وتەى دەستپێكى كۆنگرەى پەروەردەییتان پێشكەش دەكەم

Tuesday, 10/02/2015, 12:00

1698 بینراوە


لەسەرەتاداپێویستە دەستخۆشى لەهەموو ئەو بەڕێزانە بكەم كە لەم بارودۆخە سەختەدا كە دەیان و سەدان گرفت هەیە لە كوردستاندا، هێشتا سوورن لەسەر ئەوەى كە كۆنگرەى پەروەردەیى ببەسترێت، ئەمە نیشانەى دڵسۆزى و خەمخۆرییە بۆ پیشخستنى پەروەردە، بەڵام ناشبێت ئەوە باسنەكرێت كە یەكێك لەئەركە گرنگەكانى كۆنگرە ئەوەیە كە سوود لە كەموكوڕى كۆنگرەكانى تر وەربگرێت، واتە كۆنگرە هەر كۆنگرە نەبێت لە پێناوى كۆنگرەدا یان زیادكردنى ژمارەیەكى ترى كۆنگرە، چونكە ئەوانەى ساڵانى رابردوو زیاتر لە ریكلامەوە نزیك بوون ، یان باشتر بڵێین دەستدانە هەڵگرتنى بەردێك كە بەرزكردنەوەى ئەستەم بوو، لەناویاندا كۆنگرەكەى بەڕێز (دڵشاد عەبدولرەحمان) كەباشترین زەمینەى هەبوو بۆ گۆڕانكارى و جێبەجێكردن، ئەنجامەكەى هیچ نەبوو، بەڵكو پەروەردەى ئەگەر بۆ دواوە نەبردبێت، ئەوا هیچ تەكانێكى بە پەروەردە نەدا، بەڵام كاكە دڵشاد و حیزبەكەى هەتاوەكو ئێستاش بە كۆنگرەیەكى سەركەوتووى ناودەبن، باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە لەدواى كۆنگرەكەى كاك دڵشاد خوێندنى حكومى پاشەكشەى كردو خوێندنى ئەهلى رەواجێكى وەهاى پەیداكرد كە هەتاوەكو ئێستا خوێندنى حكومى ناتوانێت شانبدات لەشانى ئەهلیەكان، وەئەگەر خەڵكى نەگبەت و هەژار نەبوونایەو پارەیان هەبووایە ئەوا بەجۆرێك خوێندنگەى حكومى چۆڵ دەبوو، كە حیزبەكان بیریان لەوە دەكردەوە بیكەن بە بارەگاى حیزبى! خاڵێكى تر كە جێگاى تێڕامانە ئەوەیە كە كۆنگرەى پێشوو 10 دەساڵى دانابوو بۆ ئەنجامى گۆڕانكاریەكان لە پەروەردەو لە ژیاندا، من حەزم دەكرد بەكەمتریش لە دەساڵدا ئەنجامى ئەو گۆڕانكاریانە دەربكەون ، بەڵام نەك هەر دەرنەكەوت، بەڵكو ئەوەشى كە هەبوو پاشەكشێى كرد، بۆ نمونە چاوەڕێ دەكرا كە گرنگى بەبوارى پیشەیى بدرێت و خوێندكار لە دواى تەواوبوونى مەكتەب داواى تەعین بوون نەكات و خوێندنەكەى ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەى لەبازاڕى كاردا شوێنێك بۆ خۆى بكاتەوە، بەڵام نەك هەر نەیكردەوە بەڵكو مەمنونە بە گرێبەست دابمەزرێت، وەك دەڵێن یەكێك لە شارەزاكانى كۆنى عێراقى وتویەتى مەكتەب ناتوانێت وەكو پێویست خەڵك بۆ بازاڕى كار ئامادەبكات، بەڵكو هەبوونى مەكتەب و دەرچوون و تەواوكردنى، دەبێتە دروستكردنى ژمارەى قات و بۆینباخ لەبەر و هیچى تر. كۆنگرەكەى كاك دڵشادیش عەینەن شت بوو. خاڵێكى تر كە لە كۆنگرەى پێشوودا دەبوو بكرایەو نەكرا و ئێستا بۆ ئەم كۆنگرەیە ماوەتەوە ئەوەیە كە دەستى حیزب لەكاروبارى پەروەردەدا بچوك بكرێتەوە، ئەگەر هەموو شتێك بە پەروەردەشەوە بەحیزبى بكرێت، ئەوا ئەنجامەكەى باش نابێت، من ناڵێم حیزبیبوون عەیبەیە، نەخێر خەڵكى ئازادە لە چ حیزبێكى سیاسیدا كار دەكات، بەڵام ئەوەم پێناخۆشە لە بیست ساڵى رابردووى دەسەڵاتى یەكێتى و پارتى بەناوى كاركردن بۆ حیزب، هەزاران مشەخۆر خۆیان خزاندە ناو سەرجەم كایەكانەوە بە پەروەردەشەوە، بۆیە دەبینین دڵسۆزى بۆ كار نەماو لە جێگەى ئەم دڵسۆزییە دڵسۆزییەكى تەزویر بۆ حیزب گەیشتە لوتكە لە پێناوى پلەو پایەیەكى كاتى و ژیانێكى كاتى و مشتێ پارەى دزراوى ئەم میللەتەدا، كە دەڵێم دڵسۆزییەكى تەزویر ئەوا ساڵانى هەشتاكانى زەمانى بەعسم بیر دێتەوە كە ئەو كات خوێندكارى زانكۆ بووم، ئەوكات و ئێستاش سەرم سوڕماوە ئەو هەموو كوردە بەعسیە چى بوو لەكوردستاندا؟! لەهەزاران كەسدا یەكێكت بۆ نەدەدۆزرایەوە متمانەى پێبكەیت، بەڵام كەراپەڕین دەستى پێكرد زۆر كەم بوون ئەوانەى دیفاعیان لە بەعس دەكرد. خاڵێكى گرنگى تر ئەوەیە وەك بیستومە وەزیرى پەروەردە بەڕێز(پشتیوان ێادق) پسپۆڕى و شارەزایى لە بوارى سیاسى و تیرۆرى نێودەوڵەتى و .. هەیە، كەواتە ئەركى سەرشانێتى بەدواى ئەو هۆكارانەدا بگەڕێ كە خەڵكى كورد لەناو داعشدا چیدەكات؟ ئایا بەناوى ئیسلامەوە ئەمانە راكێشراون؟ یان ئەوەیە كە ئیسلام و داعش كەرەسەیەكى خاوى باشیان لەبەردەستدایە كە هەژارى و نەخوێندەوارییە و دنیایەك ناعەدالەتى توندوتیژى هەیە، ئەمەش لەكوردستاندا بەباشى دەستدەكەوێت، چونكە لەسایەى سەرى هەردوو حیزبى یەكێتى و پارتى ژمارەى هەژاران زیادى كردو ژمارەى بیناى بەرپرسەكان فڕى بۆ ئاسمان. توندڕەوى بابەتێكى زۆر گرنگە داوا دەكەم لەم كۆنگرەیەدا ئیشى لەسەر بكرێت. تاكۆنگرەیەكى تر بەخواتان دەسپێرم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە