كاتێك ئەو دوو حیزبە هیچ شوێنێكمان بۆ ناهێڵنەوە

Sunday, 24/04/2011, 12:00

1630 بینراوە




كاتێك لە ئۆتۆمبیلەكە دابەزیم، كە من لەو كاتەدا لە شارێكى دیكەوە ئەهاتمەوە دواى ماوەیەك، وامزانى خەون ئەبینم و لە خەونەكەمدا بەناو ەسربازگەیەكدا تێپەڕئەبم، چونكە ئەو شوێنەى كە رۆژانە لەگەڵ هارێكانم لێى ئەوەستام سەیرم كرد پراوپڕە لە خەڵكانێك كە جلى سەربازییان لەبەردابوو و هەموویان خۆیان پڕ چەككردبوو و یەكى سەرو تێڵاى ئەستوریان بەردەستەوە بوو.
هەركە لە ئۆتۆمبیلەكە دابەزیم جگە لەو چەكدارانە كەسى مەدەنیم نەبینى، بەڵكو بەس خۆیان بوون. لە تەوقى سەرمەوە تا پەنجەى پێم سەیریان ئەكردم، ئەمە لە كاتێكدا كە من جگە لە مۆبایلەكەم و جزدانە بچووكەكەم لە گیرفانمدا، كە برێك پارەو چەند باجێكى رۆژنامەنووسى تێدابوو چى عێراق و چى بیانیى، هیچى دیكەم پێنەبوو.
من پانتۆڵێكى كابۆ و فانیلەیەكم لە بەردا بوو، بەڵام ئەوان بەتەواوى خۆیان حازر و شپرزە كردبوو بۆ ئەنجامدانى كارێك كە خۆیان نازانن چۆن ئەبێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا ئەبى هەركاتێ لێپرسراوە بێ میشكەكانیان فەرمانیان پێ كردن ئەبێ جێبەجێى بكەن. ئەوەش ئەوەى بۆ دەرخستم كە ئەوان لە سێبەرەكەى خۆیشان ئەترسن. بەوەش یەكسەر ئەوەم بیركەوتەوە كە تەواو چیتر ئەم دوو حیزبە ئەبێ بڕۆن. نەك هەر ئەوەش بەڵكو دەبێت تەواوى لێپرسراوەكانیان بدرێنە دادگاو هەموو ماڵى میللەت لە كونەلوتیان بهێنرێتەوە.
ئەگەر راستان ئەوێ لەماوەى بیست ساڵى رابردوودا دەسەڵاتە فاشلەكەى پارتى و یەكێتى نەیانتوانیوە بچووكترین خزمەت بە توێژى گەنجان بەتایبەتى و توێژەكانى دیكە بەگشتى بكەن، كەچى میلیشیاكانیان ئەو نەختە شوێنەیشیان لە ئێمە داگیر كرد كە ئێواران لێێ ئەوەستاین لەگەڵ برادەرانماندا.
دەسەڵات لەوكاتەدا لەسەرجادە بوو، بەڵام تەواوى هاووڵاتیان و رۆشنبیران لە ژوورەوە بوون. من دڵنیام ئەو هاووڵاتیانەى كە لە ماڵەوە كەناگیركراون هەروا تا قیامەت بێ دەنگ نابن ئەوەندەى پێناچێت چەندین كێشەى جۆراوجۆر درووست دەبن، كەتەنهاو تەنها دەسەڵاتدارانى یەكێتى و پارتى زەرەرى گەورەى لێ دەكەن.
من دڵنیام نەك لەو شارەى كەمن باسى لێوەدەكەم بەڵكو لە تەواوى شارو شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان ئێستا دەسەڵات شوێنە گشتییەكانى لە هاووڵاتیان داگیر كردووە. كەواتە دەسەڵات نەك هەر ئەوەى كە عاشقى قۆرخ كردنى دەسەڵاتە، بەڵكو ئێستا شوێنە گشتییەكانیشیان لێ دایگیر كردووین.
من براكەم كە هێشتا لە ئامادەیدایە و لە دواى نەوەد و یەكەوە لە دایك بووە زۆر رۆشنبیرترە لەو كەسانەى كە فەرمانیانداوە بە بڵاوكردنەوەى خەڵكانى مورتەزەقە و میلشیا لە شارو شارۆچكەكانى كوردستانى عێراقدا بۆ چاوترساندنى هاووڵاتیان، چونكە ئەو برایەم هەمیشە ئەڵێت ئەم یەكێتى و پارتییە زۆر هەڵەن ئەگەر وا بزانن كە چارەسەركردنى كێشەكان بە هێز دەبێت. لە راستیدا كاتێك ئەو قسەیەم لە برایەم بیست، كە هێشتا هەرزەكارێكە، زۆر دڵخۆش بووم چونكە یەكسەر ئەوەم بۆ روونبووەوە كە تەواو ئەم دوو حیزبە ئەبێ نەمێنن و چیتر حكومەتێكى دامەزراوەیى درووستبێ.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە