پرسیارەكانی رۆشنبیر و فەزای رۆشنبیری كوردی

Sunday, 27/12/2009, 12:00

1983 بینراوە


بەشی دوەم
لە سەدەی بیركردنەوە و گومان ..لە پێشبینی جەنگی ئەستێرەو هەسارەو گەردونی چۆن بیر بكەینەوە و چۆن پرسیارەكانمان بەرهەم بهێنین؟لەكاتێكدا پێشبڕكێی زانستەكان پێوانەی ژمارەیی بڕیوە و پرسیاریش لە سەر رۆشنبیری كوردی لە جیهانی (كۆن و نوێ و ئێستا) دایە لە هەمو ئەو بۆشاییە فیكری و مەعریفی و فەلسەفی و زانستیانەی كە هەیەتی لە پەیوەندی و پرۆژەو كردار و خوێندنەوە و بەرهەمهێنان؟ كامەیە قۆناغی ئێمە و لە كوێوە دەست پێبكەین.. ؟ چۆن دەڕوانینە شوناس و كلتور و بەجیهانی بون ؟ كە لای (علی حرب) بەجیهانی بون پێویستی خوێندنەوەیەكە بە لۆجیكی نوێگەریانە و مەودای بونگەری و بە زمانی روداو و لۆجیكی تێگەیشتن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت نەك وەكو دۆزەخ یان بەهەشت سەیر بكرێت . .ئێمەش تائێستا نەمانتوانیوە جەدەلێك بكەین؟ كامەیە زەمەنی خوێندنەوەی رەخنەیی و خستنە سەر و پێكهاتن و ئەو پرۆژانەی كە بونەتە هێڵی جیاكەرەوە ؟ لەكاتێكدا لە گەرداوی پرسیارەكانی شوناس و كلتورداین..پرسیاریش لە سەریان ئاڵۆز و داخراو و ون و پڕ قەیرانە و لە گێژەنگی پرسیارەكاندا مینڕێژكراوین بە گەڕان و چۆن بتوانین ئێستایەك بۆ ئایندە ئامادە بكەین ..؟چۆن باس لە شوناسنامەی رۆشنبیری بكەین؟كاتێك (عەلی حرب) ئاماژە بە شوناسنامەی رۆشنبیری دەكات كە دوبارە داهێنانەوە و پێكهێنانەوە و بەزانستی كردنی كۆبونەوە و بەكۆمپیوتەركرنی ئابوریەكان و بەعەقڵكردنی سیاسیەكان و بە گەردون كردنی بیرو زانینەكانە..ئەمانەش كاری كەسەكانی ئەكادیمی و بوارەكانی فیكر و ئەندازیارانی زانستیی و پانتاییەكانی تری رۆشنبیری و پسپۆڕ و راوێژكارەكانە كە بتوانن خوێندنەوەیان بكەن.
ئەی كەواتە چۆن ئەو هەورە تاریكانە ببڕین و بڕۆین بۆ گوندی گەردونی؟ئایا چی پرسیارێكی زیندو لەدایك بوە ؟ چۆن بتوانین لەو گەردەلولانەدا زەویەك بدۆزینەوە..؟ كاتێك پێویستمان بە داهێنانی ساتەوەخت و دامەزراندنەوەی نوێ هەیە.. دەكرێت لەسەر چەمكەكانی ئەمڕۆ خۆمان دابمەزرێنین ؟ لەكاتێكدا رابردومان پڕە لەو تاریكیانەی كە هیچ جێگە و سنورێكیان نەهێشتۆتەوە لەو زەمەنە درێژانەى داگیركاری و كۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمى جیهانی و داخراوی كوردستانەوە بۆ كرانەوە.
لێرەوە دەكەوینە دەریای گومان و پرسیارەوە و چۆن بچین بۆ پێشهات و روداو و ئەگەرەكان؟لە كوێوە دەست پێبكەین؟كاتێك ئایندەش لەسەر داهێنانەكانی ئەمڕۆوە پێشبینی دەكرێت..كە ئەویش دەیەها باس و لێكۆڵینەوەی گرنگی دەوێت لە بوارە جیاجیاكاندا.. بە جیهانی بونیش ئەگەرێكە روبەڕوبەڕومان بۆتەوە.. بۆیە لەگێژەنگى پرسیارەكاندا كەوتوینەتە ئێستایەكەوە كە توانای باس و پرسیار و جەدەلی سواوی نیە ..پرسیارەكانی ئێستاش تۆڕكاریەكن لە ئێستا و ئایندە و رابردوماندا و پێویستە بە توانا و هێزێكی داهێنەرانە پەرەیان پێبدەین ..چونكە رۆشنبیری زیندو هەمیشە رەگ و ریشاڵی خۆی دەكاتەوە و لەگەڵ رەوتە ژمارەیی و پێوانە گەیەندراوە چركەییەكەی گەردوندا گەشە دەكات و دیوار و ئاستەنگەكان دەبڕێت و لە سنوری نەتەوەو رۆشنبیریەكان دەپەڕێتەوە.
ئێستامان جیاوازە لە رابردو لەكاتێكدا جیهان لە قورسایی ساڵە رێكانەوە بچوك بۆتەوە بۆ وێنەو چەمك و سیمبوڵ و باگراوى كردن و دۆزینەوە.. بۆ شاشەیەك كە هەڵگری چالاكی و ئاكار و بەها و هەڵوێست و بیرو روانینمانە و بە هەمو مێژو رەنگ بوە بە روداو و كارەساتەكانەوە.. ئێستا هەمو روداوەكان كاول بون و خوێندنەوە و بینینی جیهان هەموی یەك چركەیە.
ئەوەی هێڵی گرنگە لە ئێستادا خوێندنەوەی پێگەكانی رۆشنبیریە ئەو پەیوەندیانەیە كە بونەتە داڕشتنی ئێستایەكی تاریك..پڕ لە تەڵە و بەربەست و دیواری ئەستور.. كە ئەویش ناچارین بیانبڕین و ئەرك و خاڵی وەرچەرخان بزانین؟چی هۆكارێكی شیرپەنجەیی بۆتە هۆی سەهۆڵبەندان..؟ لە پەیوەندیەكان بە جیهانی دەرەوە و ناوخۆ.. لە سڕینەوە و نوسینەوە.. لە كردار و نامە و گەیاندنەكان.. لە تاریكی و روناكی .. لە لابردن و بونیادنان .. لە ئامڕاز و وەرچەرخان و بەرهەمهێنان...هتد ..
ئیتر كامەیە هێڵی جیاكەرەوە و خوێندنەوە ؟ وەهمەكانی رۆشنبیری چیە؟..چۆن مۆدێرنیزم كەلەپوری خوێندۆتەوە؟ ئایا دەتوانین زەمەنى سەر بە مۆدێرنیزم لەبونى یەكەم چاپخانە لە ئەشكەوتى (جاسەنە) دیارى بكەین كە (شێخ مەحمودی حەفید) یەكەم ڕۆژنامەى بانگى حەقى پێدەركرد..? یاخود بەبەكارهێنەری دابنێین؟ بەهاوكێشە بۆ بونى یەكەم چاپخانە لە چیاكانى لوبنان كە (عەلى حەرب) ئامەژە بە زەمەنی مۆدێرنیتە دەكات .. دەشێت جیاوازی هەبێت لە ڕوى كلتورى وشوناس و بواری مەعریفی و دەسەڵات و كرانەوەوە بەڕوى جیهان و دەیەها جیاوازی تر و كۆمەڵگەى كوردیش بەو داخراوی و سەختى و دواكەوتوییەیەوە ..چی هێڵێكی رەخنەیی لە هاتن و چونی ئەم پرۆژە فیكریانەدا كراوە ؟ یان تاكەكانی بەجیهانیكەر چۆن تایبەتمەندێتیەكانیان راڤە كردوە ..؟ كاتێك كە پرسیار و كێشەكانی گەردون و جیهان بە درێژایی مێژو بەسەرمانا كەڵەكە بون. لەكاتیكدا جیهان لە رۆشنگەری و من بیردەكەمەوە كەواتە من هەم و پرسیارەكانی بون و كەسی بیركەرەوەی نوێوە بۆ بونگەرایی هات و دواتر دەیەها پرسیاری تری دۆزیەوە .. ئێستاش بەهۆی شۆڕشی زانیاریەكان و ژمارەكان لە زەوییەوە چوە ناو ئاسمان و بۆ گەردونیەت.
لەم روەیشەوە دەكەوینەوە نێو سەرسامیەكی تر ، بە دەزوی ئەو پرسیارانەدا شۆڕدەبینەوە كە پابەندی كێشە ئەنتۆلۆژییەكان و پەیوەندییەكانی بە جیهانی بون و ئاستەنگەكانی رۆشنبیری كوردی و شوناس و كلتور و زمان و نەبونی خاڵی هاوبەشی و پۆڵینكاریە.. لەكاتێكدا كوردستان بە سەر چوار پارچەی جیاوازدا دابەش بوە كە هەریەكەیان سەر بە كلتورێكی تایبەت و جیاوازە ، بەم پێەش دەیەها پرسیاری مەعریفیمان بەبێ ناونان كەوتونەتە گەردەلولەوە ..چۆن بتوانین جەدەلێك بۆ كلتور وشوناس بكەین؟ كە لای (علی حرب) شوناس ئاوێتەیە و روی جیاوازی هەیە نەكو تەنیا رەهەند و رویەكی هەبێت و كلتوریش دەكاتە دو جۆرەوە كلتوری پیشەسازی ژیان لە رێگای سیستەمەكانی ماناو سەرچاوەكانی دەلالەت و سیستەمەكانی سیمبولیزمی ناهۆشمەندی كە خەیاڵی كۆی نەتەوەیەك لە نەتەوەكان یان هۆزێك لە هۆزەكان دروستی دەكات.كلتورەكەی تریش ئەوەیە كە ئەهلی رۆشنبیری بەرهەمی دێنن.
لێرەوە دەكەوینە ناو گێژاوەوە .. چ جەدەلێكى شارستانی دروست كرا ؟ كامەیە خستنە سەرو ماناداركردن و هەڵوەشاندنەوەى شتە باوەكان ؟ كوا فەرهەنگ و نامەكانى ئەنتۆلۆژى و بەشارستانى كردن و بەجیهانى بون و كاركردن لەو گوندە جیهانیەى كە شوێن و زەمەنیشى گۆڕیوە ؟ كامەیە ئەو گۆڕانكاریانەی لە شەپۆلەكانی نوێخوازیدا و لە بوارەكانی ڕۆشنبیریدا كراوە ؟ ئایا چی پۆڵێنكاریەك لە بواری رێكخراو و یانە و دەستە رۆشنبیریەكاندا لە حیزبەوە بۆ دەوڵەت كراوە..؟ یاخود لەو هەمو بەروبوم و ئامرازو پەیوەندییانەى دێنە كوردستان و دروست دەبن؟ توانراوە چییان بكرێنە كوردی؟ بەرامبەر بۆ كام موفرەدەو زاراوەیە دانراوە ؟كامەیە ڕۆڵى پسپۆڕ و راوێژكارەكان؟ چ جەدەلێك بۆ زمانى كوردى كراوە ؟ توانرا شێوە كرمانجى سەرو خوارو بگەیەننە ئاخافتن نەك یەكگرتن یاخود جیاكردنەوە ؟ ئەوەی گرنگە بوار و هەژانی رۆشنبیری بەو ڤیستیڤاڵانە كە بۆ ناو و یەكتر ناسین و شتی تركراون و دەركردنی سەدەها رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوە ناكرێت كە زۆریان ئوتوەكانیش وەریانناگرن .
كە ئەم داهێنانەش لە بنەماكانی ئێمەدا سەختە كە بتوانین جیهانی چەمكی نوێ دابمەزرێنین وەك (عەلی حرب) ئاماژە بەوە دەكات كە فیكری عەرەبی تا ئێستا نەگەیشتۆتە داهێنانی زاراوەیەكی تایبەتی یان بینای جیهانی چەمكی نوێ كە بەشداری لە دەوڵەمەند بونی فیكری جیهانیدا بكات.. ئەى كەواتە چۆن بەراورد بكەین و چۆن گۆڕانكاری دەكرێت ؟كێن كەسەكانی گۆڕان؟ چۆن بەشداری گۆڕانەكان بكەین؟ دەكرێت بەراوردێك بكەین و بپرسین چی نامەیەكی ماستێر و دكتۆرا بونەتە هۆی خستنە سەر و دۆزینەوەیەكی نوێ؟ كام بۆشاییەیان پڕكردەوە ؟چی جیاكاری و شوناسێكی رۆشنبیری و كلتوریان راڤە كرد؟ كاتێك شوناس پێویستی بەكرانەوە هەیە لە فەزای بەرهەمهیناندا..بەم پێیەش لە بواری داهێنانی رۆشنبیری بە هەمو رەگەزەكانیەوە ؟ چی خوێندنەوەیەكیان كرد كە رەگی رۆشنبیریەكی زیندو بڵاوبكەنەوە ؟ بمانگوێزنەوە لە بێدەنگیەوە بۆ پرسیار..لەواقیعەوە بۆ زەویەكی داهێنەرانە ؟ هەتا بۆشاییەك پڕبكاتەوە و هەژان و خاڵی گۆڕان بێت لەو پانتاییە بەتاڵانەدا .. لەو كەلێنانەی كە هەیە..چونكە ئێمە پێویستمان بە پڕكردنەوەی بۆشاییەكان هەیە لە هەمو بوارەكاندا كە كاری بیرمەندو یاسا ناس و تیوریست و داهێنەرانی فەزا رۆشنبیریەكانە كە بتوانن ئەم زەویەمان لێبگۆڕن كە سەر لەنوێ تیایدا لە دایك ببینەوە.
بۆیەش دەشێت بپرسینەوە كامەیە ئەو عەقڵە ژمارەییەی كە كراوە و چۆن بەڕوى واقیعدا كراوەنەتەوە ؟ ئەمەش دەمانگێڕێتەوە بۆ سەرەتای هاتن و شەپۆلی دەسەڵات و پەیوەندیەكانی مەعریفە .. ئەمەش خوێندنەوەیەكی قوڵە لە مێژوی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی.. ئایا زەمینەی شۆڕش و ئامادەكاریەكانی چی بوە لە بوارەكانی مەعریفە و فەلسەفە و زانستەكان ؟
بەم چەشنەش چۆن جەدەلێك لەسەر پەیوەندیەكانمان دروست بكرێت..بۆ ئەوەی دەسەڵاتێكی هاوشێوەی گەلان دابمەزرێنێت ؟ئەى چۆن بتوانرێت باس لە پەیوەندیەكانی دەسەڵات و مەعریفە بكرێت ؟ لێرەدا تەنیا ئەو پرسیارانە دەكرێنەوە كە لەفەزاى بەرهەم هێناندا هەیە.. كامەیە زەوى لەدایك بونى دەسەڵات و مەعریفە..؟ كامەیە ئەو پێگە تیوری و مەعریفى و زانستى و فەلسەفیانەى كە دەسەڵاتی كوردی لەسەر دامەزراوە؟ كامەیە ئەو ڕاڤەیەى لە وەرگرتنى تیۆری جیهانیەوە كراوە؟ئەى كەواتە كامەیە ماناكانى دەسەڵات و مەعریفە؟ ئەگەر ئێمە باس لە پەیوەندیەكانیان بكەین هەر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەكانى فەلسەفە و زانستەكان كە ئێمە نەگەیشتوینەتە زەمەنى سفر تیایاندا .. ئەمانەش پرسیارن لە خاڵی ریشەیی تیوری ئەو شۆڕشەی كە كراوە؟ راستی بزوتنەوەی نەتەوەیی كورد بۆتە مایەی گۆڕان لە زۆر بواری شارستانی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و جیهانێتی و بە هاوكێشە بەو بارە داخراو و دواكەوتوییەی كە بەدرێژایی مێژو كورد تێكەوتوە و قوربانی گەورەی داوە.
ئاشكرایە مێژوی كورد دەگەڕێتەوە بۆ مێژوى دێرینى جیهان بە زۆربەی دەسەڵاتە ناسراوەكانیەوە تێپەڕیوە ، بەهۆى سەختى و چڕی و داخراوی ناوچەیى و ناوخۆیی و دەرەوە و دورى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەراست و نەبونی سنوری دەریایی و هاوبەشی نەكردنی لە گەشەسەندنەكانی جیهاندا نەیتوانیوە بەشدارى لە پەیوەندی جیهانێتى بكات و سود لە گەشەو قۆناغەكانی وەربگرێت و بەدابڕاوى ماوەتەوە تا سەدەى 21 بەبێ بەشدارى لە پریشكی ئەو گۆڕانە گرنگ و ڕیشەییە باڵایانەی لە جیهاندا رویان داوە.
بۆیە شۆڕشێكی تیوری دانەمەزراند هەتا وەرچەخانێكی ریشەیی بكات و دوای راپەرینیش كەوتە شاڵاوی هەمو پێشكەوتنەكانی جیهان و نەیتوانی ئەو گۆڕانكاریە ریشەییانە بكات و هەمان عەقڵى شاخ دروست بوەوە كەجگە لە سود وەرگتنێكی زانیاری لە تیوری جیهانی تیورێكی خۆی نەبوە و نەیتوانى بە قۆناغەكانی خۆیدا بڕوات كار و جیاوازی لە نێوان سەنتریالیزمى دیموكراتی شارو شاخدا بكات ، هەمان پێكهاتە كەوتە بەڕێوەبردنى دەسەڵاتى دەوڵەت .. بەهۆى كێشە ناوخۆییەكانیانەوە بەرزاییەكانی شاخیان هێنایە سەر شەقامەكان..بەم پێیەش بە سیاسەتی(فیفتی و شەڕ و تەبایی) حوكمیان كردوە كە پانتایی و كەشێك بۆ بە سەراچونەوە و گۆڕان و وەرچەرخان و فەزای ناتەبایی دروست ناكەن. تا ئێستاش زیاتر لە پرسیارەكانی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییەوە درێژە بەو ترایژیدیایە دراوە..بۆیە پێویستە بپرسین: كامەیە پێكهاتەكانی ئاسایشى نەتەوەیى و ستراتیژو پرۆسیس و پلانەكانی چییە ؟ كامەیە سنور و پێكهاتەكانی جوگرافیا؟ هەمو ئەو پرسیارانە لاڵمان دەكەن ئایا كۆمەڵگەی كوردی چۆن دەخوێندرێتەوە؟كە تەكنەلۆژیای نیە و نابێتە كۆمەڵگەیەكی پیشەسازی و زانستی كشتوكاڵ و بازرگانیشی نیە نابێتە كۆمەڵگەیەكی كشتوكاڵی. ؟ جگە لەوەش ئەوەی گرنگە بواری ئابوریە كە ژێرخانی كۆمەڵە .. ئایا چی خەزنێكی ئابورى و ئامار و جیاكاریەك هەیە بۆ جەنگ و گرانی و روبەروبونەوەی پێشهاتی ترسناك؟كامەیە بواری بازرگانی كە تەنیا كەرتی تایبەت بازرگانی دەكەن و ئەم بازاڕ ڕەشیەی ئێستای لێكەوتۆتەوە كە لە عەقڵا نەماوە..جگە لەوەش زۆر بواری تری ئابوری و پیشەسازی كە تەواو پشتگوێ خراوە.. ؟..كامەیە سوپا و زانستی سەربازی و مەعریفی بەر بڵاوی جەنگ؟ كە پێویستە دەسەڵات بدرێتە دەست نەوەى نوێ ، یاسا و دەستور و میلیشیاو سوپا و ئەكادیمیای سەربازی بچنە ریزی سوپای یاسایی دەوڵەتەوە.. كە ئاسایشى نەتەوەییش سەرەتا ڕەگ و ڕیشەى نەتەوە و پیگەكانیەتى .. ئەمەش ئەنجامی ئەوەیە كە شۆڕش گەڕان وخویندنەوەیەكی قوڵی بۆ ئەو چەمكە قوڵانە نەكردوە و نەیتوانیوە سۆسیۆلۆژیایەكى تایبەت بەو كۆمەڵگەیە دابڕێژێت یاخود پراكتیكی بكات و هەمو چەمكە باوەكان بگۆڕێت بە چەمكی نوێ هەروەك(لینین و ماوتسى تۆنگ و هۆشی منە و جۆز جۆز تیتۆو ئیمام خومەینى) ودەیانی تر لە جیهاندا كردیان.
لێرەوە كێشە و پرسیارمان لە سەر چۆنییەتى و گۆڕانە لەو سەهۆڵبەندانەى كە قاچى تاكەكانى تیایدا چەقیوەو رەوتی ئەو گۆڕانكاریانە چیە دەكرێن ؟كاتێك هەمومان دەكەوینە بەر دادگایی كردنی مێژو (ئەوانەی كە خوێنیان مژیوە و ئەوانەی كەملكەچن و ئەوانەی كە بێدەنگن) ..لێرەوە كێشەكان دەبنە دەریا لوش.
ئاشكرایە كە باس لە خاڵى وەرچەرخان بكەین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رەگ و ریشاڵی فەلسەفەو گۆڕانكارییە زانستی و مەعریفیەكان.. هەمو وەرچەرخان و گۆڕانێكى تاك و كۆمەڵ كە چەمكى داهێنان و گۆڕانى هەڵگرتبێت شۆڕشە .. ئەمەش پابەندی خوێندنەوە و خستنە سەرە لە بوارەكاندا واتە (أجتهاد)كۆشش وەك ئەوەی خوالێخۆشبو(ناسری سوبحانی)لەسەر دەقی قورئانی و فەرمودەكان دەیكرد ..یان (فاروق رەفیق)دەیەوێت لەبواری بیر و فەلسەفەدا بیكات..یان كۆمەڵێك هەڵبژاردەی رۆشنبیری لە بواری رەخنە و دایەلۆژی دەسەڵات و مەعریفە دا دەیكەن و هێڵێكی داهێنەرانەیان دامەزراندوە و كردنەوەی ئەو وێستگانەى وەزارەتى كارەبا لە فیزیای كارەباییدا و كردنەوەی پاڵاوتەی نەوت بەشێكن لە داهێنان..كە پێویستە بەم شێوەیەش هەوڵی ئەوە بدرێت كە بایەخ بە كەسی داهێنەر بدرێت .. نەك ئەو بازاڕ رەشیەی (فرە پلەیی) تاكەكانی كوردی زۆریان بونەتە داشەهارەی پلە.
هەمو ئەو بۆشاییانە مانای ئەوەیە كە دەبێت نەوەی نوێ چەمكە لە كەڵك كەوتوەكان بگۆڕن.ئەمەش بەو شۆڕشە ریشەییەی كە هەتا ئێستا كورد نەیكردوە و ئەركی (رۆجیس دوبریە)یەكە لە بواری شۆڕش و میدیولوژیادا بیكات.
ئەمەش شۆڕشی بیر و زانیاریەكان و جەدەل و پرسیار و دامەزراندنی فەزا و كەشێكی نوێە كە بتوانین بەرەو جیهانێكی داهێنەر بچین. بە هەژان و گۆڕانكاری و هۆشیاركردنەوە و جەدەل و توێژینەوە و پرسیار و گومان ..هتد. كە ئەم وەرچەرخانە گرنگی ئێستایە هەتا لە بوارەكانی زانین و زانیاری و خوێندنەوە و بەرهەمهێنان مانای بیركردنەوە لە ئەرك و كار و گۆڕانكاریە لە هەمو بنەماو بونیاد و چەمكە سواوەكانەوە بەرەو فەزای كراوە و داهێنان.

بەشی یەكەمی لە ژمارە(534)ی17/8/2009ی رۆژنامەی رۆژنامە دا بڵاوبۆتەوە.بەشی دوەمیشم نارد بۆیان بەسێشمە بەوی تر لەبەر زۆری وشە هێشتیانەوە بۆیە لە گوّڤاری هەناسە بڵاوم كردەوە



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە