هەڵبژاردن وچارەنووسی دیموكراتی لەكوردستان

Wednesday, 17/06/2009, 12:00

2517 بینراوە


كوردستان بەبارودۆخێكی تایبەتیی وناجێگیردا دەڕوات، ئەمەش سروشتی راستەقینەی هەموو ئەو گەل ونیشتمانانەیە كەهێندە نییە لەژێر سایەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریی ومیلتاریستیی هاتوونەتە دەرێ ودەخوازن لەقۆناغێكی دیاریكراوەوە بۆ قۆناغێكی گەشەكردووتر بپەڕننەوە، كەوابوو هەموو تێگەیشتنمان هەیە سەبارەت بەوەی كۆمەڵگەی كوردستان "لەباشوور"، یەكێكە لەكۆمەڵە پەرەئەستێنەكان ولەقۆناغی پەڕینەوەدایە بۆ وێستگەیەكی نوێی سیاسیی وئیداریی، جارێ رۆشنیش نییە ئاخۆ لەم هەنگاونانەدا بەسەركەوتوویی دێتە دەرەوە یاخود دەگلێت وئیدی هەر هەڵناستێتەوە! وەڵامی ئەم پرسیارە نە لای من دەستكەوێت ونەهیچ كەسی تریش دەتوانێت حكومی لەسەر بدات، چوونكە هەر بڕیار لەسەردانێكی پێشوەخت دەبێتە قاوەگرتنەوەو رمڵیدان نەك لێكۆڵینەوەو پێشبینی سیاسیی. ئەمڕۆكە لەهەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی نوێی پەرلەمان وسەرۆكایەتی هەرێم چاوەڕێی خەڵكی كوردستان دەكات، بێگومان ئەوی لەتابلۆ سیاسییەكەدا دەیبنین تەفسیری ئەوەمان بۆ دەكات ئەم هەڵبژاردنە لەزۆر رەهەندو گۆشەوە لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتر جیاوازە، یەكێك لەجیاوازییەكان قووڵبوونەوەی ململانێ وكێبڕكێی قەوارەو هێزە رامیارییەكانە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پشكی دەسەڵات، لۆژیكی دیموكراتیش ئاوایە هەتا ململانێی سەخت ودژوار هەبێت دیموكراسیی زیاتر قووڵ دەبێتەوە وزۆرتر لەهەناوی واقیعدا خۆی دەچەسپێنێت. ئەگەرچی "فرێد هالیدای" وتەنی "پێناسەكردنی دیموكراتی كارێكی دژوارە، چوونكە بەمانایەك لەماناكان لەبەختەوەریی دەچێت"، بەڵام ناكۆكیی لەسەر ئەم رستەیە دروست نابێت: ئەگەر بڵێین هەڵبژاردن جومگەو بنەمایەكی هەرە گرنگی دیموكراسییە، بەڵام بەو مەرجەی هەڵبژاردن بەمانای وشە هەڵبژاردن بێت ولەرەوشێكی سیاسیی وكۆمەڵایەتی ئازادو دوور لەزەبروزەنگدا ئەنجام بدرێت، لێرە حەقیقەتێك دەردەكەوێت: ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان بەپێی ستانداردەكانی هەڵبژاردنێكی ئازادو دوور لەزەبروزەنگ ئەنجام بدرێت وهەموو لایەك سەری رەزامەندیی بۆ ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن نەوی بكەن، ئەوە حوكمێكی كوێرانە نییە ئەگەر بڵێین: باشووری كوردستان دەیان فرسەخ خۆی لەدیموكراتی نزیك ونزیكتر خستۆتەوە، چوونكە هەموو بانگەشەیەكی دیموكراتی بەبێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات وقبووڵكردنی دۆڕانی سەر سندووقەكانی دەنگدان جگە لەدروشمبازیی شتێكی تر نییەو نابێت.
هەتاوەكوو ئێستا خەڵكی كوردستان لەسایەی حوكمێكی دیموكراسیی ژیانی نەبردۆتە سەر، یان لانیكەم هەلومەرجی بۆ نەڕەخساوە لەرێگەی هەڵبژاردنەوە چارەنووسی سیاسیی خۆی دیاری بكات، بەپێچەوانەوە بەدرێژایی چەند دەیە لەسایەی حكومەتی عێراقی وهەژدە ساڵی حكومەتی كوردییدا لەسایەی دەوڵەتێكی پارتریاكییدا ژیاوە، دەوڵەتی پارتریاكیش لەیەكێك لەوێستگەكاندا هاووڵاتیان دەخەسێنێت وبڕشتیان لەبەر دەبڕێت تائەوەی وەك زەرنەقووتە دەم بۆ حكومەت ومەڕحەمەتی سەرۆكەكان دەكەنەوە، چوون خۆیان توانای هیچیان نییە. فەیلەسووفی ئەڵمانی "كانت" لەیەكێك لەنووسینەكانیدا زۆرتر ورۆشنتر پەنجە دەخاتە سەر خاسێت وئەدگارەكانی دەوڵەتی پارتریاركی ودەنووسێت "حكومەتی پارتریارك واتە حكومەتێك كە وەك فەرمانڕەوایی باوك بەسەر منداڵەكانیدا لەسەر بنەمای خێرخوازیی سەبارەت بەخەڵك وەستاوە، لەگەڵ خەڵك وەك ئەو ناپێگەیشتووانە رەفتاردەكات كە ناتوانن چاكەو خراپەی خۆیان لێك جیابكەنەوە. لەم حكومەتەشدا خەڵك ناچاردەكەن دەست وپێ سپی بمێنێتەوەو چاویان لەحكومەت بێت رێگەی بەختەوەرییان پێ نیشانبدات هەروەها هیچ چاوەڕاونییەكیشیان لەحكومەت نەبێت جگە لەوەی حكومەت خۆی پێیان دەبەخشێت. ئاوا حكومەتێك خراپترین جۆری سەرەڕۆییە كە دەشێت وێنا بكرێت". ئەم هەڵبژاردنەو بەشداریی جیددی خەڵك وململانێی هێزەكان دەتوانێت بكرێتە سەرەتایەك بۆئەوەی ئەم مۆدیلە لەحكومەتی باوكایەتی بخرێتە تابووتی مەرگەوەو لەجێگەیدا حكومەتێكی خزمەتگوزارو دیموكراتی بهێنرێتە ئاراوە. كاتێك دەڵێین ئەم مۆدیلە بخرێتە تابووتەوە مەبەستمان لەوە نییە حكومەتی هەرێمی كوردستان بخرێتە تابووتی مەرگەوە، بەقەدەر ئەوەی مەبەستمان لەوەیە ئەو مۆدیل وسیستمەی تائێستا حكومەت كاری پێكردووە ئیكسپایەر بووەو ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی ئەم پێڤاژۆیەش بێت،. بەڵام پرسیارێك بەناچاریی لێرەدا دێتە پێشەوە: ئایا بەراستیی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت مێژوو دوولەت بكات، بەوەی ئێمە ئیدی شاهیدی دوو مێژووی سیاسیی بین، واتە مێژووی پێش هەڵبژاردن ومێژووی دوای هەڵبژاردن؟ ئایا بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەستێنی رامیاریی هێندە سازو ئامادەیە تا گرەوێكی وا سەختی لەسەر بكرێت؟ ئایا هێزە سیاسییەكان بەهەموو رەنگەكانیانەوە تەنیا كار لەسەر دروشم دەكەن یان بەجیددی هاتوونەتە پای بەدیهێنانی كەشێكی دیموكراسییەوە لەكوردستان؟. ئەگەرچی وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر سادانە، گەلێك قورس وگرانن، بەڵام راستیی لەوەدایە زەمینەی سیاسیی زۆر دەمێكە خەمڵیوەو پێویستی وداخوازیی خەڵك زۆر لەمێژە داوای گۆڕانێكی ریشەیی دەكات بەئاقاری دیموكراتی وچەسپاندنی بنەماكانی ئەو سیستمە رامیارییە لەم بەشەی كوردستاندا، بۆئەوەشی تاچەند هێزەكان ئامادەن، وەڵامەكەی لەدوای رۆژی بیست وپێنجی تەمووز وەردەگرینەوە، ئەگەر هێزەكان هەموو تێكڕا بەدەرەنجامەكان رازی بن ودۆڕاو پیرۆزبایی لەبراوە بكات! ئەوە ئیدی دەتوانین رایبگەیەنین چارەنووسی ئەم هەرێمە بەرەو دیموكراتی وتەبەنیكردنی كۆمەڵی مەدەنی ملی رێگەی گرتۆتە بەر ئەگەرنا ئەو هەر لەگۆمی لیخنی دیكتاتۆریی وحوكمی میلیشیایی وخێڵدا مەلە دەكەین.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە