ژنانی یەپەگە،پەیەدەو پەکەکە لەگەڵ بووکە شووشەکانی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم...

Saturday, 09/08/2014, 12:00

2698 بینراوە



گرنگی پێدان بە سەرچاوەی هێزی مرۆی ژنان،بەکارهێنانی، پشتیوانی لێکردنی، پەروەردە کردنی بە شێوەیەکی کاریگەر،هێنانە پیشەوەی لە بواری خزمەت کردن بۆ دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیکان و ووڵات لە هەموو ئاستەکانی پێویست، هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و ئامانجە گشتیەکانی کۆمەڵگا، فەرامۆش کردنی بەرژەوەندی تایبەتی و لە خۆ بووردن، تاوەکو ئیمرۆ تەنیا دوو هێزی سیاسی تاوانیویەتی بە سەرکەوتووی،بەردەوامی و لە ئاستێکی بەرز ئەوە بکا، وە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو راستیە بسەلمێنێ کە ژن تواناکانی لە پیاوکەمتر نیە، ئەویش یەکەم جولەکە، دووەم پارتی کرێکارنی کوردستان بووە.
جولەکە:
مێژووی بزوتنەوەی زایۆنیزم دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ١٨٧٠-١٨٩٧. ئامانجی ئەو بزوتنەوەیە، پێش شەری جیهانی دووەم لە سەدەی رابردوو، بریتی بوو لە دامەزراندنی ناوەندێکی پاراستنی کەلتووری جولەکە، کۆکردنەوە و نیشتەجێکردنی جولەکە پەرەواز بووەکانی دونیا لە فەلەستین. بەڵام دوای شەری جیهانی دووەم و روودانی هیلۆکۆست لە ئەڵمانیای هیتلەری، ئەو بزوتنەوەیە دروشم و داواکاری و ئامانجی خۆی گۆری، فۆکەیسی خۆی خستە سەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی جولەکە، ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٤٨ توانی دەوڵەتێکی سێکۆلەر دابمەزرێنێ کە زۆربەی پێکهاتەکەی جولەکە بوون.
جولەکە بەدریژای مێژووی بزوتنەوە سیاسیەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، توانیویانە بە شێوەیەکی کارێگەر سوود لە توانای ئافرەت وەربگرن وە رێگا خۆشکەر بن، بۆ هێنانە پێشەوەیان و بەرز نرخاندنی رۆڵیان،لە هەموو بواریکدا و لە هەموو ئاستێکدا لە قۆناغە جیاجیاکانی گەشە کردنی کۆمەڵگای جوو، بۆیە مێژووەکەیان پرە لەو ژنانەی کە خۆیان تەرخان کردوە بۆ خزمەتی پرسی جولەکە لە دونیا.




چانە سێنیش ژنێکی جولەکە، لە هەنگاریا لە ساڵی ١٩٢١ لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٣٩ کۆچ دەکا بۆ ئیسرائیل. لەلایەن ووڵاتەکەیەوە بە ئەرکێک دەنێردرێ بۆ ئەو ووڵاتانەی کە نازی تیادا باڵا دەست دەبێ، بە مەبەستی یارمەتی دانی جولەکەکانی ئەوێ. چانە، بە سەرکەوتوی دەتوانێ بجێتە هەنگاریا، بەڵام هەر زوو هەواڵی لێدەدرێ و دەستگیر دەکرێ لەلایەن هێزی نازیەکان، دوای ئەشکەنجە دانێکی زۆر لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ١٩٤٤، دادگا بڕیاری گوولە باران کردنی دەدا، لەکاتی گولە باران کردنەکەد، چانە رازی نابێ چاوی ببەستن، رێک رادەوەستێ سەری بەرز دەکاتەوەو سەیری سەربازە نازیەکان دەکا، تاوەکو گولە بارانی دەکەن. لە ساڵی ١٩٥٠ئیسرائیل تەرمەکەی دەهێنێتەوە بە رێز لێنانێکی زۆرەوە لە گٶرستانی چیای هێرزل دووبارە دەینێژنەوە.
پێکهاتەی هێزی سەربازی و بەرەنگاری بوونەوەی ئەو ووڵاتە، پێش ساڵی ١٩٤٨کە هێشتا هێزێکی سەربازی فەرمی نەبووە، کەچی ئەو کاتەش بە شێوەیەکی بەرچاو ئافرەت تیادا بەشدار بووە، دوای ساڵی ١٩٤٨ رێژەی بەشداری کردنەکە هەر لە زیاد بوون بووە، بە تایبەتی کە هێزەکە وەکو هێزێکی سەربازی دامەزراوەیەکی فەرمی ناساندرا. ئیمرۆ ٦٩% لە پێکهاتەی سەرچاوەی مرۆی هێزی سەربازی و بەرەنگاری بوونەوەی ئەو ووڵاتە ژنە. ٣٠% لە کۆی ژمارەی سەربازەکان سەربازی ژنن، ٥١% لە کۆی ژمارەی ئەفسەرەکان ئەفسەری ژنن. لە هەموو بوارەکانی پیادە، دەریای و ئاسمانی بوونیان هەیە.٨٨% تا ٩٢% پۆزشن لە رێزەکانی هێزی بەرەنگاری بوونەوەی ئەو ووڵاتە کراوەیە بۆ ژن.
پارتی کرێکارانی کوردستان:
پەکەکە، لە باکوری کوردستان و ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەراست، دوای جولەکە، تاکە هێزێکە کە توانیبێتی زۆر بە سەرکەوتوانە بوار بۆ ژن برەخسێنێ، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارێگەر بەشداری بکا لە بزوتنەوەی رزگاری میللەتەکەمان، نەک بەشێوەیەکی شکلی و دیکۆری. هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی، ئەو پارتە کاری کردوە کە ئافرەت دەوری هەبێ لە قۆناغە جیاکانی ژیانی ئەو بزونتەوەیە، ئینجا چ لە بەشداری کردنی لە خەباتی رێکخراوەی ژێر زەمینی و ئاشکرا، وە خەباتی چەکداری لە دوای ساڵی ١٩٨٤، هەندێ سەرچاوە بەشداری ژن لەو رێکخراوە دەگەرێنەوە بۆ لە ٢٠% هەندێ سەرچاوەش بۆ لە ٣٠%.
لەسەر ئاستی هەندەران:
بەهۆی بارو دۆخی ناهەمواری ووڵات، کوردێکی زۆر دەربەدەری ووڵاتانی دەرەوە بووە، بە تایبەتی لە دوای ناوەراستی هەفتاکانی سەدەی رابردوو، دیاردەی کۆچکردنی کورد لە ووڵاتەکەی خۆی بەرەو هەندەران لە زیاد بوون بووە، بە تایبەتی بۆ ئەروپا و ئەمریکا. چەند نەوەیەکی کورد لە دەرەوەی ووڵات لە دایک بووەو گەش و نەش و نمای کردوە، فرسەتی ئەوەی نەبووە زیاتر لەگەڵ رووداوەکان و بارو دۆخە سەختیەکانی کوردستان گوزەران بکات، ئەو هێزە مڕۆیە بە شێوەیەکی گشتی، لە لایەن هەموو پارتە سیاسیە کوردیەکانی ووڵات پشت گوێ خراوە، بە تایبەتی ئافرەتانی ئەو ڕەوەندە. پەکەکە وەکو هێزێکی سیاسیی، توانی سەرکەوتوو بێت لە کارکردن، لە نێو ڕەوەندی کوردی ئەو ووڵاتانە، بۆ بەکارهێنانیان بۆ پرسی کورد، بە تایبەتی لە ووڵاتانی ئەوروپا وە بە تایبەتی تریش لە نێو کوردانی باکووری کۆج کردوو و ئافرەتەکانیان.
سەرەنجی تەواوی خۆی ڕاکێشا بۆ توانای ئافرەتی کوردی پەروەردە بووی بە کەلتووری رۆژئاوای ئازادو سەربەست، توانی بە گروپیان بکات ،سوود لە ناسنامەو هاوووڵاتی بوونیان لە ووڵەتێکی تر وەربگرێ، بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە دونیای دەرەوە،بە رێکخستنی خۆپیشاندان،پیتاک کۆکردنەوە، کڕینی پێویستی تر بۆ رێکخراوەکەیان، بەرێوەبردنی بزنس و کۆکرندەوەو ناردنی ئەو دەرامەتە بۆ پەکەکە،بەستنی کۆرو سمینار بۆ خەڵکی بیانی لەسەر پرس و دۆزی کورد، کردنەوەی ئۆفس و چوونە ناو رێکخراوی ژنان و نزیک بوونەوە لێیان، پەیدا کردنی دۆست و لایەنگر بۆ رێکخراوەکەیان و دۆزی کورد. سەرەڕای ئەوانەش دۆزینەوەو گەشە پێدانی بەهرەی تاکەکانی ئەو ژنانە بە تایبەتی لە بواری میوزیک، گۆڕانی سەما، رێکخستنی ئاهەنگ لە مەیدانە کراوەکانی ئەوروپا بە تایبەتی ئاهەنگی نەورۆز، کڕین و بەرێوەبردنی چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆنی. ئەمە وای کرد ترس بکەوێتە دڵی ناحەزانی کورد، بە تایبەتی تورکیا بۆیەش لە ناو دڵی ئەوروپا لە ووڵاتی فرەنسا ساکینە جان سازو هاورێکانی تیڕۆر کران.
لەسەر ئاستی کوردستان، لەهەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستان، توانی دیاردەیەکی مۆدرنی تازە پیشهاتوو بە ئەندام و لایەنگرانی پارتەکەی خۆی بناسێنێ، کە ئەویش بوار ڕەخساندن بوو بۆ ئافرەت لە هەموو تەمەنێک و ئاستێکدا، وەکو پیاو بێتە کۆری خەبات و تێکۆشان، ئینجا بازی دا بۆ ناو کۆمەڵگای کوردی پیاو سالار، ئەو دیاردە تازەیەی کرد بە ئەمری واقیع و فەرزی کرد بەسەر کۆمەڵگا، بەبێ گوێدانە هیچ کۆت و بەندێکی کۆمەڵایتی دواکەوتوو. تاکە هێزێکە کە توانی ئەو هێزە مرۆیە خەوتوەی ناو کۆمەڵگای کوردی پیاو سالاری بە ئاگا بهێنێ و پەروەردە و چاڵاکی بکات، هەوڵیدا ئافرەت لە ناو ئەو تەوقە ترەدیشیناڵە کۆنەی ناو ماڵ دەربهێنێ، لە هەموو بوارەکان و دەزگاکانی ئەو رێکخراوە جێگای بکاتەوە، خزاندنی لە لیژنەی جیا جیای وەکو لیژنەی دانوستاندن، لیژنەەی لێکۆڵینەوە، لیژنەی رێکخراوە دیموکراتیەکان، بەو جۆرە گەشە بکات وە بڕوا بە خۆی پەیدا بکا لە بواری میدیا، نووسین، بێژەر، کامیرا، رێکخستن، تەندروستی، وەرگرتنی پۆزشنی قیادی و نزیک بوونەوە لە ناوەندی بڕیاردان و بواری شەرو پێکدادان.
ئافرەت بە شێوەیەکی سروشتی تواناکانی گەشەیی کردوە لەنێو ئەو رێکخراوە، بۆیە دەبینین بەشداری ئافرەت بەشداریەکی شکلی نیە، بەڵکو بەشداریەکی جدیە کە بە تەواوی بوونی خۆی سەپاندوە. ژنە گەریلاکانی یەپەگەو هەپەگەو پەکەکە لە رووداوەکانی ئەو دوایەی باشووری ووڵات و هێرشی داعش بۆ سەر باشوری کوردستان دەورو ڕۆڵی گرنگیان بینی لە شەرەکانی شەنگار، مەخمور و هەندێ شوێنی تر وە شەهیدیشیان داوە لە بەرەکانی شەڕ.
ئافرەتانی بەشدار بووی حکومەتی بنکە فرەوانی هەرێم لە باشووری ووڵات، وە ئەو ئافرەتانەی کە نوێنەرایەتی ئەو پارتانە دەکەن لە دەرەوەی ووڵات، لە بووکە شوشە بەو لاوە هیچی کە نین، دەوریان تەنیا خۆدەرخستن بوو لە میدیا گومانویەکان، نەیان توانی ئەو دەورە سەرەکیە ببینن لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر باشووری ووڵات، چونکە لە بناغەوە دەوری ئەو ئافرەتانە تەنیا شکلیە وە تەنیا بۆ دیکۆر دانڕاون، بەهۆی هاندانی پارەو پۆست هاتونەتە پێشەوە. لەسەر ئەساسی خزم و ناسین و دۆستایەتی پشتیوانی لێکڕاون لە لایەن دەست ڕۆریشتووەکانی ناو پارتەکانی حکومەتی بنکە فرەوان. لە هەمووشی گرنگتر ئەو ئافرەتانە، بە شێوەیەکی سروشتی لەناو رێکخراوی سیاسی شۆرشگێر نەشو نمایان نەکردوە و گەورە نەبوون وە پەروەردەی دەستی خەڵکانێکن کە مامۆستای گەندەڵی و ناپاکین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە