خودای کوردان بتانگرێ

Saturday, 27/09/2014, 12:00

1488 بینراوە


ئەوڕۆ بیستم لەو کەسانەی کە لە باشور چونە حەج دوانیان مردن. لەراستیدا کۆمەڵگایەک بەڕیوەبەرانی ئەو سیستمە بێ کە نزیک ٢٥ ساڵە بە زەبری زۆرو کەڵەگایی حکومەت دەکەن و لە هەندەرانیش وەک رێوی پشت لە دوژمن دەکەن هەر ئەوەی لێ شین دەبێ کە لەبەر چاوانە. ئەو نەهامەتیە کە بەسەر خوشک و برای کوردی ئیزەدیمان هات دەبوایە ئەو پارەیەی کە دەدرێتە ملهوڕەکانی عەڕەبستان ، درابا بە ئیزەدیەکان و چەند منداڵێکی پێ لەمەرگ رزگارکرابایە.
بەداخەوە کۆمەڵگایەک کە ژیانی فکری و ژیانی دەرونی بەو شێوەیە تێپەڕێ توشی بە توشی بارزانی و تاڵەبانی دەبێ. منیش وەک کوردێک هەستی خۆم بەو شێوەیە دەردەبڕم، ئەوان کە ئازادن دەچن بۆ لای مفتەخۆرەکانی دەسەڵاتداری عەڕبستان و دەبنە حاجی، دەبێ ئەو مافەش بدرێ بە من قسەی دڵی خۆم بکەم.

خودای ئیزەدیەکان
خودای شەنگالیەکان
خودای ئەو منداڵانەی
کە لەسەر چیای شەنگال
بارزانی لە تونیان ولە برسان
بە کوشتی دان
بتانگرێ

ئەو کەسانەی کە چونە حەج
ئێوە دەتانزانی حەج لەبەر دەرگای
خۆتانە
ئێوە دەتانزانی
شەڕ یەخەی گرتوین و
کوشتاری تیغی دەوڵەتی ئیسلامی
لە بینە قاوقاو لەسەر گەرومانە

دووتان مرد
کەمە، بەزیاد نەبێ
ئەدی ئەوانی دیکە
چۆن لە روویان هەڵدێ
بێنەوە سەر خاکی شەهیدان؟
بڵێن کوردستان ماڵی هەموومانە

کۆمەڵگایەک کە ئێوەی هەبێ
لە وەها رۆژگارێکدا
بە تەنیا جێی هێڵن
بەرەو کۆشکی مفتە خۆرەکان
دەست و قاچی یەکتر بشکێنن
سەرتان شۆڕ کەنەوە و بۆ
گوناح شوشتنەوە وتۆبە
پەژیوانی و ململانێ
لە کوێ ئەوە زیارەتە
پیاو چاکی و غیرەتە

ئارەزوومە یەک بە یەک
لەوێ
لە کانگای دروێ
گۆڕ و بۆ هەڵکەندرێ
تا ئەو پەندەی کوردەواریتان قەت
لە بیر نەچێ کە دەڵێ
چرایەک کە بۆ ماڵ پێویستە
لە مزگەوت حەرامە.

" هەندەرانی "
٢٦/٩/٢٠١٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە