پارتی جارێکیتر چۆک داده‌دات بۆ فتوای مه‌لای مزگه‌وته‌کان

Friday, 01.21.2011, 12:00

1115 بینراوە


ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی هه‌ریم له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ستافی زانکۆکان و خوێندکاراکان له‌ باتی سزادانی ئه‌م مه‌لاومه‌لازادانه‌ ،پێشنیاری ده‌مه‌زراندنی (لیژنه‌ی فتوا ده‌کات) وه‌ک خۆی سه‌رۆک نه‌بێت و توانای بڕیاردانی نه‌ بێت. ئه‌وان له‌ باتی سه‌روه‌ر کردنی یاسا ،یاسا شه‌لووگۆچتر ده‌که‌ن ، (سیستانیه‌ک بۆ کورد وه‌ک مه‌رجه‌عییه‌ت ده‌ستنیشان ده‌که‌ن ، ئه‌مه‌ بۆ خۆی فتوایه‌)،بۆ ئه‌وه‌ی مه‌لاکان ،به‌ خواست و ئاره‌زووه‌کانیان خه‌ڵکی ، ڕۆشه‌نبیر و ئازاد و خاوه‌ن هه‌ڵوێست ڕه‌وانه‌ی مه‌رگ بکه‌ن. ئه‌مه‌ جارێکیتر له‌ ده‌ستدانی پله‌و پایه‌ی سستێمی داده‌ و کڵۆڵی په‌رله‌مان وداماوی خه‌ڵکی کورد پیشان ئه‌دات و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌کۆیی جاهیلیلییه‌ت. ئه‌مه‌ ڕێچکه‌ی ئه‌و کاروانی هه‌ره‌شانه‌ن که‌ ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵکانی ئازادیخواز ده‌بێته‌وه و پاداشکردنی جه‌به‌روودی ئیسلامی سیاسییه‌ ، که‌ پارتیش وه‌ک پارتی پارتان نه‌یتوانی خۆی له‌ به‌ردابگرێت‌ ، ئه‌مه‌ ئه‌و حکوومه‌ته‌یه‌ که‌ خۆی به‌ دیمۆکراتر و عیلمانیتر ده‌زانێت له‌ ئه‌ورووپییه‌کان(به‌ڵام شه‌رع باوک و دایکێتی)..!

دوور نییه‌ کاریگه‌رییه‌کانی گۆڕانی سیاسی له‌ تونس عیله‌تی ئه‌م که‌ژه‌ ته‌ماوییه‌ بێت له‌ سه‌ر ‌وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافی هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی ویکیلیکسیش ماوه‌ (له‌ سه‌ره‌ی خۆیدایه‌). له‌پاش 12 ساڵ گۆڕینی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف، له‌(مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی‌) به‌ کاک (عوسمان موفتی‌). ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ بوونی ئه‌و چه‌تره‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ سه‌پێندراوه‌ له‌ لایه‌ن ئیسلامی سیاسییه‌وه‌ به‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ولێردا. ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی شه‌قامی کوردوستان(به‌تایبه‌تی فتوای مه‌لای مزگه‌وته‌کان و سوکایه‌تییه‌کان به‌ بڵندگۆی بۆ سه‌رجه‌م لایه‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی). ئه‌نجامن که‌ ئیسلامی سیاسی له‌ خۆکۆکردنه‌وه‌وه‌ به‌ره‌و سکه‌ی هێرشکردن بردن ‌پیاده‌ی بووه‌، به‌م پاشه‌کشێییه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی (به‌ هه‌موو باڵاکانییه‌وه‌) خۆی خسته‌ به‌رامبه‌ر تیر و ڕه‌حمی ئه‌وانه‌وه‌ ،وه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ده‌سه‌ڵات ببێته‌ خاوه‌نی چۆکدادانی تریش ، گرنگ یه‌که‌م هه‌نگاوی پاشه‌کشێ کردنه‌ ، هه‌نگاوی زیاتریش مه‌زه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت‌. ده‌سه‌ڵات گه‌ر خوازیار بوایه‌ بۆ ڕاپێچکردنی ئه‌م ده‌ستانه‌ ده‌یتوانی به‌ پێی یاسای ته‌شهیر و ناوزڕاندن و تێکدانی باری کۆمه‌ڵایه‌تی و دروستکردنی دڵه‌ڕاوکێ ، دادگایان بکات نه‌ک کۆڵبدات و پاشه‌کشێی سیاسی بکات (چاو سوورکردنه‌وه‌ی ئێران ده‌وری ڕه‌چاوکراوی خۆی هه‌یه‌). ئه‌و مشته‌ دۆ‌لار و پله‌و پایه‌ و بودجه‌ چه‌وره‌ی ئیسلامی سیاسی وه‌ریده‌گرێت له‌ سلێمانی و هه‌ولێر هه‌ر به‌س نییه‌ .، بۆ ده‌م کووتکردنیان.! ئه‌وان ئێستا به‌ره‌ و ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ ده‌ست ده‌ڕۆن وه‌ ئه‌توانن له‌ شه‌وڕۆژێکدا هه‌موو پشێوییه‌ک و گێره‌شێوێنییه‌کی سه‌رشه‌قام دروست بکه‌ن (ڕۆژه‌کانی دێن ، مه‌حه‌کی ئه‌م قسانه‌ن).
ووته‌بێژه‌که‌ی وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف(کاک مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی)‌ بۆ تا دوانزه‌ ساڵ هه‌موو لێدوانێکی لێقبووڵکرا ،به‌ڵام بۆ ئه‌م لێدوانا‌نه‌ی ئه‌م دواییه‌ی وه‌ک به‌رپێچ دانه‌وه‌یه‌ک بۆ فتوای مه‌لای مزگه‌وته‌کان و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بانگهێشته‌که‌یان بۆ ئێران ،لێی قبووڵ نه‌کرا و ئه‌م قه‌یرانه‌یان بۆ ته‌وقی کردن ! له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی کاک مه‌ریوان وه‌ک که‌سێکی عیلمانی ،دژ به‌ بیرۆ و بۆچوونه‌ پاشکه‌وتووه‌کان‌ هه‌ڵوێستی سیاسی خۆی هه‌بووه‌ و له‌سه‌ر‌ هێڵی کێشراوی ده‌سه‌ڵات نه‌ڕۆشتووه‌ و رووبه‌ڕووی ململانی بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خوودی پیاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات (من له‌ ووتاره‌کانیشی له‌ سایده‌کاندا تێبینی ئه‌و ئۆتۆمییه‌م‌ کردووه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌کانیدا). که‌سێکیش گه‌ر ژێرخانی مه‌لازاده‌یی نه‌بێت بێگومان لای ئیسلامی سیاسی و سه‌رکرده‌کانی جێی گومان و به‌رهه‌ڵستی بوون ده‌بێته‌وه‌.
ده‌سه‌ڵاتی پارتی ، وه‌ک بڕیاری دادگوسته‌ری به‌شێکه‌ له‌ شه‌رع ،واته‌ شه‌رع سه‌رچاوه‌ی بوونی ده‌سه‌ڵاته‌ (که‌ له‌ پارتیدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ، پارتیش خۆیان به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئاینی ده‌زانن ، هه‌ر بۆیه‌ فه‌خریشی پێوه‌ ده‌که‌ن)،له‌م به‌ینه‌دا که‌ مه‌لاکان دێنه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداوێک ، یان سه‌نگه‌ر ده‌گرن ، وه‌ک به‌شێک له‌و شه‌رعه‌ی له‌ یاساکانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکه‌ر خۆیان فه‌رز ده‌که‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ده‌بن به‌ والی سوڵتانی تاران و ئه‌سته‌مووڵ ، نه‌ک له‌ به‌ر ئه‌وه‌ میراتگری سه‌رچاوه‌ی بوونی یاساکانن.
له‌م باروودۆخه‌دا که‌ یاسا ده‌سته‌مۆی ئه‌وان بێت و ئه‌وان خاوه‌نی وه‌سێتی بن ، ده‌سه‌ڵات چۆن ده‌توانێت بیانخاته‌ خانه‌ی داده‌وه‌ بۆ دادگاییکردنیان. ئه‌سله‌ن ئه‌وان (ئیسلامییه‌کان) پێیان وایه‌ ،ئه‌وه‌ پارتییه‌ ئه‌بێت دادگایی بکرێت. بۆیه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ که‌ له‌ داڕشتن و ساخکردنه‌وه‌ی ده‌ستووری کوردوستاندا کرا ، په‌نا بردن بوو بۆ شه‌رعی ئیسلام وه‌ک سه‌رچاوه‌ و ڕه‌هه‌نده‌کانی. دیسان حکوومه‌تی خسته‌ به‌رده‌م ڕه‌حمی فتوایی مزگه‌وته‌کان و شه‌رعه‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵات به‌ خوودی ئه‌و شه‌رعه‌ که‌ کورد خاوه‌نی نییه‌ ، ده‌سه‌ڵاتی پێدادگایی ده‌کرێت ،واته‌ ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌ستی خۆی ئه‌جه‌لی بۆ خۆی نووسییه‌وه‌. ته‌نها ڕێگه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌م قه‌یرانه‌ ، به‌رامبه‌ر تیروکه‌وانی ئیسلامی، داماڵینی یاساکانه‌ له‌ شه‌رع و هه‌موو سه‌چاوه‌کانی تری که‌ پشت و گوێ پێده‌به‌ستێت به‌ (کلتووری پاشکه‌وتوو ،یاساکانی به‌عس که‌تا ئه‌مرۆش ڕوشه‌نبیران و نووسه‌رانی پێدادگای ده‌کرێت ، ئه‌و کلتووره‌ ڕه‌شه‌ قێزه‌ونه‌ی ژنانی پێ کۆت و زنجیر ده‌کرێت ، بێبه‌شیان ده‌کات له‌ به‌رهه‌مهێنان، پۆسته‌ به‌رزه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئازادییه‌کانی تری تاکی کورد له‌ خۆپیشاندانه‌وه‌ تا.....دوایی‌) . کاتێک ئه‌مه‌ پیاده‌کرا ،ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت سه‌نگی خۆی بسه‌پێنێت ببێت به‌ باوکی نه‌ته‌وه‌ و خواسته‌کانی وه‌ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا بپارێزت له‌ هه‌موو جه‌ور و زوڵمێک که‌ ئاین و پیاوه‌کانی فه‌رزی ده‌که‌ن . ئه‌مه‌ ته‌نها زامنه‌ بۆ سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی داد ، تا هه‌موو مرۆڤێک که‌ خۆی به‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و نیشتیمانه‌ ده‌زانێت بزانێت که‌س له‌و گه‌وره‌تر نییه‌.
ئه‌بێت لێره‌ ده‌ست تێوه‌ردانی مه‌لاکانی ئێرانیش فه‌رامۆش نه‌که‌ین ، چونکه‌ مه‌لای کورد و مه‌لای ئێرانی له‌ یه‌ک کارگه‌وه‌‌ به‌رهه‌مهێنراون و ، هێنده‌ی مه‌لای کوردی له‌ به‌رامبه‌ر پارتی و یه‌کێتیدا (به‌تایبه‌تی) خۆیان به‌ سووپه‌ر پاوه‌ر ده‌زانن به‌ حوکمی مه‌رجه‌عییه‌تیان که‌ (ئێران و توورکیا و جیهانی ئیسلامییه‌) ، له‌ به‌رامبه‌ر ئێراندا باڵا کوورت و ملکه‌چ و غوولامیانن.


پارتی ئه‌مڕۆ له‌ بچووک بوونه‌وه‌دایه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ پاشه‌کشێدایه‌ به‌رامبه‌ر ڕمی ئیسلامی سیاسی و کایه‌ سیاسییه‌کاندا. ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگای شارستانی و بیری تازه‌گه‌رایه‌تی و گڵۆبالیزمی (که‌ ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌ هه‌زاره‌ها ساڵه‌ لێی بێبه‌ش بووه‌). ئه‌م ووتاره‌‌ی خواره‌وه‌ که‌ له‌ سایدی ئاوێنه‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ نموونه‌یه‌کی تری ،ئه‌م پشت دانه‌وانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر په‌نجه‌ی هه‌ره‌شه‌ی ئیسلامی سیاسی...؟؟؟
پارتی‌: داوای‌ لێبوردن ده‌كه‌ین بۆ لێدانی‌ ئه‌و گرته‌ "سێكس"ییه‌:
عومه‌ر فه‌تاح، سلێمانی: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شه‌وی‌ 13-14/1 له‌كه‌ناڵی‌ ناوخۆیی سلێمانیه‌وه‌ كه‌ سه‌ربه‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ گرته‌یه‌كی‌ "سێكسی‌" لێدراوه‌، نیگه‌رانی‌ لای‌ موسڵمانان دروستكردو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایانكرد ئه‌و كه‌ناڵه‌ بدرێته‌ دادگاو پۆزش بهێننه‌وه‌.
به‌ڵام به‌ ده‌یان و سه‌دان شوێنی له‌شفرۆشی هه‌یه‌ له‌ ووڵاته‌ عه‌ره‌ب و ئیسلامییه‌کاند(به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ کاری سێکسی تێدا ده‌کرێت). که‌س نییه‌ پێیان بڵێت به‌ریچاوتان کلی پێوه‌یه‌. نه‌ک داوای داخستنیان لێبکرێت ‌. باشه‌ بۆ ئه‌م باڵه‌ توندڕه‌وانه‌ی ئیسلامی سیاسی داوایان نه‌کرد له‌ ڕژێمی سه‌فاحی عێڕاقی داوای لێبووردن له‌ تاوانه‌ قێزه‌ونه‌کانی وه‌ک ئه‌نفال بکات،ئه‌مه‌یه‌ بانێکه ‌و دووهه‌وای ئیسلامی سیاسی سه‌ر به‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی. ئه‌مانه‌ کرمی دارن ، تا سه‌ری خاوه‌نه‌کانیان نه‌خۆن ،پشوو ناده‌ن. باشه‌ بۆ ئاینی ئیسلام بۆ پارتی و که‌ناڵه‌که‌ی شه‌دیدوول ئیقابه‌ ، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی جیهانی ئیسلامی غه‌فوور و ڕه‌حیمه‌.
ئێوه‌ یه‌ک کارم پێبڵێن که‌ ئه‌م جووڵانه‌وه‌ سه‌ر به‌ ئه‌قڵو کلتووری عه‌ره‌بییه‌ ،خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کوردی پێکردبێت ،هێنده‌ لایلایه‌ و شین بۆ غه‌زه‌ ده‌که‌ن ،ئایا توانیویانه‌ به‌ یه‌ک دێڕ ووتار له‌ که‌ناڵه‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانیانه‌وه‌ ،پرۆتێستۆی ئه‌و تاوانه‌ بکه‌ن که‌ داگیرکه‌رانی توورک ، فارس و عه‌ره‌ب دژ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی کۆلۆنیالکراوی وه‌ک کوردی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ئه‌چێته‌ خانه‌ی نه‌ته‌وه‌ فرۆشتن بۆ برا ئاینییه‌کانیان له‌ توورکیا ، ئێران و نیشتیمانی عه‌ره‌بی.