حكومەتى هەرێمى كوردستان یان لیژنەى دابەشكردن و بەشینەوەو شاردنەوەى سامانى هاوڵاتیان ؟؟؟

Thursday, 25/04/2013, 12:00

1703 بینراوە








هەرێمى كوردستان لە لایەن هەرسێ دەسەڵاتى سەرۆكایەتى هەرێم و یاسا دانان و دەسەڵاتى جێبە جێكردنەوە بەڕێوە ئەچێت. بەڵام تا ئێستا هێچ كام لەم دەسەڵاتانە نەبونە جێی متمانەى جەماوەرو لە ئاستى داواو پێداویستییەكانى هاوڵاتیاندا نێن ئەوەندەى نوێنەرى حیزب و بنەمالەن .
سەرۆكى هەرێم بە كردەوە سەلماندویەتى كە تەنها نوێنەرى بنەماڵەو حێزبەكەى خۆیەتى و پێویستى بە لێكدانەوەو قسە لەسەر كردن نییە. سەبارەت بە پەرَلەمانیش لە بەر ئەوەى دەسەڵات خاوەنى زۆرینەى كورسییەكانە هەمو یاساكان لە بەرژەوەندى دەسەڵات و لەسەر بنە ماى زۆرینەو كەمینە نەك بەرژەوەندى گشتى گەل و نیشتمان تێ ئەپەڕێنرێت و ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵێكى كاریگەرى نییە.
دەسەڵاتى جێبەجێكردنیش كە بە ناو حكومەتە كۆپی و ڕەنگدانەوەى دوو دەسەڵاتەكەى ترەو بۆتە نوینەرى ڕاستەقینەى هەردوو بنەماڵەو هەردوو حێزبى دەسەڵات بە ئاشكرا بەرژەوەندییەكانى ئەوان ئەپارێزێت. لەبەر ئەو هۆیانەى كە لەسەرەوە باسمكردن , حكومەتى هەرێمى كوردستان لەسەر بنەماى زانستى و كەسى شیاو بۆ شوێنى شیاو پێك نەهێنراوە بەڵكو پابەندبونى حیزبى و بنەماڵەیی پێوەر بووە.
لە هەموى گرنگتر ئەبێ حكومەت خاوەنى نەخشەو پلان و بەر نامەى كورت خایەن و درێژ خایەن بێت و هەمیشە لەخەمى دابینكردنى خۆشگوزەرانى هاوڵاتیاندابیت . حكومەت ئەبێ لە گەل بێت و كار بۆ گەل بكات.
بەڵام ئەوەى كە تا ئێستا ڕونە لاى هەموومان ئەوەیە كە حكومەتى هەرێمى كوردستان هەر ناوەو دوورە لە هەموو بنەماكانى زانستییەوە , بۆیە لە ئێستادا ئەوەندەى ڕۆڵى لیژنەى دابەشكردن و بەشینەوەو شاردنەوەى سامانى هاوڵاتیان ئەبینێت ڕۆڵى حكومەت نابینێت هەر بەو هۆیەشەوە هەرێمى كوردستان بەردەوام ڕوبەڕوى قەیرانى مەترسیدا ئەبێتەوە ئەم حكومەتە بە حكومەتى قەیران ناسراوە.
لە ڕاستیدا زۆربەى هەرەزۆرى وەزیرەكان و بەرپرسەباڵاكانى ئەم حكومەتە كەسانى شیاو نین بۆكارەكانیان و لەسەروى هەمویانەوە سەرۆكى حكومەت كە خاوەنى هیچ ئەزمون و شارەزاییەك نییەو تەنها ئەوەیە سەر بە بنەماڵەى یەكێك لە حێزبەكانى دەسەڵاتەو نەزانانە كەوتۆتە تەخشانكردن و پەخشانكردنى سامانى ئەم وڵاتە بۆ بەرژەوەندى خۆیی و بنەماڵەو حیزبەكەى.
لە كاتێكدا هەرێمى كوردستان بە قەیرانێكى سیاسی و ئابورى و دارایی گەورەدا تێ ئەپەڕیت و مەترسى گەورە لەسەر ئایندەى هەرێمى كوردستان هەیەو هاوڵاتیان لە ئایندەى خۆیان ئەترسن و پارە لە بانكەكاندا نەماوەو موچەى هاوڵاتیان لە كاتى خۆیدا نادرێت, بابەیەكەوە بزانین بەرنامەو پلانى حكومەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیارو مەترسیدارە چییەو سەیر كەن چۆن سەرۆكى حكومەت نامەسئولانە كەوتۆتە بەشینەو بە فێڕۆدانى سامانى هاوڵاتیان و چۆن بەرنامە دا ئەنێت بۆ شاردنەوەى سامانى هاوڵاتیان:
1- هەموو ساڵیك كێشمە كێشى زۆر لەسەر هەموار كردنەوەى بودجە دروست ئەبی و بەو هۆیەوە دوا ئەكەوێت چونكە حكومەت بە ئاشكرا فێل لە هاوڵاتیان ئەكات و بە ناوى خەرجى دیكەو نۆژەنكردنەوەى بەلەمەكانى ئۆقیانوسەكانى كوردستان و چاككردنەوەى لۆریەكانى پەرَلەمان و بەكرێگرتنى كۆمپیوتەرو دەیان سیناریۆى لەم جۆرە كە دۆرن لە ڕاستییەوە سەدان ملیار دینارى بودجەى هاوڵاتیان ئەشارنەوە.
2-لە كاتێكدا ئەو بودجەیەى بۆ هەردوو وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە دا ئەنرێت زۆر كەمەو بەشى پێداویستیەكان ناكات . بە دەیان ملیار دینار بە ناوى نۆژەنكردنەوەى مەزارى مەلا مستەفاو بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەى خانوەكانى سەرى ڕەش و دەروازەى ماڵى سەرۆكى حكومەت و دەزگاى ئاژانسى پاراستنى هەرێم بە ناڕەوا لە بودجەى هاوڵاتیان خەرج ئەكرێت.
3-بابزنین لەسەر چ بنەمایەك و بە چ پێوەرێك سەرۆكى جكومەت حەق بە خۆى ئەدات بڕى 35 ملیۆن دۆلار تەرخان بكات بۆ كردنەوەى تەلەفزیۆنى ڕوداو كە سەر بە خۆیەتى و 90 سەیارە بۆ 90 دادوەر و سەیارە بۆ هەمو ئەندامانى ئەنجومەنى هەر سێ پارێزگاكەى هەرێم بكڕێت و 700 كەس بەناوى داهێنەرە هەر یەكەیان لە 2-8 ملیۆن دینار پێ بدرێت لە سەر بودجەى هاوڵاتیان و بەفەرمانى خۆى 250 كەس وەكو بەڕێوەبەر گشتى بە موچەى بەرز خانە نشین بكات كە ئەمانەپێشتر كاریان نەكردوە وەكو بەڕیوەبەرى گشتى. ئەمە جگە لەوەى بە بەردەوامى خەرێكى خانە نشین كردنى كادرو لایەنگرانى حیزبن بە موچەى بەرز ئەمە لە كاتێكدایە پارە لە بانكەكاندا نییە بۆ پێدانى موچەى هاوڵاتیان وبەدەیان هەزار دەرچوى پەیمانگاو زانكۆكان بیكارن و دانامەزرین.
4-كارى سەرۆكى حكومەت سەرپەرشتى كردنى كاروبارى وەزارەتەكان و پرسینەوەو بەدواداچونى كارى وەزیرەكانەو وەڵامدانەوەى داواكاریەكانى هاوڵاتیانە نەك وەكوسەرۆكى عەشیرەتیك لە دیوەخان دانیشیت و بەئارەزوى خوى سامانى هاوڵاتیان بەسەر خزم و كەسو كارو دۆستەكانیدا تەخشان و پەخشان بكات و خۆى بكاتە جێنشینى خەلیفەكانى ڕاشدین و ئاگاى لە ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان نەمینێت.
ئێستا سەرۆكى حكومەت بەوە بە ناو بانگە كە كەسیكى بەخشندەو دەستكراوەیە. بابزانین سەرۆكى حكومەت ئەو پارەیەى بە ڕاست و چەپدا ئەیبەشێتەوە بۆ بە كۆیلە كردن و كڕینى دەنگ و ویژدانى خەڵكى لە كوێوە بۆى دێت؟؟ ئایا پارەى خۆیەتى یان پارەى هاوڵاتیانە؟ گومانى تێدانییە ئەو پارەیەى ئەو مامەلەى پێوە ئەكات بۆ بەرژەوەندى خۆی و بنە ماڵەكەى , بودجەى خەڵكى كوردستانە نەك پارەى خۆى. كەواتە سەرۆكى حكومەت كەسێكى ئەمین نییە و شایانى ئەوەى نییە لەو پۆستەدابێت.
5-ئەگەر سەرۆكى ئێستاى حكومەت بەڕاستى خۆى بەسەرۆكێكى شەرعى ئەزانیت و نوێنەرى خەڵكى كوردستانەو بەرگرى لە مافەكانیان ئەكات ئەم دو پرسیارەى ئاراستە ئەكەین و ئەگەر بە ڕاستى وەڵامى دایەوە ماناى وایە كەسى شیاوە بۆ شوێنى شیاو ئەگەر نەیتوانى وەڵام بداتەوە كەسى شیاو نییە بۆ ئەم شوێنە:
یەكەم پرسیار : لەم ڕۆژانەدا 30 هاوڵاتى شارى هەولێر بەهۆى دەرزى ئیكسپایەرو بە هەڵە لیدانەوە توشى كوێرى و كەم بینایی بون . ئەگەر ئەمە لە هەر ولاِتێكى تردا ڕوى بدایا یەكسەر وەزیرى تەندروستى خۆى دەستى لە كار دەكیِشایەوە. دەبوایە لیرە ئەو وەزیرە لە پۆستەكەى لابرایەو بدرایا بە دادگا. سەرۆكى حكومەت بۆ ئەمەت نەكرد؟
وەزیرى تەندروستى ئەڵێت مەگەر خوا بزانێت كێ لە پشتى هێنانى دەرمانى بكوژانى وڵاتەوە یە. ئەو قسەیەى وەزیر تەواو دورە لە راستییەوە و هەمو حەڵكى كوردستان ئەزانن ئەوانەى دەرمانى بەسەرچو هاوردە ئەكەن بۆ هەرێمى كوردستان 3 سەركردەى باڵاى هەردو حیزبى گەندەڵن خۆیان لە سەرۆى یاساوەن. فەرمو سەرۆكى حكومەت ئەگەر بە ڕاستى خۆت بە سەرۆكى حكومەت و نوێنەرى هاوڵاتیان ئەزانى وەرە وەڵام و ئەوانە بدە بە دادگا. ئەگەر ئەوە ناكەى تۆسەرۆكى لیژنەى دابەشكردن و بەشینەوەى سامانى هاوڵاتیانى.دوەم پرسیار:
ئەگەر وەزیرى سامانە سروشتییەكان وەكو وەزیرى ئەم حكومەتەو نوێنەرى خەڵكى كوردستان كار ئەكات , بۆچى بانگى ناكەیت و داواى لێ ناكەى پارەى گرێبەستە نەوتییەكان و داهاتى نەوت بۆ هاوڵاتیان ئاشكرا ناكات؟ ئەگەر داواى لێناكەى ئەو كارە بكات كەواتە ڕاستە كە ئەڵێن ئەم وەزیرى تاڵانكردنى سامانە سروشتییەكان بە ڕاستى هەر وەزیرى بنەماڵەكەى خۆتە نەك وەزیرى هاوڵاتیان بە گشتى , كەواتە ناتوانى خۆت بە سەرۆكى حكومەت و نوێنەرى هاوڵاتیان بزانیت و بەر پرسى لیژنەى دابەش كردن و بەخشینەوەى سامانى گشتى هاوڵاتیانى بە ناشەرعى و نایاسایی.
6-ئیستا حكومەت توشى قەیڕان بوەو نازانێت چۆن ئەم كورتهێنانەى بودجە پڕبكاتەوە, هاتون جارێكى تر بودجەى هاوڵاتیان بەوە ئەشارنەوە چى پارەى دانراوە بۆ تەواو كردنى پڕۆژە ناتەواوەكان و بۆ پڕۆژەى تازە هەموى وەستێنراوەو ئەوەش دانراوە بۆ پڕكردنەوەى كورتهێنانى بودجە . كەواتە بۆ ئەمساڵى 2013 هیچ پڕۆژەیەك ئەنجام نادرێت و ئەوەش هۆكارێكى گەورەیە بۆ وەستانى بازاڕو كارو كاسبى بۆ كەس نەماوە.
لەسەروى ئەم هەمو قەیڕانانە دارایانەى بەرۆكى خەڵكى كوردستانى گرتوتەوەو هەموو ئەو داهاتە زەبەلاحەى نەوت و گومرگ و باجەكانى ناوخۆش ناخرێتە سەر بودجەى هەرێمى كوردستان و دەچێتە گیرفانى هەردوو بنە ماڵەو حیزبى دەسەڵاتدارەوە و هاوڵاتیانى لێ بێبەشكراوە. كەواتە كارى سەرۆكى حكومەت چییەو ئێمە سەرۆكى ئاوامان ناویت.
كەواتە وەزارەتەكانى ئەم بە ناو حكومەتە ئێستا هیچ نەخشەو پلان و بەر نامەیەكیان نییە جێبە جێی بكەن چونكە ئەوە بودجەى ئەوێت و وەزارەتەكان هیچ بودجەیەكیان لەبەر دەستا نییە بۆ ئەنجامدانى بەرنامەكانیان, چونكە سەرۆكى حكومەت خۆى بەر پرسیارە لە دابەشكردنى سامانى هاوڵاتیان بۆ بەرژەوەندى خۆی و لە خاڵى سیدا چەند نمونەیەكم لە خەرجیە بە دەگمەنەكانى سەرۆكى حكزمەت بۆ هێنانەوە.
كەواتە ئەوەى ئێمە بە حكومەتى ناو ئەبەین بێ ناوەرۆكەو تەنها ناوە, چونكە حكومەتى ڕاستە قینە بنەماى زانستى هەیەوحكومەتەكەى ئێمە بنەماى زانستى نییەو دیوەخانى بەشینەوەو دابەشكردنى سامانى گشتى هاوڵاتیانە, لە لایەن كەسێكەوە كە هیچ لە حكومەتدارى نازانێت و بەم كارەش كوردستان تۆشى قەیڕان بوە. كورد ڕاستى وتوە كە ئەڵێن بەردێك نەزان بیخاتە ئاوەوە بە سەد زانا دەر نایەتەوە. لەبەر ئەوەى سەرۆكى حكومەت هیچ زانیارییەكى نییە دەربارەى چونیەتى خەرج كردنى بودجەو بەئارەزوى خۆشى و بە بێ بەرنامە خەرجى ئەكات كێشەو گرفتى سەرەكى هاوڵاتیان لەوەدا زیاتر دەر ئەكەوێت كە ماوەى سەرۆكایەتیەكەى تەواو ئەبیت و دوو سێ تڕلیۆن دینار عیجزى میزانییە بۆ كەسى دواى خۆى جێ دێڵێت. سەركردەكانى پارتى وا ئەزانن كە خۆیان لە دەسەڵاتدا نەمان ماناى ئاشبەتاڵەو هەرچى لەبەر دەستیانە یان خەرجى ئەكەن یان یۆ خۆیانى ئەبەن و لە هاوڵاتیانى ئەشارنەوە.
ئەى نەتان دى چۆن كەمال كەركوكى كە ماوەكەى خۆى تەواو بو چى بودجەى پەڕلەمان هەبو خەرجى كردوو داى بەقەرزى درێژ خایەن بە ئەندامانى سەر بە حیزبەكەی و پلەى چەندین كەسیشى بەرز كردەوە. كاتێك كە پەرَلەمانى جێ هێشت ئەوەندە پارە نەمابو گازى پێ بكڕن و دینەموى پەڕلەمان كار پێ بكەن بۆ ڕوناكى.ئەوكات یاریەكە خۆش ئەبێت.
لە كۆتاییدا ئەڵێم خوا ڕوحم بە ئێمە بكات و لە دەستى نەزانەكان بمانپارێزێت.





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە