لە سێبەری شاخ، لە بیرەوەریەکانی پێشمەرگەیەکی ژن (زنجیرەی پازدەم)

Monday, 03/11/2014, 12:00

4758 بینراوە


 دایە خانم دایکی کاک نەوشێروان،تەمەنی لە شەست و پێنج بەسەرەوە دەبوو، ژنێکی باڵا بەرزی ئەسمەر زۆر هیمن و لەسەر خۆ بوو، جلێکی رەش و سپی و فۆتەیەکی لەسەر بوو. تاڤگەی خوشکی، کچێکی باڵا بەرزی ئەسمەر بوو، تەمەنی لە نێوان بیست و هەشت تا سی دەبوو، دوای شووی کرد بە حەمە تۆفیق رەحیم، لە بەهاری ساڵی ١٩٨٢ لە رێگای ئێرانەوە چوون بۆ یەکێ لە ووڵاتە ئەوروپیەکان پیم وابێ فرەنسابوو، لە مەفەوازات بە رێگای ئێرانەوە هاتنەوە بۆ بەرگەڵوو،لە دوای تێکچوونی مەفاوەزات دووبارە چوونەوە دەرەوەی ووڵات هەتا دوای راپەرینی سالێ ١٩٩١. حازیمەی خێزانی بەختیاری برای، ژنێکی سییکەلانەی خر بوو،تەمەنی لەسەرەوەی سی و پێنج دەبوو، دوو منداڵی بچوکی کچی تەمن سێ ساڵ و پێنج سالیان هەبوو. ئەوەی راستی بێت زۆر رێزیان لە ئێمە نا، بەخێرهاتنیان کردین وایان لێکردین هەست نەکەین غەریبین. نیو سەعات بوو گەیشت بووین، کاک نەوشێروان هات هەر لە دەرگاوە نەهاتە ژوورەوە، دایکی بە پەلە هەستا رای کرد بۆ لای ماچی کرد، هەر بە راوەستاوی پێیانی ووت ئەوانە میوانی منن، دەبێ زۆر ئاگاتان لێیان بێت و زۆر رێزیان لێبگرن.  ئەو شەوە  زۆر  ماندوو بووین، من تەنیا ئاواتە خوازی ئەوەبووم  شوێنێک و پەتوویەک هەبێ بۆ ئەوەی یەکسەر راکشێم و بنوم. بەرادەێی هیلاک بووم  چاوم رەشکەو پێشکەی دەکرد، هەموو دەم و چاوەکانم بە تێکەڵ و پێکەڵ دەهاتە بەرچاوو، بە هیچ شێوەیەک تەرکیزم نەمابوو، بە هەر حاڵ خۆم راگرت هەتا سەعات دەی شەو، کەمن چوومە دەرەوە پێش خەوتن دونیا زۆر زۆر سارد بوو، بەڵام ئەرزەکە ووشک بوو بەفر نەباری بوو، هاتمەوە ووتم دەرەوە گەلێ ساردە،دایە خانم وەڵامی دایەوە ووتی ئێوە خۆشبەخت بوون کە ئەم ساڵ بەفر درەنگ باریوە پێش سەفەرەکەتان دەنا ئەو رێگایانە هەمووی بەفر دەیگرت.
بەیانی زووی ١/١/١٩٨٢ لە ژێر جێگاوە بیرم دەکردەوە، ئیمرۆ یەکەم رۆژی ساڵی تازەیە، دایکم و براگەورەکەم لە زیندانن لە ژێر چەپۆکی بەعس، ئەو جارەیان بەهۆی منەوە گیراون، زۆر هەستم بە ئازاری ویژدان دەکرد. دایکم هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول، بەهۆی باوکم و برای گەورەم زۆر جار زیندانی کرابوو، وە بەهۆی بەشداری یەک لە دوای یەکی ئەندامانی خێزانەکەمان لە سیاسەت، دایکم باجەکەی دابوو. بە بیرم دەهاتەوە کە دایکم هەموو کاتێ لە سەر نانخواردنی ئێواران بۆمی دەگێرایەوە، دەیگووت هەر کاتێ باوکتان چالاکیەکی ئەنجام بدابا لەناو هەولێر ئەوا بەیانی زوو دەوراو پشتی ماڵمان تەوق دەکراو منیان دەبرد بۆ بەندیخانەی هەولێر. بەبیرم هاتەوە کە چۆن دایکم بۆی گێرامەوە،  ماڵمان لە گەرەکی خانەقا بەرامبەر بە سینەما حەمرا بوو، لە ئازاری  ساڵی ١٩٦٦ شەری هەنەدرێن و زۆزک، باوکت و هەردوو برا گەورەکەت پێشمەرگە بوون، باوکت ئەو کات ئامر هێزی دەشتی هەولێر بوو، تۆ مەلۆتکە بووی بە باوەشمەوە، پاکیزەی خوشکت تەمەنی چوار ساڵان بوو، بەیانی زوو تازە لەخەو هەستابووم، ئاگام لەهیج شتێ نەبوو، خەریکی نان و چا ئامادەکردن بووم بۆ منداڵەکان، هەر ئەوەندەم زانی دەرگای ماڵەکەمان بە پێلاقە شکێندرا، بەدرەدین عەلی پارێزگای هەولێری ئەو کات لەگەڵ جاشیک موتەرجم بوو، لەگەڵ کۆمەڵی چەکداری تر هاتنە ژوورەوە، هەندێکی کەشیان لەسەربانی هاوسێکانمان ئاودیوی  ماڵمان ببوون و هاتنە خوارەوە. منداڵەکان لە ترسان هەموویان دەستیان بە گریان کرد، دلاوەری برات ئەو کات تەمەنی دەساڵان بوو، لە قاتی دووەمی خانوەکە خۆی فرەدایە خوارەوە و ڕایکرد. بەدرەدین کابرایەکی وورگن قامچیەکی ڕەشی لە دەست بوو لە ناوەراستی حەوشەکە قامچیەکەی لە ئەرزدەداو دەینەراندو جنێوی بە باوکتان دەدا، ئەمری بە چەکدارەکان کرد ووتی هەموو کەل و پەلیان بێنە ناوەراستی حەوشەکە و ئاگری تێبەربدەن. بەدرەدین پێمی ووت ئێمە هاتووین دەتبەین بە پێش سوپای عیراقت دەدەین بۆ هێرش کردنە سەر هەر دوو شاخی هەندرێن و زۆزک.  ووتی من زۆر لێیان پارامەوە ووتم منداڵەکانم بچووکن و ئەوانی ترم بێ خاوەن دەمێنن، من هیچ'گوناهێکم نیە و هیچم  نەکردووە، کوا پیاو بە قسەی ژن دەکا، هەزار سوێندم خوارد ووتم باوکیان بەقسەم ناکاو وازی لەمن هێناوە، من هەقی هیچم نیە تەنیا غەمی مندالەکانی خۆممە.  تۆ بە باوەشمەوە و خوشکەکەت بە دەستمەوە،  ئێمەیان هێنایە دەرەوە لە ماڵ، پێش ئەوەی برۆین سواری ئۆتۆمەبیلەکان بین، لەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەوە شتێ نووسرابوو، بەدرەدین بانگی موتەرجیمەکەی کرد ووتی ئەمە چی نووسراوە، ئەویش ووتی قوربان سەیدی ئانی بلخدمە، نووسراوە "یان کوردستان یان نەمان". بەدرەدین عەلی هەڵچوو توورە بوو، هات بۆ لام ووتی دەبێ بێیت تف لە ژێر نەعلەکەت بدەی ئینجا ئەو نووسراوەی سەر دیوارەکەی پێبستریتەوە. ووتی منیش ناچار بووم ئەوەی ووتیان ئەنجاممدا. ئێمەیان سواری پشتەوەی ئۆتۆمۆبێلێک کرد، کابرای جاشی موتەرجمیان هێنا لە پێشەوە سواریان کرد، ووتی منیش دەستم لە خۆم شوشت بوو، فرسەتم هێنا نەعلەکەم لە پێم داکەناند لە پشترا کەوتمە لێدانی سەر و بەچکی جاشی موتەرجیم، ووتم تۆ گووت خواردبا باشتر نەبوو هەی سەگ باب هەی ناپیاوی ژنانی.  بەوجۆرە ئێمەیان بە پێش سوپای عیراقی دادا بۆ هێرش کردنە سەر هەر دوو شاخی هەندرێن و زۆزک. نزیک بووینەوە لە گەلی عەلی بەگ، لە ناکاو ئۆتۆمۆبیلەکەی ئێمەیان راگرت، ئەوەندەی پێنەچوو ئەفسەرێکی سوپای عیراقی هات بەعەرەبی قسەی دەکرد و رووی لە موتەرجیمەکە بوو، من هیچ تێنەگەیشتم، ئینجا کابرای موتەرجیم بە کوردی بە سایقەکەی ووت رووی ئۆتۆمۆبیلەکەت بسورێنەوە بەرەو ئاراستەی هەولێر، ئینجا ئیمەیان گەراندەوە بەرەو  بەندیخانەی گەورەی هەولێر. منیش پرسیم چۆن بوو ئێمەیان گەڕاندەوە؟

ئیبراهیم ئەفەندی ساڵی ١٩٦٥ بنەسڵاوە

دایکم ووتی، باوکت لە شەری هەندرێن و زۆزک بەشدار نەبوو، ئەو شەرە زۆربەی شوعیەکان کردیان، بەڵام باوکت کە هەواڵی بۆ دەچێ ئێمە گیراوین، هەر یەکسەر مەفرەزەیەک لە هێزی خۆی پێکدەهێنێ خۆی بەپێش دەکەوێ و بەسەر حەی زوباتی هەولێر دادەدەن، هەرچی ژن و کچی زابتەکانی ئەو گەرەکە هەیە کە هەموویان عەرب بوون لە ناو ماڵی خۆیان راپێجیان دەکاو دەیان با بۆ گوندی بنەسڵاوە، ئەو کات مەقەری باوکت لەوێ بوو. ئینجا وەڵام بۆ بەدرەدین عەلی دەنێرێ دەڵێ ژن و منداڵەکانم دەگەرێنیتەوە باشە، دەنا ئەو هەموو ژن و کچی ئەفسەرە عەرەبە عیراقیانەی لامانن ئەوە لەناو مەقەری منن لەگەڵ پێشمەرگەکان دانیشتوون یەکیان نەجاتیان نابێ. بەو جۆرە بەدرەدین عەلی ناچار دەبێ بەرقیەکی بە پەلە دەکا بۆ بنکەی سوپای عیراقی لە سپیلک و ئەمریان پێدەکا کە بمان گەرێنەوە.  ئەو رووداوە دەنگۆیەکی زۆری هەبوو لەناو شاری هەولێر ئەو کات، سەرکردایەتی کورد ئەو کات باش باش زانیاریان هەبووە لەسەر ئەو  رووداوە، یەکەم لەبەر ئەوەی ئەو چالاکیە بۆ شەستەکان چالاکیەکی گەورە بووەو دەنگۆی زۆری داواتەوە لەنێو هەولێرو هێزی پێشمەرگە. دووم لەبەر ئەوەی باوکم لێپرسراوی ناوچەکە بووە، سەرکردایەتی کورد ئەو کات ماڵی ئیمەیان لە نزیکەوە ناسیوە سەیری وێنەی ژمارە (٢) بکە ، بەڵام لە هیج دۆکیومێنتێکی پارتەکان و سەرکردەکان ئاماژە بەو راستیە نەدراوە. دایکم ووتی ئەو رووداوە تەنیا چەند مانگێک بوو پێش شەهیدکردنی باوکتان بە پیلانێکی دارێژراو، لەلایەن سەرکردایەتی کورد لە بەرواری ١٣/٦/١٩٦٦. لەو رۆژە سێ لە پێشمەرگەکانی لەگەڵی شەهید دەبن وەستا مەحـەمەد چەخماخچی، سەید عەبدوڵرەزاق و نامیق.

ساڵی ١٩٦٧ ناوپردان، ئەوانەی دانیشتوون لە راستەوە فەرهاد ئیبراهیم ئەفەندی لە تەنیشتیەوە ئیدریس بارزانی

دایکم لە قەڵاتی شاری هەولێر لە دایک بووە، بە رەگەز کوردی بۆتان بوونە، کاتی خۆی باپیری لەگەڵ براکەی جەزیرەی بۆتان بەجێدەهێلن بۆ ئەوەی سەربازی بۆ توورک نەکەن، دێن لە قەڵاتی هەولێر خۆیان حەشار دەدەن و تەکیەیان دەبێ. هەموویان لە کۆڵانێکی قەڵات لە ریز یەک خانوو دەکەن، ئەو کۆڵانە ناوی لێدەنرێ کۆڵانی پس مامان. دایکم یەکەم منداڵ و تەمەنی سێ مانگ دەبێ کە باوکی بە ڕەبوو دەمرێ، دایکی دوای باوکی شوو دەکاتەوە. دایکم لای مامی و دوو مامی باوکی بەجێدەمێنێ. مامەکانی دایەنی بۆ دەگرن "دادە مەڕاڵ" ژنێک دەبێ منداڵی نابێت، ئەو کات مامەکانی خویندەوار دەبن لە کۆلێچی بەریتانی لە هەولێر دەخوێنن، بۆیەش دایکم دەنێرنە بەر خوێندن. لە رێگای قوتابخانە لە گەرەکی تەیراوە باوکم دەناسێ و پەیوەندی خوشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێ، بەهۆی باوکم خوێندن بەجێدەهێڵی و شوو دەکا بە باوکم لە تەمەنێکی بچووک. کەسایەتی دایکم بە پێچەوانەی کەسایەتی باوکم بوو، تا بڵێی ترسنۆک بوو، جاری وا هەبوو بە سودفە تەشتێک لە حەوشکە بکەوتایە خوارەوە و دەنگێکی بەرزی لێ بهاتبا دایکم لە ترسان هەموو گیانی دەکەوتە لەرزین. کەسایەتی دایکم هی ئەو وەزعە نەبوو کە بەهۆی باوکمەوە توش ببوو، بۆیەش دایکم بۆی گەرابوەوەو دەیزانی شەهیدکردنی مێردەکەی کۆمەڵە دەستێکی ناپاکی لە سەرکردە کوردەکانی تیادا هەبووە، بەڵام دایکم لەترسی ئەوەی منداڵەکانی هیچیان بەسەر نەیێت بە تایبەتی فەرهادی برام، کە هەر لە منداڵیەوە چوو بووە ناو سیاسەتەوە و پێشمەرگە بوو پێش ئەوەی باوکم ببێ بە پێشمەرگە و لە ناو وەزعەکە بوو سەیری وێنەی ژمارە ٣ بکە. دایکم هەتا بڵێی لە دەزگای پاراستنی شۆرشی ئەیلول دەترسا ئەو کات، بۆیە پێی وابوو ئەگەر قسە بکا لە رێگای دەمی یەکێکەوە بگاتە ئەو دەزگایە دوور نیە دەست لە براگەورەکەشم بوەشێنن، دایکم بەدرێژای ژیانی بێ دەنگی هەڵبژارد بەرامبەر ئەو مەسەلەیە و نەیوێرا دەنگ هەڵببرێ.

گوندی سوسێ ساڵی ١٩٦٦ دوو سێ مانگ دوای شەهید بوونی باوکم، لە راستەوە فەرهادی برام، دایکم لە ناوەراست لە چەپەوە سەباحی برام

باوکم لە عەشیرەتی ئۆمەربلە عەشیرەتێکی زۆر گەورەن خاوەن گەلێ گوندن لە قەراج و دەشتی هەوڵیر و دەوروبەری دهۆک و موسڵ. گوندەکەی ئەوان ناوی گردە پانە کەوتۆتە قەراچ نزیک شارۆچکەی مەخمور، باپیرانی بە ئەسڵ ئاغای دێیەکەی خۆیان دەبن. لە کۆتای سەدەی نۆزدە زۆر جار ئەو دێیە تووشی شەر بووە و ئابڵوقە دراوە بەهۆی هێرشەکانی تورک، تاوەکو هەرە سەراتیەکانی سدەی رابردوو، دووبارە جەندرمەی تورک هێرش دەکەن و داوای سەرانە دەکەن، خەڵکەکە دووبارە بەرەنگاریان دەبنەوە، دوای شەرێکی خوێناوی جەندرمەی توورک دەست بەسەر گوندەکە دادەگرن لە ئاکامدا باپیری دەکوژرێ لەگەڵ چەن ئامۆزایەکی. لەو شەرە تەنیا دوو برا نەجاتیان دەبێ کە دەکا باوکی باوکم و براکەی، ئیتر هەر دوکیان روو لە شاری هەولێر دەکەن دوو خوشک دەهێنن لەو کاتەوە لە گەرەکی تەیراوەی هەولێر نیشتەجێ دەبن. لە ئەنجامی ئەو لێقەومانە لە هەولێر تووشی هەژاری و نەداری دێن. باوکم دوای ئەوەی تەمەنی دەگا بە شەش ساڵ باوکی دەینێرێ بۆ قوتابخانە، باوکم قوتابخانەی سەرەتای و ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکا، لە تەمەنێکی زۆر بچووک حەز لە دایکم دەکاو دەیخوازێ. دوای بەرەو بەغداد دەچێ دەورەی مفەوەزی دەخوێنێ، لە چلەکانی سەدەی رابردوو دەبێ بە مفەوەز و زۆر سەرکەوتوو دەبێ لە کارەکەی و ناوبانگێکی باش پەیدا دەکا، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦٣ بریاردەدا ببێ بە پێشمەرگە. باوکم رازی نابێ ببێ بە پارتی و بروای پێنابێ، بڕوای تەنیا بەوە  دەبێ کە دەبێ کوردایەتی پێش حزبایەتی بێت. وەکو خوینەوارێکی ئەو زەمانە لایەنگری بزوتنەوەی جوتیاران دەکا لە چڵەکان و پەنجایەکانی سەدەی رابردوو  دژ بە سیستەمی دەرەبەگایەتی، لە ئەنجامدا توشی کێشەی زۆر دێت لە گەڵ ئاغایەکانی دزەیی بە تایبەتی ئەوانەی جاش بوونە ئەو کاتە لە دەوروبەری هەولێر. دەیگێرنەوە دەڵین لە ساڵی ١٩٦٤ کۆمەڵی لە ئاغاکانی دزەیی کە جاش بوون هەموویان دەگرێ دەیان هێنێ لە گوندی بنەسڵاوە پەت و زەنگوڵەیان لە مل دەکات، کاو جۆیان بۆ دادەنێ  دەڵێ دەبێ هەمووتان پێکەوە دەست بەزەرین بکەن. لە ئەنجامی ئەو چاڵاکیانە باوکم دوای خۆی ناحەزی زۆری بۆ ئێمە بەجێهێشت . لە پێشمەرگایەتی هەر زوو ناو دەردەکاو دەبێ بە ئامر هێز، لە هیچ شتێ ناگەرێتەوە، بەرتیل وەرناگرێ، سەرداناوینێ بۆ کەس ئازاری جوتیار و خەڵکی هەژاری ناوچەکە نادا، هەموو شەرەکانیش خۆی پلانی بۆ دادەنێ و پێشرەوی دەکات، ئەمانە دەبنە هۆکاری ئەوەی کە لەناو هێزی پێشمەرگەو چینی هەژارو جوتیاران خۆشەویست بێت و پیگەیەکی جەماوەری بۆخۆی پەیدا بکات کە لە ئەنجامدا بوو بەهۆی ئەوەی کە هەموو شتێک بێت لە ناوچەکانی هەولێر و مەترسی یاخی بوون دروست بکات لە هەموو سەرکردەکانی شۆرشی ئەیلولی ئەو کات. ئەم جۆرە پیاوە مەتلەبی ئەو سەرکردانە نەبووە، خۆشی هەستی پێکردوە چەند جارێک بەدایکیمی ووتوە پێش شەهید بوونی، کە پێشبینی ئەوا دەکا بکوژرێ وەسیەت لای دایکم دەکا کە چی بکا دوای ئەو، دایکم گێراویەتەوە بۆم و دەیگوون لە قۆناغەکانی دوای بڕوای بە هیج لە پاسەوانەکانیشی نەمابوو، کە دەخەوت دەبوایە یەکێ لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆمان لەدیاری دانیشێ جگە لە پاسەوانەکانی خۆی. مەسعود بارزانی لە پەرتوکی  " البارزانی و العرکە التحرریە الکردیە"، لاپەرە ٨١ بە ئاشکرا ئۆباڵی شەهید کردنەکەی دەخاتە ئەستوی تاڵەبانی  وجەلالیەکان.
من دەمێکە بڕیارم داوە وەکو دایکم نەکەم نەک هەر بێدەنگ نەبم بەرامبەر ئەو مەسەلەیە بەڵکو بشی نووسمەوە، بەهیوای ئەوەی ئەو چیرۆکە غەمناکە لەسەر کاغەز بمێنێ بۆ خوێنەری ئەورۆ و دوا رۆژ، بۆ ئەوەی خەڵک بزانێ و لە ماهیەتی ئەو سەرکردانە بگات و ماکی ئەو عەیبە بە نێوچەوانی هەموویانەوە بمێنێ لە مێژوو.  بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی خۆم لەو مەسەلەیە، راستە ناکۆکی هەبووە لە نێوان باڵی جەلالی و مەلای ئەو کات لەسەر دەسەڵات گرتنەدەست ، بەڵام باوکم نەجەلالی بووە نە مەلای و نە پارتی وە حیسابی بۆ سەرکردایەتی هەر دوولا نەکردوە، فەرهادی براشم ئەو کات ئەندامی حزبی شوعی سەوری بووە و هاورێی فاخیر مێرگە سووری بووە و لەگەڵیشی گیراوە لە زیندانی خەلەکان، بەڵام دوای دایکم جووە بۆ لای مەلامستەفاو بەریانداوە. پێش شەهید بوونی بە شەش مانگ مەلا مستەفا بەدوای دەنێرێ بەڵام باوکم رەتی دەکاتەوە بچێتە لای، بەهۆی ئەوەوە سێ مانگ پێش شەهید بوونی سڕ دەکرێ لەلایەن مەلا مستەفا، بورهانە ئاغا کە جەلالی دەبێ ئەو کات دەچی بۆ لای باوکم هەوڵدەدا ئیقناعی بکات بۆ ئەوەی بچێت لەگەڵی بۆ بەری مەرگە، کەمینێک لە بەری مەرگە دادەنرێ لەلایەن ئاغاکانی پشتەدەر کە هەموویان سەر بە تاڵەبانی دەبن، باوکم بەهۆی سڕکردنی هێزێکی پێشمەرگەی زۆریشی لەگەڵ نابێ لەو سەفەرە، بەوجۆرە لایتی سەوزدراوە بە ئەنجامدەر و ئەرکەکەی بۆ سوک کراوە. بۆیە بۆمدەرکەوتووە کە سەرکردایەتی هەر دوو لا تێوەگلانێکیان هەیە لەو مەسەلەیە. 
جیرەی دەرگا هات دایە خانم هەستا بۆ نوێژ کردن، پرسیاری کرد بۆ وا زوو هەستاوی خۆ جێگاکەت ناخۆش نیە، ووتم، ناوەڵا هەر خۆم تێر خەو بووم. دوای دوو سەعاتێ گوێم لە دەنگی پیاوێکی دەنگ خۆش بوو لای لایەی دەکرد، دیقەتمدا دایە خانمیش بۆ خۆی وورد وورد وا لەگەڵی دەستی بەگریان کردوە ، زۆر دڵم پێ سوتا ووتم تۆ بڵێی ئەو ژنە وەکو خۆم ئاسای بەو بەیانیە زووە چی بە خەیاڵدا هاتبێ وا دەستی بەگریان کردوە، پرسیم ئەو دەنگە کێیە؟ دایە خانم ووتی ئەوە محمەد جەزای گۆڕانی بێژە، دەستی بە دیواری پشتەوە برد ووتی ژوورەکەی ئەوان پشتی بە پشتی ئەو دیوارەوەیە، ووتی هەموو جار کە منداڵەکەی دەخەوێنێ لای لایەی بۆ دەکا منیش دڵم پڕ دەبێ لەگەڵی دەست دەکەم بە گریان. دوای هەر خۆی ئاورێکی لێدامەوە ووتی دوێنێ ئێوارە خۆ بە چاوی خۆت دیتت، نەوشێروان من چەند ساڵە نەمدیوە، هەر لەدەرگاوە هات ماچێکی دامێ و رۆیشت، نەهات هەندێ لام دانیشێ بڵێ دایە چۆنی چی دەکەی و چەند ساڵە گوزەرانت چۆن بووە، منیش دیقەتم لێگرت لە دڵێ خۆم ووتم، دایە خانم گیان، بەو بەیانیە زووە ئەو گرێیەی لە دڵت بوو بۆ منت کردەوە، ئەی من روو لەکوێ بکەم و سەر بۆ کوێ هەڵبگرم و کێ بدۆزمەوە بۆ ئەوەی تێم بگا تاوەکو ئەو گرێ کوێرەیەی دڵی من بکاتەوە، کە لە منداڵیەوە لەگەڵی ژیاوم و لێم جوێ نابیتەوەو هەر لەگەڵیشم دەمێنێ.
دونیای دەروون و سۆز دونیایەکی زۆر سەیرە، وەکو دەریا بنی قوڵە، پریەتی لە ماسی رەنگاو رەنگ، جرو جانەوەر، شەپۆڵی نەرم، بجووک، تیژ و هەیەجانیشی  هەیە. هەر مرۆڤێک هونەری جۆرێک لە مەلە بەکاردەهێنێ بۆ بەرەنگاری کردن و بەردەوام بوون لە ژیان و خۆ لەبیر چوونەوە و دەرباز بوون لە ئازاری برینە هەڵکێنراوەکانی ناخی دەروون و هەستەکان، کە لەگەڵ کاتدا بەرەو سووک بوون دەڕۆن بەڵام بۆ هەرگیزاو هەرگیز سارێژ نابن و ماکی خۆیان هەر بەجێ دەهێڵن. 
تێبینی یەکەم:  لە پەرتووکی نووسەر مەسعود بارزانی  " البارزانی و العرکە التحرریە الکردیە"، لاپەرە ٨١ بە شێوەیەکی سەرپێی باسی شەهید بوونی ئیبراهیم ئەفەندی دەکا. لە هەمان پەرتووک لە لاپەرە ١٧٥  باسی شەری هەندرێن و زۆزک دەکاو لە لاپەرە ١٦٤ باسی دایکی خۆی دەکا، بەڵام باسی ئەو راستیەی ناو شاری هەولێر ناکاو خۆی لێدزیوەتەوە. هەرچی کەسێ گومانی لە راستی ئەو رووداوە هەیە ئاسایە بێتە دەنگ.
تێبینی دووەم: لە پەرتوکی نووسەر نەوشێروان مستەفا، پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن، لە لاپەرە ٢٣٤، باسی نێو زەنگی کردوە، هەتا باسی تەوری مەقەرەکەی کردوە بەڵام باسی ئێمەی تیادا نەکردووە. هەرچی کەسێ گومانی لە راستی ئەو رووداوە هەیە ئاسایە بێتە دەنگ.  

تێبینی سێیەم: بڕیاڕم داوە هەرچی لە بیرەوەریەکانی شاخ کە تاکو ئێستا لە یادم ماوە، لە چەندزنجیرەیک بیان نووسمەوە، تەنیا لە سەکۆی ئازاد بڵاویان بکەمەوە کە ئەویش "کوردستان پۆست"ە.
وێنەیەی خۆم  لە رۆژێکی زۆر ساردی مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٢ لە خرەی نێوزەنگ گیراوە




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە