بەزیایى خێرم نەكرد

Sunday, 10/03/2013, 12:00

1452 بینراوە






وەزارەتى پەروەردەو لایەنگرانى سیستمى نوێى پەروەردە، دەیانەوێت وەكو چۆن لەساڵانى نەوەدەكاندا ئەگەر یەكێك ناڕازى بوایە، یان رەخنەى بگرتایە، بەتابورى پێنج ناویان دەبردو ئابڕویان دەبرد، ئێستاش بەهەمان شێوە مامەڵە دەكەن، بۆ نمونە ئەگەر رەخنە لە سیستمى نوێى پەروەردە بگریت، یەكسەر پێت دەڵێن: (كەواتە مەبەستت ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ كۆنەكە)لەكاتێكدا دەبێت رەخنەو لێكۆڵینەوە بەردەوام بێت، تا دواجار لەگەڵ پراكتیكدا عەیبەكاندا دەردەكەون و سیستمێكى گونجاو دێتە ئاراوە، یان ئەگەر هەڵەو كەموكوڕییەك بخەیتە روو دەڵێن(ئێمە ناتوانین دەستكارى بكەین، چونكە ئەوە بڕیارى كۆنگرەیە) وەكو بڕیارى كۆنگرە لاپەڕەى قورئان بێت و نەگۆڕدرێت! یان یەكێك لە تازە بەرپرسەكان دەڵێت:(بەداخەوە هەر لە سلێمانییەوە بەردى بناغەى گۆڕانكارى دانرا، كەچى ئێستا لەم شارەوە دەنگ بەرز كراوەتەوە بۆ لەگۆڕنانى) من لەم تازە بەرپرسە دەپرسم ئەگەر جەنابت ئێستاخوێندكارى ئامادەیى بیت،قبوڵى ئەوە دەكەیت چارەنووسى خوێندنى دوانزە ساڵت بكەوێتە سەر تاقیكردنەوەیەكى حەفتا نمرەیى بەیەك خول؟ ئەمە لەگۆڕنانە؟ یان ئەوپەڕى هۆشیارى شارێكە كە هێشتا لێى تێنەگەیشتوویت؟! یان كوێرانە سیستمێك جێبەجێ دەكەیت، بەبێ ئەوەى عەقڵى رەخنەیى بخەیتە كارو لە بەرژەوەندى ئەو شارە كاربكەیت، كە تۆیان وەكو بەرپرس داناوە؟ یان رۆژنامەنوسێك دەڵێت: (فەشەلى ئەم سیستمە بارگرانى لەكۆڵ حكومەت دەكاتەوە) كام بارگرانى؟ ئەوە نیە پەروەردە لەدواى كۆنگرەى 2007 وە شەو و رۆژ خەریكى كاركردنەو نیوەى خوێندنگەكانى لەماوەى ئەم پێنج ساڵەدا كرد بەیەك دەوام؟! كام بارگرانى براكەم؟ كام چارەسەرى قەیران و گرفت؟ پێ بەجەرگى خۆمدا دەنێم و دەڵێم بەعس بۆ شاردنەوەى كێشەى هەڵەبجەى شەهید، هات لەماوەى شەش مانگدا شارێكى گەورەى وەكو هەڵەبجەى تازەى دروستكرد! بۆیە بەراشكاوى دەڵێم حكومەتى هەرێم و وەزارەتى پەروەردە، پەروەردەیان نەكردۆتە خەمى سەرەكى، چونكە نەوەیەكى هۆشیارتر كە لەئەنجامى پەروەردەیەكى پێشكەوتوو، كەم گرفتەوە دێتە دى، كۆتایى بەم مۆدیلى حكومڕانیە دێنێت كە ئێستا لە كوردستاندا هەیە. تۆ دەزانیت بۆچى حكومەتى هەرێم باكى لە پێشخستنى پەروەردە وگۆڕانكارى نیە؟ چونكە زۆرێك لەبەرپرسان و دەستڕۆیشتووان مناڵى خۆیان ناخەنە ئەو زیندانەى كە لێرە ناونراوە سیستمى نوێى پەروەردە، ئەوان مشورى مناڵى خۆیان خواردووە، چش لە مناڵى خەڵكى! بەرپرسێكى تر دواى خۆپیشاندانى خوێندكاران بۆ هەڵوەشانەوەى هەژمارنەكردنى 25 نمرەكە رایگەیاند(ئێمە سیستمەكە دەكەین بە یونت). كاتێ هەمواركراوى یونت بڵاوكرایەوە، 25 نمرەى ئەژماركردنەى كرد بە 30 نمرە و خوێندكارى ئیكمالى لە وەرزى یەكەمەوە(نیوەى ساڵ) حەواڵەى مانگى 9 كرد و تاقیكردنەوەى 12ى ئامادەییشى كرد بە یەك خول و پێنج نمرەى بڕیاریشى كرد بە سێ نمرە. كورد لەزارى نەوەى دێرینەوە وتەیەكى جوانى هەیەو دەڵێ (بەزیادى خێرم نەكرد!) ئەوان لەسەر 25نمرە دەرگاى پەروەردەكان و پەرلەمانیان لەتۆ گرتووە، كەچى تۆ لەبرى كار ئاسانى بۆیان، هەژماركردنەكەیان بۆ زیاد دەكەیت! یان یەكێك لە هەڵە زەقەكانى سیستمى نوێ بۆ قۆناغى ئامادەیى ئەوەیە كە قۆناغى 10 و 11ى وەكو لامەركەزى هێشتۆتەوەو قۆناغى 12 وەكو مەركەزى ماوەتەوە، یان لە هەردوو قۆناغى 10 و 11 بۆ تاقیكردنەوەى كۆتایى وەرز نیوەى كتێب داخڵە بەڵام بۆ بەكالۆریاى 12 هەموو كتێبەكە داخڵە، ئەمە گورزێكى كوشندەیە لە خوێندكار دەدرێت، چونكە لەوسەرەوە فێرى ماسى خواردنت كردووە، لەم سەریشەوە ناتوانیت بیكەیت بە ماسیگر! ئەنجامەكەشى لە12 ئامادەییدا وەكو رۆژى روناك دەردەكەوێت، كە بێگومان زۆر خراپە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە