پەیوەندی چین بە دەوڵەتی كوردی و بیرە نەوتەكانی كوردستان

Tuesday, 31/05/2011, 12:00

3723 بینراوە






وه‌رگێرانی له‌ ئینگلیزیه‌وه‌

یتژاك شیكۆر-  Yitzhak Shichor

یەكێ لە پێكهاتەكانی سیاسەتی چین لە دوای ماوتسی تۆنگ وەستانە لە دژی جیابونەوەخوازەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتەیە كە چین پیادەی دەكات بەرامبەر بەهەر هەوڵێكی جیابونەوە و پشتگیری لە مانەوەی هەرێمەكان دەكات وەك خۆی بێ‌ هەر جیابونەوەیك جا بەهەر نرخێك بووبێت.بەتایبەتی بەرامبەر تایوان و تبت و خینجیان و مەنگۆلیا, چین بە شێوەیەكی فەرمی دژایەتی بزوتنەوە جوداخوازەكان دەكات,هەر هەوڵێك بدرێت بۆ سەربەخۆیی بوون و جیابونەوەی نەتەوە و هەرێمەكان لە دەوڵەتەكان بەتایبەتی ئەو نەتەوانەی كە بێ‌ ناسنامە و دەوڵەتی خۆیانن زۆر بەتوندی لەلایەن چینەوە رەتدەكرێتەوە و سەركوت دەكرێت. چین ئەم سیاسەتەی بەسەر كورد و دەوڵەتی كوردی بەكارهێناوە.بۆ نمونە ئەوە رەتدەكاتەوە كە كورد میلەتێكە مێژوە كۆنەكەی پرە لە تراجیدیا و مافی دەوڵەتبونیان پێ‌ ڕەوا نابینێ‌.وە تەنانەت دژی هەر هەوڵێكە كە لەلایەن هەردەوڵەت و لایەنێكی ترەوە بدرێت بۆ كۆمەك كردنی خەونی دەوڵەتی كوردی.
بۆ نمونە كۆمەكی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی توركی كردوە بۆ سەركوتكردنی خەونی نەتەوەیی كورد لە كوردستانی باكور.چونكە چین پێ‌ ی وایە كە دەوڵەتی شكۆمەندی كوردی ئارامی و یەكگرتویی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەخاتە مەترسیەوە و دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ دەوڵەتانی دراوسێ‌ ی كە هاوپەیمان و شەریكی بازاری ئابوری چین و لە ئاكامدا زیان بەبەرژەوەندی چین دەگەیەنێت.
چین پێ‌ ی وایە كە مافی یاسای خەڵك دەبێت بپارێزێت و ڕێزی لێبگیرێت,بەڵام بەمەرجێك لە چوارچێوەیەكی تەسكی هەرێمایەتیدا ئۆتۆنۆمدا نەترازێ‌ .
جیابونەوەكاری تەنها شەڕی لێدەبێتەوە,ڕێخۆشكەر دەبێ‌ بۆ تیرۆریزم بۆیە لەئاكامدا لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە ڕەتدەكرێتەوە.* بەپێ‌ ی ڕوماڵكردنێكی ساڵی 1966لە مانگی تەموزی 1959 دا وڵاتی چین بەشێوەیەكی زۆر لاستیكیانە دانی بە مافی كوردەكاندا نا بۆ ئەوەی بجەنگن لەسەرمافەكانیان لەدژی بەغداد.وە كاتێك كە شۆڕشی كورد لە 1975 دا كۆتیی هات پەیوەندیەكانی نێوان چین و عێراق زیاتربەرەو پێشەوە چوو.هەروەها لەساڵی 1980 دا عێراق بوو بەبازاری ساغكردنەوەی چەك و تەقەمەنی چین.كە هەندێكیان لەلایەن سه‌دامه‌وه‌ لەدژی كورد بەكارهێنراوە.
بۆ دڵنیا بوون لەمە تا ساڵی 2000 یش چین بەهیچ شێوەیەك ئیهتمامی نەیاوە بەكوردەكان و پەیوەندی دیبلۆماسی نەبوە لەگەڵ كوردا و هەمیشە چین ئەوەی رەتكردۆتەوە كە پەیوەندی دیبلۆماسی هەبوبێ‌ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە لەدژی كوردن وەك عێراق و ئێران و توركیا.گەلی كورد كە بە 23 ملیۆن مەزەندە دەكرێت, 14,5 چواردە ملیۆن و نیو لە توركیا دەژی و %20 ی دانیشتوانی توركیا پێك دێنێ‌, 4,6 چوارملیۆن و شەش سەد هەزاریش لە ئێران كە %7ی دانیشتوانەكەیەتی و 4,3 چوار ملیۆن و سێ‌ سەد هەزاریش لە عێراق كە % 17ی دانیشتوانەكەیەتی و نزیكەی یەك ملیۆنیش لە سوریا كە %9 ی دانیشتوانەكەی پێك دێنێ‌.
بەیژین بەشێوەیەكی یاسایی و فەرمی داكۆكی لە یەكێتی خاكی ئەم وڵاتانە دەكات و زۆر باشیش ئاگادارە لەوەی كەلەدوای جەنگی خەلیج لە ساڵی 1991 دا كوردەكانی باشوری كوردستان لە عێراق هەرێمێكی سەربەخۆی خۆیان بەڕێوەدەبەن و دوورە لە شەڕ ودەستێوەردانەكانی بەغداد كە ئەمەریكا ناوچەی دژەفرینی لێراگەیاندوە و بۆیە چین
بەباشی زانیوە پەیوەندیەكانی توندوتۆڵتر بكات لەگەڵ ئەمە هەرێمە نیمچەسەربەخۆیەدا.
لەسەرەتای مانگی ئابی 2003 دا پێشوازی كرد لەتاڵەبانی كە ئەوكاتە سكرتێری یەكێتی و ئەندامی ئەنجومەنی حكومەتی كاتی عێراق بوو.ئەو لەلایەن دەزگای خەڵكی چینیەوە بۆ هاوكاری وڵاتان پێشوازی لێكرا كە نوێنەرایەتی عێراقی دەكرد نەوەك كوردەكان, وە تالەبانی سەرۆكایەتی یەكەمین شاندی عێراقی كرد بۆ سەردانی چین لەدوای روخانی سه‌دام.
.وەزیری دەرەوەی چینیش تانگ جیاخوان داوای لەتاڵەبانی كرد رۆڵی هەبێ‌ لەئارامكردنەوەی عێراق لەژێرچاودێری نەتەوەیەكگرتوەكاندا.وە ئەو پەیامەی دا
 بەگوێ‌ ی تالەبانیدا كەوا دەبێ‌ بەرژەوەندی وڵاتەكانی تر بەتایبەتی چین پارێزراو و گارەنتی كرابێ‌ لە عێراقدا.
وە تەئكیدی كردەوە لەوەی كە وڵاتەكەی ئەبێ‌ پشكێكی باشی هەبێ‌ لە ئاوەدانكردنەوەی عێراقی یەكگرتودا.* هەرلەوكاتەوە تا دێت كورد زیاتر كەوتۆتە مەترسیەوە.بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەكانی كانونی دوەمی 2005 دا,كە هاوپەیمانی كورد توانی تەنها 75 كورسی پەرلەمان بباتەوە,كە دواتر بوو بەهۆی دانانی تاڵەبانی وەك سەرۆك كۆمار و هەربەدوای ئەم روداوانەدا میدیای چین بەهیچ شێوەیەك باسی لە پەیوەندیەكانی چین و كوردی نەكردوە,
بۆ نمونە شاندی حزبی كۆمۆنیستی چین بە سەركردایەتی دینگ لیفینگ كە لەهەمان كاتدا نوێنەرایەتی كۆمیتەی ناوەندی نێودەوڵەتی دەكرد سەردانی خانەقینی كرد لەڕێ‌ ی مونزریەوە لەسەر سنوری ئێران,ئەم شاندەش لەلایەن سەركردەكانی یەكێتی لە ئۆفیسی میدیا و رێكخراوەكانی خانەقینەوە پێشوازیان لێكرا.بەپێ‌ ی وتەی یەكێك لە شاندەكە ئەوان بانگێشت كرابوون لەلایەن یەكێتیەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانیان و دواتریش شاندێكی یەكێتی سەردانی چین دەكات بۆ ئەم مەبەستە.وە ئەم پەیوەندیانە تا دەهات پتەوتر دەبو بەتایبەت دوای سەردانی تاڵەبانی بۆ چین (الاتحاد.بغداد.ایار,2005)
.وە لە 15 ی ایار سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی چاوی كەوتوە بە سەفیر و راوێژكاری بازرگانی چین لە عێراق.بەهەمان شێوەش سەفیری چین بانگێشتی بارزانی دەكات بۆ سەردانێكی چین . .(رۆژنامەی خەبات.هەولیر,16,2005)
.ئەم سەردان و شاندكاریە رۆڵی هەبوە لە پەیوەندیەكانی چین و كوردا بەتایبەت كە وڵاتی چین ئەیەوێت پاڵپشت كردنی دۆزی كورد وەك هەڕەشەیەك یان فشارێك بەكاربێنێت لەدژی توركیا ئەگەر هاتو توركیا پشتگیری جیابونەوەی "ئویغور"*ەكان بكات لەچین ,ئەوا چینیش كۆمەكی جیابونەوەی كوردەكان دەكات.
كاتێك كە سەرۆكی چین جیانگ زێمن سەردانی توركیای كرد لە ساڵی 2000دا ئەوەی دركاند كە توركیا چین مەترسی جیابونەوەی بەشێك لە خاكەكەیان لەسەرە و پێویستە هەردولا هاوپەیمان بن لە پاراستنی یەكپارچەیی خاكەكەیان و پێكەوە لەدژی هەرهەوڵێكی جیابونەوەی نەتەوەیی و تیرۆری نێودەوڵَەتی و توندڕەوی دینی بوەستنەوە.(رۆژنامەی توركی پرۆب,نیسان,23,2000).
یەكێ تر لە هەوڵەكانی چین ئەوەیە كە سود لە هێزەكانی ئەمریكا وەربگرێت بۆ جێكردنەوەی خۆی لە باكوری عێراقدا واتە كوردستانی باشوور.
وە لەهەمووی گرنگتر بایەخدانی چینە بە كانە نەوتەدەوڵەمەندەكانی كوردستانی عێراق وە بەتایبەتی ئەوكانە نەوتانەی كە كوردەكان دەستیان بەسەردا گرتوە.چونكە بەپێ‌ ی سەرچاوە فەرمیەكانی كوردستان ئەم هەرێمە واتە ناوچەكانی ژێردەستی حكومەتی هەرێم %40 ی نەوتی عێراقی لێیە یان نزیكەی 130 ملیارد بەرمیل نەوتی لێیە.

چین زۆر باش ئاگادارە كە پەسەندكردنی دەستوری نوێ‌ ی عێراقی لە 15ی تشرینی یەكەمی 2005,زمانێكی ناڕوون واتە لێڵ و ناشەفاف بەكاردێنێ‌ لەسەر تەوەری نەوت و كێ‌ توانای كۆنتڕۆڵكردنی كانە نەوتەكانی "ئێستا"ی عێراقی هەیە واتە ڕوون نیە كێ‌ مافی مامەڵەكردن و فرۆشتنی نەوتی هەیە ئایا حكومەتی ناوەندیە یان حكومەتی هەرێمی كوردستان.(سەرچاوە:ڕێنمین ڕیباو,تشرینی یەكەم,19,2005).

چونكە بەپێ‌ ی دەستورەكە هاتوە كە حكومەتی ناوەندی بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئیدارەی ناوخۆ ئیدارە و سەرپەرشتی كانە نەوتەكانی ئێستاوە دەكەن.بەڵام دەستورەكە پێمان ناڵێت مەبەستی چیە لە وشەی "ئیدارە"كردن كە ئایا فرۆشتن و مامەڵە كردنیشە یان نا,ئەمەش بەدڵنیایەوە جێ‌ ی مشتومڕ و ناكۆكی لایەنەكانی لێدەكەوێتەوە.سەرچاوە(سەرچاوە:ڕێنمین ڕیباو,تشرینی یەكەم,22,2005)
هەروەها پێمان ناڵێت مەبەست لەوشەی " كیێڵگەكانی ئێستا" چیە لەو دەستورەدا,ئەی ئەو كێڵَگە نەوتانەی كە لەدواتردا دەدۆزرێنەوە و نەوتی لێوە بەرهەم دێت,كەبەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەیە كە دەسەڵات بداتە حزبەكان بۆ دەرهێنان و مامەڵەپێكردنی نەوت بەویستی خۆیان.كەلەئەنجامدا كوردەكان كۆنترۆڵی كێڵگەنەوتەكانی هەرێمی خۆیان دەكەن بەتایبەت لە كركوك و خانەقین و هەموو شوێنەكانی تری هەرێمی كوردستان.لەڕاستیدا لەم دواییەدا ئەوە ئاشكرابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەساڵی 2004 ەوە كۆنترۆڵی نەوتی باكوری عێراقیان كردوە و بە نهێنیەوە بەبێ‌ ڕەزامەندی بەغدا و حكومەتی ناوەندی گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كردوە بۆ دەرهێنانی نەوت لەسنوری شاری زاخۆ.ئەم كۆمپانیا نەرویجیەش بەشەریكی كۆمپانیای دریلی دیواری چین ئەو بیرە نەوتەی لێداوە كەلەماوەی 90 نەوەد ڕۆژدا تەواو بوە و نزیكەی 6,000 شەش هەزار مەتر قوڵە ئەو بیرە نەوتە.كە ئەمە یەكەمین بیرە نەوتە لەلایەن كوردەكان لێبدرێت و یەكەمین بیرە كەلەلایەن كۆمپانیایەكی نێوەدەوڵەتیەوە دروست بكرێت لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا.(گلۆب,كانونی یەكەم,8,2005).
كاركردن بە هەڵكەندن"دریلینگ" لە 29 ی كانونی یەكەمی2005 ەوە دەستی پێكرد و كە هەربەو بۆنەیەوە نێچیرڤان بەرزانی سەرۆكی كابینەی پێشوو دوپاتدەكاتەوە كە چیتر نابێ‌ حكومەتی ناوەندی نەوتی كوردستان كۆنترۆل بكەن و ئیتر كاتی ئەوە هاتوە لەجیاتی ئازارچێشتن خەڵكی كوردستان سود لە سەروەت و سامانی وڵاتەكەیان وەربگرن.هەروەها بەهەمان شێوە چەندین چەندین كێڵگەی تری نەوت لە دۆزینەوە و بەكارخستندان لەلایەن كۆمپانیا بیانیەكانەوە لە شوێنەكانی تری هەرێمی كوردستان(لۆس ئەنجلس تایمز,كانونی یەكەم,1.2005).بەراستی جێ‌ ی گومانە كە ێینیەكان نەوت وەبەهەمناهێنن لە كوردستان.ساڵی پار بەیژین پێشوازی كرد لە شاندێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسول عەلی.وە لەلایەن وانگ جیاری سەرۆكی بەشی نێودەوڵەتیەوە پێشوازی لێكراو هیوای خواست كە هاوكاری و پەیوەندیەكانیان زیاتر بەرەو پێش بروات و بەتایبەت ڕۆڵی ێین لە ئاوەدانكردنەوەی عێراق(سەرچاوە:خینوا,تشرینی یەكەم,20,2005)
لەراستیدا گرنگیدانی چین بەنەوتی كورد رەنگدانەوەی پێویستی بەیژینە بۆ سەرچاوەكانی وزە لە كاتێكدا كە نەوتی بەشەكانی تری عێراق لەساڵی 2003 وە لەلایەن ئەمریكاوە قۆرغ كراوە.
پێشتریش لەنۆڤەمبەری 1996 ئەنجومەنی نەتەوەیی عێراق پرۆپۆزەڵێكی كۆمپانیای دۆزینەوەی نەوت و گازی چینی قبوڵكرد بۆ برەو دان بە نەوتی كێڵگەی ئەحداب كە 40 میل لەباشوری شاری كوتەوەیە لەناوەراستی عێراق.
ئەم كێڵگەیە توانای 80 بۆ 90 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و نزیكەی 140 ملیۆن تەن یان 1,4 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە.وە هەر بەپێ‌ ی ئەم رێكەوتنامەیە لەساڵی 1997دا لەگەڵ كۆمپانیای باكوری ێینی كۆمپانیایەكی نویان پێك هێنا بەناوی "ئەلواحە" كە %50 بۆ كۆمپانیا ێینیەكە و %50كەی تریشی بۆ عێراق بێت و ماوەی گرێبەستەكەش بۆ 22 بیست و دوساڵ بوو.كە بڕیار بوو بڕی 1,26 بلیۆن دۆلاری ئەمریكی وەبەرهێنان بكات لە كێڵگەی ئەحداب.ئەمە لەكاتێكدا كە هەندێك لە كۆمپانیە نەوتیەكانی فەرەنسا و روسیا كێبركێ‌ ووتوێژیان كردوە بۆ فراوانكردنی بازرگانیەكانیان لە عێراق وە تائێستاش ئە رێكەوتنامەیەی "سەفەقەیەی"ئەحداب تاكە رێكەوتننامەی جیدیە تا ئێستا كرابێت.(سەرچاوە:ئیدارەی وزە و زانیاریەكانی ئەمریكا)
وە لەو كاتەوە وڵاتی چین لە هەوڵەكانی بەردەوامە كە مافی خۆیەتی وەبەرهێنان و ڕێكەوتن بكات لە سێ‌ كێڵگەی تری نەوت لە ناوچەكانی تری عێراقدا.وە ئەو رێكەوتنە بەردەوام بوو تا دوای لابردنی گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق وە تا ئەو كاتەی ڕژێمی سه‌دام لابرا كە ئیتر لەوە بەدواوە ئەمەریكا ڕێكەوتننامە نەوتیەكانی چینی ڕاگرت و بۆیە ئێستا وا پێشبینی ئەكرێت كە نەوتی كوردستان ببێ‌ بەئەلتارناتیڤ و بەدیلی ئەو ڕێكەوتنەی چین و عێراق .
بۆیە ئێستا هەر ڕێكەوتنامەیەكی چین لەگەڵ كوردەكان وەك حكومەتێكی سەربەخۆ بكرێت تایبەت بە نەوت دژی سیاسەتی چین دەبێت سەبارەت بە سیاسەتی نەیارانەی بۆ جوداخوازی.بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نیە كەچین ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێكی تر بدات كە رێكەوتنی ژێربەژێربكەن لە گەڵ ئەوغۆرەكان و تبتیەكان و مەنگۆلەكان و هاوسۆز و هاوخەمیان بن و سەرۆكەكانیان بانگێشت بكەن و شاندیان بۆ بنێرن و وتوێژ و دانوستان بكەن و لەهەمووی گرنگتر عەقد و گرێبەست ئیمزا بكەن بە بێ‌ ئاگاداری بەیژینگ.لەوەش گرنگتر سیاسەتی چین بەرامبەر بە كورد مانای ئەوە نیە كە چین پاڵپشتی جیابونەوەی كورد لە عێراق و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بێت,بەڵكو ئەیەوێت سودمەند بێت لەو دۆخەی ئێستا هەیە لە كوردستان ئەگینا چین هەرگیز ئامادەنیە پشتگیری دەوڵەتی كوردی بكات چونكە دەبێتە مایەی هەڕەشە لەسەر یەكێتی خاكی چین و بەرژەوەندیەكانی خۆی ئەكەوێتە مەترسیەوە بەتایبەتی چونكە دەوڵەتی كوردی دەبێتە ڕێگە خۆشكەرێك بۆ بزوتنەوە جوداخوازەكانی تری وەك "ئۆغور و تیبتیەكان" هەڵگیرساندنی جەنگی ئەوان بۆ هەمان مەبەست.چینیەكان باش بەئاگان لەوەی كەلەلایەكەوە كوردەكان پشتئەبەستن بە"عێراقی نوێ‌" بۆ زامنكردنی حوكمرانی خۆیان و لەلایەكی ترەوە زەمینە خۆشكراوە كە كۆنترۆڵی تەواوی نەوتی باكوری بكەن بۆ خۆیان.بۆیە ئەو دۆخەی كەوا لە عێراقدا هەیە بە زیادبوونی ئۆتۆنۆمی كوردەكان و مانەوەی حكومەتی عێراقی بەلاوازی,لەحاڵی حازردا زۆر لەبەرژەوەندی چینە و كۆكە لەگەڵ سیاسەتی چین بۆ فیدرالیەتی كوردەكان نەوەك خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی.

سەرچاوەكان
* Pan, Zhiping (Ed.), Minzu zijue hai shi minzu fenlie: minzu he dangdai minzufenliezhuyi [National Self-Determination Is Still National Separatism: Contemporary National Separartism] (Urumqi: Xinjiang Renmin Chubanshe, 1999), pp. 88-91.
* Kuang Shengyan and Chen Zhihong, Kuerde gongrendang wenti ji qi dui Tuerqi neiwai zhengce de yingxiang [The Question of the Kurdish Workers Party and Its Impact on Turkeys Domestic and Foreign Policy] Xiya Feizhou [West Asia and Africa], No 4 (1995), pp. 19-24.
*ئەویغورەكان بەرەگەز توركن و لەرۆژهەلات و ناوەراستی ئاسیا ئەژین وبەشێكی زۆریان لەهەرێمی سەربەخۆی خینجیان لەچین دەژین.وە بەشێكێكیان لە كازاغستان و قیرخستان و ئۆزبەكستان ئەژین.وە بەشێكی كەمیان لە ئەفغانستان و پاكستان ئەژین. http://en.wikipedia.org/wiki/Uyghur_people
http://www.jamestown.org/single/?no_cache=1&tx_ttnews[tt_news]=3919&tx_ttnews[backPid]=381&cHash=e9c8e65b75
 
  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە