واى بۆ شكۆى كۆسرەت رەسوڵ !

Tuesday, 31/05/2011, 12:00

1306 بینراوە


شەوى دووشەمەى ئەم هەفتەیە ئەفسەرێكى ئاسایشى پارتى لە بازگەى دێگەڵە رێگاى نەدا كۆسرەت رەسوڵ بچێتە ناو هەولێر و بۆماوەى چەند سعاتێك دوایان خست ، ئەمە روداوێكى سادە نیە ، ئەمە ئەوەمان لا تۆختر دەكاتەوە كە هێشتا دوو ئیدارەیى چەندە ئامادەیى ماوەو هەروەها پارتى چەندە هێزێكى بێ باكە، كە تەنانەت حساب بۆ هاوپەیمانە هەرە نزیكەكەشى ناكات كە یەكێتى نیشتیمانى كوردستانە.
ئەوەى دەمەوێ لەسەرى بوەستم بریتیە لەوەى كە دواهەمین شكۆیەكى یەكێتى نیشتیمانى، دوایین رەمزە سەركەشەكانى یەكێتى ئیدى لە نێو غرورى پارتى دیموكراتى كوردستان هەپرۆن بە هەپرون دەبن، ئەوە كۆسرەت رەسوڵە لە شەوێكى تۆفى هەشتاكاندا ئەو سەرى رەشەى كە ئێستا لێەوە مەسعود بارزانى سەرۆكایەتى پارتەكەى و هەرێمى كوردستان دەكات، لەدەستى بەعسیەكان رزگار دەكات، ئەوە كۆسرەت رەسوڵە لە یەكێك لە رۆژەكانى ساڵى 1994 ولەگەرمەى عینادى بارزانى بە سوڵح نەكردن لەگەڵ یەكێتى، خۆى دەكات بەسەرى رەشداو بە مسعود بارزانى دەڵێ بالێرە شەرەكە یەكلاكەینەوە، كە ئەوە ئەوەندە بارزانى دەشوێنێ كە كۆسرەت رەسوڵى لێدەبێتە كەسێكى تر، نا جارێكى تریش هەر ئەوە كۆسرەت رەسوڵە كە لە دواى ئەوەى جەبار فەرمان نیازى رزگار كردنى سەرى رەشى دەبێت لەدەستى بنەماڵەى بارزانى لەساڵى 1994 ، بەڵام ئەو وەك نەریتێكى كوردەوارى دەچێتە سەرى رەش و بنەماڵەى بارزانى دڵنیا دەكاتەوە كە ناهێڵێت جەبار فەرمان ئەو كارە بكات تا میلەتى كورد رزگارى بێت لەدەستى ئەو بنەماڵەیە، ئەوە كۆسرەت رەسوڵە لە رۆژە پیرۆزەكەى بنەماڵەى بارزانى وپارتى لە 31ى ئاب ناكەوێتە دەستى هێزەكانى بەعس وپارتى و، وەك گورگ بەناو ئەو هێزانەدا دەربازى دەبێت و دواتر هەر لەو رۆژانەداو لەهێلەكانى پێشەوەى بەرگریكردن و بەرگرتن لە پێشرەوى هێزە بەعسى وپارتیەكان بە ساچمەى بۆرومانەكان بریندار دەبێت و تا ئێستاش بەدەست ئاكامەكەیەوە دەناڵێنێ، نازانم هێشتا زۆرى ماوە كە بنوسم لەسەر ئەو پیاوەو شكۆى ئەو پیاوە، بەڵام بەداخەوە وا وایلێهاتووە ئەفسەرێكى ئاسایشى پارتى لە بازگەى دێگەڵە بتوانێت رێگرى لێ بكات لەوەى كە بتوانێت بچێتە ناو هەولێرو شكۆى ئەو پیاوە راستر بڵێم لەوەى كە لە شكۆ ماوە لەو پیاوەدا بیخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوەى كە رویدا روداوێكى ئاسایى نیە وە هەڵەو رەفتارێكى شەخێى ئەفسەرێكى ئاسایشى پارتى نیەو هەر قسەیەك بەو جۆرە كە بنەمالًەى بارزانى بیانەوێ بیكەن راست نیەو ، هەموان ئەو راستیە دەزانین كە لەناو پارتیدا كارى بچوكیش بەبێ ئاگادارى بنەماڵەى بارزانى كەس جورئەتى ئەنجامدانى ناكات چ جاى ئەوەى كارى گەورەى لەو جۆرەى كە دەرهەق بە كۆسرەت كراوە، بەڵام قسەى من لێرەدا ئەوەیە كە ئایا بەراست لەو روداوەدا هەر پارتى و بنەماڵەى بارزانى بەرپرسیارن ؟ بە برواى من نەخێر ! بەڵكو بەرپرسیارى یەكەم جڵال تاڵەبانیەو دووەمیش كۆسرەت رەسوڵ خۆیەتى! بۆچى؟
چونكە جەڵال تاڵەبانى یەكێتى نیشتیمانى بە جۆرێَك تەسلیمى پارتى كرد كە لە حزبێكى مونافیسى بەهێزى مێژوى بنەماڵەو پارتیەوە، كردى بە هێزێكى بێ ئیرادەو دەستەمۆى بنەماڵەى بارزانى، كردى بە هێزێك كە لەسێبەرى پارتیدا هێزى مانەوەى هەبێت، وە سازش لەدواى سازش بۆ بنەماڵەى بارزانى، تائەوەى خودى تاڵەبانى بەراشكاوانە باس لەوە بكات كە لەزۆرشتى خۆى كە دەرهەق بە بنەماڵەى بارزانى ئەنجامى داوە لێیان پەشیمانە!
هەروەها كۆسرەت رەسوڵیش بەرپرسیارە چونكە تائێرەش لەگەڵ جلال تاڵەبانى ماوەتەوەو، لە هەموو روداوو شكستێكى یەكێتیدا لەبەرامبەر پارتى بێهەڵوێست بووەو هەموو جارێك مام جەلال لە رێگاى پارەو پێدانى پۆست بە كەسە نزیكەكانى بێدەنگى كردووە، دەشڵێن كە ئەو روداوەى ئەمجارە كۆسرەتى زۆر تورە كردووە بەڵام دڵنیابن ئەمجارەشیان لەرێگاى پارەو پێدانى هەندێ پۆستى تر بە كەسە نزیكەكانى كۆسرەتەوە، دیسانەوە مامە جەلال تاڵەبانى كۆسرەت بێدەنگ دەكاتەوەو دواهەمین تەڕایى شكۆی كۆسرەت پێشكەشى بنەماڵەى بارزانى دەكاتەوە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە