵ هەریەکە پیاڵەیێ چا، ئەوەندەی پێنەجوو، پێشمەرگەیی هات بەدوامان، ووتی حازرن، دەبێ رێگاکە ببرێن پێش ئەوەی رۆژ بێتەوە، لەبەر ئەوەی هەندێ شوین هەیە رەبایەکانی حکومەتی لێوە دیارە، ئەگەر رووناک بێت تۆپ بارانمان دەکەن. بەو جۆرە رۆژی ٣١ی ساڵی ١٩٨١هەمووی بە رێگاوە بووین، شەوی سەری ساڵی تازەی ١٩٨٢ گەیشتینە نیو زەنگ، سەعات دەوری شەش یان حەوتی ئێوارە بوو، لە ماڵی دایکی کاک نەوشێروان دابەزین. لەو رۆژەوە هەردووکمان جلی کوردی ژنانەمان گٶری بە جلی خاکی پێشمەرگانە.

تێبینی یەکەم: لە پەرتوکی نووسەر نەوشێروان مستەفا، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن، لە لاپەرە ٢٣٢، باسی ئەو سەفەرەی تیادایە بەڵام ناوی ئێمەی تیادا نیە. هەر یەکێک تێبینی هەبێ لەسەر راستی ئەو رووداوە زۆر ئاسایە با بێتە دەنگ.
تێبینی دووەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخ کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.
ئو وێنەی سەرەوە لە راستەوە خەجە، لە جەپەوە خۆم ساڵی ١٩٨٢ لە توژەڵە گیراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە