تەقەی خۆشی... تەقەی بێهۆشی!

Friday, 16/05/2014, 12:00

1922 بینراوە


لە کاتی خەباتی چەکداریشدا کاتێک کورد ناچارکرابوو چەک هەڵبگرێ بۆ بەرگریکردن لە خاک و لە ماف و شکۆی ئینسانەکانی، وە وەک نان و ئاو پێویستی بە فیشەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر هەبوو، لە هەندێ بۆنەی سیاسیدا (بۆ نمونە وتووێژ لەگەڵ حکومەت) بە دەیان هەزار فیشەک دەنرا بە ئاسمانەوە، ژن و مناڵ و پیاوانی گوندەکان خورپە لە دڵیان دەدرا و لە پشودان و خەویان دەکردن. سەدام حوسەین یش بینیمان چۆن لە کۆڕە جەماهیریەکانیدا وەک ئەکتەری فلیمی عەسابەی کاوبۆی ئەمریکی تفەنگ و دەمانچەی بە ئاسمانا دەتەقاند. بە هەمان شێوەو بە هەمان ناوەڕۆک ئەوانەی هێشتا بە هەست و هۆش وعەقڵیان لە سەردەمی خەباتی چەکداری دەژین ، ئیمڕۆش کە لای زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی وڵاتەکەمان نرخ و شکۆی چەک و چەکداری و چەکهەڵگرتن زۆر دابەزیوە و بگرە تەنانەت لە دێهاتەکانیشدا بووە بە عەیب بە ئاشکرا چەک هەڵبگری و زۆرکەس لە بری دەمانچەی بەر پشتێن مۆبایلەکەی کردوە بە لاقەدیدا، کەچی لە سلەیمانیی پایتەختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردوستان و لە هەولێر وەک لە هەڵبژاردنی ٣٠ ی ٤ ی ٢٠١٤ گوێمان لێی بوو بینیمان دەسڕێژی دەیان هەزار فیشەک بە چەکی ئۆتۆماتیکی دڵی خەڵکی ڕاتەکاند و جگە لە فیشەکی ئاگرین ترس و نیگەرانیی زۆری بە سەر هاوڵاتیاندا باراند و دەیان کەس بە گوللەی وێڵ برینداربون و یەک دوانێکیش کوژران. هاوڕێیەکی دوکتۆرم ئەو گوڵلە وێڵەی نیشاندام کە لە ناو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلەیمانی لاقی سمیبو. من دڵنیام هاندەری دەرونی و کۆمەڵایەتیی ئەوانەی ئاسمان دەدەنە بە ر فیشەک دەربڕینی خۆشیەکی ڕاستەقینەی هەڵقوڵاوی دڵێکی هەژاو بە خۆشەویستی نییە، بەڵکو دەربڕینی ڕق و کینەیە بەرامبەر ناحەزە سیاسیەکانیان کە بە دوژمنیان دەزانن نەک مونافیس، دەربڕینی نائارامی و شڵەژان و نیگەرانی و نائومێدی و ترسیانە لەوەی کە دەسەڵاتی پارە و پلە و پایەیان لەدەستبدەن و بکەونە بەر لێپرسینەوە بۆ ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە خەڵک کردویانە. ئاخر پلەدار و پایە دار و هەر دەسەڵاتدارێک کە لە ناخی خۆیدا لاواز و ناهاوسەنگ بوو بڕوابەخۆ نەبو، کە مەترسی کەوتە سەر پلە و پایە و دەسەڵاتەکەی ئیتر ئۆقرەی لێدەبڕێ و دونیای لێدەبێتە دوژمن و کۆنترۆلی بەسەرخۆیدا نامێنێ ، چونکە ڕوبەڕوی وێرانە و تاریکیەکانی ناخیان دەبنەوە. بێگومان ئەگەر ئەم حاڵەتە دەرونکۆمەڵایەتیە گرژ و ناجێگیر و توڕەیە لە دڵ و دەرونی سەرکردەیەکی سیاسی بەرپابێت، ئەم لە بری تەقە بەئاسماندا دەچێتە سەر تەلەفیزۆن و بای بۆنپیسی وتارێکی پڕ کەفوکوڵ و نابەرپرسیار و هەڕەشەئامێز دەردەپەڕینێ و بەنزین بە پشکۆ مت و خامۆشەکانی ژێر خۆڵەمێشەکەدەکات. بەڕاستی هێنانەدی ئاشتی و پاراستنی لە دەست شەڕەنگێزان و دەرونە نەخۆشەکان خەباتێکی بەردەوام و ڕۆژانە و ماندونەناسی لە هەموشوینئامادەی دەوێت. خۆشی و شادی دەبڕینی ڕاستەقینە بە سەما و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و لەئامێزگرتن و ڕاموسانی یەکتر و بارینی فرمێسکی شادی و قاقای پێکەنین و سەیرانکردن و ... دەبێت ، هەروەها بەوەدەبێت کە لە ئەوپەڕی شادیماندا شەهیدانی ڕێگای ئازادیمان لەبیرنەکەین و بۆ کەس و کاریان بە وەفابین و هەمو مافە مادی و مەعنەویەکانیان پێبدەین. ئەم دروشمە (با ئاسنی فیشەک وچەکەکان بکەینە گاسن بۆ کێڵانی کێڵگەکان) چەند دروشمێکی ڕاست و ڕەوا و جوانبو کاتێک ملیۆنەها ئاشتیخوازی دونیا لە خۆپیشاندانەکانیان بەرزیاندەکردەوە. من داوا لە پەرلەمانی کوردوستان دەکەم یاسایەک دەربکات بۆ قەدەغەکردنی تەقەی خۆشی ،هەروەها داوا لە هەموان دەکەم، بەتایبەتی داوا لە میدیاکاران و نوسەرانی کوردوستان دەکەم ئیتر لە بری تەقەی خۆشی، (تەقەی بێهۆشی) بەکاربێنن چونکە هەمیشە ناخۆشیی لێکەوتۆتەوە و مرۆڤی هٶشدار و عاقڵ تەقەی واناکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە