حەمە سەعید حەسەنیش قسە لە سەر داعش دەکات

Monday, 05/01/2015, 12:00

1585 بینراوە


حەمە سەعید حەسەن ئەو کەسەیە، لە سەردەمێکدا بە نووسەرکی رەخنەگر و ساتیرەنووس ناوبانگی دەرکردبوو، پاش چوونە نێو باوەشیی پارتیی، ئیدی نووسینەکانی بەهایەکیان نەما و خۆشی وەک کەسایەتیی سەنگی هاتە خوارەوە، ئەمە گەر هەڵەیەکی بوو بێت لە ژیانێکی دا دەبوو ئەزمونی وەربگرتایە دوای ئەوە لایەنی کەم بگەڕایەتەوە و، داوای لێبوردنی لە خوێنەر و لە خەڵکی کوردستان بکردایە، بەپێچەوانەوە بەردەوام بوو لە سەر هەنگاوە خوار و خێچەکانیی، ئیتر خەڵکی فەرامۆشیان کرد و ناویان نەدەهێنا، هەندێک جار بۆ ئەوەی ناوی بکەوێتەوە نێو ناوان بە هۆنراوەیەک، یان بە بابەتێک لە سەر کەسانی غەیری پارتیی دەهاتە سەر خەت و هێندەی دیکە رەزای خۆی ناشرینتر دەکرد، ئەم کابرایە لە هەولێر پارتیی خەڵاتی کرد، هیچ باکی لە هەڵوێستی خەڵکیی و لە پشتتێکردنی جەماوەر نەبوو، هەندێک جار وەک دەبینین لە پڕ بە باتێک، کە رقی لایەنێکی غەیری پارتیی هەڵبستێنێ و هەستی جەماوەر بوروژێنێت، جارێکی تر خۆی دەخاتەوە ناو خەڵکی و دەبێتەوە بە جێگیا باس و مشتومڕ، بەڵام ئەمە بۆ ماوەیەکی کورتە، حەمە سەعید حەسەن وەک ئەو کەسە وایە کە لە سەر رێگا شتێکی خراپ فڕی دەدات، خەڵکی بە لایدا دەڕۆن ئەگەر ناشرین بووو نەفرەتی لێدەکەن، ئەگەر بزوێنەر بێت، بۆ ساتە وەختێک پێی پێدەکەن، وا ئەمجارەیان لە پەیامێکی کورتدا لە فەیس بوک و لە پەیجەکەی خۆیدا، داوا دەکات هەرکەسێک بانگەشە بکات بۆ پەیامبەری داعش بلۆکی دەکات، بۆیە ئەمەی وای کرد، بەدوایدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ماڵپەڕدا ڕووبەڕووی ڕەخنە و هەڕەشە بێتەوە.
حەمە سەعید حەسەن وەک نووسەر و ڕەخنەگر ساڵانێکە لەسایەی دەسەڵاتی داسەپاوی پارتی لە هەولێر لە تەڕ دەخوات و لە ووشک دەنوێت وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی دەزگای ئاراس لە پاداشتی نووسینی کتێبی جەلالینامە لەو کاتەی کە باگهێشت کرابوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە بالەخانەیەک دایاننابوو خۆی ووتەنی ئۆتێلی پێنج ئەستێرە وێرانەبوو لە چاویدا، دوای ئەوە زانی گوزەرانی ژیان لە هەولێر خۆشترە وەک لە سارد و سەرمای سوید، هەم دەتوانێت بێ سڵەمینەوە پەلاماری نەیارەکانی بدات و گیانیشی پارێزراو بێت، بۆیە هەولێری هەڵبژارد و باشتریین جێگا بوو بۆ ئەو ،
بەشێک لە خوێنەران پێیان وایە ئەم نووسەرە وا ناسراوە کە بڕوای تەواویی بە ئازادی ئینسانەکان و بە ئازادیی و یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بەڵام لە هەندێ ڕووبەڕوبوونەوەی لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا باڵانسی خۆی لە دەست دەداو و ماسکی بۆچونەکانی خۆی دەرخات، وەک لە یەکێک لە ژوورەکانی پاڵتۆڵکدا کەسێکی لایەنگری سەرسەختی یەکێتی جنێوی بازاڕی پێدا، بەڕێوەبەری ژوورەکەی نێو پاڵتاڵک ووتی کاک حەمە سەعید مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە، کاک حەمە سەعیدیش بە زمانێکی بازاڕیانە فەرمووی کەسێک سێ خوشکی (هین) بێت دەبێت هەر ئاوا قسە بکات، لێرەدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە دەڕبڕینی ئەم جۆرە گوتارانە لەدەمی نوسەر و ڕەخنەگرێک وای لێدەکات بە خۆی و نووسینەکانیدا بچیتەوە، ئەو درۆیە دەردەکەوێت، کە ئەم کەسە چەند لەسەر یەکسانی و ڕێزی ژنان درۆزن و ناڕاستگۆیە، نووسینیش وەک پیشە و بازرگانی کاری لەسەر دەکات، ئەوەتانی وەک بەڵگە، ساڵانیکە لە هەولێر دەژی و بەبەرچاویەوە دەسەڵاتی پارتی سوکایەتی نەما بەخەڵکی هەولێر و کوردستانی نەکات چەندیین ڕۆژنامەنووس تیرۆر کرا و دەیان نووسەرو چالاکوان ڕفێنران و لێیان درا و سوکایەتیان پێکرا ،چەندیین بارەگای حیزبەکانی تر سوتێنران ، بەرد قسەی کرد ئەم قسەی نەکرد ، هەندێ کەس هەیە ئەگەر کارەسات نەبێت ڕەنگە خۆری ئاوا بێت ،ماوەیەکی زۆرە ئەم نوسەرە جگە لە هەندێ نوسینی کاڵ و کرج هیچی وای پێ نەماوە و خەریکە کانی بیرکردنەوەی ووشک دەکات بەڵام لە خۆش بەختی ئەم و تەنانەت هەندێ ڕۆژنامە و میدیاکار و تەنانەت یەکێتی و پارتیش ، سەرهەڵدانی داعش و کردەوە دڕاندانەکانیان و مەترسیەکانیان خۆری هەمویانی گەیاندەوە ئاسمان و ئەستێرەیانی گەشاندەوە هەریەکە و بە پێی پێگەی خۆی ، لەوانە حەمە سەعید لە ڕێگەی پارچە هۆنراوەیەکەوە چەقۆی کولی بەهرەی دەمە زەرد کردەوە و بە تووڕەکردنی هەوادارانی ئیسلامیەکان بازاڕی خۆی گەرم کردەوە ، هەڵبەتە بۆ نوسینی ئەم پەیامە کورتەی ناو پەیجەکەی خۆی هەمان ئامانجی هەیە خۆشی دەزانێت سەنگەری ئەوەندە قایمە و لە ماڵی پاشاوە نزیکە کەس ناتوانێت جەزرەبەی بدات کە من تەواو دژی ئەوەم هەڕەشەیشی لێبکرێت
بە دیوێکی تردا ئەم پەیامە کورتەی نووسەر ڕاستیەکی تیایە و پێمان دەڵیت داعش و هاوبیرەکانی لەناو ماڵەکانی خۆماندان دراوسێکانمان و خەڵکی گەڕەک و شارەکەمانن و خزم و کەس و کارەکانی خۆمانن ،ئەندام پەرلەمانەکانمانن ، نووسەر تەنها دەڵێت پەیامبەری داعش ،ئەی گوایە شوێنکەوتوانی داعش ئیسلام نیین ، ئەی مەلا دڵشاد گەرمیانی بە ئاشکراو لە سەر ڕوبەری میدیاکانی کوردستان پەیامی ئاراستە نەکردن و نەینووسی برایانی ئەمدیوو برایانی ئەودیوو،تەنانەت زانکۆی ئەزهەر لە پەیامێکیاندا ووتیان داعش ئیسلامن، بەلام لادەرن ، هەموو چەکداران و لایەنگرانیان ناوی موحەممەد لەسەر زمانیانە و شەڕی سەرسەختی لەسەر دەکەن ئیتر بۆ ئیسلامیەکانی کوردستان پێیان ناخۆشە ، ئەو هەڕەشەیەی دەکرێت هیچی کەمتر نیە لە هەڕەشەکانی داعش، لە کۆتاییدا دەڵێم، حەمە سەعید تەنها شتێکی لەو پەیامەدا بۆ ئێمە ساغ کردەوە، ئەویش ئەوەیە ، کە هەزاران گەنجی ئیسلامی کوردی خاوەن بڕوانامەو خوێندکاری زانکۆ و دکتۆر و ئەندازیار و پارێزەر و ئەندام پەرلەمان هەڕەشەی داعشیانەی لێ دەکەن، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە داعشەکان تەنها لە ڕەققە و موسڵ نیین بەڵکو لەبەردەرگای ماڵەکانی خۆشماندان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە