وەزارەتی پەروەردە جەژنی نەورۆز بە(عید الشجرە) ناودەبات

Friday, 17/12/2010, 12:00

1262 بینراوە



لە دوای رۆخانی رژیمی بەعس خوێندن بە زمانی كوردی بۆ خوێندنگاكانی شاری كەركوك و دەوروبەری گەڕایەوە، بەڵام بەداخەوە لەو رۆژەوە تا ئەمرۆ لەلایەن شۆڤینیەتی عەرەب و توركمان پرۆسەی خوێندنی كوردی دژایەتی دەكرێت،
دواترین پیلان نوسراوێكی وەزارەتی پەروەردە ئێراقە كە جەژنی نەورۆز بە (عید الشجرە) ناودەبات،،لەم ریپۆرتاژەدا بەرێوەبەری پەروەردەو بەرپرسی رێكخراوی لقی كەركوكی مامۆستایان و چەند مامۆستایەك راو سەرنجی خۆیان دەربارەی ئەو دژایەتیە دەردەبڕن:
مامۆستا (شیرزاد رەشید كاكە) بەرێوەبەری بەشی خوێندنی كوردی شاری كەركوك دەڵێت: سەبارەت بەو پێشێلكاریەی وەزارەتی پەروەردە ئێراق دەربارەی بۆنە فەرمیەكان نوسراوێك بە ژمارە 33011 لە رێكەوتی(5 /12/ 2010) بە واژووی وەزیری پەروەردە ئێراق بۆ خوێندنگاكانی كەركوك ئاڕاستە كراوە كە جەژنی نەورۆزە بە (عید الشجرە) ناودەبات، بەڕاستی ئەمە قبوول ناكرێت، ئەگەر هەر چەندە لە بەغداوە ئەو نوسراوە ئاراستە كرابێت، دەبوایە رەچاوی ئەوە بكرایە كە (21) ئادار جەژنی نەتەوایەتی كوردە، دەبوایە مامۆستا(شەن مبارك) لەسەر نوسراوی وا واژووی نەكردایە، نەورۆز بۆ ئێمە سونبلی خەباتی نەتەوایەتیمانە، سەدام نەیتوانی رێگری بۆ ناوی نەورۆز دروست بكات، لە كەركوك مامۆستایانی كورد ئەم نوسراوە بە ئیهانە دەزانن، دەبێ هەرچى زووە چاو بەو نوسراوە بخشێنرێت.
(شیخ سەباح) بەرپرسی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لقی كەركوك وتی:
ئەو نوسراوە یەكێكە لە بڕیارە شۆڤینیەكانی وەزارەتی پەروەردەی بەغدا، كە ئاراستەی بەرێوەبەراێتی پەروەدەی گشتی كەركوك كردوە، بۆنەكانی تیا دیاریكردوە بەژمارە(33011) لە 5/12/2010 كەیەكی لەو بۆنانە كە جەژنی نەورۆزە بە ناوی دارودرەخت بردوە، ئەمە بڕیارێكی شۆڤینیە لەو رێچكەیەوە هەوڵی شَێواندنی بۆنەكانمان دەدرێت، ئێمە وەك یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لقی كەركوك بەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەزایی دەردەبرین، جەژنی نەورۆز هەر بە نەورۆزی دەمێنێتەوە ئاگر لە چیاكانی كەركوك دەكەینەوە كەس بۆی نییە جەژنی ئێمە بگۆرێت، زۆر بەداخەوە وەزارەتی پەروەردە بەو جۆرە بڕیارە مامەڵە دەكات، ئەو شێوازە مامەڵە كردنە لە سیاسەتی سەدام و بەعسی رووخاو دەبینران، وە پێویستە بەرێوەبەری پەروەردەی گشتی كەركوك نوسراوێك ئاراستەى وەزارەت بكات داوای هەڵوەشانەوەی ئەو بڕگەیە بدات، چونكە لە كەركوك ئەو جەژنە تایبەتمەندی خۆی هەیە كە چەندین ساڵە دەكرێت دەبێ ریزی لێبگیرێت.
(مامۆستا لیلى بایز) سەرپەرشتیاری پەروەردەیی كەركوك گوتی:
ناوبردنی جەژنی نەورۆز بە (عید الشجرە) بەتوندی رەت دەكەینەوە، دەبێت بەرێز مامۆستا (شەن مبارك) ئاگادری مێژووی كورد بێت كە چەند ستەم و زۆررداری بەرامبەر ئەنجامدراوە، نابێت كورد بەو ناوبردنە دڵ بریندار بكات، نەورۆز بۆ كورد مێژووە شێواندنی مێژوو بە هیچ جۆرە بیانۆیەك و شێوەیەك قبووڵ ناكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەڕای من روودانی ئەو جۆرە كارانە لە لایەن نەیارانی دیموكراسی بەخەتای كورد دەزانم، چونكە تا ئێستا بۆچوونەكانمان جێاواز و لە خزمەتی كەركوكدا نییە، پێویست دەكات بە خۆمانەوە بچینەوە تا كاری چیتر دووبارە نەبنەوە.
(ئەحمەد مستەفا محەمەد) ئەندامی لقی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان/ كەركوك دەڵێت: ئەم بڕیارە شۆڤینیەیی وەزارەتی پەروەردە ئێراق كە ئاڕاستەی خوێندنگاكانی ناو كەركوك كراوە ریسواو شەرمەزار دەكەین، ئەم نوسراوە لە خاڵی هەشتەمە باسی جەژنی دار و دایك دەكا ، ئەو رۆژە دەكەوێتە (21) ئادار كە جەژنی نەتەوایەتی كوردە، بەڵام نازانم بۆچی ئەو رۆژە بە ئەنقەست یا دووبارە بە(عید الشجرە) كەی سەدام حوسین ناودەبرێتەوە، نازانین سەدام ماوە یا كاری شۆڤینیەكان تا ئێستا بەردەوامە.
مامۆستا (مەریوان فازل) سەرپەرشتیاری پەروەردە لە شاری كەركوك وتی:
بەداخەوە چینێكی وا رۆشنبیر لە پەروەردا (ناوی نەورۆز) بە عید الشجرە ناودەبات، نەمان زانی دوای روخانی رژێمی بەعسو كرانەوە بەرەو رووی دیموكراسیەت سەر لەنوێ بالورەی دژایەتی كردنی بۆنە كوردستانیەكان دەدرێت، ئەگەر ئەو نوسراوە لە بەغداشەوە هاتبێت، دەبوایە بەرێز بەرێوەبەری گشتی كەركوك وەڵامێكی راستی لەمەڕ راستكردنەوەی ئەم ناوە ناشیاوە بنوسابایەو ئاراستەی وەزارەتی بەغدای بكردایە، بۆ ئەوەی چیتر بێ ریزی بۆ بۆنە پیرۆزەكانی كورد نەكرێت.
مامۆستا(جەبار) بەرێوەبەری خوێندنگای دیلانی سەرەتایی تێكەڵاو لە شارۆچكەی پردێ_ كەركوك دەڵێت:
ئەو بیرو رایەیی كە دژایەتی بۆنە كوردیەكان دەكا پێویستە پوچەل بكرێتەوە، پێویستە هەڵوەستەیەك بۆ ئەو زوڵم و زۆردارییەی رابڕدوو وە چاوێك بۆ مێژوو بخشینرێت، بۆ ئەوەی چیتر هەستی نەتەوایەتی بریندار نەكرێت، بۆ هیچ كەسێك نەبێت یاری بە مێژوو و پیرۆزی بۆنە كوردستانیەكان بكات.
مامۆستا (دانا لەتیف ئەحمەد) یاریدەری خوێندنگای نیشتمانی سەرەتایی تێكەلاو لە شارۆچكەی پردێ _ كەركوك بەم شێوەیە راوسەرنجی دەربڕی:
ئێمە وەك ئیدارەی قوتابخانەی نیشتمان ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی پەروەردەی ئێراق و پەروەردەی گشتی كەركوك بە توندی ئیدانە دەكەین، چونكە لەو نوسراوە رۆژێكی مێژوویی گەلی كوردی فەرامۆش كردوە كە ئامانجی سڕینەوەی ئەو یادە پیرۆزەیە كە جەزنی نەورۆزە، ئەگەر وەزارەتی بەغدا و بەرێوەبەری پەروەردەی گشتی كەركوك بەتەنگی (عید الشجرە)وەن با لە رۆژێكیتر لە 21 / 3 ئەو یادەی ئەنجام بدایە.
مامۆستا مامۆستا(عەبدول مەجید رەزا) بەرێوەبەری خوێندنگای نەورۆزی سەرەتایی كوڕان گوتی" ئەم نوسراوە ئاراستەی خوێندنگای نەورۆزیش كراوە، تێبینی ئێمە لەسەر ئەو نوسراوە كە لە رۆژی (5/12/2010) بە ژمارە 33011 دەرچووە نیگەرانی مامۆستایانی لێدەبینرێت، چونكە ئەم نوسراوە پێشتر لەلایەن مامۆستا شەن مبارك بەرێوەبەری گشتی كەركوك بەرزكراوە بۆ وەزارەت دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزیری پەروەرد خشتەیەكی بۆ بۆنە و جەژنە نەتەوایەتیەكان ناردۆتە سەرجەم خوێندنگاكان، ئەوەی ناڕەزایی لای ئێمە دروست كردوە كە دەڵێت جەژنی نەورۆز (عید الشجرە)یە كەواتە ئەوە دەگەێنێت وەك جاری جاران دژایەتی سەری ساڵی كوردیو نەتەوەی كورد دەكرێ، ئەو رابۆچوونانە ئاماژەن كە پێشووتر دەریان بریوە، لەكەركوك بەڕاستی ئەو نوسراوەیە ئیهانەیە و یاری بە هەستی مامۆستایانی كورد دەكات، پێویستە ناڕەزایی و خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی چیتر ئەو جۆرە كارانە دووبارە نەبنەوە نوسراوی وا رەوانەی خویندنگا كوردیەكان نەكرێت.
مامۆستا(عەبدولخالق حوسین) مامۆستا لە خوێندنگای نەورۆزی سەرەتایی تێكەلاو لە شاری كەركوك دەڵێت
ئاماژەكردن بۆ جەژنی نەورۆز بە عید الشجرە نارەزایی دەوێت، بەپێی دەستوور كورد دووەم نەتەوەی ئێراقە دەبێت رێز لە بۆنەو یادەوەرییەكانی بگیرێت ، نەك فرۆفێل و پیلانگیری پیادە بكرێت، داوا لە لێپرسراوانی پەروەردەیی دەكەم كە ئەم سكاڵایەمان رەوانەی وەزارەت بكرێت، ئایا دەبێت لە بەرامبەر ئەم پیلانە خۆیی گێل كردبێ یا پیلانی پەروەردەی كەركوكی سەپاندوە ، بۆیە ناڕەزایی دەردەبرین.
مامۆستا (جەمیلە ئەمین) بەرێوەبەری خوێندنگای دواناوەندی ئاراراتی كچان بەڕاستی ئەم نوسراوە نامۆیە ، چۆن دەكریت رۆژێكی مێژوویی وا كە جەژنی نەتەوایەتی كوردە بشێوێنرێت، من لەم نوسراوەیە گومان هەیە چونكە لە خوارەی بۆ هیچ شوێن و فەرمانگەیەك ئاماژەی پێنەكراوە، پار خۆش حاڵ بووین كە لە تیڤیەكان برایانی توركمان نەورۆزیان بە جەژنی خۆیان دەزانی،بەڵام وا ئەمرۆ بۆتە (عید الشجرە).
مامۆستا (تاڤگە ئیبراهیم) خوێندنگای ئاراراتی كچانی كەركوك:
ئەم نوسراوە ئاماژەیە بۆ دووبەرەكی، لە دوای روخانی رژێمی بەعس دلشاد بووین بەوەی كە ئەو جۆرە بیركردنەوانە بەرەو نەمان چوون، نەورۆز لەپێش ئاینی ئیسلام بوونی هەیە، بۆ ئێستا دەبێتە (عید الشجرە) لەمە نیازێك هەیە، ئیتر بەسە با قودسیەتی یەكتر ریزی لێبگیرێت، نابێت سوكایەتی بە پیرۆزی نەتەوایەتی بكرێت، ئێمەی كورد بە پێچەوانەی بیر كردنەوەی نەتەوەكانی بەرامبەر كە لەگەڵماندا دەژین، هەوڵی برایەتی و ئاشتی و پێكەوە ژیان دەدەین،
مامۆستا (ئەڤین) پسپۆری وانەی ئینگلیزی لە خوێندنگای دواناوەندی ئاراراتی كچان گوتی:
(21) ئادار جەژنی نەورۆز رۆژێكی پشووە لە هەموو ئێراقدا، ئەونوسراوە بۆ خۆی گومانێك دروست دەكا، بۆچی ئەو رۆژە وەك یاد كردنەوە نەك وەك جەژنی نەتەوایەتی كورد ناو دەبرێت ، ئەو نوسڕاوە ئاماژەی ئەوە دەكا گوایە خزمەتی بواری پەروەردەیی دەكات، بەڵام لە راسیدا دوورە لە رووحی پەروەردەیی.
.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە