سەرەتای هونەر و کلتورێکی سەقەت و کاولکه‌ر لە هه‌ولێری پایتەختی نیشتیمانەکەمانەوە

Sunday, 02/09/2012, 12:00

7303 بینراوە


بۆ دروست کردن و بنیادنانی بناغە و پانتایەکی فراوان بۆ گەشە کردنی دونیای هونەر و بەدوای ئەویشدا کلتوری میللەتێک پێش هەموو شتێک، له‌و بواره‌دا پێویستیمان بە شارەزا و مرۆڤی کارا هەیە، جۆرە مرۆڤێک کە بەڕاستی خۆی سەر و کارێکی باشی هەبێت لەگەڵ دونیای هونەردا بە تایبەت و کلتور بە گشتی، ئەگەر هاتو ئێمە لەم جۆرە کەسانەمان نەبوو یان هەمانبوون، لێ چالاک نەبوون و لە دونیایەکی سستدا ژیانیان بەسەر برد، ئەوا کۆمەڵێک مرۆڤی گێل و دوور لە ئیتکێت و مۆڕاڵ دێن قسە لەسەر ئەمانه‌ باس و خواس ئەکەن، بۆ نمونە سیاسیی دێ باس لە هونەر دەکات، یان مرۆڤێکی تینوو بۆ ناوناوبانگ و خۆدەرخستن دێت، کلتور و هونەر ئاڕاستە دەکات، بێگومان لەم حاڵەتدا بێجگە لە پاشەڕۆژێکی وێران بە هونەرێکی ئاست نزم و کلتورێکی بێ میزاج هیچ شتێکی تری لێ سەوز نابێت. هەرکاتێکیش هونەر بە ئاقارێکی خراپدا ڕۆیشت ئەنجامەکەی کلتورێکی یەک ڕەنگ و مردوە و هەر کاتێکیش کلتور مرد ئەوا کۆمەڵگایەک سەردەنێتەوە.

ئەوەی ئێستا لە شاری هەولێر دەگوزەرێ لە ڕووی هونەرەوە، بە تایبەت شێوەکاری و موزیک گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوون نییە، بەڵکوو بە گەمژەکردنی تاکی کورد و سوککردنی دونیایەکە، کە لە هیچ زەمەن و سەردەم و جێگەیەکدا بەو شێوەیە بێ ڕێزی بەرامبەر نەکراوە ئەویش دونیای هونەرە!، بێگومان بێ ڕێزی لە لایەن بینەر و بیسەرەوە نا، بەڵکو لە لایەن هەندێک بەناو هونەرمەند، هەندێک بەناو موزیکست و هەندێ بە ناو گۆڕانیبێژ و شێوەکار، کە بەڕاستی من پێم وایە ئەمە نامۆترین حاڵەتە لە مێژودا کە گوزەرابێت، بێ نرخکردنی هونەر لە لایەن مرۆڤ گەلێکەوە، کە دەیانەوێ کار لە هونەردا بکەن و هیچیان پێ نییە بۆ وتن و پیشاندان!

ئەگەر ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ باسەکەمان و لێرەوە لە دونیای شێوەکاریەوە دەست پێبکەم و لە هەندێک حاڵەتەوە دەست پێ بکەم، کە لەم دوایانەدا لە شاری هەولێر روویانداوه‌.

یەکەمیان فرۆشتنی تابلۆی کەسێکی نا جێگیر وەک (د).فەرهاد پیرباڵ، که‌ من زۆر کارم بەوە نییە ئەم کەسە چەند جار لە بوارەکانی ژیانیدا و لە بواره‌کانی تردا شکستی هێناوە و نەیتوانیوە سه‌رکه‌وتووبێت، ئه‌م کابرایه‌، چونکه‌ به‌هۆی سیاسه‌ت و سیاسییه‌کانه‌وه‌ بواری بۆ لواوه‌، ئیتر لە شیعرەوە بۆ ڕۆمان لە ڕۆمانەوە بۆ مێژوو لە مێژووەوە بۆ موزیعی لە موزیعییەوە بۆ شانۆ لە شانۆوە بۆ گۆرانی وتن، له‌ گۆرانی وتنه‌وه‌ بۆ موزیک و کلیپ لە هه‌موو ئه‌مانه‌ وا ئیستا خۆی ده‌کات به‌ دنیای  شێوەکارییدا، دیاره‌ هەمووشمان ئەزانین، کە ئەو بوارانەی ئیشی تێدا کردووه‌ شتێکی وەها نین تاکو بڵێین دەستکەوتێکە بۆ مرۆڤی کورد، بەڵکو من لێرەدا دەمەوێ قسە لەسەر ئەو شتانە بکەم کە ئەو پێیان دەڵێت تابلۆ!

تابلۆی (بوکی یەهودی) ئەو تابلۆیەی کە نزیکەی ٣٥٠ ساڵ پێش ئێستا ڕامبراند کێشاویەتی .ئەگێڕنەوە ڕۆژێک ڤانکۆگ هاو خوێنی ڕامبراند کە سەر بە پۆست ئیمپروشۆنیستە، بە یەکێ لە هاوڕێکانی دەڵێ ئامادەم گشت ژیانم ببەخشم و تا مردن بێ نان و ئاو بەدیار ئەم تابلۆیەوە دابنیشم!

هونەری شێوەکاری و کاری وێنەکێشان لە سەر ئاستی جیهان لە ئێستادا لە تەنگەژەیەکی گەورەدا ئەژی، ئەویش چەند هۆکارێکی هەیە، لێ من پێم وایە بۆ ئێستا گەورەترین هۆکار بۆ لاواز بوونی تابلۆ و ئیشی دەست تەنها و تەنها خودی خۆیەتی وەک پرۆسەیەک.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی هونەر بدەینەوە به‌ ئاشکرا دەبینین، ئەوەی لە ڕێنسانسەوە بۆ ئیمپرێشونیسم گوزەراوە زۆر جیاوازە لەوەی، کە ئێستا ئەگوزەرێت، ئه‌میش بە بەراوردکردن بە ئێستا. تابلۆیەکی ڕامبراند لە سەردەمی بارۆکدا موعجیزەیەکە بۆ خۆی، لە هەمان کاتدا له‌ ئێستا و لە سەردەمی ئێستاماندا، کە مرۆڤ لە تابلۆیەکی پۆست مۆدێرن دەڕوانێ هیچ شتێکی مەزن بەدی ناکا بێجگە لە جێی ئاسەواری هەندێک فڵچە نەبێ، بۆیە ئەم سارد و سڕیە لە هونەر و لە ناخی هونەرمەنداندا وای کردووە، هونەری شێوەکاری و تابلۆ لە سەرەتای سەدەی بیستەوە پێشکەوتن بەخۆوە نەبینێ و بینەریش ڕوو دەکەنەوە به‌ لای تابلۆکانی کاراڤاجیۆ و داڤینشی.


هونەری شێوەکاریش لە کوردستاندا هونەرێکی بێ بناغە و بێ پێشینەیە سەرەتای دەرکەوتنیشی لە دوای ئیپرێشونیسمەوەیە و بۆ چارەکی یەکەمی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە، بۆیە له‌ بواری هونه‌ردا هیچ سەر و کارمان لەگەڵ ئەو دونیا فراوانەدا نییە، کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا و هەندێ وڵاتی ئاسیا هەبووە، ئێمه‌ بێ خەبەرین لەوەی کە ئەوان پێشینەی هەزار ساڵەیان هەیە ئێمە هاتین و خۆمان هەڵدایە ئەو فارگۆنەوە کە لە مۆدێرنیسمەدا ئەوانی تێدا بوون، ئەوەتا ئێمە نزیکەی سەد ساڵە لە بواری وێنەکێشاندا دەستمان هەیە و بەڵام هیچ کاریگەریەکی نه‌لەسەر کۆمەڵگا و نەلەسەر تاکەکان و نە لەسەر دونیای هونەریی لەسەر ئاستی جیهاندا نییه‌ و هیچی بەجێ نەهێشتوە! ئەمە بۆ؟ هەڵبەتە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا هۆکارەکە ئەوەیە کە لای ئێمە و ئێستا لە دونیاشدا بە شتێک ئەڵێن هونەر و تابلۆ کە نە بە مێشک و نە بە زەوق و نە بە چاوی بینەر هەزم ناکرێ. بێجگە لە هەندێ هۆکاری بچوکتر و لاوەکی بە تایبەت بە لای ئێمەوە وەک کورد، به‌ڵام لەسەر هۆکاری یەکەم ئەبێ بوترێت ئەوەی فەرهادەکان دەیکەن و ناوی دەنێن هونەر لە راستییدا خۆی هیچ نییە، بێجگە لە دەرئەنجامی پوچگەرایی، ئەمانە سەرەتای سەردەمێکی پوچمان پێ پیشان ئەدەن و دەیانەوێ بڵێن سەردەمێک دێت، کە شتی ئاوها نرخی ملوێنان دۆلارە.



هەموو کاتێک و لە هەموو سەردەمێکدا مرۆڤ ئەتوانێ ئەو کارەی، کە بەرهەمی دەهێنێ بڕێ پارەی پێ بەدەست بخات، بەڵام ئایا ئەو شتە تا چەند قابیلی فرۆشتنە؟! ئایا تاکی ئێمە لە کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستە نزمەی، کە بە شتێکی ئاوها بڵێن هونەر؟! ئەی ئایا ئەگەر ئەم شتە هونەر نییە، ئەی کەواتە بۆ هونەر نییە و هۆکارەکانی چین؟!

لێرەدا ئەمەوێ قسە لەسەر شتێ بکەم، کە دەیانەوێ بیکەن بە هونەر و هونەر نییە ، ئەمه‌وێ ڕوونی بکەومەوە، کە مرۆڤی ناکارا و کورتبین هەردەم بەرهەمەکانی زیان بەخشن، من وەک فەرهاد ناڵێم، کە زیانی ڕۆشنبیر سەرفکردنی کاغەزە! من دەڵێم زیانی ڕۆشنبیر، زیانی (هونەرمەند) بە هاوکاری دەسەڵاتێکی گەندەڵ و بێ پلان ئەوەیە، کە کلتور و هونەری نەتەوەیەک له‌ رێگای فه‌رهاده‌کانه‌وه‌ بەرەو هەڵدێر بەرێت!
ئەرێ ئەزیزان ...  پێم بڵێن بۆ بەو بڕە پارەیە مۆزەیەکیان بۆ تابلۆکانی محەمەد عارف نەکردەوە، کە بەڕاستی شایستەیەتی؟! ئەی ئەگەر ئەمە هەوڵدان نه‌بێت بۆ لەناوبردن و وێرانکردنی هونەر و کلتوری کوردی، ئیتر بۆچی بەو بڕە پارەیە تابلۆکانی سەروەت سەوزی پێ نەپارێزران؟ ئەگەر ئەمە یاریکردن نییە بە هه‌ست و شعوری خەڵک، گاڵتە کردن نه‌بێ بە تاکی کورد، ئەی بۆچی بەو شێوەیە ئەو هەموو پارەیە دەدەن بە شتێک، کە هیچ پەیوەندیەکی بە هونەری شێوەکاریەوە نییە؟


سه‌یره‌ ئەو شتەی فەرهاد پیرباڵ پێی دەڵێ هونەر پێش هەموو شتێک شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە وەک لەناو هێڵی سەر (خام)ەکە دیارە، سادەیی و چۆڵی هزری ئەو کەسەی، کە هەستاوە بە دروستکردنی ئەم هێڵانە. ئەم هێڵانە پێش ئەوەی تەعبیر بێ لە کچێکی دووگیان تەعبیرە لە مێشکێکی خاڵی و چاوێکی نەخۆش، هەر کەسێک لەم هێڵە سادە و دوور لە هونەرانە بڕوانێت تێدەگات چەند باگراوندێکی لاوازی لە پشتە.. تێدەگات ئەسڵەن ئەم کەسە توانای کێشانی وێنەی ماسیەکیشی نییە بە مانا هونەرییەکەی ، هەروەها ئەم هێڵ و فۆرمانەی، کە بە دەستی ئەم بەڕێزە کێشراون هیچ یەک لە بنەما سەرەکییەکانی وێنەکێشانیشی تێدا بەدی ناکرێ! بۆ نمونە: کۆمبوسیشون، فۆرم، ڕەنگ، مەنزور یان پارسپێکتیڤ، هەروەها کۆمەڵێ شتی سەرەتایی، کەوا لە بینەر بکات بە شێوەیەکی گونجاو شتێک لەم هێڵانە وه‌ربگرێت، ئەم شتەی ئەم بەڕێزە ته‌نها کۆمەڵێک هێڵن نە هەمائاهەنگیەک لە نێوانی ڕەنگەکاندا ئەبینین نە باگراوندێک و نەڕووکارێکی هونەریی بۆ پێشی تابلۆ و نە هیچ تۆنێک!  هەروەها جڵەو نەکردنی فڵچە زۆر بە ئاسانی لەو هێڵانەدا بەدەر ناکەوێ، کێشاویەتی، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕون دەکاتەوە کە ئه‌و که‌سه‌، کەسایه‌تیه‌کی هەڵەشە و لاوازه‌ و لە ڕووی دەرونیەوە فڵچە دەگرێ بە دەستیەوە و لە باتی ئەوەی فڵچەکە ئاڕاستە بکات فڵچەکە هزر و ئەقڵی خۆی ئاڕاستە دەکات!، ئەمەش یاسایەکە بۆ ئەو مرۆڤانەی، کە خۆیان ناو ناوە هونەرمەند لەم سەردەمەدا و پێیان وایە ئاڕاستە کردنی هونەرمەند لە لایەن فڵچەوە شتێکی ئاسایە! ئەی کەواتە هونەرەکە لە کوێی هونەرمەندایە، کە فڵچەیەکی بێ ڕوح ئاڕاستەی بکات؟! ئەوەی هەندێک لە پۆپ ئاڕتیستەکانیش باسی دەکەن و پێمان دەڵێن گوایە ئەم ئیشانە جۆرێک لە پاکێتی یاخود ڕۆشنیمان بۆ نیشان دەدەن، من پێم وایە ئەمەش جۆرێکە لە خۆدزینەوە و هەڵهاتن لەو ڕاستیەی بکەرەکەی لە ئاستێکی نزمی هزریی و بیرکردنەوەدایه‌ و توانای ئەنجامدانی کاری مەزنی نییە، بۆیە لەم ڕێگەیەوە و بە فرۆشتنی ئەم شتانە بە هاوکاری سەرمایەدارێک و بە پارەیەکی خەیاڵی ئەیانەوێ پێمان بڵێن ئەها ئێمەش شت ئەتوانین!.
ئەو هۆیانەی سەرەوە تەنها بنەما سەرەتاییەکانی هەڵسەنگاندنی کاری هونەرییە، کە هیچیان لە هێڵەکانی فەرهاد پیرپاڵدا بوونیان نییە

تابلۆی (کیژۆڵەی نەخۆش)ی ئێدڤارد میونک، کە هێزی فڵچەمان پیشان ئەدات، بەڕاستی داوا لە خوێنەر ئەکەم بەراوردێک بکات لە نێوان بەکارهێنانی فڵچە لای ئەم هونەرمەندە و به‌کارهێنای فڵچه‌ له‌ لای فەرهاد و هاوشێوەکانی، کە بە خۆیان دەڵێن وێنەکێش!.. ئەمە بۆ ئەوە نییە کە فەرهاد بخەمە ئاست ئەم هونەرمەندە مەزنانەوە، بەڵکو بۆ دەرخستنی ڕاستیەکانە و بۆ ئەوەی بزانین چی هونەرە و چی هونەر نییە، به‌وه‌ تاکی کورد چەواشە نەکرێت.
ئەو تابلۆیەی سەرەوە کیژۆڵەی نەخۆش خوشکە بچوکی هونەرمەند خۆیەتی هەرکاتێک مرۆڤ بە جوانی سەیری دەکات هەموو ئەو هەستانەی لا دروست دەبێ، کە هونەرمەند هەستی پێکردووە، چۆن چاوەڕێی مەرگی ئازیزێکی  ده‌کات، بەزەبری فڵچەو ڕەنگ وای لە پۆرترێتی فیگەری سەرەکی کردووە، تا وا هەست بکەی، کە بە جدی ملی دەسوڕێنێو ملی لە حاڵەتی جوڵەدایە بۆلای فیگەری دەستە چەپی!


قسەکردن و نووسین لەسەر ئەم جۆرە شتانە لەوانەیە هەندێ کەس بڵێن هەوڵێکە بەرەو نرخاندنی ئەم جۆرە ئیشە بێ سەروبەرانە، لێ من پێم وانییە، بە پێچەوانەوە ئێمە دەبێ بە نووسینەکانمان و بە وتارەکان پووچیی و بێ مانایی ئەم جۆرە کارانە لە دونیای ئەمڕۆماندا بخەینە بەرچاو، نەهێڵین ئەم نەخۆشیە کوشندەیە، له‌ رێگای ئه‌وانه‌ی که‌ به‌هره‌ی هونه‌رمه‌ندییان تێدا نییه‌، ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بەربێته‌ گیانی هونەر و کلتوری کوردی.

فەرهادەکان لە لایەک، شانبەشانی ئەوانیش هەڵکەوت زاهیرەکانیش هەر لە هەولێرەوە گەرا دادەنێن و هێلکە تازەکانیان ئەتروکێنن. ئێستا هەولێر بۆتە جێگایەک بۆ گەشەکردنی ئەو کەسانەی کە پرۆژەیەکی ترسناکیان بەدەستەوەیە بۆ کاولکردنی هونەر و کلتوری نەتەوەیەک بۆ دامەزراندنی ژیانێکی بێ ڕەنگ و بۆ، بۆ بێ تامکردن.



هونەریی موزیکیش لەم وڵاتەی ئێمە بێبەش نییە لەم تێکدانە، ئەمەش لەسەر دەستی چەند کەسێکی تا ڕادەیەک کۆمیدی بەڕێوە دەچێ، کە هەرە دیارەکەیان هەڵکەوت زاهیرە.
ئەم بەڕێزەش بە پارەیەکی بێشومار و بە کۆمەڵێک ئافرەت و گەنجی ناسازدا خەریکن کە تازەگەریمان بۆ دەکەن، به‌ڵام ئایا ئەمە تازە گەریە؟ بێگومان نەخێر و ئەم کۆمەڵه‌ گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندانه‌ زۆریان لەسەر وتراوە، بەڵام دیارە پشت و پەنایان هەیە و بە پارەیەکی باش پشتگیریی دەکرێن بۆیە وا بە ئاسانی ناکەون و لە ناوناچن. ئەگەر هەولێر ببێتە ژینگەیەک بۆ زیاتر گەشەکردن و گەورەبونی ئەمانە و بە پێچەوانەشەوە بۆ پشت گوێخستن و وەلانانی مەحەمەد عارف و عومەر چاوشین و هونەرمەندە بەتواناکان، ئەوا پێم وایە و بە داخەوە ده‌یڵێم لە چەند ساڵی داهاتوودا نیشتیمانمان زەهری ئەم مارانە بە گشت لەشیدا ئەچۆڕێتەوە، لێرەوە داوا لە گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەکەم بێنە دەنگ، ئیتر بەس بێت ئەم بێ حورمه‌تییه‌ به‌ هونه‌ر و که‌لتوری میلله‌ته‌که‌مان، به‌س بێت ئه‌م دەنگیە، کە هیچی کەمتر نییە لە زیانەکانی ئەم بەناو هونەرمەند و بەهرەمەندانە!
با بە هەمومان پێش ئەوەی بگاتە سلێمانی و دهۆک و شارەکانی تر هەر لە هەولێردا ئەم دەنگە ناسازانە، بە بەڵگە و بە ئیشی هونەریی باش بێ دەنگیان بکەین و تێیان بگەیەنین، ئەوەی ئەوان دەیکەن تاودانی دۆزەخێکە کە هەموومانی پێ دەسوتێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە