خۆر بۆ شکۆمەندی دەگەڕێت

Sunday, 24/06/2012, 12:00

2672 بینراوە



بێ ئەوەی کەس پێمان بڵێ دەگەڕێینەوە بۆڕابردوو
هێماکان: نابێ تێک بشکێنین

ئیتر چاوەڕوانی چیتر بکەین
بۆ گەڕانەوە؟
دەڵێی هەر لەسەردەمی شۆڕشدا دەژین
بیری کەپری ئەو دارمێوە دەکەم
کە هه‌میشە بەرسیلەم لێدەکردەوە لێی
پرسیارەکەت تامی فرمێسکی لێ دێت
خەونێک لە ئامێز دەگرم کە تەمەنێکم لەپێناوی داناوە
گۆڕە بەکۆمەڵەکان و
خوێنەوەی ڕۆمانێک هەڵم دەلوشێ
بەیانییە و غەریبی ماچ دەکات
بەختەوەریە دزراوەکەمان
خۆت بەمحاڵەکانی سەرڕێگادا دەکێشی
ئارەزوومە
بەر لە خەوتنم
هەموو شەوێک ، ژەمێ شیعر بخوێنمەوە
فرێ فرمیسک و
شاڵی ڕەشی قەرەجانە بەخۆم دادەم
هاوڕێ
ئێمە ڕێگەیەکی نوێ بگرین
لە سفرەوە دەستمان پێ نەکردوە تا پڕ بم
لە شەیدایی
ئیتر ، تۆ هاوڕێم نیت
ئەو پشتێنی دڵنیایەت لە کەمەرت بکەرەوە
بێدەنگ وەک هاتنی شەهید
ئەم شەو هەموو شتێک توڕەم دەکات
دەڵێم ، تاکەی لەپێخەفی تەنهاییدا دەمێنیتەوە ؟
ڕابردوو بۆ مسۆگەری ئایندە ناخوات
بەهاتنت بەختیاریم زەوت دەبێت
تاراوگە هێندە خراپە ، مرۆڤ خوی پێوە دەگرێت
وام دەزانی
تۆ دەنگێکی بێ گوناه بوویت
پاش ئەو گەردەلولانەی گوزەریان پیاکردیت
دەزانی هاوڕێ ترسنۆکەکەم
(لۆرکا)
ترسی لە مەرگ نەبوو
ئەو لە پشەوە گولەبارانیان کرد، ئەو سەیری مانگی دەکرد
چەند قینم لە خوا حافیزیە
تۆ وات کرد، تا ژەمێک لەو بەرماوەی هەنگوینی دزییە بلێسیتەوە
ژوانێکی دەگمەن بێت
من و نیشتمان یەک ببینین
ژوانێکی دەگمەنی من و نیشتمانە

بەیانیەکی ماچاوی
گەیشتن بەڕۆحی گریان
فرمێسکێکی مەزنی پیاوانەم ڕشت
باجی تەواوی خۆمم داوە بەقەدار
نوقمی گرفتین، دەڵێ بێ ئاگای یە، ئەمەیە نیشتمان

ئای چ شەڕێکی غەمناکە نیشتمان

پیاو چاکەکان چەند کڵۆڵن
لەداخدا گوڵدانێک دەشکێنم
مانگی سەفەر بوو
بیرمە دایکم گۆزەشینەکەی لەسەربانەوە فڕێدا
ئەو گۆزەیەی
میراتی باوانی بوو
ئەو گۆزەیەی مێژووی بوو
پارچە پارچە کۆی کردەوە
پرسە ئاسا بۆی دەگریا
مانگی سەفەرەو
هاوڕێکەم ،سەری من دەکاتە توێشوی سەفەری
لەوسنورە ی تەڵخی دەسڕێتەوە
دەرفەتی پاڵەوانیەکی دیم پێببەخشي

چ تاوانە : هاوڕێکەت درۆزن بێت
چەند خۆشە بەرامبەر فنجانێک قاوە
دانیشم
پەردەکان لادەدەم تالە دەرەوە
بڕوانم
لەشارێکدا پیاسە دەکەم
جگە لەکۆترە شینکەو گەڕیدەکان
هیچ نابینم
لەپەیکەرەکان دەڕوانم
کەڕیقنە داگیری کردوون
ئەی داری سوتاوی شەوانی کڕێوەی بەفر
بەناو گەردەلول و کاولکاریدا گوزەرم کرد
لەشاعیرێک دەچم ڕێگەم وونکردبێت
لەوەتەی هەم هەموو شتەکانم بەکۆڵەوەیە
هەمیشە لەسەفەردام
خەم خۆی بۆناومەتەوە
وەک (هەمەنگ گوای)ئیستا تەنها دەریا دەبینم
وەک (ڤانکوخ) چاوم دەبڕمە گێڵگەی گڵۆبەڕۆژە

چ قەدەرێک پەرش و بڵاومان دەکاتەوە؟
جەنگ لەدژی کێ ڕاگەیەنم؟
جێم مەهێڵە : هەست بەسەرماو هەتیوی دەکەم
ئەمڕۆ کاتی باس کردنی شەهید نەماوە
ئێمە هەموومان بوینەتە پڕۆژەی شەهید
تۆ ، گەمژەیەکی قەدەری
تۆ تۆقیویت
پەیڕەوی خەونێکی نەزۆک دەکەیت
خەون بەردەستی هەموو کەس ناکەوێت
چ سەمەرەیەکە
مرۆڤ وای لێبێت بەکارەساتەکانی
بگاتە ڕادەی سەما کردن
ئازار نیشتمانێکی دیاری کراوی نی یە
ئێمە لەهەموو باروودۆخێکدا
لەشتێک ژوان دەبینەوە
ژوان دەبینەوە
کاتێک سڵاو لەپیاوێکی نامەرد دەکەین
ژوان دەبینەوە
کاتێک سیخوڕێک لەماڵەکەماندا خزمەت دەکەین
ژوان دەبینەوە
کاتێک ، ئەو وادەزانێت لەشینای ئاسماندا
مەلەدەکات
ژیان لەشوێنی خۆیدا لەرزۆک دەبێت
کەچی ، هەوا لێو لێژە لەبۆنی خونچەی لیمۆ
ئەمڕۆ بڕیارم دا
پەیوەندیم لەگەڵ ڕابردووم ببڕم
بۆ چاوێک دەگەڕێم پڕ بێت لەپاکی و سەفا
بەدبەختی دڵە ڕەقەکەم نەرم کات
وەک مەسیح گوناحەکانی خەڵک لەکۆڵ دەکەم
دەڵێ لەناو مرۆڤەکاندا ڕاونراوین
هەمدیس هیجرەت دەست پێدەدەکاتەوە
ئالێرەدایە ڕووت تێدەکەم
مردنم لەدەست ماچ کردن پێ باشترە
بافرمێسک ئەمڕۆ بم شواتەوە
من ئەوە نیم بەسەر لاشەی هاوڕێکانما بازبدەم
خۆت چاکم دەناسی
لەشەوە بێئەستێرەکاندا چۆن پێشتان دەکەوتم
ئەو پشتێنی دڵنیایەت لەکەمەرت بکەرەوە
ئیتر ، تۆ هاوڕێم نیت
نەفرەت لەڕۆژەکانی شۆڕش کەکەسی وەک تۆی کردە هاوڕێم
ڕزگار ڕانگور

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە