لەدوای تێپەڕینی شەش ساڵ ئەم ڕاستیە خامۆشکراوە ئاشکرا دەکەم.!

Saturday, 05/11/2011, 12:00

1612 بینراوە


لەڕێی ئەم نوسینەوە دەمەوێت ئەو ڕێگە دورو درێژە بۆ ئەو کەسانە کورت بکەمەوە کە وێڵن بەدوای ویستی تێگەیشتندا ، لەو تێگەیشتنانەشەوە وێنای نەخشەی سنورێکی بەختەوەری بۆ کۆمەڵگەو نەتەوە بەشمەینەتەکەی خۆیان بکێشن لەوێشەوە چارەنوسی مافی ڕەوابونی بۆ دیاری بکەن.
ئەم نوسینە تەنیا نوسینێکی سادە بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی کاتی خوێنەر نیە بەڵکو هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی گرنگی خامۆشی شەش ساڵ لەمەوبەرە کە تائێستا لای هەمو کەسێك پەنهانەو هیچ زانیاریەکی ئەوتۆی لەو بارەیەوە نیە لە هەمان کاتیشدا پێم وایە لە ئێستادا کاتی خۆیەتی حەقیقەتی ئاستی تێگەیشتنی ئەو کەسایەتیانەش وەدەرخەین کە بۆ بەدبەختی ئەوانەن لەڕیزەکانی پێشەوەن و پێنوسی واژۆی بڕیارە چارەنوس سازەکانی گەل و نەتەوەی کوردی بەجێماوی سەر ڕوی ئەم زەمینەیان لەدەستدایە ئەوانەش لە پێکهاتەکانی ئەو کەسایەتیانەی کە ئاستی تێگەیشتنیان لەگەڵ بەراوردکردنی ئاستی تێنەگەیشتنیاندا بە ئاشکرا دیارە کە ئاستی تێگەیشتنیان لەبەرابەر تێنەگەیشتنیان زۆر مەترسیدار ترە، بەمانایەکی تر زانینیان لە نەزانینیان بەد ترەو نەزانینیان لە ڕەنگدانەوەی تەواوی نەزانانی تر خراپ ترە، هەنوکە ئەمانە لە مێژینەو ئێستاشدا ئامڕازی هەڵدێرو بەرەو هەڵدێرو هەڵدێرێکی ترن. چاکتر وایە بڵێم؛ باشتر وایە هیچ کەسێك بە ئومێدی ئەوە نەبێت کە ئەمانە لەو ئاستەدا بن کە بتوانن هیچ وێنایەکی جوان بۆ ئێستاو داهاتوی گەل و نەتەوەکەی خۆیان بکێشن و بەکورتیش ئەو دەنگۆ نوێ یەی ئێستا بڵندی دەکەن و باس لە هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کوردستان دەکەن من پێموایە ئەو دەنگۆیە گەمەی پاساوێکە بۆ خۆ دورخستنەوەیە لەو پەستانەی لەسەریان توند کراوە لەلایەن دۆستەکانیانەوە، هەڵبەت ئەوەش لە دەرەنجامی تێگەیشتنە ناعەقڵانیەکانی خۆیانە، بەم پێیەش ئەوانە چەندە دەنگۆکانیان بڵندو بڵند ترو قەبە تر بکەن هیچی لێ سەوز نابێتو بێجگە لەهەندێك دەستەواژەی ئیستهلاکی کاتی زیاتر ئیدی هیچی تر نیە و ئا ئەمەشە هاندەرم کە لەم ساتو کاتە هەستیارەدا لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەیاندا ئەم لاپەڕە گرنگە لەم نوسینەدا هەڵبدەمەوە.
فەرمون/
لە ٢٤ تەموزی ساڵی ٢٠٠٥ لە یەکێك لە (ئوتێلەکانی لەندەنی وڵاتی بەریتانیا بەناوی رڤێنس کۆرت پارك) کە دەکەوێتە ناوچەی هامرسمس یەکەمین کۆنفرانسی لیژنەی پاڵپشتی دیموکراتی لە عێراق بەسترا. بەندە یەکێك بوم لە ئەندام و بەشداربوانی ئەو کۆنفرانسە هەرچەندە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەو کۆنفرانسە هەندێك کاری ئامادەکردنی کۆنفرانسەکە کەوتە سەرشانی بەندەو، بەندەش بەبێ بەرابەر ئەو کاری ئامادەکاریانەم جێبەجێکرد بۆیە لەو دەمەوە پێم باشبو هەندێك سەرنج و تێبینی دەربارەی ئەو کۆنفرانسە کە لەناوەرۆکدا نهێنگەریەکی تەواوی تیابو لای خۆم تۆماربکەم لەکاتێکی شیاودا ئەو نهێنگەریە بۆ خەڵکی ئاشکرا بکەم ، ئێستاش لە دوای تێپەڕاندنی شەش ساڵ بەسەر ئەو کۆنفرانسەدا بەشیاو ترین کاتی دەزانم ئەو سەرنج و تێبینیانە بۆ خەڵکی لە چەند خاڵێکدا ئاشکرا بکەم.
یەکەم/ مەبەست لە بەستنی ئەو کۆنفرانسە ئەوە بو لەدوای ڕوخاندنی سستەمو موئەسەساتی دەستوری و یاسایی ئیحتکاری بەعسیەت لەعێراق کە بۆشاییەکی گەورەی لە دوای خۆی بەجێهێشتبو ویستیان لەوێوە ئەو بۆشاییە سستەمو موسەساتیە دەستوری و یاساییە پڕبکەنەوە عێراقێکی نوێ دروستبکەنەوە و دەستور یاسایەکی گشتگیری نوێ بۆ گشت پێکهاتەکانی عێراق دابڕێژێتەوە. هەڵبەت کوردیش وەك پێکهاتەی دوەمی سەرەکی عێراق پێویستە دەورێکی کاریگەرو هاوبەشیەکی تەواوی هەبێت لەو داڕشتن و دروستکردنەوەی عێراقە نوێ یە. بۆیە کوردیش بە پشتبەستن بە تێگەیشتنەکانی خۆیان ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی بۆ ئەو هاوبەشیکردنی دروستکردنەوەی عێراق و داڕشتنەوەی پڕۆژە موئەساسەتە دەستوری و یاساییە گشتگیریەکان. کە ئائەمە یەکەمین گورزی کوشندە بو کە کورد بەدەستی خۆی لەخۆی دا ، چونکە هەرگیز نەدەبو کورد هاوبەشی ئەو پڕۆژە دەستوری یاساییە گشتگیریە بکردایە و خۆی بەپڕۆژە گشتگیریەکانەوە ببەستایە بەمەرجێک لەو دەمەدا باشترین هەلو مەرجی گونجاوی بۆ ڕەخسابو. بەڵکو دەبوایە بەشێوەی جێگە داگیرکردن لەناو پڕۆژە دەستوری و یاساییەکان و بەش پچڕین لەنێوە بڕگەکاندا بۆ خۆی بەشداری لەو داڕشتن دروستکردنەوەی عێراقە نوێ یەدا بکردایە داهێنەرێکی وریا بوایە.
دوەم/ وەک سەرژمێریەکی ئامادەبوانی بەشدار لەو کۆنفرانسەدا بە ئاشکرا ڕێژەی ئامادەبوانی عەرەبەکان زۆر زیاتر بو تاڕادەی سێ هێندەی ئامادەبوانی کورد زیاتر بون، هەڵبەت عەرەبەکان ئامادەباشیەکی تەواوی پێشوەختیان هەبو چونکە ئەوان دەیانزانی کە ئەو کۆنفرانسە ، کۆنفرانسێکی چارەنوس سازەو دیاری کردنی داهاتوی عێراقە بۆیە مەبەستیان بو کە بەهەر نرخێك بێت دەبێت ئەو داهاتوە لەبەرژەوەندی خۆیان ڕاگیر بکەن ، لێ ئامادەبوانی کورد هیچ ئامادەباشیەکی پێشوەختیان نەبو خەمساردیەکی تەواو بەدی دەکرا، واش دەردەکەوت کە کورد هیچ داهاتویەکی خۆی لەبەرچاو نەبێت. بەشداربوانیش تەنیا لە ئەندامە شەقامیەکانی پارتی و یەکێتی پێکهاتبو لەگەڵ هەندێک کەسی دور لە بازنەکانی ئەوان کە ئەوانەش بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران.
سێهەم/ بەشداربوە عەرەبەکان لەبەر ئەوەی پێشوەخت ئامادەباشیەکی تەواویان هەبو توانیبویان کارێکی جدی بکەن لەسەر کۆکردنەوەی شارەزایان و پسپۆڕە ئەکادمیەکان و خاوەن بڕوا نامە بەرزەکان لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا لە هەمو بوارە جیاجیاکاندا بەبێ لێکدانەوەی بیرو بۆچونی حزبی و مەزهەبی وەک (پسپۆڕی بواری دەستوری و یاسایی و پارێزەرانی شارەزاو کەسانی ڕۆشنبیری ناودارو سیاسەتمەدارە ئەکادیمیەکان و پسپۆڕی بواری کۆمەڵایەتی و زمانەوانی) لە نمونەکانی فاروق ڕەزاعە و غانم جواد و قورساییەکی زۆریشیان دابو بەو کەسانەی کە پسپۆڕو شارەزان لە بواری شەریعەو ئاینی ئیسلام شیکردنەوەی قورئانی پیرۆزو مێژوی ئیسلام و فەلسەفاتی ئاینی و ڕەوانبێژی و شارەزایانی زانستی فەقیە و حەوزەدینیەکان بۆنمونە کەسایەتی ئاینی ناوداری وەک (ئایاد جەمالەدینیان) هێنابو هتد...! لێ بەشداربوانی کورد ئەوانەی کە لەئاستێکی پێویستی زانستیدا بون بێجگە لە چەند کەسێك کە تەنها بە پەنجەکانی یەک دەست دەژمێردران ئەوانیش دوربون لەبازنە حزبیەکەی پارتی و یەکێتی، خۆشبەختانە ئەوانە توانیان رۆڵێکی زۆر جوامێرانە وکاریگەر ببینن ببنە مایەی سەرسامی تەواوی بەشداربوە عەرەبەکان لە نێوەندیشاندا سێ بەڕێزیان ڕۆڵی بەرچاو سەرەکیان بینی وەك ئەوەی ئێستا لە بیرم مابن یەکێکیان خاوەنی بڕوارنامەی بەرز بو، نیشتەجێی وڵاتی قەتەر و ڕاوێژکاری سیاسی بو لە دیوانی ئەمیری قەتەر، بەڕێزێکی تریشیان بەهەمان شێوە خاوەنی بڕوانامەی بەرزبو لە وڵاتی پۆڵندە جێگیربو ، ئەو بەڕێزەی سێهەمیش لە وڵاتی هۆڵندە بو لەهەمان کاتدا ئەمانە توانیان لەچەندین خاڵی یاسایی و شیکارکردنی مادەییدا زاڵبن بەسەر عەرەبەکان ڕاگیر بکەن نەیەڵن ئەو خاڵ و مادانە بەسەر کوردا تێپەڕێ ، لێ لەدوای ئەمانەوە سەرجەم بەشدار بوە کوردەکان پێکهاتبون لەئەندامە بێکەفائەت و دەرگەوانە سوکەڵە حزبیەکان، ئامادەبونیشیان تەنها بۆزیادکردنی ژمارە بون هیچی تر.
چوارەم/ عەرەبەکان هێند کاراو لێزان بون توانیبویان لە ناو خۆیاندا لیژنەی تایبەت پێکبهێنن و بەبێ ئەوەی کورد بەخۆی بزانێ بەردەوامیش هێڵی تەماسیان لەگەڵ بەغا بەستبو تەواوی زانیاری و لێکۆڵینەو و پرۆژە یاسایی و مادەکانیان دەگەیاندە بەغا و لە هەمان کاتیشدا لە بەغاشەوە ئەوانیش لەوێ ژوری عەمەلیاتی بەدواچونی چڕوپڕیان دروست کردبو بە بەردەوامی زانیاری و سەرنج و تێبینیەکانی خۆیان پێدەگەیاندن. ئەوانەی لە بەغاوە هێڵە تەماسە بەردەوامەکەیان هەبو (ئیبراهیم جەعفەری) سەرەک وەزیرانی عێراقی ئەو دەمەو (حاچم حەسەنی) سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق و (هەمام حەمودی) سەرۆکی نوسینەوەی دەستوری عێراق . لێ کوردەکان هیچ هێڵێکی تەماسیان لەگەڵ یەکتری نەبو نە لە ناو کۆنفرانسەکە و نە لە دەرەوەی کۆنفرانسەکە بێجگە لە تەنها ئاگاداربونی جەلال تاڵەبانی هەڵبەت ئەویش هیچ گرنگیەکی ئەو تۆی نەبو چونکە ئەو سەرەک کۆماری عێراق بو هیچ دەسەڵاتێکی تەشریعی و تەنفیزی نەبو واتە ئاگادار کردن و ئاگادار نەکردنی وەک یەک وابو . ئەگەر چی خودی جەلال تاڵەبانیش تەواو مەسروفاتی کۆنفرانسەکەی گرتبوە ئەستۆ گەر هەڵە نەبم نزیکەی سەدو هەشتا هەزار پاوەنی ئەستەرلینی بەخشیبوە کۆنفراسەکە.
ئەرچی ئەم بابەتە زۆر لەوە زیاتر دەهێنێ کە چڕتر ڕونکردنەوەی لەسەر بدرێت بەڵام لەئێستا لە خاڵێکدا کۆتایی پێدەهێنم و ئەوەی کەماوە بیڵێم ئەوەیە :
ئەمانە لە پێشودا بەم شێوەیە خەمساردی و بێکەفائەتیەوە کاریان لەسەر دۆزی نەتەوەیی و پرسە چارەنوسازەکاندا کردوە ئیدی چۆن دەتوانن لە ئێستاو داهاتودا کارێکی باش پێشکەش بکەن . ئەمانە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە ئاست بڕیارە هەستیارەکاندا خۆیان ڕێکبخەن لە ناسکترین بارودۆخدا مامەڵەیەکی زانستیانە ئەنجام بدەن و خۆیان لە فیکرە حزبیە تەسکو تروسکە کە بهێننە دەرێ، هەتا ئێستا نەیانتوانیوە سود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە بەپێی گۆڕانکاریەکانی ئەو ناوچەیە بۆیان دەڕخسێ، تا ئێستا نەیانتوانیوە سود لەتواناکانی ئەو کەسە بێلایەنانە وەربگرن کە شارەزاو پسپۆڕو لێکۆڵەرەوەو کەسانی ئەکادیمین لەتەواوی بوارە جیاجیاکاندا . بۆیە هەرچی لەلای ئەوانە بگوزەرێ پێویستە لای خەڵکی لە خاڵێکی سفردا هەژمار بکرێت و هیچ کەسێك ئومێدو چاوەڕوانی بۆ دواڕۆژێکی گەشیان لێنەکات خەڵکی لەبازنەی فریودانیان خۆی ڕزگار بکات.
٤/١١/٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە