سه‌له‌فییه‌ت ..........وه‌ك ئایدۆلۆژیای ڕق

Tuesday, 29/11/2011, 12:00

957 بینراوە





بۆ ئەوەى تێبگەین پێویستە بیربکەینەوە بۆ ئەوەى بیربکەینەوە و بتوانین مەوداى بیرکردنەوەمان فراوان بێت پێویستە بخوێنینەوە .
زۆر مرۆڤەکان دەخوێننەوە بەڵام لێى تێناگەن چون بڕیاریان داوە کە تێنەگەن.چون گوێیان داخستووە لە ئاست ڕاستیەکان هۆکارێک کە ئەم برا (سەلەفیانەمان) ى وا لێکردووە تەنها شوێنى تەنها زانا یان فەرموودە ناسێک بکەون ئەوەیە کە ناتوانن لە هەموو شتەکان وەک خۆى تێبگەن بۆیە ناچارن بڕیار بدەن تەنها سەرچاوەیەکى لاوەکى بۆ خۆیان دیارى بکەن.
 لێ ئەم بۆچوونە پێش ڕێنیسانس لە ئەوروپا تاقى کرایەوە بەڵام بە ڕووخانى کاسۆلیک و تەنانەت پرۆستانتیش کۆتایى هات چونکە ئەوانەى ناتوانن بیر بکەنەوە ناشتوانن تێبگەن هەمیشە کوێرن لە ئاست ڕاستیەکان بۆیە سرووشت ناتوانێت لە سکى خۆیدا ئەم زیندەوەرانە هەڵبگرێت.
کاتێک مرۆڤ نەتوانێت تێبگات ناشتوانێت جیاوازى بکات ئەو کات کۆبەندى فیکرى ئەم ئایدۆلۆژیایە تووشى ئیفلیج بوون دێت و تەنانەت ئەندامەکانیشى لە نێو کۆمەڵگەدا وەک بوونەوەرێکى سەیر تەماشا دەکرێن .
ئەمانە قسەى سەر زار نین و مێژوو ئەم جۆرە بۆچوونانە لە نێودەبات چونکە ئەم بۆچوونانە ناتوانن لە گەڵ گەشەى مرۆڤایەتیدا بگونجێن و هەڵ بکەن.
خوێنەرى ئازیز گفتوگۆ کاتێک دەست پێدەکات کە بەرامبەر لە قەفەسى تاوانکاریدا دانەنێین چونکە ئەم شێوازى رەفتار کردنە دادگاییکردنە نەک گفتو گۆ کاتێک گفتوگۆ دەکرێت کە بڕیارت نەدابێت بەرامبەر تاوانبارە. بەڵام کاتێک کەسێک جورئەتى کرد بڕیار لە جیاتى خوا بدات و خەڵکى پێ کافرو بیدعە چى بێت تەنها ئەگەرچى حوکمێکى لاوەکى فیقهى تاوانبارى دەکات ئەم کاتە کارەسات ڕوودەدات کە گرووپ گەلێک لە جیاتى خوا بڕیار بدەن و هەندێک بۆ بەهەشت و هەندێک بۆ دۆزەخ ڕەوانە بکەن.
 ترسى ئێمەمانان لێرەدایە کاتێک کۆمەڵگە لە نێو دوو گرووپدا دابەش دەکرێت ئوممەتێک دەکرێتە نێوان بەرداشى دۆزەخ و بەهەشت.
پێویستە ڕاستیەکان هەرچیەک بن ئاشکرا بکرێن چونکە کۆمەڵگەى ئیسلامى لەم کاتى گەشە و پەرەسەندنەیدا پێویستى بە پاراستنى خەڵکانێک هەیە کە دەتوانن بڕیار بدەن. لێرەدا دەپرسین کاتێک کاروبارى وڵات دەکەوێتە دەست کەسانى نەزان ئەبێ چى ڕووبدات ئایا هەر بە ڕاستى ئاشى ئەم نەزانانەش خوا دەیگێڕێت یانى مالى قەڵبە و سەرى خاوەنەکەى دەخوات.ئازیزان هەر گرووپ و ئایدیا و لایەنێک نەیتوانى باوەڕ بەوە بکات کە جگە لە ئەو خەڵکانێکى تر لەم وڵاتەدا دەژین ئەو کات ناچارە بڕیارى ئەوە بدات دوو مرۆڤ هەیە یان من یان تۆ لە نێوان من و تۆدا کەسى تر وجودى نامێنێت ئەو کات باس و خواسى بیدعە و تەکفیر دێتە ئاراوە ئەگەر من ئەو نەبم ئەوا دوژمنم بۆیە پێویستە شەڕم لە دژ بکرێت(شەڕ بە ماناى شیر و تیر نا مەبەست لێى ئەم شەڕەى کە مەدخەلیەکان دەستیان داوەتێ) . کاتێک کڵێساى کاسۆلیک بوو بە نوێنەرى خودا لەسەر زەوى و خێر و چاکەو بەهەشت و دۆزەخى کڕى و فرۆشت ئەو دەمە مێژووى بڕیار دان لە جێگەى خودا دەستى پێکرد ڕەنگە ئەم قسانە جۆرێک لەسەیرییان تێدا بێت بەڵام ڕاستیەکان شەرم لە کەس ناکات پێش ئەوەى کڵێسا زەوی و خانووەکانى بەهەشت بە خەڵکى هەژار و نەدار بفرۆشێت ماسکى ئەم بۆچوونەیان پۆشیبوو ئەوەندەیان بەس بوو کە کاسۆلیک و پرۆستانت و ئەرسۆدۆکس درووست بکەن کاسۆلیکەکەکان کە خۆیان بە پَشینى چاکە خواز دەدایە قەڵەم و لە ڕێبازە تەواو ڕاستەکە جیابووەوە دواتر مۆرکى وەرگرت وبوو بە بۆچوونى خەڵک بەڵام چ بۆچونێک؟ بۆچوونێک هەزار ژەهرى دەمارگیرى و تەکفیرى ئەوى تر و بە گومڕادانانى هەموو دژەکان دواتر دەستى بە ئاڵ و وێلى زەوى بەهەشت و خانووەکانى کرد.
بۆیە ترسى ئێمە لێرەوە دەست پێدەکات کە کۆمەڵێک ببنە میراتگرى بەهەشت و بڕیارى دۆزەخیش بدەن ئێستا پێویستە بپرسین ئایا هێشتنەوەى ڕیش و کورتکردنەوەى شەرواڵ بریتیە لە ئیسلامەتى ئایا سەلەفیەت بریتیە لە مانە وە ئەوەى لە دەرەوەى ئەم بازنەیەدا بێت بوونەوەرێکى ترە ڕەنگە داواکارى ئێستاى ئەم برادەرانە هێشتا هێندە گەورەش نەبێت بەڵام خەمى ئێمە ئەوەیە کە ئەم بازنەیە فراوانتر بێت کورد وەتەنى مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە.با بپرسین ئایا موسوڵمان کارى ناو ناتۆرەیە لە خەڵکى؟ ئایا (سەلەفیەکان) شەڕى بابەتە لاهوتى و دینیەکان دەکەن یان شەڕى کەسایەتیەکان؟ ئایا بەڕاستى ئەمەیە موسوڵمان و (سەلەفیەت)؟ ئایا پیرۆزکردنى کەسانى تر و سووک کردنى کەسانى تر کارى ئێوەیە؟ ئایا بێدەنگ بوون لە هەر کاولکارییەک و مێش بە گا کردنى جیاوازییە بچووکەکان پرۆگرامى ئێوەیە؟ ئایا کپ بوون لە ئاست هەزاران لادانى عەقیدى و فیکرى لەم وڵاتەدا کارى ئێوەیە؟ نا برایان ئەمەى ئێوە پێى هەستاون لە فیتنەیەک زیاتر هیچى تر نیە هاوپیشەکانتان ئەوەندەى کار بۆ قووڵکردنەوەى جیاوازییەکان دەکەن لە نێو ئەم ئوممەتە لەت و پەت کراوەدا و ئەوەندەى كار بۆ یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵگه‌ ناكه‌ن ڕه‌نگه‌ ئه‌م بۆچوونانه‌ نوێ بن به‌ڵام شایه‌نی ئه‌وه‌ن سه‌رچاوه‌ و هۆكار و ئامانجه‌كانیان بزانرێت ...................
ئه‌ندازیار سه‌رده‌شت
http://facebook.com/serdesht
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە