هەڵوێستی هەلپەرستانەی یەکگرتوو و کۆمەڵ

Monday, 31/01/2011, 12:00

870 بینراوە


لە کاتێکدا گۆڕان وەکو ئۆپۆزیسۆنی ڕاستەقینە و لە هەستیارترین سەردەمی مێژووییدا زۆر بوێرانە لە ئاستی هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا وەستاوەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حوکمەتی کردووە، کە ئەمە هەم لەگەڵ ئامادەیی جەماوەری کوردستان بۆ ڕاپەڕین لە دژی دەسەڵاتی بنەماڵە و هەم لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵکی ستەمدیدە و ژێردەستەی وڵاتە دیکتاتۆرییەکانی وەک تونس و میسر و زۆری تردا هاوکاتە، کەچی یەکگرتوو و کۆمەڵ هەڵوێستی زۆر هەلپەرستانەیان نواندووە. بەیاننامەکەی یەکگرتوو بۆ ئەوە باشە وەک دۆکیۆمێنتێکی مێژوویی هەڵبگیرێت تاکو نەوەکانی دواتر بزانن ئەمە زەقترین نموونەی هەڵوێستی هەلپەرستانەیە. لە لایەک بە دەسەڵاتی وتووە ئەگەر تۆ نەڕووخایت ئەوە بزانە من لە چ تەنگانەیەکدا بە هانات هاتم و لە لایەکی تر بە گۆڕانی وتووە ئەگەر تۆ بە هاوکاریی ئەو جەماوەرە زۆر و ناڕازییە سەرکەوتنت بە دەست هێنا، ئەوە منت بیر نەچێت و بمکە بە شەریکی خۆت. هەڵوێستی کۆمەڵیش لەوەی یەکگرتوو کەمتر هەڵپەرستانە نییە. ئەوان گلەیی لە گۆڕان دەکەن کە بە تەنیا بەیاننامەی دەرکردووە. باشە ئێوەش خۆتان بە ئۆپۆزیسۆن نازانن، ئەگەرچی هەرگیز ئۆپۆزیسۆن نەبوون، ئەی بۆ هەڵوێستتان نەبوو؟ بۆچی ئێوەش لای خۆتانەوە بەیاننامەیەکی هاوشێوەی گۆڕانتان دەرنەکرد؟ ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییەی گۆڕان لە ئێستاوە دەسەڵاتی تۆقاندووە و ورەی خستۆتە بەر جەماوەری ناڕازی. ئەو جەماوەرە دەبێت لە ئێستاوە بزانێت کام لایەنەیە پشگیری لە داخوازییە ڕەواکانی دەکات و کام لایەنەشە لەژێر ناوی ئۆپۆزیسۆنەوە ویستوویەتی فریوی بدات. ئەو دوو حزبە کە ئیسلامیان کردۆتە دێوجامە و خەڵکی پێ فریو دەدەن بە ناوی میانڕۆییەوە ساڵانێکە خۆیان بە پاشکۆی دەسەڵات دەزانن و نەیانتوانیوە لە هیچ کاتێکدا ببنە پاڵپشتی جەماوەر، بەڵکو هەر ئاوا شەرعیەتیان بە مانەوەی دەسەڵات داوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی گۆڕان پەردەی لە ڕووی هەڵماڵین و دەرکەوت دوو حزبی هەلپەرستن و هی ئەوە نین متمانەیان پێ بکرێت. ئەگەر گۆڕان زۆر وردبینانە لەگەڵ ئەو دوو لایەنە مامەڵە نەکات ئەوە ئەوان درێژە بەو دووفاقییەی خۆیان دەدەن و لەسەر فریودانی جەماوەر بەردەوام دەبن. بە کورتی چ یەکگرتوو و چ کۆمەڵیش ئێستا لە حاڵەتی چاوەڕوانیدان تاکو بزانن باردودۆخەکە بە چ لایەکدا دەکەوێتەوە، هەتا بێنە سەر حازری و لێی سوودمەند ببن، کە ئەمە خەسڵەتی هەر حزبێکی هەلپەرستە و مێژوویش دەریخستووە ئەوانە ناتوانن تا سەر جێگای باوەڕ بن. ئێرە خاڵی نەمانی باوەڕی جەماوەرە بەم دوو حزبە هەلپەرستە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە